هیرمینۆتیکا و مێژوو: پۆل ریکۆر وەک نموونە
دکتۆر سواریت عمر و:عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا
عەقڵ بیر لە مانا دەکاتەوە، هیرمینۆتیکا (تەئویل) هەر لە سەرەتاى ئەسڵى یەکەمەوە ئەو مانا زیادەیە تەرجەمە دەکات، کە بە بووندا تێدەپەڕێ و تەجاوزمان دەکات. بۆیە پێویستە هیرمینۆتیکا وەک هەڵوێستێکى فەلسەفى لە بەرانبەر دنیاى رەمز و دەقەکان و هەموو ئەوانەى تێگەیشتن و راڤەکردن قبوڵ دەکەن، قبوڵ بکەین، هیرمینۆتیکا هۆکارێکە بۆ دەرکەوتنى هەوڵ و پیاهەڵدانى بوونى ئەو فیکرەیە، بۆ خۆ ئاشکرابوونیش پشت بەو پێدراوانە دەبەستێ کە لە فیکرى ناوبراو دێتە دى، واتە ئەوەى کە بە هیرمینۆتیکا دێتە جێبەجێکردن، کەواتە هیرمینۆتیکا شوێنى چارەسەرکردنى فیکر دەگرێـتەوە و فیکر لە وەهمەکانى حوکمکردن رزگار دەکات و دێ بۆ ئەوەى لایەنى هەڵهاتوو(Evasif، Fugitif) لە فیکردا روون بکاتەوە. لێرەدا لەبەر پێویستى مەعریفەى میتۆدى دەبێ بپرسین ئایا هیرمینۆتیکا لاى ریکۆر چ دەگەیەنێت؟ کۆى ئەو پەیوەندییانە چین کە لەگەڵ بوون و حەقیقەت دایدەمەزرێنێ، هیرمینۆتیکا پەیوەندى لەگەڵ زانستە مێژووییەکان "مرۆییەکان" چییە؟ هەروەها لەگەڵ مێژوو بە شێوەیەکى جیاواز؟
پۆل ریکۆر لە 27ى فێبرایەر لە فالینسا (Valence) ى فەرەنسا بە هەتیووى لە دایک بووە، سەرەتاى خوێندنى فەلسەفى لە دواناوەندى "رانس" لەسەر دەستى مامۆستاى مەزن "رۆلان دلبیز" دەست پێدەکات. لە ساڵى 1930 بە هاوڕێتى فەیلەسوف "جبریل مارسیل" و مرۆڤدۆست "ئەمانۆیل مۆنییە" بەدواى فێربوونى فەلسەفە دەکەوێت. دواى گەڕانەوەى لە زیندان لە "مۆرانیا" ساڵى 1940-1945 دەبێتە مامۆستا لە زانکۆى ستراسبۆرگ، دواتریش لە ساڵى 1946-1956 لە پاریس-سۆربۆن درێژە بە مامۆستایەتى دەدات. لە ساڵى 1956-1970 دەبێتە مامۆستاى فەلسەفە و راگرى کۆلیژى "نانتیر"ى ئەدەبى، ئەو ساڵانە لە هەموو رروەکانى (سیاسى، فیکرى، رۆشنبیریى، کۆمەڵایەتى و ئابورى) گەرم و پڕ لە گرژى بوو.
لە ساڵى 1970 تا 1985 لە زانکۆى شیکاکۆ وانە دەڵێتەوە، لە ساڵى 1995 زنجیرەیەک بەرهەمى لە بارەى فەلسەفە دانا و دەنگدانەوەى باشى لە هەموو دنیا بەدەست هێنا و بە فەیلەسوفى فەرەنسى ناسرا، هەروەها کارە فیکرییەکانى لە بوارى فەلسەفە و فیکردا خۆى لە رێبازى ئەسڵییدا هەڵدەگرێتەوە، هەر لە ساڵى 1950 ئەو رێچکەیەى لەژێر "رەمزى فەلسەفەى ئیرادە" درێژە پێدا. ئەو کارەى ماوەى 50 ساڵى برد و دواجار بە هۆى ماندوبوونێکى زۆرەوە بەرەو فەلسەفەى کارى خودى سەرچاوەدارى ئەخلاقى و سیاسى هەنگاوى نا و وەک چۆن خۆى بۆ گرفتى دادپەروەرى وەک فەزیلەت و لە هەمان کاتتدا وەک دامەزراو، تەرخان کرد. کتێبى "فیکرە ئامادەکان"ى لە بارەى بیۆگرافیا(سیرە ژاتیە) ى رۆشنبیرییە و بە زمانى فەرەنسى چاپکراوە، ئەو ناونیشانە لە بەرانبەر فەلسەفەى لێوردبوونەوەى تەقلیدى فەرەنسى وەک ئایینێکى نوێ خۆى دەخاتە روو و شوێنى خۆى لە رەهەندەکانى دیاردەگەرایى و هیرمینۆتیکیدا هەڵدەگرێتەوە.
کۆجیتۆى "من بیر دەکەمەوە" و تێکۆشەر و بریندار
بیۆگرافیاى پۆل ریکۆر نوێنەرایەتى ئەو سێ دابڕانە بە دامەزراوکراوانە دەکات کە بە تەواوى دەستیان بەسەر فیکرى نووسەردا گرتووە. هەتا لە قوتابخانەى "رۆلان دلبیز" ئەو رۆحە فزویلى و نیگەرانە دەبینین، کە فێر بوو بەرى هەموو پرۆپاگندەکان بگرێ. لاى ریکۆر "راستەوخۆیى" و "هاوگونجان" و "روونى" هەڵگرى تایبەتمەندى زانستى و زەرورەتى رەهان و لە تایبەتمەندى کۆجیتۆى دیکارتى و من بیر دەکەمەوەى کانتى جیا دەبنەوە. ئەوە ئەو کارە بوو، کە ریکۆر هەوڵیدا لەرێگەى گۆڕینى جمگەکانییەوە بەرەو بارێکى فەلسەفى و فیکرى بەرێت، یان لەڕێگەى روونکردنەوەى ئەوەى کە بۆچى دەبێ شوێنى ناوەندگەرایى بۆ "راستەوخۆیى" بەجێبهێلین.. چۆن دەکرێ تەجاوزى "هاوگونجان" بکەین، بێ ئەوەى بۆ حەقیقەتە فیکرییەکەى بگەڕێینەوە.. چۆن دەکرێ لە شوێنى "روونى" فیکرەى تاوان وەک ساتەوەختى یەکەمى گەواهیدان دابنێین. لاى ریکۆر ئەو سیانە ناوبراوە نوێنەرایەتى جەوهەرى کۆجیتۆى تێکۆشەر و بریندار دەکات.
بۆ تێگەیشتن لەو کۆجیتۆیە و تەواوى فەلسەفەى پۆل ریکۆر لەلایەک پێویستە بۆ ئەو رەمزە فیکرییە گەورانە بگەڕێینەوە، کە لە مێژووى فەلسەفەدا، نوێنەرایەتى فەلسەفەى "ئەدمۆند هۆسرەل" و "کارل یاسبرز" و "جابریل مارسیل" دەکەن، لەلایەکى دیکەش پێویستە هەموو کارەکانى پۆل ریکۆر بخوێنینەوە تاکو ئەوە بەرهەم بهێین، کە رەنگە بە تەواوى نەتوانین بە مانا "هیگل"ییەکەى وەک نەسەقێکى فەلسەفى دایبمەزرێنین، هەروەک رێگە لە هەموو ئەو فەلسەفەیەش دەگرێ کە دەیەوێ لە رێگەى ئازادبوونى گریمانە فیکرەکانى پێشووى خۆى بگات، چونکە لاى ریکۆر ئەوەى هەڵگرى سەرچاوە نەبێ دواتریش سەربەخۆ نابێ، هەموو کارەکانى دوایى ریکۆر ئاماژە بە قەناعەتێک دەکەن ئەویش ئەوەیە کاتێک ریکۆر گەنج بوو تیۆرى فەلسەفەى هیرمینۆتیکى ببووە خولیاى ئەو.
کەواتە چۆن دەتوانین قسە لە کۆجیتۆى تێکۆشەر بکەین؟ ئەگەر لە میانى رێبازى فەلسەفى و شێوەى نووسینى فەلسەفى تەماشاى ریکۆر بکەین، دەبینین وەک چۆن هەمیشە تێیگەیشتبووین هەڵگرى ژانرێکى ئەدەبى گاڵتەئامێز نییە، وەک چۆن هەڵگرى فەلسەفەیەکى پەیوەستکارانەش نییە، واتە هاوڕێتیکردنى لەگەڵ "ئیمانۆیل مۆنییە" و بزاڤى " Esprit" بەس نییە بۆ ئەوەى بیخەینە دووتوێى لیستى فەیلەسوفە پەیوەستکارەکانەوە. پۆل ریکۆر هەرگیز لە تێکۆشان لە پێناو فیکرى فەلسەفى نەوەستاوە و هەرگیز لە گفتوگۆى زانستى نەوەستاوە. وەک چۆن گرنگى بە گیروگرفتى شار دەدات و لە رێگەى کتێبە گەورەکەى "مێژوو و حەقیقەت/Histoire et verite 1994" بەردەوام لە خزمەتى سیاسەت و دامەزراوەکان و زانکۆ و دامەزراوە یاساییەکان دابووە.
ئایا کۆجیتۆى "بریندار/ Le Cogito blesse" چ دەگەیەنێت؟ بۆ دەرککردنى ماناى ئەو کۆجیتۆیە، دەبێ بۆ فەزا بەرفرەوانەکانى فەلسەفە و ئیرادە بگەڕێینەوە، وەک چۆن لە ساڵى 1949 پۆل ریکۆر لە میانى کتێبى "ئیرادە و نائیرادە" خستوویەتە روو، هەروەها بۆ وەسفکردنى دیاردەگەرى بوارى ئیرادە لە پرۆژەوە بەرەو پێشبینیکردن و پاشان بەرەو قبوڵکردن هەنگاو دەنێ. بەڵام ئیرادە مۆڕکى سییانى لەخۆ دەگرێ، زیندەگى و نەست بە شێوەیەکى مشتومڕئامێز لە رێساى حوکمکردن و قبوڵکردن پێکدێت و لە قوتابخانەى "جبریل مارسیل" وەرگیراون. ریکۆر لە ساتەوەختى بیرکردنەوەى لە رێبازى فەلسەفى خۆیدا زانستى ئەخلاقى کەشف کردووە، ئەو زانستە شاراوەو نەدۆزراوە دواتر مۆڕکى خێرى لەخۆ گرتووە. فەلسەفەى ئیرادەش ژێر خانێکى ئەنتۆلۆژى و ئەنترۆپۆلۆژى بەو چەمکە بەخشیووە و ئەوەش لە نەگونجان و پێوانە دیاریکراوەکان و گرفتى هەر سێ بابەتە گشتییەکەى مێژووى حەقیقەتى مرۆیى دەردەکەوێ، کە پێکهاتوون لە: پەرتبوون (ئەنترۆپۆلۆژیا)، رەخنەگرتن (شەڕى ئەخلاقى)، نەگونجان (ئەنتۆلۆژیا) ئەوانەش ئاماژە بە سێ ناوەندگە دەکەن، کە لە پێوانەکان پێکهاتوون ئەو ناوەندانەش بۆخۆیان نوێنەرایەتى ئاماژە ناوەندییە ناتەواوەکەى نێوان کۆتایى و ناکۆتایى دەکەن؟
رەمز وەک دەستپێکردنى بیرکردنەوە
لەسەر ئاستى ئەنترۆپۆلۆژیا "مرۆناسى"ى ترانسندنتال فیکرەى گوناح (La Faillibilite/ یان تاوان) نوێنەرایەتى رووە بنەڕەتییەکەى کۆجیتۆى بریندار دەکات. ئەو (کونبوون و سمین)ەى کە "مرۆڤى گوناحکار، L’homme faillible 196" و "رەمزییەتى شەڕ، La symbolique du mal 196" لە بەرانبەر فەلسەفەى هیرمینۆتیکى دووچارى دەبێ، دەشێ بەو هەوڵەوە بەندى بکەین کە دەکەوێتە بازنەى بیرکردنەوەیەکى تەنگەبەر لە رەمز و ئەفسانەکان و لەلایەن بەشێک لە کەلتورە گەورەکانەوە ئاڕاستە دەکرێ. ئەگەر کۆجیتۆى بیرکەرەوەى ریکۆر بە سیانەى "راستەوخۆیى/ L’immediatete" و "روونى/دیودیار/ La Transparenc" و "ئاشکرایى/دەرکەوتن/ L’apodicticite" وەسف بکرێ، ئەوە کۆجیتۆى تەئویلکەر "تەئویکار" و بریندار بە زەرورەت بە "ناوەندگەرایى/ La mediation" و "تەمومژى/ L’opacite" و "رەمز و گەواهیدان/ L’attestation" جیا دەکرێنەوە. لێرەوە لەو دەروازە بەرتەنگە و لە رێگەى لێوردبوونەوە لەبارەى زمانى دانپیانان بە گوناحەوە، پۆل ریکۆر دەچێتە نێو هیرمینۆتیکا، لەوێش ئەو زمانە کەشف دەکات، کە توانا و قورسایى هیرمینۆتیکاى فەلسەفەى رەمزى گوناح/ Le peche، و پیسى/ La culpabilite بە ئەفسانە گەورەکانى وەک ئەفسانە کۆسمۆلۆژییەکان، تراژیدییەکان، ئادەمییەت و ئۆرفییەت بەند دەکات، لەوێوەشەوە دەچێتە ناخى مرۆڤایەتییەوە.
کەواتە ئەو هیرمینۆتیکایە چەقى قوڕسایى خۆى وەک تەعبیرکردنێکى دووانەیى مانا لە رەمزدا (Le symbole) دەدۆزێتەوە. ئەو وێناکردنەش بۆ هیرمینۆتیکا وا لە ریکۆر دەکات کە لە میانى بەدواداگەڕانى ئەو مەرجانەى کە شیکردنەوەى بونیادگەرى بەرە بەرە دەخەنە نێو فەلسەفەى لێوردبوونەوە مل بۆ هەڵبژاردنى بونیادگەرى کەچ بکات، تاکو لەرێگەیەوە دەستکارى بکات، واتە دووبارە بونیادى بنێتەوە. بە هەمان پلەش گرنگى بە شیکردنەوەى دەروونى وەک چالاکیەکى هیرمینۆتیکى دەدات و هەر لە میانى شیکردنەوەى دەروونیشەوە لە کتێبى لەبارەى هیرمینۆتیکا و هەوڵێک لەبارەى فرۆیدەوە، کردەى تێکشکانى خود وەک ئاگایى پراکتیزە دەکات.
لە ساڵانى 1960-1970 وێنەى "کۆجیتۆى بریندار" دەکێشێ و لەوێ وەک بنەڕەتێک ئاڕاستەى بابەتى ململانێى تەئویلەکانمان دەکاتەوە، کە نە دەشێ هیچ چارەسەرێکى بۆ بدۆزینەوە و نە لە میانى تەئویلکردنى بەتاوانبارکردنى (مارکس، نیچە، فرۆید) و تەئویلکردنى ماناى زیادەى (هیگل، مرسیا ئیلیاد) دەشێ تەجاوزى بکەین. لە کارەکانى دواتریشیدا دەستکارى کۆمەڵێک تیۆرى گرنگى کردووە، لە ناوەڕاستى 1970 تەئویلکردنى رەمزى بەرەو تەئویلکردنى دەقەکان گواستۆتەوە. ئەو گرنگیە گەورەیەى کە ریکۆر بە ناوەندگەرایى دەقەکانى دەدا، وەک بەرهەمێکى ئەنتۆلۆژى و کردەى رێگە بۆ بەدواداچوونە نوێ و گەورەکان خۆش دەکات.
بەو ئیعتبارەى کە دەق گوتارە (یەکێک شتێک بە کەسێک دەڵێ کە لە دەوروبەریەتى) ریکۆر سێ بوارى فەلسەفى کەشف دەکات: ناوەندگەرایى لە میانى بابەتگەرایى ئیمپراتۆریەتى ئاماژەکان، داننان بە ئەویدیکەى نێو کردەى قسەکەر، پەیوەنیکردن بە دنیا و بوون.
لە دەقەوە بۆ کردە
ریکۆر بە سەختى بەرگرى لەو وێناکردنە زمانەوانییە دەکات، کە ئەرزش بۆ مەبەستگەرایى سەرچاوەدار دەگێڕێتەوە. شیکردنەوەى پێدراوەکانى وێنەى مەجازى روونى دەکاتەوە، کە ئەو زمانەى راستەوخۆ بە سەرچاوەمان ناگەیەنێت بە شێوەیەکى باشتر و چاکتر نهێنى شتەکانمان پێدەڵێ. بۆیە شیکردنەوەى (گێڕانەوە) حیکایەت لە کەشفکردنى ئیبداعى زمان وەک قەڵەمبازێک سەیر دەکرێ. نهێنیگرەکانى حیکایەت مانایەکى مرۆیى بە زەمەن و پێکهاتە نەگونجاوەکان دەبەخشێ، سەرەڕاى ئەوەش (خوازەى زیندوو/La metaphore vive 197) و (زەمەنى حیکایەت/1980-1983 Temps et recit l – III) نوێنەرایەتى دووانەیەکى فیکرى دەکەن. شیکردنەوەى وەزیفەى حیکایەتیش تەعبیر لە پێشکەشکردنێکى تیۆرى گرنگ دەکەن، بۆیە سەرەڕاى ئەوەى نهێنیگرەکانى گێڕانەوەى حیکایەتى خەیاڵى دەکەونە نێو مێژوو، لەگەڵ ئەوەشدا سێ کردەى لەنێو خۆ بەیەکەوە لکاو دەخەنە روو: بەر لەبەشتوون La prefiguration- بەشتبوون La configuration ـ دواى بەشتبوون La refiguration. ئەوەى دواییان کردەیەکە زیاد لە پێویست تەعبیر لە مەبەستگەرایى سەرچاوەدارانە و رەهەندى ئەنتۆلۆژیانەى حیکایەتئامێز دەکات، ئەگەر نموونەى گوتراو ئەوە بێ، کە رەمز دەستپێکردنى بیرکردنەوەیە و بەسەر تەئویلکردنى یەکەمدا زاڵە، ئەوە سەختى رستەى گوتراو ئەوەیە چەند راڤەکردن زێتر بێ ئەوەندە تێگەیشتن باشتر دەبێ و رۆڵى سەرەکیش لە هیرمینۆتیکاى دەقدا دەگێڕێ. هەموو ئەوەش مشتومڕى ئاوێتەى نێوان راڤەکردن و تێگەیشتن دەسەپێنێ، کە هەر تەنها هیرمینۆتیکا بەسەر زانستى دەقدا ناکاتەوە، بەڵکو رێگەیەکى نوێش بۆ فەلسەفەى کردە دەکاتەوە، کە لە رێگەیەوە دەست بەسەر کردەى مرۆیى و بارى ناوەندگەریى نێوان دەق و مێژوودا دەگرێ.
ژیانى خێر، پێوانەى ئەخلاقى و حیکمەتى زانستى
بەیەکگەیشتنى شیکارگەرایى و دیاردەگەرایى-هیرمینۆتیکاى کردە لەوێوە بە ترۆپک دەکات کە تۆ وەک ئەویدیکە بیت Soi meme comme un autre 1990. ئەویش بە پەخشکردنى پرسیارگەلێکى یەک لەدواى یەک: کێ قسە دەکات؟ کێ کار دەکات؟ بابەتى گوناحبارکردنى ئەخلاقى چییە؟
ریکۆر بەدواى خۆیدا رستێک لە فەلسەفەى کۆجیتۆى جێهێشتووە، ئەوانەى کە بارێکى دامەزراوەیى دەبەخشنە خودى دامەزراو و لە هەمان کاتیشدا زۆر بڵێى کۆجیتۆ (Anti – cogito) دەخەنە پشت گوێوە و لەوێشەوە جیاکارى دەخەنە نێوان دوو روو لە ناسنامە: ناسنامەى هاووێنە و ناسنامەى ئەویدیکە کە لەسەر ئاستى ناسنامەى گێڕانەوە بەیەکدەگەنەوە، لەنێو ئەو خانەشدا مشتومڕى نموونە و ئەویدیکە نەشونما دەکات و بەرەو تیۆرێک لە بارەى کردەى ئەخلاقى دەچێ، ئەوەش سێ رێساى بەیەکەوەلکاو لەخۆ دەگرێ: مەبەستگەرایى و دامەزراوەگەرایى (ئەو ئەخلاقەى وا لە ئارەزوو دەکات، کە لە ژیاندا ئاکامى خێر هەبێ). دیونیتۆلۆژى (ئەو ئەخلاقەى کە مەبەستى هێزى پێوانە و تایبەتمەندى جیهانییە) هەروەها هوشیارکردنەوە چونکە بەرەو حیکمەتى زانستییە و توانایەکە بۆ گەڕانەوەى دانوستان لەبارەى هاوسەنگییەکى باشتر و چاکترى نێوان جیهانگەرایى و تایبەتمەندێتى حاڵەتە مرۆییەکان. حیکمەتى تراژیدى لەسەر بەیادهێنانەوە بێ کۆتایى مەرگەساتئامێزەکانى ململانێکانى ئەوەى کە کردەى مرۆیى لەخۆ دەگرێَ، ناوەستى. بۆیە ئیتر لێرەوە دواین رووى کۆجیتۆى بریندار وێنە دەکەین، بەو مانایەش ئەویدیکە لەدەرەوەى خودەوە ئیزافە ناکرێ، بەڵکو لە خودى ناسنامەکەى و لە هەمان یەکەکەیەوە درووست بووە. ئەوەش وامانلێدەکات رووە زۆرە نێگەتیفەکانى –ئەویدیکە لەمیانى مێژوو لە ئەویدیکەدا و لە خوێن و دەنگى وێژدانى ئەخلاقى ئەویدیکەوە دیارى بکەین، ئەوەى کە دواجار نوێنەرایەتى ئەویدیکەیەکى دوور دەکات.
ریکۆ پەیمانى بە خوێنەرانى داوە، لە رێگەى "یاسبرز"ەوە گەشە بە فەلسەفەى ترانسندنتال بدات، کە لە هەمان کاتتدا لەبارەى ئیرادەى پەیوەستکاریشەوە وەک تەعبیرکردنێکى شیعرى خۆى دەنوێنێ، بەڵام هەر بەوەندە واز ناهێنێ و ساڵ دواى ساڵ فەلسەفەکەى بەرەو فەلسەفەیەک دەبات، کە رەها نییە، دواین کتێبەکانى بەرە بەرە لەمیانى ئیڕادەگەراییدا لەبرى ئەوەى خواوەندانەو ئایینى رەها بکەوێتەوە، زێتر بۆ تێگەیشتن خۆى دەسەپێنێ.
سەرچاوە:
cfijdida.over-blog.com
|



سهرنجی خۆت دهربارهی ئهم بابهته بنووسه ، تکایه تهختهکلیلی ئینگلیزی بهکارمههێنه له کاتی زیادکردنی سهرنجهکهتدا تا ههموو به باشی و ڕوونیی توانای خوێندنهوهیان ههبێت