fbpx

چڕکردنەوەی خەباتی خەڵک لە تاکەکەسدا . گەندەلیە بەسەرمایەی مەعنەوی گشتیەوە

دلێر محمد طاهیر:
لەم ماوەیەدا سەرقالی خوێندەوەی بیرەوەریەکانی گۆلدە مایەر و میشیل دەیان بووم. گۆلدەمایەر و میشیل دەیان دوو کارەکتەری گەورەی بنیاتنای دەوڵەتی ئیسرائیلن. هەردوکیان خەڵکی کیفی ئۆکرانیان، کە ئیستا حکومەتی روسیا داغانی کردەوە. گۆلدمایەر بە منداڵی بۆ ئەمریکا کۆچ دەکات.
دواتر لە ساڵی ١٩٢١ کۆچ دەکات بۆ فەلەستین، میشیل دەیانیش بە یەکیک لە سەربازە سەرەتایەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل ناسراوە، نازناوی قارەمانی نەتەوەییان پیبەخشیوە. ئەو کەسەی لە چەتەی دەریا دەچێت و چاوێکی لەدەست دەدات لەشەرکردندا، لەسنوری سوریا لەگەڵ فەرەنسیەکان. تامردیش چاوی راست و چەپێکی بەسەریادا هاتبوو. وێنەیەکی ترسناک و سەرنجراکیشی هەبوو بەدیوە خراپەکەیدا هۆکارەکەشی ئەوەبوو، کە لەشی چاوی دەستکردی وەرنەگرتەوە دوای نەشتەرگەری.
گلۆدە مایەر لەبیرەوەریەکانی باسی ئەوە دەکات و دەلێت هەرچەندە من و میشیل دایان زۆر نزیک و هاوکاری یەک بووین. ئەو وەک وەزیر من وەک سەرۆک وەزیران، بەلام دەبێت ئەوەم لێ قبول بکات کە سەرکەوتنی شەری ٦ رۆژە بەسەر عەربەکاندا ئەو قارەمانی نیە وەک باس دەکریت، ئەوەی قارەمانێتی خەڵکی ئیسرائیل و قوربانیەکانیەتی.
منیش لێرەدا بیرم بۆ ئەو هەموو بیرەوەیە خراپانە دەگێرمەوە کە من هەر زۆریانم خوێندۆتەوە کە جوامێری لە خەڵک دەسەنەوە و دەیدەنە شێخ و مەلا و سەرۆکەکان. سەرکەوتنەکان دەکەنە مەدالیاو مێژووی سەرکردەکانی پێدەنوسنەوە، نەوەک خەڵکی ئەم تاک گەریایە لە میژوودا لە خەباتدا تاسەرئیسقان دژی تاکە کەسی سۆپەرمان و پیاوی خەیالی نەبووەبەتایبەت لە شۆرشدا. ئەو لێکدانەوەیە بۆ یاری شەترنج و دامەو گۆلف گۆرەوی بازی دەخوات بەلام بۆ شۆرش ناخوات، قوربانی میلەتێک لە کەسێکدا چرکەیتەوە، مێژویەکی درۆزنانە بۆ نەوەکانی داهاتو بنوسیتەوە.
شەقام و فەزای گشتی سیخناخ کەیت بەوێنەی چەند کەسێک، بیکەیتە ڕەمزی نەتەوەیی، باوکی نەتەوەیی، سەرکردەی شۆرشی نوێ، باوکی هەژاران و دەیان نازناوی تاکەکەسی تر . شۆرشەکان کاری دەستە جەمعین نەک تاکەکەس .
ئەوانەی مێژوو دەنووسنەوە مێژووی بنەماڵەو کارەکتەرو ئاغاو مەلاو شێخ دەنووسنەوە، نەک مێژووی کۆمەڵگە و خەڵکەکەی، ئەو مێژووە راستە کە میژووی شارستانی و سەردەمێکە وەک د. خزعل ماجدی دەڵێت: مێژوونووسان مێژووی تاکەکەس و بنەماڵە ئەرستۆکراسی و عەشریرەتەکان دەنووسنەوە نەک مێژووی سەردەمێک و کۆمەڵگە و خەڵکەکەی.
لەم رۆژانەدا دو دیاردە لە میدیاکاران و سۆشیال میدیا بۆمن بووە مایەی نیگەرانی و تورەبونیش، دەبینین رۆشنبیرێکی ئێرانی لەبەردەم مەسعود بارزانیدا هەندێ شتی گووت هەرای نایەوە و کرایە قارەمان. بۆمن قسەکانی هیجگار کۆن و سواو بوون، ڕۆژانە گەنجانی هەولیر و سلێمانی و دهۆک لەنەوەدەکانەوە ئەوقسانە دەکەن، جگە لە رۆشنبیران و هونەرمەندان و خەلکانی تر. ئیتر نازانم بۆ کەسێکیتر بە زمانێکیتر کە کوردی نەبێت، قسەی خەڵکی کوردستان بکاتەوە دەبێتە حیکمەت و شانامەیەکی گەورە. ئێمە ٢٥ ساڵە هەموو رٶژێک ئەو قسانە دەکەینەوە، بەڵام دەرێی کەس گوێ بێستی نەبووە.
لەدەیان بەرنامەی دەزگای هاوپشتیدا ئەو قسانەمان کردوە.٢٠ ساڵ بەر لەئیستا لە بەرنامەی هاوپشتی هونەردا لەگەل سعدون یونسی هونەرمەندا گوتمان، کاک سەعدون کوردستان ئاوەدان کراوەتەوە، بیناو ئاپارتمان بەرزبۆنەتەوە. ئەی باڵای ئیسنان بۆ بچووک دەبێتەوە، کاری کێیە ئینسانی کورد بنیاد بنێتەوە، وەک کەلاوەکاکان و ئاپارتمانەکان. بیناکردنی باڵەخانە کارێکی ئاسانە، بیناکردنی مرۆڤ کەی دەست پێدەکات ؟
نموونەی دوهەم قسەکان رۆژنامە نووس محمد رەئوف بوو لەبەردەم مەسرور بارزانیدا. ئەو قسانە لە راستیدا نە تازەبون و نە بوێری بون. هەزارن گەنج و لاوی لە ١٧ شوپات و پیشتردا هەمان قسەیان کردوە نازانم بۆ کەس وەک ئیستا بەهەندی وەر نەگرت. هەرچەندە کاری محمد رئوف کاریكی باشی کردوە قسەی دەیان ساڵەی خەڵکی بەرەوڕووی مەسرور بارزانی کردەوە.
ئەوەی سەیرە مەسرور بارزانی پرسیار لە سەرۆکی رێکخراوێکی رۆژنامەنوساندەکات کە بەلگە و شتی دیارکراو بڵێت لەسەر پیشیلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان، بەڵام داکۆکیکاری رۆژنامەنوسان پەرپرسی سەنتەری میترۆ دەلێت هیچ لەبەردەستدانیە. ئیستا تێناگەکەم بۆ قورس بوو پرسیاری کەیسی سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و ویداد و چەندانی تر ئاراستەی سەرۆک وەزیران بکەیت، کەیسی ڕۆژنامەوان و چالاکوانانی بادینان کە تاکو ئێستا لە زینداندان لە بیری رۆژناموان و چالاکوانانی کوردستان چۆتەوە؟ بەو پێیەی کە مەسرور بارازانی لەسەردەمی ئەو تاوانانەدا سەرۆکی گەورەترین دەزگای ئەمنی کوردستان بووە. ئیستاش سەرۆکی وەزیرانە چۆن دەکرێت ئەوە کەیسانە ئاوا بیربچنەوە و دیزە بەدەرخونە بکرێن.
گەر پرسی ئازادی گرنگە بۆ دەسەلاتی هەرێم با لە یەکلای کردنەوەی ئەوە کەیسانەوە دەست پێبکات بۆ رای گشتی، تا متمانەو براوابوون بە ئازادی رادەربرین ببنە کردار نەک ئارایشتکردن.
بەکورتیەکەی دەمەوێت ئەوە بلێم مێژووی کۆمەڵگە وخەڵکی بەشمەینەت، مەکەن بەدەستکەوت و دەستمایەی مەعنەوی تاکە کەس. ئەم باشوری کوردستانە هەر خەریکی بەرهەم هینانی ناوی زل و قەبەیە بەتایبەتی دوای دووهەزارەکان دەیان قارەمانمان بەرهەمهێناوە لەبواری سیاسەت و رۆژنامەوانی و هونەر. بەلام رۆژ بەرۆژ وێرانتر دەبین هۆکارەکەش ئەوەیە کە رێزی قوربانی خەلک ناگرین و دەیکەنە دەستکەوەتی شەخسی. ئەمەش بەشێکە لە زەوتکردنی ماف و مێژووی خەڵک، بەشێکە لە گەندەڵی لە سەرمایەی مەعنەوەی خەلکدا.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: