ده‌سته‌واژه‌کانی په‌یوند به‌ بابه‌ت‌
هێشتا هیچ ده‌سته‌واژه‌یه‌کت بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ستنیشان نه‌کردووه‌
ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ڵبسه‌نگێنه
0
ده‌ستپێک | گشتی | دۆزینەوەی کاری گونجاو

دۆزینەوەی کاری گونجاو

قه‌باره‌ی فۆنت: Decrease font Enlarge font
image

جەمال شەریف: دوانیوەڕۆی ڕۆژێکی پایزە، کزەیەکی ساردی هەیە، ڕاستەوخۆ لە باڵەخانەی پارێزگاوە بە دڵشکاوی هاتم بۆ ئەم باخی گشتییە، دەفەتەرێک و ‌قەڵەمێکم لەڕێگادا کڕی، دەمەوێ لێرەدا هەندێک لە بیرەوەرییەکانی خۆم بنوسمەوە،

 بەڵام من تەنها بەپیتی لاتینی دەتوانم کوردی بنوسم.
لەپایزی 1991 لەدایک بووم، چەندمانگێک پێش بەدونیا هاتنی من جەماوەری کوردستان لەڕاپەڕینێکی مێژویدا دەسەڵاتی بەعس لەکوردستان دەردەکەن و پێشمەرگەکەنی کوردستان لەئێرانەوە دەهێننەوە ودەیانکەنە حاکمی خۆیان، لەژێر چەتری بەرەی کوردستانیدا چاو دەبڕنە هیواوئاواتەکانی دواتریان. دایک و بابی منیش مەستی ئەو ئازادییە دەبن، بەجۆرێک بەرەی کوردستانی دەبێتە سەرچاوەی ئیلامیان کە لەسەر ناونانی من لێیان دەبێتە هەرا. باوکم دەڵێ "دەبێ ناوی بنێین - بەرە-" دایکیشم پێیوایە – بەرە- بۆ ناوی ئینسان خۆشنییە. دوای دەمەقاڵەیەکی چەند هەفتەیی و وەدەنگ هاتنی خزمانی باوکم و خزمانی دایکم ڕێدەکەون کە بەهۆی سەربەستی کوردستانەوە ناوم دەنێن "سەربەست"‌.
هەرزوو باوکم کەڵکەڵەی چونەوە بۆ گوندە کۆنەکەیان دەکەوێتە سەری. هەرچی دایکم تکادەکا:
_ پیاوەکە جارێ پەلەی ڕۆشتنەوە مەکە، با هەرنەبێ قوتابخانەیەکی تیا دروستبکرێ بۆ منداڵەکان.
_ ئەوە تۆ بۆ ئەوەندە ڕەشبینی؟ ئەمە دەسەڵاتی خۆمانە، ئەوەتا مزگەوتیان لێدروست کردووە و مەلایان بۆ داناوە، نەک هەر قوتابخانە نەخۆشخانەیشی تێدا دروست دەکرێت. بۆ شوکرانەی خوا ناکەیت! ڕۆژانێ بوو وێران دەکرا ئێستا ئاوەدان دەکرێتەوە.
هێشتا جەژنی لەدایکبوونی یەکساڵەم بۆ نەگیرابوو، باوکم بنەوبارگە دەپێچێتەوە و دایکم و برا 7ساڵانەکەم و خوشکە 3ساڵانەکەم و منی مەلۆتکە دەباتەوە ئەو گوندەی کە سیازدەساڵ لەوەوبەر بەعسیەکان وێرانیان کردبوو، خەڵکەکەیان لە ئۆردوگایەکی زۆرەملێدا نیشتەجێ کردبوو.
جۆشو خرۆشێک لە گیانی باوکمدا هێندە هێزوتوانای پێدەبەخشێ کە ماندوو بوونی نەزانیوە. هەرساڵەو پارچەیەکی زیاتری زەوی کشتوکاڵی کێڵاوە و ڕیزێ نەمامی بە باخەکەی زیاد کردووە. هەرکە دایکم ناڕەزایی دەربڕیبێ بۆ نەبوونی قوتابخانە، باوکم بەدامەزراندنی حوکومەتی کوردستان وهێنانەدی ئاواتەکانیان دڵخۆشی دەداتەوە. کە براکەم تەمەنی دەگاتە دەساڵ قوتابخانەیەک لە گوندێکی ناوچەکە دەکرێتەوە، نۆ کیلۆمەتر لە گوندەکەی ئێمەوە دوور دەبێت. ڕۆژانی قوتابخانە تاریکوڕونی بەیانییان دایکم خواردن دەپێچێتەوە بۆ براکەم و لەگەڵ یازدە منداڵی گوندەکەماندا بۆ قوتابخانە بەڕێ دەکرێن.
بەهۆی نەبونی کارەباوە تەلەفیزیۆنمان نەبوو،شەوانە باوکم گوێی لە ڕادوێکەمان دەگرت.هەموو شەوێ گوێملێبوو ئەوڕادوێیە دەیوت "حوکومەتەکەمان ساوایە"  شەوێکیان دایکم هەڵیدایە:
_ئەرێ ئەم حوکومەتە هەتاکەی هەر ساوادەبێت؟ ئەوا کچەکەیشمان کاتی چونە قوتابخانەیەتی.
_بەنیازم ساڵێکیتر هەر لەقوتابخانەی گوندەکەی دراوسێمان ناونوسی بکەم و هەر لەگەڵ براکەیدا هاتوچۆ بکات.
لەکۆتایی ساڵی خوێندندابوو قوتابییەکان دەچون بۆ وەرگرتنی نمرەی سەریساڵیان، کە مینێک لەژێرپێی براکەمدا دەتەقێتەوە، منداڵان بەڕاکردن هەواڵەکەیان گەیاندە ئاوایی. هەتا پیکابەکەی ماڵی حاجی موحەمەد کە هەمیشە دەوری ئامبوڵانسی گوندەکەی دەبینی، باوکمی گەیاندە شوێنی ڕوداوەکە و براکەمیان گەیاندە شار، لەولاوە لاشەی ساردەوەبوویان هێنایەوە.
دایکی جەرگ سوتاوم بەجۆرێک لەناو دەریای ماتەمینی خۆیدا نوقوم بوو کە تائێستاش نەهاتۆتەوە سەرخۆی و هیچ شتێک نەیتوانیوە تروسکەی شادی بخاتە دەرونییەوە. خوشکەکەم کە خوێندن بۆی بووە خەیاڵێکی دوورەدەست، کاری ناوماڵ و خزمەتکردنی دایکە تێکچووەکەمی کەوتە سەر شان.باوکە کۆست کەوتووەکەم ئەو گەرموگوڕییەی جارانی نەما، بەڵام هێشتا چاوەڕوانی دەکرد کە هەتا من دەگەمە تەمەنی خوێندن، گوندەکەمان بەقوتابخانەی خۆی شاد ببێت. هاتو چۆی دایکم بۆلای دوکتۆری دەرونی لەلایەک و شکەست خواردنی بەرهەمی جوتیارانی خۆماڵی لەبەرامبەر کۆمپانیاکانی هێنانی خواردەمەنی لەوڵاتانی دراوسێوە لەلایەکەتر، باوکمی توشی قەرزداری چەند دۆست و ئاشنایەکی خۆی کرد.
تەمەنم گەیشتە دوازدەساڵ هێشتا خەبەرێک لە قوتابخانەی گوندەکەمان نەبوو. باوکیشم ساڵبۆساڵ زیاتر قەرزی لەسەر کۆدەبۆوە، بۆیە ماڵوکۆچمان بەرەو شاربۆوە. لەیەكێ لە گەڕەکە بێ قیر و بێ زێرابەکانی شاردا خانوویەکمان بەکرێ گرت. بۆ یەکەمجار بەقوتابخانە شادبووم. بەهۆی گەورەتربوونم لە هاوپۆلەکانم ڕۆژانە دەبوومە نیشانەی توانجی نەشیاوی هەندێ لە مامۆستاکانم، هێندە دەیانشکاندمەوە و سەرکوت دەکرام، قوتابخانە و مامۆستاکان و وانەکانیشم لەپێشچاو کەوت. لەبیرمە لەوانەی دیندا بووین ئایەتێکم بەتەواوی لەبەرنەبوو، مامۆستاکەمان نەڕاندی بەسەرمدا:
_ زلی بێ هونەر، ئەوەندە گەورەو ناقۆڵایت لەناو منداڵەکاندا لە گای ناو گوێرەکەکان دەچێت.
لە قوتابخانە شەرمم دەکرد بگریم، بەڵام هەموو ڕۆژێ لەماڵەوە لەباتی ئامادەکردنی وانەکانم دەگریام. کار بەوەگەیشت ئەوساڵە لەپۆلی یەکدا مامەوە.
خوا کردی باوکم بەهۆی بێکارییەوە کرێخانوی بۆ نەدەدرا بۆیە دیسان ماڵی پێچایەوە و بەپێی خۆمان چوینەوە کەلاوەکەی ئۆردوگا زۆرە ملێیەکەمان. قەرزداری باوکم و هەڵکشانی تەمەنی خۆم لە دێوەزمەی قوتابخانە ڕزگاری کردم و کەوتمە دونیای کارکردن.
بێکاری وەک سێبەری خۆمان لێمان نەدەبۆووە لەوێیش دەستبەردارمان نەبوو. خاوەن قەرزەکان داوای قەرزەکانیان دەکردەوە. باوکم کانییا و زەویوزارەکانی فرۆشت بە لێپرسراوی یەکێ لەدەزگاکانی حوکومەتە ساواکەمان. لەماوەی ساڵێکدا کۆشکێکی شاهانە و باخێکی سەرسوڕهینەری تیا دروستکرد بۆ بەسربردنی ڕۆژانی پشوی خێزانەکەیان. بەهۆی ئەم کڕین و فرۆشتنەوە ناسراوییەکی لەگەڵ باوکم پەیدا کردبوو. باوکم منی بردە نوسینگەکەی بەوهیوایەی لەسەر کارێک داممەزرێنێ.
_ بەسەر چاو، لە پۆلیسی، سەربازی، پێشمەرگایەتی و ئاسایشیی هەرکامیانی دەوێ پێمبڵی، هەر ئەمڕۆ فەرمانی دامەزراندنەکەی دەرکەم.
لەپۆلیسی دەستبەکار بووم، هەرچۆنێکبێت سێ ساڵم بردەسەر، ژیانێکی مەمرەومەژیمان بەموچەکەی بەڕێدەکرد. بەڵام سەرپێچی کردنی لێپرسراوان و کوڕ وخزمەکانیان و حیمایەکانیان و تەنانەت زاواکانیشیان لەیاساکان، ئەوەندە بێزاریانکردم وامبەباشزانی پێش ئەوەی ڕوداوێکم لەدەست بقەومێت و خۆم گرفتار بکەم واز لەم کارە پڕ لە ئازاری دەرونییە بهێنم.
منیش وەک گەنجە نائومێدەکانی وڵاتەکەم ڕێگای هەندەرانم گرتەبەر. پاش کێشانی دوومانگ ڕەنج و فڕوفێڵی قاچاخچی و ململانێم لەگەڵ مەرگ، لەکامپێکی پەنابەری لە فینلاند خۆمبینییەوە. بیستودوومانگ ژیانی ناو کامپ قوتابخانەیەکی گرنگبووبۆم،ئاشنا بوونم بە کولتوری کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکان بەهۆی دانیشتوانی ناو کامپەکەوە کە جمەیدەهات لە کەسانێکی سەرهەڵگرتوی وەکو من کە ئەوانیش لە خێروبێری وڵاتەکەی خۆیان بێبەشکرابوون و لەدەست سوکایەتی و بەشمەینەتی هەڵهاتبوون. مامۆستای کامپەکە فێری خوێندنەوە و نوسینی زمانی فینلاندی کردم بەبێ ئەوەی کەسایەتیم برینداربکات. ئارامی و هەڵسوکەوتی بەڕێزانە و پڕ لەسۆزی خەڵکی فینلاندا بەگشتی و کارمەندەکانی کامپ بەتایبەتی هەستێکی وایان لادروستکردم کە منیش ئینسانم و شایانی ئەوەم ڕێزم لێبگیرێ. دڵسۆزی "نینا" کچەکارمەندە بچکۆلەکەی کامپەکەمان، هێندە کاری تێمکردبوو کاتێ کەزانیم ئەو کچە جوان و ئێسکسوکە بۆ پارێزگاری لە ژیانی گیانداران گۆشتخواردنی وازلێهیناوە و بۆتە سەوزی خۆر، بێسێودوو منیش بڕیارمدا گۆشت نەخۆم و لەوکاتەوە بوومەتە سەوزیخۆر.
ئێوارەیەک سەیر هەواڵەکانی تەلەفیزیۆنم دەکرد، وەفدێک لە لایەن حوکومەتی کوردستانەوە هاتبوون بۆ فینلاند تا بە حوکومەتی فینلاندی بڵێن کە ئەوانەی لە کوردستانەوە هاتون داوای پەنابەرییان کردووە لەتەمبەڵیدا خۆیان لەکارکردن دزیوەتەوە، هیچگرفتێکیان نییە و لە ئازادی تەواو بەهرەمەندن و هەر گرفتێکیشیان هەبێت حوکومەتی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێ بۆیان چارەسەر بکات. کەبینیم سەرۆکی وەفدەکە هەمان ئەو پیاوەبوو کە زەوی و کانیاوەکەی باوکمی کڕی. دوومانگ دووای هاتنی ئەو وەفدە پۆلیس لەگەڵ چەند پەنابەری تردا ڕەوانەی کوردستانیان کردینەوە. پیری و نەخۆشی سوارسەری باوکم بووبوون، لە تەنێشت دایکە تێکچووەکەمدا جێگای ڕاخستبو توانای چونەدەرەوەی نەمابوو، خوشکەکەم سەرپەرشتی هەردووکیانی دەکرد.
ناسراوێکم نامەیەکی دامێ تا بیبەم بۆ لێپرسراوی شارەکامان بەوهیوایەی کارێکی گونجاوم بۆ بدۆزێتەوە. پاش چەند کاتژمێر لەهۆڵی چاوەڕوانی گەێشتمە ژورەکەی، بەڕێزەوە نامەکەم دایەدەستی. دەستی بەرەو کورسییەک ڕاکشا، تێگەیشتم فەرموی دانیشتنم لێدەکات، دانیشتم، کە نامەکەی خوێندەوە لێیپرسیم:
_ چیکارێک دەزانیت؟
_ من کوڕی گوندم، کاری کشتوکاڵی یان ئاژەڵداری یان بیناسازی یان....
_ زۆر باشە! تۆ کوڕی گوندی کەواتە ڕاوچییەکی باشیت. ویستم پێیبڵێم کە ڕاوچێتی نازانم، بەڵام بواری نەدام.  درێژەی پێدا: بڕوابکە ئەوەندەمان گۆشتی مرێشک و مەڕو گوێرەکە خواردووە بێزاربووین. بۆیە ئەگەر بتوانیت هەفتەی جارێک ئاژەڵێکی کێوی، کەوێ، هەرنەبێ کۆترێ یان هەرشتێکی کێوی، بەڕاستی لە ئاژەڵ و پەلەوەری ماڵی بێزاربووین.
_ قوربان! من هیچ شارەزاییم لە ڕاوکردن نییە.
_ خۆ ڕاوەماسی دەزانیت.
_ تەنانەت ڕاوەماسیش نازانم.
_ ئەی خۆت گۆشتی چیدەخۆی؟
_ خۆم گۆشت ناخۆم، بۆ خێزانەکەمان ئەگەر توانام هەبێت مانگی مریشکێک یان نیوکیلۆ گۆشتیان بۆدەکڕم.
_ یانی چی خۆت گۆشت ناخۆی!!!
_ قوربان گٶشتم تەرک کردووە.
_ لەبەر چی؟
_ بۆ پارێزگاری لە ژیانی گیانلەبەران.
بەدووچاوی زەقەوە کەمێک تێمڕاما، زەردەخەنەیکی کرد و بەسەر لەقاندنێکەوە شتێکی لەسەر پەڕەیەك نووسی. پەڕەکەی نوشتانەوە و دایەدەستم و وتی:
_ کارێکی گونجاوم بۆت دۆزیوەتەوە، ناونیشانی شوێنەکەی لەسەرە و ئەم نامەیە بدەرە دەستی بەڕێوەبەرەکە.
بەخۆشحاڵییەوە سوپاسیمکرد، کاتێ لەژورەکەی دەچومەدەرەوە، لەو چەند هەنگاوەی ناو ژورەکەیدا سەرزەنشتی خۆمدەکرد کە بەناڕەوا ئەم پیاوەم بە بەرتیلخۆر دەزانی، بەڵام بەبێ ئەوەی بەڵێنی گۆشتی ئاژەڵ و پەلەوەری کێوی بدەمێ کارێکی بۆ پەیدا کردم. هەر کە گەیشتمە ئەودیو دەرگای ژورەکەیەوە نامەکەم خوێندەوە " بەڕێز بەڕێوەبەری قەسابخانەی نیشتیمانی! هەڵگری نامە کاری پێویستە، تکایە چەقۆیەکی تیژی بدەنێ و ئاژەڵەکانی قەسابخانەکەی پێسەرببڕن. برات پارێزگاری سولێیمانی " لە حەوشەی پارێزگا نامەکەم پارچەپارچەکردوو دام بەدەم کزەبای پایزی ئەو نیوەڕۆیەوە.
بەدەنگە بەنگی چەند کەسێک کە لە نزیکی منەوە سەرگەرمی قسەو باس بوون لە خەڵوەتی دونیای بیرەوەرییەکانم هاتمەدەرێ و گوێمدایە قسەوباسەکانیان، بۆم دەرکەوت کۆمەڵێ کرێکاری بیناسازین و لەسەر دروستکردنی ڕێکخراوێک بۆ کرێکارانی بیناسازی گفتۆگۆیانە لەناو باخی گشتیدا. بڕیارمدا بە ئارامی هەڵبسم و بەرەو ڕویان بچم و پێیانەوە پەیوەست ببم.

 jamal.sharef@gmail.com 

لە تۆڕێکی فراوانتردا ئەم بابەتە بۆ هاوڕێکانت بنێرە
: Post on Facebook Add to your del.icio.us Digg this story StumbleUpon StumbleUpon Twitter Add To Any Service! Add to Bibsonomy! Add to BlinkList! Add to ButterFly Furl this! Googlize this post! Add to Linkatopia Post to Myspace Add to Netvouz! Make this public! Reddit this Add to Searchles! Add to Simpy Socialize it! Spurl This! Add to Squidoo Add to Uvouch Add to Taggly tagtooga This Add to Unalog

Subscribe to comments feed سه‌رنج (0 نێردراو):

سه‌رنجی خۆت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ بنووسه‌ ، تکایه‌ ته‌خته‌کلیلی ئینگلیزی به‌کارمه‌هێنه ‌له‌ کاتی زیادکردنی سه‌رنجه‌که‌تدا تا هه‌موو به‌ باشی و ڕوونیی توانای خوێندنه‌وه‌یان هه‌بێت comment

تکایه‌ ئه‌و کۆده‌ی که‌ له‌ وێنه‌که‌دا ده‌رکه‌وتووه‌ بینووسه:

هه‌واڵنامه‌ی هاوپشتی‌
ئیمه‌یڵ:
Powered by Vivvo CMS v4.1.6