چوار قه‌سیده‌ له‌ شاعیری میسری

چوار قه‌سیده‌ له‌ شاعیری میسری
(محمد القلینی)یه‌وه‌(*)

و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

*وه‌ك هه‌میشه‌ سعات شه‌ش له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستم

وه‌ك هه‌میشه‌ سعات شه‌ش له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستم
فرمێسكی په‌نجه‌ره‌كه‌م ده‌سڕمه‌وه‌
‌كه‌ چۆله‌كه ‌جێیان هێشتووه‌
جوان ئاو له‌ ده‌مم وه‌رده‌كه‌م
ناوی خۆشه‌ویسته‌كه‌م كه‌ به‌ زمانمه‌وه‌ نووساوه‌
لێ بكه‌مه‌وه‌
پێخه‌فه‌كه‌م له‌ بۆنی ته‌نیایی پاك ده‌كه‌مه‌وه‌ ..

من باشم براده‌ران !
نیگه‌ران مه‌بن
هێشتا هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك
قه‌سیده‌یه‌ك یا دووان ده‌نووسم
قاوه‌ی تاڵ ده‌خۆمه‌وه‌
به‌ گه‌سك وه‌دوای مردووان ده‌كه‌وم
كه‌ له‌ هه‌واڵنامه‌ی سه‌عات نۆدا هه‌ڵده‌وه‌رێن
دۆسته‌كانم !
من باشم و
تا بڵێی به‌ختیارم
ئه‌وه‌تا كرێكاری ساخته‌ی پاكوخاوێنی
له‌و ڕاپۆرته‌ی
له‌سه‌ری داومه‌ته‌ لایه‌نی ئه‌منییه‌ت
كه‌ كاری تێدا ده‌كا
سوپاسی كردووم و
پێی گه‌یاندوون
چۆن خه‌ونه‌كانم ده‌ كیسه‌ی نایلۆنی ڕه‌ش داوێم و
به‌یانیان بێ ڕووگرژی ده‌یده‌مێ ..

براده‌ران من باشم
ڕاسته‌ وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كانتان ناده‌مه‌وه‌ و
ده‌رگا له‌ كه‌ستان ناكه‌مه‌وه‌
به‌ڵام من باشم
نیگه‌ران مه‌بن
هێشتا له‌سه‌ر سرووته‌كانی ڕۆژانه‌م به‌رده‌وامم و
له‌ خانووچكه‌كه‌م كه‌ ده‌ڵێی مه‌یتخانه‌یه‌
وه‌ك هه‌ر جه‌نازه‌یه‌كی گوێڕایه‌ڵ
دێم و ده‌چم .

*هه‌موو ئه‌وانه‌ی لێم دابڕان

هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌جێیان هێشتم
پارێك له‌ جه‌سته‌میان له‌گه‌ڵ خۆیان برد
تا پێیان
به‌بیرم بێنه‌وه‌

دڵداره‌كه‌م دڵمی له‌گه‌ڵ خۆیدا برد و
به‌بێ بایه‌خییه‌وه‌ فڕێی دایه‌ سه‌ر
كورسییه‌كه‌ی ته‌نیشتی له‌ فڕۆكه‌دا
بردی و
له‌ منی دوور خسته‌وه‌ ..
باوكم باسكه‌كانی بردم
تا نه‌هێڵێ قه‌سیده‌ی نوێ
بۆ خۆشه‌ویستێك بنووسم
جارێكی دی نایبینمه‌وه‌
براده‌ری مناڵیشم ڕایسپارد بوو
زمانم له‌ ته‌ك وی بنێژن
تا هه‌مان سترانی له‌گه‌ڵدا بچڕێ
كۆن زۆر جاران پێكه‌وه‌ ده‌مانچڕی و
تاكو هه‌ست به‌ ته‌نیایی نه‌كا

هاوسێشم كه‌ سه‌ری هه‌ڵگرت
دوای ئه‌وه‌ی له‌ ڕووداوێكی تۆقێنه‌ر
هه‌ر دوو قاچی له‌ ده‌ست دان
ئێستا خۆشبه‌زێكی به‌ناوبانگه‌
له‌ هه‌ر ده‌ركه‌وتنێكیدا له‌ ته‌له‌فزیۆن
ده‌ست به‌ قاچه‌كانم دادێنێ
ئه‌وانه‌ی له‌ كاتی به‌ڕێ كردنیدا
لێی به‌ قه‌رز وه‌رگرتبووم
بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌
بۆم بگه‌ڕێنێته‌وه‌
یا ته‌نانه‌ت پێم بڵێ : سوپاس .

