fbpx

مافی مرۆڤی ئەوروپا: لە هەرێم سیاسەتی چەوساندنەوە و توندوتیژی بەرامبەر بە زیندانیان و پارێزەرانیان پەیڕەو دەکرێت

روانگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست نیگەرانی خۆیان لە بارەی مامەڵەی جیاکارانە و خۆکارانەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە دژی ئەو زیندانیانەی لەسەر رای جیاواز دەستگیرکران و پارێزەرانیان، لە ماوەی دەستگیرکردنیان و دادگایی کردن وزیندانیکردنیشیان دەربڕی.

روانگەی مافی مرۆڤ لە ئەوروپا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەیان بەوەداوە، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان سەرجەم بانگەوازەکان بۆ وەستاندنی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و بەرەوپێشبردنی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم پشتگوێ دەخەن.
دەشڵێن، تا دێت بەردەوامن لە پەڕەوکردنی سیاسەتی جیاکارانە و نایاسایی لەگەڵ زیندانیان و توندوتیژییەکانیش هەر لە دەستگیر کردنیانەوە تا دادگایی و هێشتنەوەشیان لە زیندان بە شێوەیەکی توندوتیژانەیە.

راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو،دەسەڵاتدارانی هەرێم زۆری لە زیندانییەکان دەکەن تا دان بە تاوانێکدا بنێن کە ئەنجامیان نەداوە و دادگاییەکانیان دوادەخرێت و درێژدەکرێتەوە.

بەشدار حەسەن پارێزەری بەشێک لە زیندانی کراوان بە تیمی روانگەی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، “بێریڤان حەسەن” چالاکوانی تەمەن ٣٢ ساڵ و دایکی پێنج منداڵ پاش ١٩ مانگ هێشتنەوەی لە زینداندا ئازادکراوە تەنها بەهۆی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانێکی ئاشتییانەدا.

هەروەها، بێریڤان حەسەن ئاشکرای کردووە، “بۆ ماوەی ١٥ رۆژ لە زیندانی تاکە کەسیدا بووم، رێگریم لێدەکرا منداڵەکانم ببینم و تا پاش لە ساڵێک و شەش مانگ لە دەستگیرکردنم نەهێندرامە بەردەم دادگا.”

ئاماژەی بەوەشکردووە، “تووشی کێشەی تەندروستی گەورە و کێشەی کۆمەڵآیەتی گەورە بووم و بەهۆی دەستگیرکردنەکەمەوە، هاوسەرەکەم لێم جیابووەتەوە و تەندروستیم بەرەو خراپی چووە و بەهۆی ئەوەی حەوت جار مانم لە خواردن گرتووە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی نەبردنمە بەر دادگا.”

هاوکات، روانگەی مافی مرۆڤ لە ئەوروپا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست داوای لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کرد کە پابەندی یاساکانی مافی مرۆڤ بن لەبارەی دەسگیرکردن و زیندانیکردنی هاوڵاتییان و دوور بکەونەوە لە سیاسەتی زیندانیکردنی خۆکارانە و تاوانبار کردنی چالاکوانان و خاوەن بیر و رای جیاواز و جەختیشیان کردەوە، پێویستە سەرجەم زیاندانییانی رای جیاواز لە ناوچەکە ئازادبکرێن و بووەستن لە سزادانی هاوڵاتییان بەهۆی پراکتیزەکردنی مافە سەرەتاییەکانی خۆیانەوە.

ئەمە یەکەمجار نییە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نێودەوڵەتییەکان راپۆرت و ئامار و نیگەرانییەکانی خۆیان لەبارەی ڕەوشەکانی مافی مرۆڤ و خراپی دۆخی سیاسی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و دادگاکان و بەکارهێنانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و قەبوڵ نەکردنی رای جیاواز بڵاودەکەنەوە و حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدرانیان لێ ئاگادارکردووەتەوە. لەبەرامبەردا بەردەوام حکومەتی هەرێم لە جیاتی بەهەند وەرگرتنی ئەو راپۆرت و ئامارانە و هەنگاونان بۆ باشترکردنی دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و کۆمەڵاتی هەرێمی کوردستان بەردەوام تەنها ئەوەندە دووبارە دەکەنەوە کە ئە زانیاریانە ناڕاستن و پشت بەهیچ سەرچاوەیەکی فەرمی لە ئامادەکردنییاندا نەبەستراوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: