fbpx

چەكی (بە مۆڵەت) کارەساتترە یان (بێ مۆڵەت)؟!

ئەگەر قەرار بێت چەکی نایاسایی قەدەغە بکرێ دەبێ پێش هەموو جێگا و لایەک پارتی و یەکێتی چەک بکرێن، چونکە حزب بە گوێرەی یاسا نابێ چەکدار بێ! کە چەکداری هەبوو دەبێتە میلیشیا، ئەوە لە لایەک.
لە لایەکی ترەوە کارێکی باشە چەکفرۆشتنی قەدەغە بکەن، بەڵام دڵنیابە خەڵک کیشەی لەگەڵ ئەوانەدا زیاترە کە بە یاسایی چەکیان لە دەستە، کێشە گەورەکە چەکی (بە مۆڵەتە).
تەنها سێ نمونە:
1. پاسەوانی بارەگا حزبیەکانی (پدک و ینک) بە حساب بە یاسا و (مۆڵەت) چەکیان لەدەستبوو کەچی تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد لە ۱۷ ی شوبات و رۆژانیی دوایی.
2. ئەوانەی سەردەشت عوسمانیان شەهید چەک بەدەستانی حزب بوون بە (مۆڵەت) و توانیان بە هەمو بازگەکانی هەرێمدا بیفرێنن.
3. ئەوانەی کاوە گەرمیانیان شەهید کرد چەکداری حزب بوون بە(مۆڵەت) و بەیاسا چەک بەدەست بوون. بگەڕێن بۆ ریشەی زۆرێک لە تاوانەکان چەکی بەکار هاتوو ئەوانەن کە بە یاسا یان (مۆڵەتی حکومی و حزبی) رێگەی پێدراوە. بە کورتیەکەی خەڵک کێشەی لەگەڵ چەکە بە مۆڵەتەکان زیاترە تا بێ مۆڵەت.
ئێوە خۆتان لە بۆنەکاندا دەمانچە دەکەنە دیاری، ئەو دەمانچانە بە بەرچاوی ئێوەوە لە فرۆکەخانەکانەوە داخڵ دەکرێن، بەشێک لەو چەکانەی کە هاوپەیمانان دەیداتە ئێوە وەک حکومەت خەڵک لە بازاڕی رەش کڕیویەتەوە.
پاشان یەکێک لە چارەسەرە بنەڕەتیەکان بۆ کەمکردنەوەی تاوانی کوشتن، کارکردنە بە مەبدەئ و فەلسەفەی (قصاص) کە باڵاترین و دادگەرترین و نایابترین تێگەیشتنە بۆ سزای بکوژ (ولكم في القصاص حياة يا أولي الألباب لعلكم تتقون) (البقرة،۱۷۹).
ئێوە ئەگەر بە جدی پەرۆشی سنوردارکردنی ئەو هەموو تاوانەن، فەرموون جێبەجێکردنی قصاص بخەنەوە واری جێبەجێکردن کە کەس نازانێ بە چ لۆژیکێک راتانگرتوە؟!

هۆشیار عەبدوڵا

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: