پێرستی سه‌ره‌کی

ده‌ستپێک
ده‌رباره‌ی ئێمه‌
هه‌واڵ و ڕاگه‌یاندنه‌کان
دۆسیه‌ تایبه‌تییه‌کان
ئایین و بیرورا
کۆمه‌ڵایه‌تی
زانست و ته‌کنه‌لۆژیا
مافه‌کانی منداڵان
مافه‌کانی ژنان
مه‌سه‌له‌ی کرێکاری
بابه‌تی گشتی
ستافی هاوپشتی
به‌رنامه‌کانی ڕادیۆ هاوپشتی
هاوپشتی کرێکاری
گه‌له‌ری هاوپشتی
لینک
په‌یوه‌ندی
ئه‌رشیف
گه‌ڕان

هه‌ڵبژارده‌یه‌ک

گه‌له‌ری هاوپشتی

گه‌له‌ری هاوپشتی بایه‌خی سیاسی و مێژوویی خۆی هه‌یه‌ ، له‌ وێنه‌کانتان بێبه‌شمان مه‌که‌ن !

راپۆرتی (10) رۆژەی پێشێلکاری دژ بە ئازادی رۆژنامەگەری ته‌نها بۆ تێکستی ئینگلیزی ده‌ست ئه‌دات PDF چاپی بکه ناردنی بابه‌ت بۆ هاوڕێ‌یه‌ک
Sunday, 21 February 2010

 راپۆرتی (10) رۆژەی پێشێلکاری دژ بە ئازادی رۆژنامەگەری
(12 بۆ 21 ی شوبات 2010)

ئامادەکرنی: سەنتەری میترۆ بۆ راوێژو داکۆکی لە رۆژنامەنووسان

دەربارەی راپۆرتەکە:

پاش دەستپێکردنی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی 12ی شوباتدا، چەندین پێشێلکاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان لە پارێزگاکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا تۆمارکراون. سەنتەری میترۆ بۆ راوێژو داکۆکی لە رۆژنامەنووسان بڕیاریدا کە بۆ ماوەی مانگێک هەموو ‏(10) رۆژ جارێک راپۆرتێک لەسەر ئەو رووداوانە بڵاوبکاتەوە کە کاریگەرییان لەسەر رۆژنامەنووسان و ئازادی رۆژنامەگەری لەهەرێمی کوردستاندا دەبێت.

لەیەکەم راپۆرتی سەنتەری میترۆدا چەندین حاڵەت بڵاودەکەینەوە. ئەم راپۆرتە سەرجەمی ئەو رووداوانەن کە سەنتەری میترۆ لێیان ئاگادارکراوەتەوە. رەنگە پێشێلکاری و رووداو هەبن کە سەنتەری میترۆ لێیان ئاگادارنەبێت، بۆیە داوا لە هەموو رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین کە هاوکاری سەنتەری میترۆ بکەن بۆ تۆمارکردنی هەر پێشێلکارییەک کە بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکرێن.

لەم راپۆرتەدا سەرجەم ئەو رووداوانە بڵاوکراونەتەوە کە لە نێوان رۆژانی 12بۆ 21ی شوباتدا روویانداوە، بێگوێدانە ئەوەی کە پەیوەندییان بە بانگەشەکانی هەڵبژاردنەوە هەبووە یان نا.

سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ئەو (10) رۆژەی رابردوو، سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێ، "بەداخەوە لە ماوەی دە رۆژی رابردوودا چەندین پێشێلکاری دژ بە رۆژنامەنووسان ئەنجامدراون. ئێمە داوا لە لایەن پەیوەندیدارەکان دەکەین کە سنورێک بۆ ئەو دەستدرێژیانە دابنێن و تۆمەتباران راپێچی دادگابکەن. پێویستە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵیان بخەنەگەر بۆ ئەوەی رۆژنامەنووسان بتوانن لە سایەی ئەم حکومەتەدا بە ئازادیترین شێوە کارەکانی خۆیان راپەرێنن."

دەربارەی سەنتەری میترۆ:

سەنتەری میترۆ بۆ راوێژو داکۆکی لە رۆژنامەنووسان، رێکخراوێکی سەربەخۆی بێلایەنی قازانج نەویستە بۆ بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسان و ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان. سەنتەری میترۆ لە مانگی ئابی ساڵی 2009دا دامەزراوە.

بۆ زانیاری زیاتر یان و ئاگادارکردنی سەنتەری میترۆ لە پێشێلکاری پەیوەندی بکەن بە:

رەحمان غەریب: 07701523300

مەریوان حەمە سەعید: 07701940930

ئیمەیل: ئه‌م ئیمه‌یڵه‌ شاردواوه‌یه‌ له‌ مشه‌خۆره‌کان، پێویستت به‌ یاڤا سکریپته‌ بۆ بینینی  


رووداوەکانی (10) رۆژی رابردوو:

سۆران ئەحمەد، پەیامنێری ڕۆژنامەی هاوڵاتی، بە سەنتەری میترۆی راگەیاند کە کاتژمێر نزیکی 8ی شەوی 20ی شوبات، چەند چەکدارێک لە بەردەم مەڵبەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کامێراو ریکۆردەرو مۆبایلەکەیان لێسەندووەو بەهێز کردوویانەتە ناو ئۆتۆمبیلێکەوەو بردوویانە بۆ بنکەی ئاسایشی رزگاری بۆ لێکۆڵینەوە. ئارا ئیبراهیم، لێپرسراوی پەیامنێرانی رۆژنامەی هاوڵاتی، ووتی کە فۆرمی زانیاری بە سۆران پڕکراوەتەوە، وە هەروەها کامێرەکەی پێدراوەتەوە بەڵام تائێستا میمۆری کامێراکەو مۆبایل و باجی رۆژنامەکەی پێنەدراوەتەوە. سۆران داوای یاسایی تۆمارکردووە.

رۆژنامەنووسی دێرین مستەفا ساڵح کەریم ووتی کە شەوی شەممە 20ی شوبات کەسانی نەناسراو بە بۆیاخی رەش لەبەردم ماڵەکەی خۆی لە گەرەکی شۆرش لە شاری سلێمانی ئۆتۆمبێلەکەی دەشێوێنن. مستەفا ساڵح کەریم، کە جێگری نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانء ئەندامی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە سەنتەری میترۆی راگەیاند، "پاش ئەو کردارەش جارێکی تر هێرش کراوەتە سەر ئۆتۆمبێلەکەم."

بوخاری جەمیل، بەڕێوەبەری کەناڵی ئاسمانی سپێدە، ووتی کە ئێوارەی رۆژی 19ی شوبات لەکاتی ئەنجامدانی کارێکی رۆژنامەوانیدا ئۆتۆمبیلێکی پڕ لە چەکدار تەقەی بەسەر تیمێکی کەناڵی سپێدەدا کردووە لە گەڕەکی کەسنەزان، لە هەولێری پایتەخت. تیمەکەی کەناڵی سپێدە بریتیبوون لە زانیار ئەسعەد، پەیامنێر، و وێنەگر سەیاف ئەحمەد. بوخاری وتی کە باوەڕیوایە تەقەکردنەکە بۆ ئەوەبووبێت کە تیمەکە بترسێنرێت بۆ ئەوەی جارێکی تر نەچنەوە ئەو ناوچەیە.

ئێوارەی رۆژی 18ی شوبات لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری ڕانیە، لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرشکراوەتە سەر تیمێکی کەناڵی ئاسمانی KNN کە پێک هاتبوون لە شاسوار مامە پەیامنێر، کاروان ئەنوەر وێنەگر، محمد مارف شوفێری کەناڵەکە.شاسوار مامە پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی KNN بە سەنتەری میترۆی ووت، "بە بەرد هێرشکرایە سەرمان، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ نزیک بوون لە ڕووداوەکە بەڵام بەرگرییان لێنەکردین." لەو هێرشەدا، شۆفێرەکە بەسووکی بریندارکرا.

ئارا ئیبراهیم، لێپرسراوی پەیامنێرانی رۆژنامەی هاوڵاتی، بەسەنتەری میترۆی راگەیاند، کە کاتژمێر 10:15 شەوی 17ی شوبات، لە شەقامی سالم، سەهۆڵەکە، لەکاتی رووماڵکردنی بانگەشەکانی هەڵبژاردندا چەند چەکدارێک لە سێ ئۆتۆمبیلی جام ڕەشدا، کە لەگەڵ چەند بەرپرسێکدابوون، دادەبەزن و هێرشیدەکەنەسەر . ئارا ووتی کاتێ کە خۆی ناساندو پێناسی هاوڵاتی و سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانی پیشانی چەکدارەکاندا توندتر هێرشیانکردەسەر. هەروەها وتی کە کامێراکەیان لێسەندووە. هەتا ئێستا کامێراکەی بۆ نەگەرێندراوەتەوە. ئارا داوای یاسایی لەسەر پاسەوانەکانی سێ بەرپرسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان تۆمارکردووە.

شەوی چوارشەممە،17ی شوبات، جامی دواوەی ئۆتۆمبێلەکەی شوان داودی، سەرنووسەری رۆژنامەی هەواڵ، لەبەردەم ماڵەکەی لەگەڕەکی سەروەری شاری سلێمانی شکیێنرا. شوان ووتی کە ئاگاداری پۆلیسی سەروەری کردوە لەو ڕووداوە.شوان بە سەنتەری میترۆی راگەیاند، "کاتژمێر 10ی شەو ویستم کچەکەم ببەمم بۆ لای دکتۆر، مناڵەکەم پێیووتم کە جامی پشتەوەی سەیارەکە شکێنراوە." تائێستا هۆکاری ئەو دەستدرێژییە نەزانراوە.
ڕۆژنامەنووس توانا بابە عەلی پەیامنێری رۆژنامەی ئاسۆ، ووتی کە کاتژمێر یەکی بەیانی چوارشەممە 17ی شوبات، لە بەردەم مەڵبەندی یەکی یەکێتی نیشتمانی،هێزەکانی ئاسایش، کامێراکەیان لێسەندووە. توانا وتی" هەرچەندە باجء ئیزنی وێنەگرتنیشم وەرگرت، بەڵام کامێرکەیان لێسەندم." هەر ئەو رۆژە کامێراکەی پێدرایەوە.

سەردەشت حەمەساڵح، سەرنووسەری گۆڤاری خەڵک، ووتی کە رۆژی 17ی شوبات لە کەناڵی پەیام ەمەوە هێرشکراوتەسەر گۆڤارەکەیان لەسەر بڵاوکردنەوەی بابەتێکی وەرگێردراوی نووسەری بەرەگەز هیندی، سەلمان روشدی، لە رۆژی 15ی شوباتدا. هەروەها سەردەشت ووتیشی کە لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە پەرلەمانی کوردستان پێیانراگەیاندوون کە داوای یاسایی دژی گۆڤارەکە تۆماردەکەن.

ڕۆژی 16ی شوبات، شوان موحەمەد، سەرنووسەری رۆژنامەی ئاوێنە، لە لایەن پۆلیسی رزگاری بانگ کرا بۆ لێکۆڵینەوە لەدوای تۆمارکردنی داوایەکی یاسایی لەلایەن بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێم.

رۆژنامەی ئاوێنە لە مانگی کانوونی دووەمدا، بابەتێکی رەخنەئامێزی رۆژنامەنووس رێبوار کەریم وەلی بەناونیشانی "ئێوارەخوانێکی سەرۆک وەزیران" بڵاوکردبوویەوە. شوان بە کەفالەتی نیو ملیۆن دینار ئازادکرا. رێبوار کەریم وەلی ووتی کە لەلایەن پۆلیس بەختیارییەوە داواکراوە کە سەردانی بنکەکەبکات، بەڵام ئەو بەهۆی ئەوەی لە هەولێر نیشتەجێیە داوای گواستنەوەی کەیسەکەی کردووە.

رۆژنامەنووس سامان سعید مەحمود، پەیمانێری لڤین پرێسء هاوڵاتی، ووتی کاتژمێر 10 شەوی سێ شەممە، 16ی شوبات، چەند چەکدارێک لە شەقامی سالم، سەهۆڵەکە، کامێرایان لە سەندووە. سامان بە سەنتەری میترۆی ووت، "هێزە بەرگ رەشەکە بوون، کامێراکەیان لێسەندم و وتیان وەرە لە ئاسایش وەریبگرەوە." پاش ئەوەی سەنتەری میترۆ پەیوەندی کرد بە ئاسایشی سلێمانی، سەربەیانی بەیانی 18ی شوبات ، کامێراکەیان بۆ ڕۆژنامەنووسەکە گەڕاندەوە بەڵام تائێستا پێناسەکەیان بۆ نەگەڕاندووەتەوە.

والی عوسمان، پەیامنێرێ کەناڵی تۆڕی هەواڵی کورد (KNN )لە قەزای پێنجوێن ، بە سەنتەری میترۆی راگەیاند کە رۆژی 14ی شوبات هێزەکانی مەرزی باشماخ ڕێگەیان نەدا بە تیمی کەناڵەکە وێنە بگرن بۆ ئامادە کردنی ڕاپۆرتێک لەو ناوچەیە . والی وتی، "لە کاتێکدا بە بەرچاوی خۆمانەوە کەناڵی تر وێنەی دەگرت" بەڵام " ڕیگەیان نەدا (ئێمە) وێنە بگرین."

رۆژی 14ی شوبات، تیمێکی کەناڵی تۆڕی هەواڵی کورد (KNN) لەکاتی بەجێهێنانی کارێکی رۆژنامەنووسیدا لە دەزگای خانەنشینی پێشمەرگە، لە شاری سلێمانی، لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرشیانکرایەسەر و دوو کامێراو شریتەکانیان دەستیان بەسەرداگیرا. بڕیار نامیق، پەیامنێری کەناڵەکە، بە سەنتەری میترۆی راگەیاند کەلەلایەن بەرپرسی بەشێکەوە لەناو بەڕێوەبەرایەتییەکەدا هێرشی کراوەتەسەر. هەروەها رەنجدەر عومەر، وێنەگری کەناڵەکە، وتی کە بە قۆناغە تفەنگ دراوە بەدەستیدا. پاش چەند کاتژمێرێک کامێراو شریتەکان گەرێنرانەوە بۆ تیمەکە.

ئێوارەی 12ی شوبات ، پاسەوانەکانی هۆڵی سەعد عەبدوڵا، رێگەیان نەدا بە پەیامنێری گۆڤاری لڤین بەشداری رووماڵی راگەیاندنی لیستی هاوپەیمانی کوردستان بکات. ئیبراهیم عەلی حەمە، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری گۆڤاری لڤین، بە سەنتەری میترۆی راگەیاند، "ئەوەی جێگەی ناڕەزایەتیء بێزاریمە ئەوەیە کە پاش ئەوەی پێناسەکەمانیان بینی لە هۆڵە کرامە دەرەوە."

سەنتەری میترۆ بۆ راوێژو داکۆکی لە رۆژنامەنووسان

 
< پێشتر   دواتر >
[ گه‌ڕانه‌وه ]