به‌م جۆره‌ هیچم لێ نه‌مایه‌وه‌
له‌ چاوێك به‌ده‌ر
كه‌ چه‌ندی له‌ ئاوێنه‌دا سه‌یری ده‌كه‌م
فرمێسكێكی تیا ده‌بینم
له‌ ڕژان نایوه‌ستێنێ
به‌ڵام ڕوومه‌تێك نابینێته‌وه‌‌
به‌ سه‌ریدا بێته‌ خوارێ .

 

• ئێمه‌ زۆر پێك ده‌چین

ئێمه‌ زۆر پێك ده‌چین
كه‌س تێبینی جیاوازی نێوانمان ناكا
ده‌ وه‌ره‌ ئه‌ی دره‌خت
ڕۆڵی خۆمان بگۆڕینه‌وه‌
تۆ ده‌چیته‌ ماڵی من و
وا پێشان ده‌ده‌ی تۆ منی
منیش هۆ له‌و چۆلاییه‌
له‌ جێی تۆدا ده‌وه‌ستم
وای نیشان ده‌ده‌م تۆم
هاوسێكانم به‌ قسه‌وقسه‌ڵۆكان غه‌یبه‌تت ده‌كه‌ن
وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕاهاتوون له‌گه‌ڵ منیش وا ده‌كه‌ن
وه‌كو منیش
له‌ به‌روبوومی به‌ تامت زێتر لێ هه‌ڵناوه‌رێ
مناڵه‌ برسییه‌كانیشم
یه‌ك به‌رت لێ ناكه‌نه‌وه‌
چوون فێرم كردوون
هیچ خه‌ونێك نه‌دروونه‌وه‌
گه‌ر به‌ ئاره‌قه‌یان ته‌ڕ نه‌بووبێ

وه‌ره‌ دره‌خت ڕۆڵمان بگۆڕینه‌وه‌
به‌ڵێنت پێ ده‌ده‌م
چۆله‌كه‌كانت
ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر سنگیشم نووستن
بێداریان نه‌كه‌مه‌وه‌
پرچی با دابێنم و
ده‌ست به‌ قوڕگی پڕ له‌ هاواری دادێنم
به‌ڵێن ده‌ده‌م
دوو عاشق‌
كه‌ ماچێكی به‌ دزی
له‌ پشتی ترسه‌وه‌ ده‌كه‌ن
بشارمه‌وه
هه‌رگیز خۆم
له‌ گه‌رمای پڕوكێن نه‌دزمه‌وه‌
وه‌ره‌ ئه‌ی دره‌خت با ڕۆڵمان بگۆڕینه‌وه‌
تا له‌ تۆ فێر بم
ڕه‌گ و ڕیشه‌ی خۆم خۆش بوێ
كه‌ به‌ هێز و تاوه‌وه‌ له‌ خاكم ده‌چه‌سپێنێ
كه‌ خۆشم ده‌وێ
ته‌نانه‌ت كه‌ ڕێگه‌ی هه‌ڵاتنیشم
له‌ سیمای داركه‌رێكی مڕومووچ لێ ده‌گرێ .

 

 

• هیچ قه‌سیده‌یه‌كم
له‌باره‌ی ده‌ریاوه‌ نه‌نووسیوه‌

هیچ قه‌سیده‌یه‌كم له‌باره‌ی ده‌ریاوه‌ نه‌نووسیوه‌
چونكه‌ ترساوم وشه‌كانم
به‌ر پاپۆڕه‌ نقووم بووه‌كان بكه‌ون
یا قه‌ڵه‌مم به‌ ڕشانه‌وه‌ی گه‌نجێك پیس ببێ
وه‌ختی هه‌ڵاتنی بۆ وڵاتێكی سنگ فراواتر
ده‌ریا تووشی سه‌رسووڕانی كردووه‌

دیسان هیچ قه‌سیده‌یه‌كیشم
له‌باره‌ی ئاسمانه‌وه‌ نه‌نووسیوه‌
چوون خه‌ونه‌كانم به‌ بێ باڵیش ده‌مگه‌یێنن
پاشان تفه‌نگه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌
پاسارییه‌كیان نه‌هێشتووه‌ نه‌یانكوشتبێ
هه‌وڵیشم نه‌داوه‌
قه‌سیده‌یه‌ك له‌باره‌ی ڕێگاوه‌ بنووسم
چوون غوربه‌ت
پێیه‌كانمی خواردووه‌
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دزه‌كان
تریفه‌ی مانگیان له‌ گیرفانییان كردووه‌
ڕێگایان به‌ تاریكی هێشتووه‌ته‌وه‌ ..

ته‌نانه‌ت قه‌سیده‌م
له‌سه‌ر به‌هه‌شتیش نه‌نووسیوه‌
چونكه‌ من خۆشه‌ویستێكم نه‌بووه‌
له‌سه‌ر مه‌مكی بنووم
كه‌ ئۆقره‌یشم وشك هه‌ڵاتووه‌
لێوی ژنێكم نه‌مژیوه‌
من شاعیرێكم
تا ڕاده‌یه‌ك له‌سه‌ر هیچم نه‌نووسیوه‌
ته‌نیا جارێك
قه‌سیده‌یه‌كم له‌باره‌ی گۆڕێكه‌وه‌ نووسی
به‌ قه‌باره‌ی نیشتمان
پاشان جه‌سته‌ی خۆمم تێهاوێشت و
مردم .

من شاعیرێكی تا بڵێی هه‌ژارم
كه‌ منداڵه‌كانم برسی ده‌بن
قه‌سیده‌ی فرێشیان ده‌‌ گه‌رووی داوێم
كه‌ ژنه‌كه‌یشم ترسی ئاینده‌یه‌تی
له‌ په‌راوێزی تێكستێكی خراپ ده‌یشارمه‌وه‌
چوون چاوی شه‌یتانان
به‌ سرووشتی خۆیان
به‌سه‌ر ده‌ق دا نه‌بێ ناسووڕێ
له‌ باتی نان و په‌نیر و شییری پاكژی مناڵان
دیوانێكی شیعر و
به‌سته‌یه‌ك كاغه‌زم كڕی
ژنه‌كه‌م هاواری كرد
(( تۆ باوكێكی خرابیت))
له‌ كاتێكدا
به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ دیوانه‌كه‌ی ده‌خوارد
به‌ڵام ڕێگه‌ی دام ئه‌و ڕستانه‌ی
‌به‌ لێوییه‌وه‌ نووسابوون
تا دوا پیتی ‌ وشه‌ی ( خۆشم ده‌وێی )
بلێسمه‌وه‌ .

 

(*) محمد القلینی شاعیرێكی میسرییه‌ ساڵی 1983 له‌ دایك بووه‌
كۆلیژی – ماف‌ -ی له‌ زانكۆی ته‌نتا ته‌واو كردووه‌ ، تا ئێستا
دوو كۆشیعری بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ ، چه‌ند خه‌ڵاتێكی بردووه‌ته‌وه‌
له‌وانه‌ : خه‌ڵاتی ( اخبار الادب و پیشانگای نێوده‌وڵه‌تیی كتێب
له‌ قاهیره‌ و خه‌ڵاتی شاعیر محمد عه‌فیفی مه‌ته‌ڕ.
(**) بۆ ده‌قی تێكسته‌كانن محمه‌د ئه‌لقلینی بڕوانه‌ :

أستيقظُ في السادسةِ كالمعتاد – محمد القليني


هه‌روه‌ها :
https://elarabielyoum.com/show82108

http://mahertolba62.blogspot.com/p/blog-page_82.html

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: