د. بورهان یاسین بۆ هاوپشتی : مەبەستى دەسەڵاتی کۆتوبەندکردن و سنوردارکرنێکى ترسناکى مافى خۆپیشاندانە. وە ئەوەش لە کاتێکدا دێت کە پڕۆسەى بەهێزبوونى میدیاى ئازاد و ئۆپۆزیسیۆن و چاڵاکیە سیاسى و مەدەنیەکان رۆژ بە رۆژ بەرفراوانتر و بەهێزتر دەبن.
یاسايی خۆپیشاندانهكان له كوردستان له ماوهی چهند ههفتهی ڕابردوودا شهپۆلێكی فراوانی له "ناڕهزایهتی" له نێو جهماوهری كوردستاندا خوڵقاند و زۆر شارو شارۆچكهی كوردستان خۆپیشاندانی بێ مۆڵهتی له دژی ئهم یاسایه به خۆیهوه بینی، ههروهها له دهرهوهی كوردستانیش دهنگی ناڕهزایهتی له شهقامهكانی ژمارهیهك له پایتهخت و شارهكانی ئهوروپا له بهرانبهریدا بهرزبۆوه. خودی دهركردنی یاساكه و نیازو مهرامهكانی پشت دهركردنی و ئهو جووڵانهوهیه، كۆمهڵێك پرسیار دروست دهكهن، كه دهكرێت له ڕوانگهی جیاوازهوه وهڵامی جۆراوجۆریان پێ بدرێتهوه. له گفتوگۆی ئهم جارهی تهوهری ماڵپەڕی هاوپشتیدا نوسەر و لێکۆڵەری سیاسی بەڕیز د. بورهان یاسین وهڵامی پرسیارهكانی هاوپشتی دهداتهوه.
یاسای خۆپیشاندانهکان له کوردستان له ماوهی چهند ههفتهی ڕابردوودا شهپۆلێکی فراوانی له ناڕهزایهتی له نێو جهماوهری کوردستاندا خوڵقاند و زۆر شارو شارۆچکهی کوردستان خۆپیشاندانی بێ مۆڵهتی له دژی ئهم یاسایه به خۆیهوه بینی و له دهرهوهی کوردستانیش دهنگی ناڕهزایهتی له شهقامهکانی ژمارهیهک له پایتهخت و شارهکانی ئهوروپا له بهرانبهریدا بهرزبۆوه. خودی دهرکردنی یاساکه و نیازو مهرامهکانی پشت دهرکردنیو ئهو جووڵانهوهیهی که بهرانبهری وهستایهوهو ئایندهی ئهم ناڕهزایهتیانه، کۆمهڵێک پرسیار دروست دهکهن، که دهکرێت له ڕوانگهی جیاوازهوه وهڵامی جۆراوجۆریان پێ بدرێتهوه. ماڵپهڕی هاوپشتی بۆ ڕۆشنکردنهوهی ئهم بابهته و بهڕێخستنی دیالۆگ لهسهر ئهم پرسه زنجیرهیهک گفتوگۆ لهگهڵ ژمارهیهک نوسەر و ڕووناکبیر، ههڵسوڕاوی سیاسی و جهماوهریو کهسانی خاوهن نهزهر ئهنجام دهدات.
هاوپشتی: له زۆر سۆنگهوه ڕهخنه له یاساکه گیراوه، به بڕوای ئێوه سهرهکی ترین کهم و کوڕی، یان لایهنه جێ ڕهخنهکانی ئهم یاسایه چین؟
د. بورهان یاسین : بە بۆچوونى خۆم ناکرێ ئەو کار و کاردانەوانەى کە لە مەسەلەى یاساى خۆپیشاندان کەوتوونەتەوە تەنها لە تێگەیشتنى دەقى خودى ئەو یاسایەوە خوێندنەوەیان بۆ بکرێت، چ لە رووى وردەکاریە زمانیەوانیەکانى وەیا یاساییەکانى. بەڵکو باشتر وایە لە رێگەى بینین و خوێندنەوەى زۆر دیاردەى سەر پانتایى سیاسى کوردستان و گرێدانى ئەو مەسەلە یاساییە بەو دیاردانەوە تێگەیشتنێکى فراوانترى بۆ بکەین.
ئەو کەش و هەوا سیاسى و دەروونیەى کە ئەمڕۆ لە باشوورى کوردستان دەبینرێ و هەستى پێدەکرێ خەریکە بە توندى کۆمەڵگاى کوردى لەو بەشەى کوردستان بکا بە دوو بەرەوە: بەرەى دەسەڵات و حیزبە حوکمڕانەکان (پارتى و یەکیێتى) لە لایەک وە بەرەى ناڕازى وە ئەم دابەشبوونە بەرەو بەڕوبوونەوەیەکى راشکاوانەتر و توندتر ببات. ئەوەشى گرنگە ئەوەیە کە ئەم بەرە ناڕازیەش زۆر پێکهاتەى گرنگ لەخۆ دەگرێ: هەر لە ئۆپۆزیسیۆن و میدیاى ئازاد و خەڵکى بێزار و بەشێک لە رەوشەنبیران و نووسەران و ئەو بەشەى کۆمەڵگاى مەدەنى کە لە دەرەوەى بازنەى دەسەوڵات خۆى دەبێنێتەوە. لێرەدا گرنگە ئەوە بڵێین کە ئەستەمە سنورێک دیار بکەین لە نێوان پێکهاتەکانى ئەو بەرەیە کاتێک دەنگى نارەزایى لە رێگەى جۆرەها کەمپین و چاڵاکیە جەماوەریەکان بە تایبەتى لە رێگەى خۆپیشاندانەوە و وەک ژمارەیەک دوورگەى لەیەکتر دابڕاو بیانبینین. بە دیوێکى تردا دەتوانین بڵێین کە بوون و چاڵاکیەکانى ئەم بەرەیە هەر لە ناو هۆڵى پەرلەمان دەستپێدەکا بە لاپەڕەکانى هەندێک رۆژنامە و گۆڤار و پێگەى ئینتەرنێت و ئامرازەکانى ترى میدیاى بینرا و بیستراودا تێپەڕ دەبێ تا دەگاتە بزاڤى شەقام. بە مانایەکى تر، زۆر گرنگە کە ئەم هەموو جۆرە چاڵاکیانە بە لە یەکتر دابڕاوى نەبینین و نەخوێنینەوە. ئەم جۆرە بۆچوونە چەندە گرنگە لە هەڵسەنگاندن و تێگەیشتنێکى زانستانەى دیاردەکە، ئەوەندەش گرنگە لە رووى سیاسیەوە. دیارە ئاشکرایە کە دەسەڵات ئەم هەموو رەهەندانەى چاڵاکیەکانى ناڕەزایى بەیەکەوە گرێدەدات بە تایبەتى لە چوارچیوەى تیورى پیلانگێڕى (conspiracy theory)، کە ئەمەش دێواندنى تەواوى پانتایى ناڕازیبوونە بە هەموو پێکهاتەکانى ئەو پانتاییەوە. لە لایەکى ترەوە حەزیش بە پەرتەوازەیى و بەشبەشبوونیشى ئەو پانتاییە دەکات بگرە کاریشى بۆ دەکات. لە لایەکى ترەوە لە رووى سیاسى و ستراتیژیەوە گرنگە کە پێکهاتەکانى ناڕەزاییەتى خۆیان لە ناو یەک پانتیى ببینەوە: هێز بەیەکتر بدەن وە هێزیش لەیەکتر وەرگرن؛ هیچ پێکهاتەیەکیان لە بەهاى پێکهاتەى تر کەمنەکاتەوە؛ وە هیچ پێکهاتەیێکیشیان هەوڵى داگیرکرنى پێکهاتەى تر نەکات... هتد.
لە رۆشنایى ئەم بۆچوونە دەتوانین بڵێین پێکهاتەکانى بەرەى ناڕازى چەندە زۆرن وە ناتوانرێ یەکڕەنگ بکرێن، کاردانەوەکانى دەسەڵاتیش بەو پێیە تەنها یەک جۆر نیە بەڵکو چەند جۆرێکە: هەر لە تیرۆر و ترساندن و بە ناوى یاساوە بێدەنگکردن و تا دەکرێ سنووردارکردنى بوارى چاڵاکى سیاسى و ئازادیەکان و وەک دوژمن خوێندنەوەى چاڵاکیەکانى ئۆپۆزیسیۆن (واتە بەدێواندنى ئەو ئۆپۆزیسیۆنە) و نانبڕین و تا دەشکرێ بەرجەستەکردنى مۆنۆپۆڵکردنى دەسەڵاتى سیاسى و... هتد. ئەم هەموو جۆرە کاردانەوانە دەربڕى ترسێکى جددین و ئەو ترسەش شۆڕبۆتەوە ناو قوڵاییە دەروونیەکانى دەسەڵاتى سیاسیەوە وە ئەوەشە وامان لێ دەکات کە بڵێن ئەو ترسە دەربڕى ئەو روانگەیەیە کە دەسەڵات هەموو بەشەکانى بەرەى ناڕازى بە یەکەوە گرێدەدات.
کەواتە گرنگە ئێمە لە رۆشنایى خوێندنەوەیەکى ئەوها لە مەسەلەى یاساى خۆپیشاندان نزیک ببینەوە، نەک بە دابڕاوى لە کار و هەنگاوەکانى دەسەڵات بە ئاراستەى تەسککردنەوەى پانتایى و پەراوێزى ئازادیەکان ئەو یاسایە ببینین و هەڵیبسەنگێنین.
دیارە زەقترین بەشى رخنەلێگیراوى ئەو یاسایە ئەوەیە کە کۆتوبەند دەخاتە سەر ئازادى و دەرفەتەکانى خۆپیشاندان، بە رادەیەک کە ئەو ئازادیە ئیفلیج دەکا. هەڵبەتە رخنەکە، لە فراوانبوونیدا، ئەو یاسایە دەبەستێتەوە بە کۆمەڵێک "یاسا" و هەنگاوى تر، کە هەمووشیان دەخزێنە خزمەت تەسکردنەوەیەکى جددى ئازادیەکانى رادەربڕین و خۆپیشاندان و ... هتد.
هاوپشتی: ئایا ههڵوێستی دروست که به بڕوای ئێوه پێویسته ڕهخنهگرانی ئهم یاسایه و جهماوهری ناڕازیی لهسهر کۆک و یهکگرتوو بن چییه؟ ئایا ئهم یاسایه ههموار بکرێتهوه، یان ڕهت بکرێتهوهو به یهکجاری وهلا بنرێت؟
د. بورهان یاسین : بە بڕواى خۆم ئەم هەڵوێستە دوو لایەنى گرنگى هەیە نەک هەر یەک: یەکەمیان لایەنى یاساییە کەواتە ئەو یاسایە ئەسلەن ببێ یان نا؛ دووەمیشیان سیاسیە، بەو مانایەى ئایا ئەو یاسایە بە دابڕوى لە یا پێچەوانەکەى بە خود بە گرێدراوى بە هەندێک یاساو هەنگاوى ترى دەسەڵات ببینرێ و کارى لەتەکدا بکرێ.
دیارە باشتر وایە ئەم یاسایە هەر هەمووى هەڵوەشێتەوەو دەسەڵات بێتە سەر ئەو باوەڕەى کە هیچ پێویستیەک بەو یاسایە نیە. بەڵام دەشکرێ ئەو یاسایە هەمواربکرێتەوە، بە مەرجێک ئەو یاسا هەمواکراوەیە تەنها و تەنها ئەرکى ئاگادارکردنەوە (واتە ئاگادارکردەوەى دەسەڵات لە لایەن رێکخەرانى خۆپیشاندان) دیاریبکات بەبێ هیچ جۆرە مەرج و کۆت و بەندێکى سەپێنراو. لە راستیدا لە وڵاتانى بە سیستەم دیمۆکراتیش مەسەلەى ئاگادارکردنەوەى پۆلیس لە خۆپیشاندان هەیە، بەبێ ئەوەى بە زەرورەت ئەو خۆپیشاندانانەى کە بەبێ ئاگادارکردنەوە ئەنجامدەدرێن خرابێتنە قاڵبى جەریمەوە... لە لایەکى ترەوە لە رووى سیاسیەوە، گرنگە لایەنە ناڕازى و رخنەگرەکان لە دەسەڵات ئەم یاسایە لە هەنگاو و کاردانەوە و یاسا زۆرەملێکانى ترى دەسەڵات جیا نەکەوە. چونکە، هەر نەبێ، یەکێک لە باشیەکانى ئەو بەیەکەوە بەستنە ئەوەیە کە دەرفەت نادات بە دەسەڵات پێکهاتەکانى بەرەى ناڕازى لەیەکتر جیاکاتەوە.
هاوپشتی: مهرامی دهسهڵاتدارانی کوردستان له دهرکردنی یاسای خۆپیشاندان چییه؟
د. بورهان یاسین : دیارە بە شێوەیەکى گشتى، هەر وەک لەسەرەوە ئاماژەى پێدرا، مەبەستى دەسەڵاتى کۆتوبەندکردن و سنوردارکرنێکى ترسناکى مافى خۆپیشاندانە. وە ئەوەش لە کاتێکدا دێت کە پڕۆسەى بەهێزبوونى میدیاى ئازاد و ئۆپۆزیسیۆن و چاڵاکیە سیاسى و مەدەنیەکان رۆژ بە رۆژ بەرفراوانتر و بەهێزتر دەبن. وا دەزانم دواى رووداوەکانى تونس و وڵاتانى تر ترسى دەسەڵاتى کوردى دەها زێدەتر دەبێ لەبەر ئەوەش دەرفەتى هەموارکردنەوەى ئەو یاسایە لەمڕۆدا کەمبۆتەوە.
هاوپشتی: ههندێک ناوندی دهسهڵاتدارانی کوردستان دهڵێن که سهرهڕای کهم و کوڕیهکان ئهم یاسایه پێشکهوتوو ترین یاسایه له ناوچهکه، ڕای ئیوه لهو بارهیهوه چییه؟
د. بورهان یاسین : لە راستیدا سەر و بەرى ئەو بەراوردە دروست نیە و دواجار کەس ناتوانى هەتتا لە حاڵەتى بەراوردیشدا ئەوە نەبینێ لە لە بوارەکانى فەزاى ئازادى و رۆلى پەرلەمان و بوارى چاودیریکردنى کارەکانى دەسەڵاتى جێبەجێکردن و زۆر بوارى تر عیراقى عەرەبى باشوورى کوردستانى جێهێشووە. ئەم بەراوردەش دەبێ هەممو شانازیەکان لە دەسەڵاتى کوردى بسەنێتەوە. جگە لەمەش، لە هەر کۆمەڵگایەکى مرۆڤایەتیدا، گەر نوخبە و دەسەڵاتداران خۆیان بە باشتر و پێشکەوتوتر بەراورد نەکەن ئەوا بوارى گەشەکردن و پێشکەوتنیان زۆر کەم دەبێتەوە، ئەوە ئەگەر ئەسلەن بشبێ. بە دیوەکەى تریشدا، خۆبەراوردکردن بە رژێمە دکتاتۆرى و نیمچە دیکتاتۆریەکانى ناوچە (کە دەسەڵاتى کوردى بەردەوام دەیکا)، دەسەڵاتى کوردى لەو رژێمە دیکتاتۆرى و نیمچە دکتاتۆریانە نزیکتر دەکاتەوە تا دورخستنەوە.
هاوپشتی: جووڵانهوهی ڕهتکردنهوهی ئهم یاسایه هێشتا بهردهوامهو لهگهلێک جێگا جهماوهر نایان بهم یاسایه ووت، ئهم جووڵانهوهیه چۆن ههڵدهسهنگێننو ئاسۆی سهرکهوتنی چۆن دهبینین؟
د. بورهان یاسین : بە باوەڕى خۆم ئەم جولانەوەیە تەنها لە بوارێکدا سنوردار نابێ: راستە بە گشتى بزاڤەکە بۆ رەدکرنەوەى ئەو یاسایەیە بەڵام لە ماهیەتیدا زۆر رەهەندى گرنگى تر لەخۆ دەگرێ. بە هەر حاڵ دەکرێ گرنگى ئەم بزاڤە لە چەند خاڵێکدا کۆ بکەینەوە، کەچى دەکرێ هەر کەس و لایەنێکیش گرنگیەکان بە شێوەیەکى جیا ببینێ، یا هەر نەبێ لە گرنگیاندا بە رێزبەندیەکى جیا رێکبخرێن: 1) ئەم بزاڤە بۆ یەکەم جار مانایەکى جددى دەبەخشێتە شەقام و کاریگەریەکانى لەسەر سیاسەت؛ 2) خەڵک رادەهێنێ لە مومارەسەکردنى مافێکى خۆى کە ئەویش دواجار تاک و پێکهاتەکان بە شێوازێکى تازە دەخاتە سەر نەخشەى سیاسى کۆمەڵگاى کوردەوارى؛ 3) شێوازى خەباتى مەدەنى بەهێز و پڕ مانا دەکات؛ وە چەند ئەو شێوە خەباتە مەدەنیەش گەشە بکاو پێشکەوێ و هەندێ ئامانجى کۆنکرێتى لێ دەستبکەوێ ئەوەندەش خەڵکى لە گرنگى بەکارهێنانى چەک و زەبروزەنگ، بۆ یەکلاییکردنەوەى ململانێکان، دوور دەکەوێتەوە؛ 4) بەرجەستەبوونى ئیرادەى خەڵک؛ 5) لە رێگاى بزاڤى شەقامەوە هەر یەک لە ئۆپۆزیسیۆن و میدیاى ئازاد پشتگیریەک بەدەست دەهێنن کە بۆ بەردەوامى و تواناکانى بەرەوڕووبوونەوە و گەشەکردنیان زۆر گرنگە.
لەوانەیە ئاسان نەبێ شتێکى کۆنکرێت دەربارەى ئاسۆکانى ئەو بزاڤە بڵێین، بەڵام بە گشتى دەتوانین بلێین ئاسۆى سەرکەوتنى ئەو بزاڤە لە دوو ئاستەوە دەتوانرێ ببینرێ: 1) ئامانجە کورتخایەنەکان؛ 2) ئامانجە درێژخایەن و "نەبینراوەکان". لە بارەى ئامانجە کورتخایەنەکانەوە دەتوانین بڵێین کە هەر چەندە تا ئێستا دەسەڵات بڕبارى هەڵوەشانەوە یا هەموارکردنى یاساى خۆپیشاندانى نەداوە بەڵام کۆمەڵێک هێماى جددى هەن کە لە ئاکامى ئەو خۆپیشانانەدا دەسەڵات بە روونى کەوتۆتە ژێر کاریگەرى خۆپیشاندانەکان و بگرە پەشۆکاویشى پێوەدیارە. خوێندنەوەى خۆم بۆ قسەى (یا راستتر بڵێین بەهانەى) سەرۆکى هەرێم کە دەڵێ من ئیمزام کرد چونکە زۆرینەى پەرلەمان ئیمزاى کردبوو هێماى بوونى ئەو کاریگەریەى خۆپیشاندانەکان و نیشانەى پەشۆکاوى دەسەڵاتە. لەم بەهانە پەشۆکاوئامێزەدا سەرۆکى هەرێم کۆمەڵێک هەڵەى جددى کرد: 1) ئەو ژمارەیەى کە ئیمزاى کردوە زۆرینەیە لە 75 ئەندام نەک زۆرینە لە تەواوى ئەندامانى پەرلەمان؛ 2) دەبێ راوێژکارە نزیکەکانى سەرۆکى هەرێم هەتتا بگرە کەمترین شارەزایى لە سیستەمە سیاسیەکان، بە تایبەت سیستەمى دیمۆکراسى، هەبێ ئەوەیان فێرى سەرۆکى هەرێم کردبێ کە لە سیستەمى دیمۆکراسیدا شتێک هەیە پێی دەوترێت "دکتاتۆریەتى زۆرینە". لە راستیدا هەر زوو لە ناوەڕاستى سەدەى نۆزدەهەم ئەلێکسیس دى تویکڤێللى (کە یەکێکە لەو بیرمەندانەى بەشدارى هەرە گرنگى کردوە لە باسوخواس دەربارەى سیستەمى دیمۆکراسى) بە گرنگیەوە باس لە مەترسى دیکتاتۆریەتى زۆرینە دەکا لە سیستەمى دیمۆکراسیدا و هەموانیش لەو ئاراستەیەکى ئەوها ئاگادار دەکاتەوە؛ 3) سەرۆکى هەرێم بە جختکردنەوەیەکى زۆرەوە پێداگرى لە پرەنسیپى تەوافوق داکاتەوە و تا دەشکرى کارى بۆ دەکات کاتێک کە باس دێتە سەر دروستکردنەوەى دەوڵەتى و سیاسەتکردن لەگەڵ نەتەوەى سەردەست، بەڵام لەکارکردن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان لە بەغدا ناخوازى وشەى تەوافوق ببیستێ، چ جاى ئەوەى کارى پێ بکات!؛ 4) ئیمزاکردنى زۆرینە بەهانەیەکى هەڵەیە بۆ بەرگرى کردن لە هەنگاوێکى هەڵە: باشە گەر سەرۆکى هەرێم مافى ئەوەى نەبێ پڕۆژەیاسایەک بگەڕێنیتەوە پەرلەمان (کە لە راستیدا ئەو مافەى هەیە و کردوشیەتى)، ئەى کەواتە یاساکان بۆ دەنێردرێن بۆ لاى ئەو؛ 5) زۆر گرنگە سەرۆکى هەرێم ئەو راستیە بە جختکردنەوە لەبەر چاو بگرێ کە ئەو سەرۆکى هەموو هەرێمى کوردستانە نەک تەنها سەرۆکى زۆرینەیەک یا پێکهاتەیەکى سیاسى تایبەتى. بەڵام جێگاى ئاماژە و بگرە نیگەرانیشە کە سەرۆکى هەرێم زۆرجار لە قسەو باس و رەفتارەکانیدا چەند رۆلێک تێکەڵاو بە یەکتر دەکا، حزب، خێڵ، بنەماڵە، سەرۆکایەتى هەرێم و... هتد؛ 6) ئێستاش دواى ئەو هەموو ساڵە لە بوونى ئەزموونى حوکمڕانى خۆماڵى لە باشوورى کوردستان، هێشتان پۆستى سەرۆکایەتى هەرێم نەبووە بە دامەزرا و وە لە راستیشدا هیچ باڵەخانەیەکیش نیە بەو ناوە و بە ئەدرێسێکى دیارەوە، کە تایبەت بێت بە سەرۆکى (یا سەرۆکایەتى هەرێم). لە راستیدا کردنى سەرۆکایەتى هەرێم بە دامەزراوێکى مۆدێرن کە تیایدا کۆمەڵێک راوێژکارى بوارى جیاجیا هاوکارى سەرۆکى هەرێم بن شێداویستیەکى بەردەوام بووە، بەڵام نەکراوە. من باوەڕم وایە ئەگەر چەند راوێژکارى زمانزان و شارەزا بە بوارى کۆمەڵناسى و بوارى تر بۆ سەرۆکى هەرێمیان روونبکردایەتەوە کە هیچ وشەیەک جێگرەوەى جیندەر نیە چونکە تەنها ئەم شەیە دەتوانێ بە کار بێ لە بوارى لێکۆڵینەوەى ئەکادیمى و دەقە سیاسى و یاساییەکاندا، زۆر بە تایبەتى لە بوارى لێکۆڵینەوە ئەکادیمیەکاندا کاتێک کە باس دێتە پەیوەستەگى "رەگەزى" نێرینە و مێینە (تۆ بڵێ – پیا و ئافرەت). لە راستیدا ئەم وشەیە هەتتا لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانیشدا تەمەنى بەکاربردنى زۆر درێژ نیە بەڵام داهێنانێکى گرنگە. لە راستیدا گەڕاندنەوەى ئەو یاسایەى کە ئۆپۆزیسیۆنیش پشتگیرى کردوە وە تیایدا وشەى جیندەر بەکار هاتووە و سەرۆکى هەرێم گەڕاندویەتیەوە پەرلەمان ئاستى نائاگایى سەرۆکى هەرێم لە مەسەلەیەکى گرنگ دەردەخا. بە مانایەکى تر ئەم گەڕاندنەوەیە لە خەمخۆرى ئەو بۆ توێژێکى کەمینە نیە کە لەگەڵ بەکاربردنى ئەو چمکە نین. دووریش نیە ئەم هەنگاوە تەکتیکیش بێت بۆ نزیککردنەوەى توێژێکى گرنگى کۆمەڵگاى کوردەوارى بە مەبەستێکى سیاسى تەسک، وەک ئەوەى پەرتەوازەکردنى بەرەى ناڕازى و لاوازکردنى. بە ئەگەرى زۆر ئەگەر بهاتایە سەرۆکایەتى هەرێم دامەزراو بوایەو لەوێدا چەند شارەزایەک وشەى جێندەریان بۆ سەرۆکى هەرێم روونبکردایەتەوە ئەو کاتە پێویست نەبوو بۆ هەمان روونکردنەوە یاساکە بنێردرێتەوە پەرلەمان. بە داخەوە لە وڵاتى ئێمە هێشتان دامەزراو پڵینگى سەر کاغەزە و راوێژکاریش ئەرکى جوانکردنى دەسەڵاتێک دەبینێ کە بۆ بە دەمەزراوکردنى خۆی بەرەو پێشەوە رادەکات بۆ خۆدزینەوە لە مامەڵەکردنێکى عاقڵانە لەگەڵ واقیعە کۆمەڵایەتى و سیاسیەکەى کۆمەڵکاى کوردەوارى.
لە لایەکى تریشەوە مرۆڤ دەتوانێ پەشۆکاوى دەسەڵات ببینێ هەتتا ئەگەرى سەرکەوتنى ئەو نارەزاییەتانەش بخوێنێتەوە لە راگەیاندنەکەى نێچیروان بارزانىدا کە باس لە ئامادەیى "دەسەڵات" دەکات لەسەر ئەو یاسایە بکات ئەگەر، وەک خۆى دەڵێ، "زۆرینە بەو یاسایە رازى نەبێت"!
جگە لەوە ئەوە زۆر گرنگە کە لایەنى ناڕازى بە تەسکبینى و نەفەس کورتیەوە لەگەڵ ئەو دیاردەى خۆ پیشاندانانەدا رەفتار نەکات بەڵکو گرنگیە درێژخایەنەکانى خۆپیشاندانەکان ببینێ و بیکا بە کولتورى خەباتى خۆى، هەر وەک لە وەڵامى پێشتر هەوڵمدا تیشک بخەمە سەر ئەو لایەنە گرنگە.
|



سهرنجی خۆت دهربارهی ئهم بابهته بنووسه ، تکایه تهختهکلیلی ئینگلیزی بهکارمههێنه له کاتی زیادکردنی سهرنجهکهتدا تا ههموو به باشی و ڕوونیی توانای خوێندنهوهیان ههبێت