fbpx

موحسین کەریم: هیچ گومانێك لەسەر ئەوە نییە کە پارتی سەردەشتی تیرۆرکردوە. ئەو ڕاگەیاندنەی دەزگای زانیاری بەڵگەیەکە

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز موحسین کەریم: ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و سەرنوسەری بڵاوکراوەی ( ئۆکتۆبەر) ئۆرگانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، سەبارەت بەتەوەری ١٢هەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمان و پرسی ئازادی بیروڕا لە کوردستان
بۆپێشەوە: دووساڵ پێش ئێستا لە ململانێی نێوان پارتی و یەكێتیدا دەزگای زانیاری یەكێتی نیشتیمانی لە راگەیاندنێكدا بۆ یەكەمین جار دانی بەوەدانا كە پارتی سەردەشت عوسمان ی رۆژنامەنووسی تیرۆر كردووە، ئایا ئیستا گومانێك ماوەتەوە لەوەی كە پارتی لەپشت ئەم كردەوە تیرۆریستیەیە؟
موحسین کەریم: بەبڕوای من هیچ گومانێك لەسەر ئەوە نییە کە پارتی سەردەشتی تیرۆرکردوە. ئەو ڕاگەیاندنەی دەزگای زانیاری بەڵگەیەکە. کاتی خۆی مەلای بەختیار دوای چاوپێکەوتنی نێوان مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی وتارێکی نوسی سەبارەت بە پرسی تیرۆری سەردەشت عوسمان، و لە وتارەکەدا زۆر بەڕوونی دیاربوو کە پارتی سەردەشتی تیرۆرکردوە! من لەوبارەوە وتارێکم نوسی و، وتم کە مەلا بەختیار بکوژانی سەردەشت عوسمان ئاشکرا دەکات! هەروەها سیناریۆی دادگاییکردنی کەسێك لەسەر کەیسی تیرۆی سەردەشت کە چوار مانگ پێش لە ڕوداوی تیرۆرەکە دەستگیرکرابوو، سەرباری ئەو هەوڵانەی کە بەرپرسانی پارتی لەگەڵ خێزانی سەردەشتدا دایان بۆ ڕازیکردنیان بە سوڵحکردن و…تاد. هەموو ئەمانە بەڵگەی ئەوەن کە پارتی و بنەماڵەی بارزانی لەپشتی تیرۆری سەردەشت عوسمانەوەن!
بۆپێشەوە: كەسانێك تەنها بەهۆی وتارێك یان بەهۆی رەخنەیەكی تیژەوە لە دۆسیەیەك و بەرپرسێك بە ئاشكرا تیرۆر دەكرێن… وەك سۆرانی مامە حەمە، عبدالستار تاهیر شەریف، كاوە گەرمیانی، سەردەشت عوسمان، دیداد حسێن… تاد، چ بكرێت بۆ ئەوەی لەسەر ئازادی بەیان و بیروڕا و رەخنەگرتن، نووسەر و رۆژنامەنووس تیرۆر نەكرێت یان توشی هەڕەشەی مافیاكانی دەسەڵات نەبێتەوە؟
موحسین کەریم: کوردستانی عێراق بەدەست دوو میلیشیای چەکدارەوەیە، و فەزای سیاسی لەلایەن ئەوانەوە کۆنترۆڵ کراوە. هێزی چەك حوکم دەکات نەك یاساو دادگا! هەر بەرپرسێك بەڕادەی ئەو هێزە چەکدارەی بەشوێنیەوەیەتی دەتوانێ خاوەنی بڕیاری سیاسی بێت و بگرە دەسەڵاتی یاسایشی هەبێت! یاسا و دادگا پاشکۆی بڕیار و بەرژەوەندی ئەوانە بەپێی میزاجی ئەوان جێبەجێ دەکرێت! بۆیە بەبڕوای من ناکرێ باسی پاراستنی یاسایی مافی ئازادی ڕادەربڕین و بیروڕا بکرێ. باس لەوە بکرێ بەپێی یاسا پێش بە تیرۆری ڕۆژنامەنوسان و ڕەخنەگران لە ئەحزابی دەسەڵاتدارو بەرپرسانی بگیرێت! بێگومان هاتنەمەیدانی خەڵك لەدژی تیرۆرو بەرتەسك کردنەوەی ئازادی بیروبۆچوون و بیروڕاو ئازادی سیاسی ئەتوانێت فەزایەکی وا دروست بکات کە مافیاکانی دەسەڵات نەوێرن و نەتوانن بە ئاشکراو بێ منەتانە نەیارانی سیاسی و ڕەخنەگران و رۆژنامەنوسان تیرۆر بکەن، و دامێنی ئازادی سیاسی بەرتەسك بکەنەوە، بەڵام گومان لەوەدا نیە کە هاتنەمەیدانی خەڵك بۆ ڕاماڵینی ئەم چەتەو مافیایانە دەتوانێ کۆتایی بەم دیاردە ترسناکە بهێنێ. میلیشیای چەکدار بە یاسا جڵەو ناکرێ.. بە خەباتی مەدەنی دەستی نابەسترێ، بەڵکو دەبێ پاك بکرێتەوەو نەهێڵرێت.. ئەوە تەنها رێگایەکە بۆ ئەوەی نەك هەر دیاردەی تیرۆر لەنێو ببرێت، بەڵکو کۆمەڵگای کوردستان لە شەڕی ئەوانە رزگاربکات.
بۆپێشەوە: ئەگەر دادگا و دەسەڵاتی دادوەری پاوانی حزب و دەسەڵاتە، دەبێ چ رێگایەك بگیرێتە بەر بۆ گێڕانەوەی رۆڵی سەربەخۆی دادگاكان و لێپرسینەوەی یاسایی لە دەیان دۆسیەی وەكو دۆسیەی سەردەشت عوسمان؟
موحسین کەریم: وەکو لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا ئاماژەم پێکرد، گێڕانەوەی رۆڵی سەربەخۆی دادگا لەچوارچێوەی دەسەڵاتی مافیا و میلیشیای چەکداردا مومکین نیە. بۆیە بە بڕوای من هەموو ئەو دۆسیانەی ئێوە باسیان دەکەن و دەیان دۆسیەی دیکەی تیرۆرو کوشتن و ونکردن و…تاد. بەندە بەوەی کە ئەم میلیشیا چەکدارانە لەچەك دابماڵرێن، واتە چەك بکرێن و دەسەڵاتیان لێ بسەنرێتەوە! دەسەڵات بکەوێتە دەستی خەڵك و شوراکانی خەڵك خۆیان و ئەوکاتە دەتوانرێ ئەو دۆسیانەو دەیان کەیسی و پرسی دیکە یەکلایی بکرێنەوە. چونکە تەنها لەو حاڵەتەدا کە خەڵك خۆیان دەسەڵاتی سیاسیان بەدەستەوە بێت، دەتوانن دادگای سەربەخۆ و عادئلانە دابمەزرێنن کە پەیڕەوی لە کۆمەڵێك یاسای پێشکەوتوو ئینسانی بکات کە خەڵک خۆیان وەکو پلاتفۆرمی دەسەڵاتدارێتی جەماوەری کردویانەتە یاسا و دەستوری کوردستان.
بۆپێشەوە: ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی كورد، هەر كاتێك كیشەیان لەگەڵ دەسەڵات هەبێت، دۆسیەی تیرۆر بەگشتی تیرۆری رۆژنامەنووسان بەدەستەوە دەگرن، كاتێكیش بەشیان لە كێكی شیرینی دەسەڵات پێدەدرێت، قرو قەپی لێدەكەن…. چۆن دەڕواننە مامەڵەی ئەو هێزە ئۆپۆزیسێۆنانە؟
موحسین کەریم: بەبڕوای من ئۆپۆزیسۆنی بۆرژوازی وەکو ئەو بازرگانە ساختەچیە کاردەکەن کە کە کاڵاکانیان دەشارنەوە بۆ رۆژێك کە خەڵك زیاتر پێویستی پێیانە، و ناچارن پارەی زیاتری پێبدەن. ئەوانیش پارەی زیاتر لە خەڵك بکێشنەوە و قازانجی زیاتر بخەنە گیرفانیان. ئەوانیش بەهەمانشێوە کاتێك دەسەڵات کەمتر حسابیان بۆ دەکات، بۆئەوەی بەشێکی زیاتری لێبچڕن بۆخۆیان دەست بۆفشارکردن دەبەن و کارتی خەڵك و تیرۆری نەیاران و رۆژنامەنوسان و مەسەلەی هەژاری و بڕینی مووچەو نەبوونی خزمەتگوزاری و…تاد. دەکەنە دەستمایەی سیاسەتە قێزەونە سەوداگەریەکانیان! کەیسی تیرۆرو دەردیسەریەکانی خەڵك بابەتی موزایەدەو ساتوسەودای ئەو هێزانەیە لەگەڵ دەسەڵاتی میلیشایی و مافیایی بۆ وەرگرتنی ئیمتیازاتی سیاسی و مادی و هیچی تر!
بۆپێشەوە: بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری خواستی راماڵینی دەسەڵاتی هەیە… پرسی سەردەشت عوسمان و ئازادی چ پەیوەندیەكی بە راماڵینی دەسەڵاتەوە هەیە؟
موحسین کەریم: وەکو پێشتر باسم کردوە، یەکلاکردنەوەی پرسی تیرۆری سەردەشت و سەرجەم تیرۆرەکانی دیکەو هەموو ئەو تاوانانەی کە دەسەڵاتی مافیایی و میلیشایی کوردستان دەرهەق بە خەڵك کردویەتی بەندە بە ڕاماڵینی ئەو میلیشیایانەوە. خەڵکیش بەکردەوە ئەوەی بۆدەرکەوتووە کە هیچ چاکسازیەك لەچوارچێوەی دەسەڵاتی ئەماندا و هیچ داواکاری و خوستێکی، یان گێڕانەوەی مافێکی زەوتکراوی یان غەدرێك کە لێی کراوەو دەکرێ، ئیمکانی نیە، بۆیە خواستی ڕاماڵینی ئەوانەیان بەرزکردۆتەوە و بەهەزار زمان دەیڵێنەوە.. ئێستا ئیتر گرفتەکە لەوەدایە کە چۆن ئەو هێزە ئامادەدەکرێت بۆ ئەنجامدانی کاری ڕاماڵین و پاکردنەوەیان…ئەوە مەسەلەی سەرەکی خەڵکی کوردستانە کە دەبێت وەڵامی پێبدرێتەوە!

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: