لە سێ داوای جیادا پارتی داوای یەک ملیارو نیو دینار دەکات
سلێمانی 2، ئەیلول، 2010: سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنوسان ناڕەزایی دەردەبڕێت بەرامبەر بە سێ داوای پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆمەتی ناوزڕاندن دژ بە رۆژنامەی رۆژنامە و ئاوێنە و هاوڵاتی کە تێیدا داوای یەک ملیارو نیو دینار کراوە. ئەو داوایانەی پارتی پێشێلکردنێکی روونی یاسای کاری رۆژنامەگەری کوردستانن.
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێگەی بریکار حسام الدین یاسین سەرداری یەوە سێ داوای لە دادگای بەرایی هەولێر تۆمارکردووە و داوای نیو ملیارد دینار (زیاتر لە 400 هەزار دۆلاری ئەمەریکا) قەربوو لە هەریەک لەو سێ رۆژنامەیە دەکات.
هەر سێ داواکە لە رۆژی 22ی ئابدا تۆمارکراون بەپێی یاسای مورافەعاتی مەدەنی، کە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا لە ساڵی 1969 دەرچووە.
داواکەی دژ بە هاوڵاتی لەسەر چەند بابەتێکن کە لە رۆژی 17ی ئازاردا بڵاوکراونەتەوە، داواکەی دژ بە ئاوێنە لەسەر دوو بابەتن کە رۆژی 9ی ئازار بڵاوکراونەتەوە، بە ناونیشانی "گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو: لە هەولێر هەڵبژاردن بەدەرنەبوو لە ساختەکاری" و "سەرۆک ناخۆشت کرد" و چەندین بابەتی رۆژنامەی رۆژنامە کە لە رۆژی 18ی ئایار بڵاوکراونەتەوە.
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت کە بەپێی یاسا ماوەی یاسایی بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر هەر سێ رۆژنامەکە کۆتاییهاتووە. بەپێی بڕگەی پێنجەم لە ماددەی هەشتەمی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری لەکوردستان نابێ دوای تێپەڕبوونی 90 ڕۆژ لە مێژووی بڵاوکردنەوە هیچ جۆرە رێکارێکی یاسایی لەبەرامبەر ڕۆژنامەنوس بگیرێتە بەر. هەروەها بەپێی ماددە دوانزە نابێت کار بە هیچ دەقێکی یاسایی بکرێت کە لەگەڵ یاسای کاری رۆژنامەگەریدا ناکۆک بێت.
لەم بارەیەوە سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، "تۆمارکردنی سکاڵا دوای تێپەڕبوونی ماوەی یاسایی، نەریتێکی نوێیەو پێشێلکردنێکی ئاشکرای برگەکانی یاسای کاری رۆژنامەگەری بۆ تۆمارکردنی داوای یاسایی لەسەر رۆژنامەنوسان. بۆیە ئەرکی دادگاکانە کە ئەم جۆرە سکاڵایانە رەتبکەنەوە."
سەنتەری میترۆ تێبینیکردووە کە بریکاری داواکار لە دەقی داواکەی دژ بە رۆژنامەی ئاوێنە ئاماژەی بەوە نەداوە کە ناونیشانی بابەتەکە لێدوانی بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامییە. لەوەش زیاتر لە بابەتەکەدا تۆمەت ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان نەکراوە. سەرباری ئەوەش وەک پیشەیی رۆژنامەوانی پەیوەندیکراوە بە چەند بەرپرسێکی پارتییەوە بەڵام کەسیان ئامادەنەبوون لێدوان بدەن.
هەروەها بابەتی دووەمی رۆژنامەی ئاوێنە کە بریکاری داواکار بە تەشهیری لەقەڵەمداوە، بیروبۆچوونی نووسەرێکە لەسەر وتارێکی سەرۆکی هەرێم. ئەوەی مایەی تێڕامانە لە داواکەدا هاتووە کە ئەو بابەتە "زیانی ئەدەبی و مەعنەوی" بە پارتی گەیاندوە، لەکاتێکدا لە وتارەکەدا رەخنە ئاراستەی مەسعود بارزانی بە سیفەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کراوە نەک بە سیفەتی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان.
بریکاری داواکار ئەو بابەتانەی رۆژنامەی رۆژنامەو هاوڵاتی دیارینەکردووە کە بانگەشەی ئەوەی دەکات گوایە تەشهیریان تێدایە بەرامبەر بە پارتی.
لە کۆتایی مانگی تەموزدا، سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان، لە رێگەی داواکارێکییەوە، بە تۆمەتی ناوزڕاندن داوایەکی دژی خاوەن ئیمتیازو سەرنوسەری و نوسەرێکی رۆژنامەی رۆژنامە تۆمارکرد و داوای یەک ملیارد دۆلاری ئەمەریکی قەربوو ئەکات.
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنوسان، رێکخراوێکی سەربەخۆیە بۆ بەرگری لە رۆژنامەنوسان و مافەکانیان. ئەم رێکخراوە، لە هەرێمی کوردستان، نوێنەرایەتی روانگەی ئازادییە رۆژنامەنوسییەکان (مرێد الحریات الێحفیە، JFO) دەکات کە نوسینگەی سەرەکی لە بەغدایە.
بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بکەن بە:
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ: 07701523300
مەریوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەر: 07701940930
ئیمەیڵ: metroiraq@gmail.com ، rahmangarib@yahoo.com
|



سهرنجی خۆت دهربارهی ئهم بابهته بنووسه ، تکایه تهختهکلیلی ئینگلیزی بهکارمههێنه له کاتی زیادکردنی سهرنجهکهتدا تا ههموو به باشی و ڕوونیی توانای خوێندنهوهیان ههبێت