| ”پێشمه‌رجی هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی ئازادانه، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هیزی پێشمه‌رگه‌و نه‌مانی ده‌سه‌لاتی ئ |
| Monday, 29 June 2009 | |
|
گفت وگۆی بلاوكراوه‌ی ئۆكتۆبه‌ر له‌گه‌ڵ عوسمانی حاجی مارف سكرتێری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان ده‌رباره‌ی هه‌لبژاردن، ده‌ستور، لیستی گۆران ئۆكتۆبه‌ر: هاوڕێ عوسمان چه‌ند ڕۆژه پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ستی پێ كردووه، هه‌ریه‌ك له لیسته‌كان بۆخۆهه‌ڵخستن له‌به‌رده‌م ڕای خه‌ڵكی كوردستاندا كه‌وتونه‌ته پڕوپاگه‌نده‌كردن، به‌مجۆره‌ش مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردن وه‌ك خاڵێكی میحوه‌ری له‌باروۆدخی سیاسی ئیستای كوردستاندا جێگای بۆپه‌یدابووه، ئه‌مه له‌حاڵێكدایه كه‌سیاسه‌تی حزب بایكۆتكردن و به‌شداری نه‌كردنه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا.. ئه‌م فه‌زایه چۆن ده‌بینین و بنه‌ماكانی سیاسه‌تی به‌شداری نه‌كردنی حزب له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا چۆن باس لێوه ده‌كه‌ن؟ عوسمان حاجی مارف: سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵوێستی بایكۆت كردنی حزبی ئێمه له به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ئه‌وه‌یه كه ناتوانین ناوی بنێین هه‌ڵبژاردن، به‌ڕاستی ئه‌مه هه‌ڵبژاردن نییه‌و مه‌رجه‌كانی هه‌ڵبژارنی به‌خۆوه نه‌گرتووه، به‌و مانایه‌ی ده‌ورو ده‌خاڵه‌ت‌و ده‌نگی خه‌ڵك ڕێگه‌ی ئازادانه‌و به‌دور له‌فشار پێ نه‌دراوه، كه‌بتوانێ ئاینده‌ی خۆی و ده‌سه‌لاتی سیاسی پێ ببڕێنێته‌وه، جێگه‌و ڕێگایه‌كی واقعی‌و ئازاد له ئارادا نییه كه خه‌ڵكی ده‌وری خۆیانی تیا بنوێنن، هه‌ر له ئێستاوه ئه‌وه‌ی رۆشن ودیاره ئه‌وه‌یه كه‌به هه‌موو مانایه‌ك ده‌نگه‌كان بێ بایه‌خ‌و سوتاون‌و حزبه ده‌سه‌لاتداره‌كان له جێگای خۆیاندا ده‌مێننه‌وه. ئه‌زمونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان هه‌میشه فشارێكی مادی‌و مه‌عنه‌وی‌و دودڵی‌و دڵه‌ڕاوكێ‌و ترسی له‌سه‌ر خه‌ڵك داناوه، تا ئه‌وه‌ی له فه‌زایه‌كی سیاسی ئارام‌و ده‌خاڵه‌تی ئازادانه‌ی خه‌ڵكدا خۆی ده‌رخات، هه‌ڵبژاردن‌و هێزی میلیشیایی‌و ده‌سه‌لاتی ئه‌حزاب پێكه‌وه ناگونجێن‌و كاریكاتۆرێكی لێ دروست ده‌بێت، نایه‌كسانی له پڕوپاكه‌نده‌و خه‌رج كردنی بودجه‌ی حكومه‌ت ته‌نها بۆ حزبی ده‌سه‌لاتدار، پێشیل كردنی مه‌رجه‌كانی به‌شداری كردنه بۆ لایه‌نه سیاسیه‌كانی تر. تا ده‌سه‌لاتی ئه‌حزاب‌و میلشیا له ئارادا بێت هه‌ڵبژاردن هیچ مانایه‌كی نابێت‌و ئه‌نجامه‌كه‌ی هه‌ر به قازانجی حزبی ده‌سه‌لاتدار ده‌بڕێته‌وه، پێشمه‌رجی هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی ئازادانه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هیزی پێشمه‌رگه‌و نه‌مانی ده‌سه‌لاتی ئه‌حزابی میلشیایی و له‌ئارادابوونی ده‌وله‌تێكی سه‌ربه‌خۆ و جێگیریی سیاسییه، تا ئه‌م جۆره له ده‌سه‌لات بالا ده‌ست بێت‌و ده‌وڵه‌ت نه‌بێت، هه‌ڵبژاردن كارێكی نه‌گونجاو‌و نادروست‌و مه‌ترسیدارو بێ مانایه، هاوكێشه‌كه ته‌واو به پێچه‌وانه‌ی بۆچونی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه‌ده‌یانه‌وێ له ڕێگه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژادن و په‌رله‌مانه‌وه ده‌سه‌لاتی ئه‌حزاب وه‌لانێن، بۆیه لابردنی ده‌سه‌لاتی ئه‌حزاب له ڕێگه‌ی هه‌لبژاردن‌و په‌رله‌مانه‌وه دروشمێكی پوچ‌و بێ ناوه‌رۆك و نه‌كرده‌یه، ته‌نها بۆ فریودانی خه‌ڵكه‌و ئیمكانی نییه. كۆنترۆل كردنی سندوقه‌كانی ده‌نگدان‌و یاریكردن به ده‌نگه‌كان كارێكی ئاشكرا‌و قێزه‌ونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سالانی پێشتره‌و بیرمان نه‌چۆته‌وه، هه‌ر بۆیه هیچ زه‌مه‌ناتێك بۆ ئه‌م هه‌ڵبژادنه‌ش له ئارادا نییه، كه سندوقه‌كان‌و ده‌نگه‌كانی ژێربه‌ژێر چیان به سه‌ردێت. نه‌چون بۆ ده‌نگدان هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی له سه‌ره له كار ده‌رده‌كرێن، فۆرمی خۆراكیان ده‌بڕن، بۆ ئاینده‌یان باش نابێت، به گشتی خه‌ڵك ناچار ده‌كرێن بڕۆن بۆ ده‌نگدان، له كام شوێنی دنیادا نه‌چون بۆ ده‌نگدان سزای هه‌یه، له لایه‌كی تریشه‌وه وه‌ك ئاگادارین له ئه‌زمونی هه‌ژده ساڵه‌ی ده‌سه‌لاتی حزبایه‌تی یه‌كیتی‌و پارتیدا، په‌رله‌مان وێنه‌یه‌كی كارتۆنیه‌و بێ ده‌ورو كاركرد بووه له به‌ڕێوه بردنی ولاتدا. خودی ده‌سه‌لات تا ئێستاش هه‌ر به‌ده‌ستی سه‌ركردایه‌تی یه‌كیتی‌و پارتیه‌وه‌یه و ئه‌وانیش هه‌ر لایه‌كیان ناوچه‌یه‌كی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه‌و به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن. به جیا له‌وه‌ی كوردستانی عێراق ده‌وڵه‌تی نییه‌و تا ئێستا له هه‌لومه‌رجێكی سیاسی هه‌ڵواسراودایه، له هه‌مان كاتدا له‌سایه‌ی ده‌سه‌لاتی ئه‌و دوو حزبه‌دا كوردستانی عیراق یه‌كپارچه نییه، هه‌ر بۆیه دابه‌زینی یه‌كیتی‌و پارتی به یه‌ك لیست له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی شه‌ڕه‌كان‌و ڕێكه‌وتنه‌كانی نێواندا بڕیاری له‌سه‌ر دراوه، كه‌ئه‌ویش به‌رده‌وامیدانه به ده‌سه‌لاتی حزب‌و زه‌مانه‌ت كردنی مانه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتی حزبه بۆ هه‌ر لایه‌كیان له ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌لاتی خۆیاندا، نه‌ك بۆ پێشبڕكێ له هه‌ڵبژاردندا، ئیتر ده‌بێت له دنیای واقعدا ئه‌مه چ جۆره هه‌ڵبژاردنێك بێت، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ته‌نها سیناریۆیه‌كه بۆ فریودانی خه‌ڵكی‌و بۆ شه‌رعیه‌تدان به ده‌سه‌لاتیان، بۆ زامن كردنی وه‌رگرتنی بودجه‌كه‌یانه له ده‌وڵه‌تی عێراق‌و دڵ ڕاگرتنی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكایه. هه‌ڵبه‌ته فه‌زای سیاسی كوردستان به هه‌ر كێشمه‌كیشێكیه‌وه و به‌ناره‌زایه‌تی‌و توڕه‌یی خه‌ڵكه‌وه له ده‌سه‌لاتی ئه‌م حزبانه، به‌لام نكۆڵی له‌وه ناكرێت ئێستا هه‌ڵبژاردن بۆته سه‌رگه‌رمی‌و گه‌مه‌یه‌كی سیاسی كه له‌چاوه‌ڕوانییه‌كی نادیار‌و نه‌زانراودایه، كێشمه‌كێشی نیوان لیسته‌كان خۆشخه‌یاڵی داوه به خه‌ڵكی، به‌لام له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و خالانه‌ی له سه‌ره‌وه باسم كرد، داوای ئێمه له خه‌ڵكی ئه‌وه‌یه كه ده‌رس له ئه‌زمونی فریوی هه‌ژده ساڵه‌ی ئه‌م هێزه ناسیۆنالستانه وه‌رگرن‌و نه‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ری پڕوپاكه‌نده‌ی فریوده‌رانه‌ی هیچ لیستێكه‌وه و نه‌چن بۆ سندقه‌كانی هه‌ڵبژاردن‌و كات‌وده‌نگی خۆیان به فیرۆنه‌ده‌ن. ئۆكتۆبه‌ر: هاوڕێ عوسمان هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌سه‌لاتداران ده‌ستوری هه‌رێمیان له‌ڕێگای په‌رلمانه‌وه تێپه‌ڕكرد و بڕیاریشه بیخه‌نه ڕای گیری خه‌ڵكه‌وه، له‌ولاشه‌وه له‌لایه‌ن ڕۆشنبیران وهه‌ندێ لایه‌نی سیاسیه‌وه ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه ده‌رده‌بڕدرێت. ئێوه له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه چۆن بیرده‌كه‌نه‌وه وتاچه‌ند پێتان وایه باسی ده‌ستور پرۆسه‌یه‌ك كه‌بۆی گیراوه‌ته‌به‌ر په‌یوه‌ندی به‌هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه هه‌یه؟ عوسمان حاجی مارف: پێش هه‌موو شتێ ده‌ستور بۆ وولاتێكه كه‌خاوه‌نی ده‌وڵه‌تێكی دامه‌زارا‌و وبه‌ره‌ِه‌سمیه‌ت ناسراوی نێونه‌ته‌وه‌ییه. كوردستان كه هیچ مه‌رجیكێ ده‌وڵه‌تی به‌خۆ نه‌گرتووه، تا ئێستاش سنووری ده‌سه‌لاتی حكومه‌تی هه‌رێم له چوارچیوه‌ی یه‌كپارچه‌یی كوردستانی عێراقدا دانه‌مه‌زاروه، حزب‌وهێزه میلشیاكان به‌ڕێوه‌ی ده‌بن. ئیتر ده‌ستووری چی‌و بۆ كێ داده‌نرێت، مه‌گه‌ر ده‌ستوور بۆ ده‌سه‌لاتی حزبی میلشیا، كه ئه‌مه‌ش سه‌مه‌ره‌ی سیاسی تایبه‌تمه‌ندی ناوخۆی كوردستانی عێراقه، هه‌ر بۆیه ئێستا په‌سند كردنی ده‌ستوور به‌ڕاگیری خه‌ڵك یان به‌بڕیاری په‌رله‌مان بێت به جیا له‌وه‌ی به شێكه له سیناریوَی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه، له هه‌مان كاتدا ئه‌و ده‌ستوره‌ش كه بڕیاره ده‌نگی بۆ بدرێ كۆنه‌په‌رستانه‌و دژی خه‌ڵكیه، چونكه ئیسلام ده‌كاته دینی ڕه‌سمی‌و سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ده‌ستوور‌و یاسا، ده‌ستورێكه له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌كان‌و په‌یوه‌ندی نێوان حزبه‌كان دانراوه، تا ئه‌وه‌ی ڕێكخستنی دام‌وده‌زگای ده‌وڵه‌ت‌و په‌یوه‌ندی خه‌ڵك پێیانه‌وه. بۆیه ده‌بێت جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك نه‌ك هه‌رده‌نگی بۆنه‌ده‌ن، پیویسته ریسوای بكه‌ن و ئیلغای كه‌نه‌وه. ئۆكتۆبه‌ر: كه‌وایه ئێوه چ ده‌ستورێك به‌قازانجی خه‌ڵك ده‌زانن و ده‌بێ له‌چ پرۆسه‌یه‌كدا بخرێته ده‌نگدانه‌وه؟ عوسمان حاجی مارف: هه‌ركات مه‌سه‌له‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت له‌كوردستان یه‌كالا كرایه‌وه، ئه‌و كاته پێوسته باس له خستنه ده‌نگدانی ده‌ستور بكرێت‌و بخرێته ده‌نگدانه‌وه، ئه‌و كاته‌ش ئێمه ئه‌و ده‌ستوره به قازانجی خه‌ڵك ده‌زانین كه پێناسه‌ی ده‌وڵه‌تێكی غه‌یره نه‌ته‌وه‌یی‌و غه‌یره دینی به ڕه‌سمی بناسێت، جیای دین له ده‌وڵه‌ت‌و له په‌روه‌رده، ئازادی بێ قه‌یدو شه‌رتی سیاسی، یه‌كسانی هه‌مه‌لایه‌نی ژنان‌و پیاوان، نه‌بونی حوكمی ئعدام‌و پاراستنی مرۆڤایه‌تی‌و دابین كردنی مافه سه‌ره‌تیه‌كان خه‌ڵك.... له‌سه‌ر بنه‌مای مافی هاولاتی بوون بۆ سه‌رجه‌م دانیشتوانی كوردستان به ڕه‌سمی بناسێت، ئه‌م ده‌ستوره‌ی ئێستا كه له‌ڕێگه‌ی په‌سند كردنی په‌رله‌مانه‌وه خراوه‌ته به‌ر ده‌نگدانی خه‌ڵكه‌وه، وه‌ك ئاگادارین ده‌ستووری ڕیكه‌وتنی سیاسی‌و به‌رژه‌وه‌ندی نێوان یه‌كیتی وپارتی و ئیسلامیه‌كانه و له‌په‌یوه‌ندێكی دیبلوماسیانه‌وه تێپه‌ڕكراوه ، نه‌ك ده‌ستورێك بۆ به‌رژه‌وندی‌و ده‌خاڵه‌تی خه‌ڵكی كوردستان. ئۆكتۆبه‌ر: ئه‌وه‌ی ڕۆشنه له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێستادا مونافه‌سه‌ی لیسته‌كان زۆرتر له‌نێوان دوولیستی گۆران و لیستی كوردستانیدا ته‌وه‌ره‌ی به‌ستووه.. ئێوه ناوه‌ڕۆكی ئه‌م لیستانه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن و تاچه‌ند به‌رنامه‌كانیان له‌خواست و ئاواته‌كانی خه‌ڵكه‌وه به‌نزیك ده‌زانن؟ عوسمان حاجی مارف: كاتێك ئێمه ده‌ڵێین ئه‌مه هه‌ڵبژاردن نییه‌و ناتوانێ ده‌ورو ده‌خاڵه‌تی خه‌ڵك له ده‌سه‌لاتی سیاسیدا‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خه‌ڵك دابین بكات، ئیتر ته‌واوی لیسته‌كان ده‌كه‌ونه چوارچێوه‌ی كار‌و قه‌بوڵكردن ئه‌و سیناریوَیه‌ی كه به‌ناوی هه‌ڵبژاردنه‌وه به‌ڕێخراوه، ئه‌و لیستانه خۆیان ده‌خه‌نه ناو گه‌مه‌یه‌كی سیاسی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی گه‌وره یا بجوك بۆ حزبه‌كانیان، بۆ به ده‌ست هێنانی كورسیه‌ك یا چه‌ند كورسیه‌ك له‌په‌رله‌مانێكی كارتۆنی و حكومه‌تیكی هاوبه‌شی ئه‌حزابی میلیشیایدا ، چونكه ئه‌وه‌ی بۆ گشت لایه‌ك ئاشكرایه‌و خودی لیسته‌كانیش به ئه‌وپه‌ڕی مونافه‌سه‌یانه‌وه، ئه‌و باش ده‌زانن، په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی هه‌رێم‌و ته‌واوی دام‌و ده‌زگاكانی له ژێر ده‌ستی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یه‌كیتی نیشتمانی كوردستاندایه‌و ته‌نانه‌ت له ڕێگه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌و په‌رله‌مانه‌وه له‌ده‌ستیان ده‌رنایه‌ت‌و كۆتایی پێ نایه‌ت. هه‌ربۆیه لیستی گۆڕان بۆ گۆڕان‌و چاكسازی نییه‌و په‌یوه‌ندی به به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكه‌وه نییه وته‌نانه‌ت بۆ لابردنی ده‌سه‌لاتی حزبیش نییه، به‌ڵكه ململانێ‌ی باڵێكی تازه جیابوه‌وه‌ی یه‌كیتی وناسیونالیزمی كورده كه له‌چوارچێوه‌ی گه‌مه ومنافسه له هه‌ڵبژاردندا بۆ چه‌ند كورسیه‌ك له په‌رله‌مانێكی كاریكاتۆردا به‌ڕێ خراوه‌ه، كه پاش به‌ده‌ست هێنانی كورسیه‌كان‌و به پێ‌ی ژماره‌ی كورسیه‌كان ڕه‌سمیه‌ت به شه‌راكه‌ت له بودجه‌ی نا شه‌فافدا ئه‌دات. ماهیه‌تی سیاسی و چینایه‌تی لیستی گۆڕان له‌هه‌مان مێژوو وبه‌رنامه‌و ئه‌زمونی ناسیۆنالستی میلشیایی‌و كۆنه‌په‌رستانه‌ی ده‌سه‌لاتی یه‌كیتی نیشتمانی كوردستاندایه، ته‌نانه‌ت شه‌ریكه له‌هه‌موو ناڕه‌وایی‌و گه‌نده‌ڵی‌و به‌تالانبردنی سامانی كوردستاندا. ئه‌م لیسته شه‌ریكه له‌مانه‌وه‌ی حاله‌تی هه‌ڵواسراوی و دیار نه‌بونی چاره‌نوسی سیاسی كوردستان‌و زوڵم‌و زۆرێكدا كه 18 ساڵه بۆته‌به‌شی خه‌لكی كوردستان. جگه له‌مانه‌ش، لیستیی گۆڕان لیستَێكه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا زیانێكی گه‌وره‌ی به ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی خه‌ڵك له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌لاتی یه‌كیتی‌و پارتی گه‌یاندووه، پێش ئه‌وه‌ی باس له لیستی گۆڕانی نه‌وشیروان بكرێت، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كرا له ئاكامی ناڕه‌زایه‌تی به‌رین‌و فراوانی خه‌ڵك له‌به‌رامبه‌ر یه‌كیتی‌و پارتیدا، سندوه‌قه‌كانی ده‌نگدان له‌نه‌چونی زۆربه‌ی خه‌لكی كوردستان بۆ ده‌نگدان‌و بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردن، سیمایه‌كی چۆڵه‌وانی به‌خۆیه‌وه ده‌بینی وئه‌مه‌ش ده‌بووه مایه‌ی ڕیسوا بونی یه‌كیتی‌و پارتی‌و ده‌سه‌لاته‌كه‌یان، كه وه‌ك دوو حزبی ده‌سه‌لاتدار ده‌كه‌وتنه ژێر پرسیاری جدیه‌وه و نه‌یان ئه‌توانێ له به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی‌و ڕای جیهانیدا شه‌رعیه‌ت به ده‌سه‌لاته‌كه‌یان بده‌ن، وه راسته‌وخۆش له ژیر فشاری خه‌ڵكدا ناچارده‌كران به‌وه‌لامدانه‌وه به به‌شێك له‌خواسته‌كانی خه‌ڵك. به‌لام هونه‌ری نه‌وشیروان‌و لیسته‌كه‌ی له‌وه‌دا بوو، ئه‌و گۆڕانه‌ی كه ناڕه‌زیاتی خه‌ڵك به‌دی ده‌هێنا‌و به قازانجی ده‌ستكه‌وته‌كانی خه‌ڵك ده‌بوو، پێچایه‌وه‌و كردیه قوربانی لیستی گۆڕان‌و سیاسه‌ته‌كانی، له‌یه‌ك ووته‌دا ئه‌م لیسته توانی ئه‌و فه‌زایه به قازانجی سیاسه‌تی ناسیونالیزمی كورد بگۆرێ و كێشمه‌كێشكان به ناوی لیستی گۆرانه‌وه به‌ئاراسته‌ی خۆشباوه‌ری دروست كردن له‌نیو خه‌لكدا به‌رێت وخه‌ڵك ڕاكێشێت بۆ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان. پێوسته خه‌ڵك به‌م واقعیه‌ته به ئاگا بێت‌و له‌وه زیاتر نه‌كه‌وێته ژێر داوی فریوكارانه‌ی لیستی گۆڕانێكه‌وه كه هیچ جیاوازیه‌كی ڕیشه‌یی له به‌رامبه‌ر ره‌وتی ناسیۆنالستی میلشیایی‌و دژی ئینسانی‌دا نییه. به‌لكو به هه‌مان ڕوحی كۆنه‌په‌رستی‌و نه‌ته‌وه په‌رستی‌و باس نه‌كردن له ئاینده‌ی كوردستان هاتونه‌ته نێو مه‌یدانی ئه‌م كێشمه‌كێشه‌وه، گۆڕان ده‌بێت له ڕێگه‌ی هه‌وڵدان بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت له كوردستانێكی بێ سه‌روبه‌ر‌و هه‌ڵواسراوه‌وه ده‌ست پێ بكات، له ڕێگه‌ی وه‌وه‌رگرتنی بیروباوه‌ری مرۆڤایه‌تی‌و یه‌كسانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ژنان‌و پیاوان، ئازادی بێ قه‌یدو شه‌رتی سیاسی‌و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك‌و عه‌داله‌تی كۆمه‌لایه‌تی سه‌رچاوه بگرێت، گۆڕان به‌وه نییه به دروشم باس له لابردنی ده‌سه‌لاتی حزب بكه‌یت، ده‌سه‌لاتی حزب به‌وه كۆتایی دێت كوردستان جیا بێته‌وه‌و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ دامه‌زرێت، له به‌ر ئه‌وه‌ی لیستی گۆڕان ته‌نها بۆ به‌شداریانه له ده‌سه‌لاتی ئیستای یه‌كیتی‌و پارتیدا وبه‌هیچ جۆرێك نایانه‌وێت له به‌رنامه‌و دروشمه‌كانیاندا باس له سه‌ربه‌خۆیی كوردستان‌و دامه‌زراندی ده‌وڵه‌ت‌و جگێری سیاسی بكه‌ن، به‌ڵكو دژی ئه‌و خواستانه‌شن، چونكه به‌ره‌ژه‌وه‌ندی حزبایه‌تی‌و ده‌سه‌لاتی حزب ڕێگه به جیابونه‌وه‌ی كوردستان‌و جگێری سیاسی نادات. بۆیه دروشمی نه‌مانی ده‌سه‌لاتی حزب له لایه‌ن ئه‌م لیسته‌وه دروشمێكی بێ مانا‌و نا عه‌مه‌لی‌و فریوكارانه‌یه، باوه‌ڕهێنان‌و خۆشباوه‌ری به‌م دروشمه داماوی سیاسی‌و بێ ئاسۆیی ئه‌و كه‌سانه‌یه به‌و ئالوگۆره‌ی كه له‌ڕێگه‌ی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری‌و ناره‌زایه‌تی‌و به‌رگری له به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان خه‌ڵكه‌وه به‌ڕێ ده‌خرێت. ئۆكتۆبه‌ر: به‌لام هاوڕێ عوسمان گۆڕان خواستی زۆرینه‌ی خه‌ڵكه، و ئه‌و بۆچوونه‌ش هه‌یه له‌نێو خه‌ڵكدا كه‌ده‌ڵێت هه‌رچۆنێك بووه گۆڕانێك له‌ده‌سه‌لاتی گه‌نده‌ڵ و تالانچی ئێستای یه‌كیتی وپارتیدا پێكبێت؟ عوسمان حاجی مارف: گۆڕان‌و به‌ره‌و پێش چونی ژیان‌و خۆشگوزه‌رانی‌و مه‌ده‌نیه‌ت‌و ئازادی‌و یه‌كسانی.. هه‌میشه خواست‌و ئاره‌زووی خه‌ڵكه‌و له به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌یه وته‌نانه‌ت به‌ری پێ ناگیرێت، به‌لام ئه‌وه چینی ده‌سه‌لاتداری بورجوازی‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیانه ڕێگری بۆ گۆڕان پێش دێنن، خه‌ڵكی كوردستان له سایه‌ی هه‌ژده ساڵی حاكمیه‌تی كوردایه‌تیدا بون به ژێر هێرشی نه‌هامه‌تی‌و ناشارستانیه‌ت‌و سیاسه‌تی كۆنه‌په‌رستانه‌وه، تا نه‌بونی خزمه‌تگوزاری پێشلكردنی مافه سه‌رتاییه‌كانیان، ده‌سه‌لاتی سیاسی له كوردستاندا یه‌كێكه له عه‌جایه‌ب‌و سه‌مه‌ره‌كانی دنیا‌و ئه‌زمونیكی تایبه‌تی ناسیۆنالستی كورده، نه‌وشیروان مسته‌فا یه‌كی له ئه‌ندازیاران‌و ڕابه‌رانی به‌رجه‌سه‌ته‌و دلسۆزی پێكهاتنی ئه‌م ده‌سه‌لاته عه‌جیبه‌یه، هه‌میشه‌ش له به‌ره‌ی دژی كرێكاران‌و زه‌حمه‌تكێشان‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیاندا ڕاوه‌ستاوه، چۆنه وا به‌یانیه‌ك خه‌به‌ری بۆته‌وه و بانگه‌شه‌ی گۆڕان ده‌كات!، گۆرانێك كه له ریشه‌وه دووباره به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتی ناسیونالیستی كوردی به‌هه‌موو نابه‌رابه‌ری و فه‌وزاو شه‌ری ناوخۆ و بێده‌ره‌تانیه‌كانی خه‌ڵكه‌وه له‌باوه‌ش گرتووه. ئه‌وه‌ی كه سه‌روزمانی ئه‌م لیسته به‌ناوی گۆرانه‌وه باسی ده‌كات دروشمی جیاكردنه‌وه‌ی حزبه له‌ده‌سه‌لات، ئه‌ویش له ڕێگه‌ی به‌ده‌ست هێنانی چه‌ند كورسیه‌كی په‌رلمانه‌وه. كاریكی ئاوا راسته‌وخۆ به‌رده‌وامی دانه به‌هه‌مان سیاسه‌ته عه‌جیب‌و سه‌مه‌ره‌كانی بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی كه نایانه‌وێت‌و به قازانجیان نییه جێگیری سیاسی فه‌راهه‌م بێت‌و ده‌وڵه‌ت له كوردستانی عیراق دامه‌زرێت. سیاسه‌تی لیستی گۆران فرسه‌تی گه‌نده‌لی‌و تالانجێتی فراوانتر ده‌كات، به مانای ئه‌وه‌ی جه‌رده‌كان زۆرتر ده‌بن‌و شه‌ریكه به‌ش زیاتر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش تالانی به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه زیاتر ده‌كات. واته لیستی گۆڕان به‌جیا له‌وه‌ی هیچ ئومێدك بۆ ئاینده ناهێنێته دی‌و باری خه‌ڵك قورس‌تر ده‌كات، له هه‌مان كاتدا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه له منافسه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌و ئه‌نجامه‌كانیدا باری گرژی شه‌ڕو ئاشوب بخولقێنێت و مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانی خه‌ڵك زیاتر بكه‌ن. بۆیه پێویسته له‌سه‌ر خه‌لكی كوردستان به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك كه بۆیان گونجاوه خۆپارێزی بكه‌ن لێ‌ی و نه‌كه‌ونه داوی دروشمه‌كانیه‌وه. ئۆكۆتبه‌ر: فشاری نانبڕین و له‌سه‌ر كار ده‌ركردن وه‌ك سیاسه‌تێك بۆ به‌شداری كردنی خه‌ڵك له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاتدارانه‌وه حاڵه‌تێكی بینراوه، له‌به‌رامبه‌ردا خه‌ڵكانێكی ناڕازی وا بیرده‌كه‌نه‌وه كه‌به‌شداری بكه‌ن به‌لام وه‌ره‌قه‌كان به‌سپی بخه‌نه نێو سندووقه‌كانه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌و ده‌لیله‌ی كه‌له‌سه‌ر كار ده‌رنه‌كرێن و فشاره‌كانی سه‌رخۆیان ناكام كه‌نه‌وه.. ئایا ئه‌مه ڕه‌وشتێكی گونجاوه وتاچه‌ند له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی به‌شدارینه‌كردندا دێته‌وه؟ عوسمان حاجی مارف: باشترین ڕێگه بایكۆت كردنی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌یه‌و نه‌چونه بۆ ده‌نگدان‌و ڕیسواكردنیه‌تی، نه‌چون بۆ ده‌نگدان نیشاندانی به‌رده‌وامی ناڕه‌زایه‌تی چه‌ندین ساڵه‌ی خه‌ڵكه به‌ده‌سه‌لاتی ئه‌م حزبانه‌و سیاسه‌ته‌كانیان، نه‌چون بۆ ده‌نگدان به‌تاڵ كردنه‌وه‌ی شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌لاتی حزبه‌كانه به‌ناوی هه‌ڵبژاردنه‌وه، ناڕه‌زایه‌تیه‌كی ئاشكرا‌و ڕوبه‌روبونه‌وه‌یه بۆ نه‌ویستنی ئه‌م ده‌سه‌لاته، نه‌چون بۆ ده‌نگدان ده‌بێت ببێته ئه‌زمونێكی سیاسی پێشڕه‌و له‌ڕێگه ڕیزی فراوانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكه‌وه، وه بیسه‌لمێنین كه ده‌سه‌لاتداران ناتوانن جه‌ماوه‌ر تاوانبار كه‌ن‌و سزای بده‌ن، ئه‌وه جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكه سزای ده‌سه‌لاتداران ئه‌ده‌ن‌و شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌لاتیان لێ وه‌رده‌گرنه‌وه، نه‌چونی ڕیزی به‌رین‌و فراوانی خه‌ڵك بۆ ده‌نگدان ئه‌توانێ ڕێگه به‌هه‌ڕه‌شه‌كانی ده‌سه‌لات بگرێت‌و شه‌رمه‌زاریان كات له‌وه‌ی ڕێگه ناده‌ن خه‌ڵك ئازاد بێت‌و مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێت كه ده‌نگ نه‌دات. پێوسته نه‌فره‌ت له‌و ڕه‌وشته بكرێت كه به هه‌ڕه‌شه‌ی له كار ده‌ركرن خه‌ڵك كێش ده‌كرێت بۆ ده‌نگدان، خه‌ڵكیش ئه‌و ده‌رسه وه‌رگرن كه چه‌ندین ساڵه ئه‌م حزبانه ئه‌م چه‌كی هه‌ڕه‌شه‌یه به‌كار ده‌هێنن، به‌لام دواتر پوچ‌و بێ مانا ده‌رده‌چێت‌و ناتوانن كاری پێ بكه‌ن. چونكه ئه‌و جۆره هه‌ڕه‌شانه له به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه‌دا سه‌خت بۆیان ته‌واو ده‌بێت، خه‌ڵك دڵنیا بێت له‌وه‌ی به نه‌چونی ڕیزی فراوانیان بۆ ده‌نگدان ده‌سه‌لاتداران مل كه‌چ به خواسته‌كانیان ده‌كه‌ن. ئۆكتۆبه‌ر: مه‌سه‌له‌یه‌كی چاوه‌ڕوانكراو له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێستای كوردستاندا مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانی پشێوی و شه‌ڕی چه‌كداریه، به‌تایبه‌تی به‌دوای ده‌رچوونی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و مل نه‌دانی لایه‌نێك به‌ئه‌نجامه‌كه‌ی، سیاسه‌تی حزب له‌به‌رامبه‌ر حاڵه‌تێكی ئاوادا چییه‌و ده‌بێ له‌ئێستاوه چی بكرێ كه‌لانی كه‌م هه‌ڵبژاردن نه‌بێته هۆكارێك بۆتێكچوونی باری ژیانی هاولاتیان؟ عوسمان حاجی مارف: دیاره له هه‌ڵبژاردنێكی له‌م چه‌شنه عه‌جیبه‌دا بارگرژی‌و سونه‌تی دواكه‌وتوانه‌و شه‌ڕی نێوان هێزه سیاسه‌كان، ده‌بێت ڕه‌چاوی ئه‌وه‌ی لێبكرێت، پێكدادان‌و پشێوی‌و كاره‌سات‌و قوربانی به‌ره‌وڕوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان بكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌شێكه له‌و سونه‌ت‌و خێر‌و به‌ره‌كه‌ته‌ی هه‌ژده ساڵه ده‌سه‌لاتی ناسیۆنالیستی میلشیایی كورد به‌دیاری هێناویه‌تی بۆ خه‌ڵكی كوردستان. ئه‌م شه‌ڕو پێكدادانه ئه‌گه‌رێكی جدیه‌و پێوسته خه‌ڵك ئاماده‌یی هه‌بێت‌و به‌ری پێ بكرێت‌و خۆیان بپارێزن، پێش هه‌موو شتێ به‌رگرتن به حاڵه‌تێكی له‌م چه‌شنه له ئه‌ستۆ‌و به‌ر پرسیاریه‌تی ده‌سه‌لاتدارانه، هه‌روه‌ها ته‌واوی لایه‌نه سیاسه‌كانی به‌شدار له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌بێت پا به‌ند به‌وه‌ی ئه‌م پڕۆسه‌یه به‌بێ توندوتیژی وئاژاوه‌گێڕی به‌رێ بكه‌ن‌و ڕێگربن له ئاڵۆزبونی ئه‌م وه‌زعیه‌ته‌و خه‌ڵكی كوردستان نه‌خه‌نه ژێر دۆزه‌خی شه‌ڕی نێوان خۆیانه‌وه. به‌لام له هه‌موو حاڵه‌تێكدا بۆ دوورخسته‌وه‌ی مه‌ترسی له سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی، دووباره‌ی ئه‌وه ده‌كه‌مه‌وه كه له ڕێگه‌ی بایكۆت كردنی ئه‌م هه‌ڵبژادنه‌وه، وه مانه‌وه له ماڵه‌وه ئه‌توانێت ئه‌و ئه‌نجامه‌ی ببێت كه‌ئه‌م مه‌ترسییه و ئه‌م شه‌ڕه له سه‌ر ژیانی خه‌ڵك كه‌م كاته‌وه، به‌تایبه‌تی كه‌ئه‌وه شه‌ڕی ئێمه نییه‌و شه‌ڕ ومنافه‌سه‌ی نێوان گه‌نه‌ده‌ڵه‌كان‌و تالانچیه‌كانه، ده‌بێت خۆمانی لێ به دور ڕاگرین‌و هه‌ڵبژاردنه‌كه‌شیان بایكۆت كه‌ین، حزبی ئێمه بۆ پاراستنی خه‌ڵك له‌م كێژاوی ئاشوب‌و شه‌ڕه ئاماده‌یه ڕابه‌ری ڕیزه‌كانی خه‌ڵكی بكات له ڕێكخستنی هێزی خۆ پاراستن‌و دوور خستنه‌وه‌ی ئیحتمالی ئه‌م شه‌ڕه له سه‌ر ماڵ‌و ژیانی خه‌ڵكی..
|