fbpx

نەتەوە یەکگرتووەکان: ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار ژن لە ئەفغانستان بێبەشکراون لە خوێندن

کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنێت، لەدوای هاتە دەسەڵاتی تاڵیبانەوە زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار ژن بێبەشکراون لە خوێندن.

میشێل باچێلێت، کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکدا لە پەراوێزی ٥٠یەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر دۆسیەی مافی مرۆڤ، باسی لە دۆخی ژنانی ئەفغانستان کرد بەهۆی تاڵیبانەوە.

میشێل باچێلێت ئاماژەی بەوەکرد، کە تووندوتیژیی لە هەموو ناوچەکانی ئەفغانستان بەرامبەر ژنان زیادیکردووە، دەشڵێت: ئەو بڕیارانەی لەلایەن تاڵیبانەوە بەسەر ژناندا سەپێندراوە، بەتایبەت لە پۆشینی زۆرەملێی نیقاب و ڕێگرییکردن لە هاتووچۆیان، حاڵەتەکانی نەخۆشیی دەروونی لەناو ژناندا زیادکردووە.

باسی لەوەشکردووە، کە بەهۆی داڕمانی ئابووریی وڵاتەوە، زۆرێک لە ژنانی ئەفغانستان بێ کار بوون و ئەوانەشی خاوەن کاری خۆیان بوون، کارگە و شوێن کارەکانیان داخراون.

کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان تیشکی خستەسەر ئەوەش، کە سەرباری بەڵێنی تاڵیبان بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان، بەڵام ڕۆژ بەڕۆژ پێشێلکارییەکان بەرامبەر ژنان ڕوو لە زیادبوون دەکات.

ئەوەشی خستەڕوو، کە لەدوای چوونە سەر دەسەڵاتی تاڵیبانەوە زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار ژن لە ئەفغانستان بێبەش کراون لە خوێندن، وتیشی: هەتا ئەوکاتەی گۆڕانکاریی بنەڕەتیی نەکرێن، ئایندەیەکی تاریک چاوەڕوانی ژنانی ئەفغانستان دەکات.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: