یاسین برایم:
ئه‌گه‌ر ژیاننامه‌ی ئه‌دیب و شاعیرانی وڵات بخوێنینه‌وه، زۆرن ئه‌وانه‌ی زوو هه‌تیوو بوون، یان یه‌كێ له دایك و باوكیان یان هه‌ردووكیان مردوون. له ژیانێكی هه‌ژار و دوور له سۆز و خۆشه‌ویستی ئه‌و دوو مرۆڤه ژیاون. كه‌م تا زۆر ئه‌م بێ دایكییه، كه مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئێمه‌یه، له به‌رهه‌م و شیعره‌كانیان ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه و به‌رهه‌میان پێشكێش به دایك كردووه. دوور ناڕۆین (له‌تیف هه‌ڵمه‌ت)ی شاعیر به نموونه دێنینه‌وه له‌سه‌ر دایك. ئه‌و ڕاستییه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. كه دایكی هه‌وێن و ئیلهامی زۆر له شیعره‌كانییه‌تی. له كۆی سه‌رجه‌م دیوانه شیعره‌كانی، كه چاپی كردوون. (142) شیعر له باره‌ی دایك و جیهان و خێزان و بیره‌وه‌ریی و خۆشه‌ویستی و گه‌وره‌یی و پیرۆزی و چاكی و پاكی و به‌زه‌یی و….تد. ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر سه‌یری په‌رتووكی (دایك له جیهانیی شیعری له‌تیف هه‌ڵمه‌تدا(1)) بكه‌ین. زانیاری ورد و جوانمان له‌سه‌ر دایك و ئه‌و ڕه‌هه‌نده قووڵه‌ی دایك هه‌یه‌تی له هه‌مبه‌ر مرۆڤدا، بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. نموونه‌یه‌كی تر، دایك لای فه‌رهاد پیرباڵ، له شیعرێكی بچووك، به‌ڵام مانایه‌كی قووڵ و جوان و به‌هادارمان پێده‌دات. ناونیشانه‌كه‌ی (شیعرێكی زۆر درێژ بۆ دایكم(2))، كه له پێنج وشه پێكهاتووه؛ كه‌چی ناوه‌رۆكه‌كه‌ی دوو په‌یڤه (غه‌ریبیت ده‌كه‌م). ڕه‌نگه ئه‌مه به‌قه‌د ده‌یان ده‌ق و چیڕۆك و ڕۆمان، دونیایێك مانای قووڵ هه‌ڵبگرێت. دایك لای هه‌ڵمه‌ت بایز، هه‌مان ئه‌و گه‌وره‌یی و خۆشه‌ویستییه بێسنووره‌ی هه‌یه؛ كه له‌تیف هه‌ڵمه‌ت بۆدایك هه‌یه‌تی. ئه‌م شاعیره له ماوه‌ی زیاتر نیو سه‌ده له ئه‌زموونی خۆیدا، به‌رهه‌مه‌كانی به ئه‌شقی دایك ڕازاندۆته‌وه. تا ئێستاش ئه‌مه درێژه‌ی هه‌یه. هه‌ڵمه‌ت بایز، مردنی دایكی له 19/12/2019 تا ده‌رچوونی هه‌ردوو به‌رهه‌مه‌كه‌ی خۆی، به نێزیكه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌و نامه‌یه و ئه‌و نامیلكه شیعره، كه بۆ دایكی نووسیوه؛ ساڵ و نیوێك كه‌متر بێت. ئه‌و له‌و ته‌مه‌نه له پرسه و نائارامی و دوودڵی و دڵه‌ڕاوكێ و خه‌م و ئازار و ئه‌و پاڵنه‌ره ده‌روونییه ژیاندهكات. له‌ده‌ستدانی دایك كه سه‌رمایه‌كی گه‌وره‌یه و چه‌تری خۆشه‌ویستی خێزانه، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌وانه‌ی له سۆزی باوكایه‌تی بێبه‌شن. ڕه‌نگه ئه‌مه ئاسان نه‌بێت، نه‌خاسمه بۆ دایكێك ده‌بێته كاره‌كته‌رێكی زیندوو و ماندوو و شوێنی باوكیان بۆ پڕده‌كاته‌وه. ئه‌گه‌ر نه‌مانی دایك له ڕووی فیزیكیه‌وه ون بێت، ئه‌وه له خه‌یاڵ و هزر و بیره‌وه‌ریی و دونیابینی ئه‌و هه‌میشه زیندووه. هه‌ر خودی دایك چه‌مكێكی نه‌مر و جوانه. ئاماده‌یی هه‌میشه‌یی هه‌یه له هه‌ست و سۆزی مرۆڤدا. ئه‌و له دوای نه‌مانی دایكی‌دا، كانیاوی خه‌م و ناخه گڕگرتووه‌كه‌ی، ده‌ته‌قێته‌وه و باخێكی ڕه‌نگین و سه‌وزمان له وشه و هه‌ست و سۆز بۆ ده‌ڕازێنێته‌وه. ئاشنامان ده‌كات به دوو به‌رهه‌می نایابی خۆی، به كاره‌كته‌رێكی خۆشه‌ویست، كه دایكه. لێره، له چیڕۆكی مردنی دایكی خۆیدا، ده‌یان بیره‌وه‌ریی تاڵ و شیرین خۆی به ئاوێته‌كردن و تێكهه‌ڵكێشكردن و به‌ستنه‌وه‌ی به چیڕۆكی دایكێكی كۆڵنه‌ده‌ر و وه‌فادار و په‌روه‌رده‌كارێكی خه‌مخۆر و خۆراگر، له ڕێگای گه‌ڕانه‌وه بۆ (شریتی عومری ڕابردوو(3)) و فلاشباك و خۆدواندن و دروستكردنی پرسیار و گومان و په‌رسڤی كپكراو و خستنه ڕووی تاڵ و شیریینهكانی ژیان و جیهانه فراوانه‌كه‌ی دایك.
ده‌ڵێن: (دایك ئه‌و مرۆڤه‌یه، نه دووباره ده‌بێته‌وه، نه پێناسهدهكرێت، نه پاداشتی ده‌درێته‌وه) وته‌یه‌كی جوان و به‌هاداره، دایك دووباره نابێته‌وه و یه‌ك هه‌له و ته‌واو. پێناسه‌شی به وشه و قسه ناكرێت، پاداشتیش ڕه‌نگه مه‌حاڵ بێت و هه‌رده‌م قه‌رزداری ئه‌وین. بۆ خاوه‌ن ده‌قیش، ئه‌و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه. ئه‌و، دڵسۆزانه و خه‌مخۆرانه له ڕێگای دونیای ئه‌ده‌به‌وه، توانیوویه‌تی پاداشتێكی بچووك بۆ زیندوو ڕاگرتنیی دایكی كرد بێت، به‌ڵام بۆ خوێنه‌ر ئه‌مه شتێكی جوان و جێی بایه‌خه. له دوو ده‌قی جیاوازی خۆیدا، له دوو ژانر، توانیوویه‌تی دایكێكی نموونه‌ییمان پێشكێش بكات. ئه‌مه ئه‌زموونێكی جوان و جێی باسكردنه. ڕه‌نگه بۆ منی خوێنه‌ریش، نه پێناسه‌ی دایكم پێ بكرێت بۆ نووسینێكی بچووك و كورت. نه ده‌توانم پاداشتی دایكیكی مه‌زن بده‌مه‌وه، كه خۆی له خۆیدا، دهریایێكی قووڵه و كه‌شتیوانی خۆی ده‌وێت. دوو به‌رهه‌میش، دوو ژانری جیواز و جوان، به چه‌ند ڕسته و په‌ڕه‌گرافێك، ناتواندرێت مافی ئه‌و دوو به‌رهه‌مه بدرێت، جا له ئاست دایكیش، جارێكی تر قه‌ڵه‌م ده‌سته‌وه‌سان ده‌وه‌ستێت، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌مان پێده‌كرێت، جامه ئاوێك له ده‌ریا قووڵه‌كه‌ی دایك و كانیاوه شیرینه‌كه‌ی ئه‌و دوو ده‌قه هه‌ڵێنجین و به تێڕوانین و ڕا و بۆچوون و خوێندنه‌وه‌ی خۆمان، چه‌ند ڕسته‌یه‌ك بخه‌ینه ڕوو.
یه‌كه‌م: به‌رهه‌می (نامه‌یه‌ك بۆدایكی كۆچكردووم (4)) نامه‌یه‌كی درێژی 88 لاپه‌ڕه‌ییه، باس له چیڕۆك و ژیان و بیره‌وه‌ریی و مردنی دایكی خۆی بۆ ئێمه باسدهكات. له‌م نامه‌یه، (580) جار وشه‌ی دایك، داده، دایه، دایكم، له‌گه‌ڵ وشه‌ی (ئۆدا) به شێوه ئاخاوتنه‌كه‌ی ڕواندزێ به‌كارهاتووه. به‌ده‌ر له‌وشه‌ی (تۆ) كه جێناوی سه‌ربه‌خۆی كه‌سی دووه‌می تاكه، كه ئاڕاسته‌ی دایكی خۆی كردووه. هه‌روه‌ها به‌شی زۆری ئه‌و وه‌سفه‌ی بۆ (ژن)ی كردووه، زیاتر مه‌به‌ستی دایكه وه‌ك ژن، نه‌وه‌ك ژن وه‌ك هاوژین، به‌شی شێری به‌ركه‌وتووه. له‌گه‌ڵ ناوهێنانی وشه‌ی دایكایه‌تی ڕه‌نگه ئه‌مه مانایه‌كه‌ی قووڵتریش بێت، هه‌روه‌ها وشه‌ی بێوه‌ژن، ئه‌و وشه‌ی زیاتر به‌سه‌ر دایك دابراوه، هه‌موو ئه‌و ناوهێنانهش، باس له گه‌وره‌یی و خۆشه‌ویستی دایك ده‌كه‌ن. ڕه‌نگه من وه‌ك خوێنه‌رێك ئه‌وه‌نده‌ی چێژ له ده‌قێكی خۆماڵی وه‌رده‌گرم، كه‌متر له ده‌قێكی بێگانه‌ی چه‌ند سهدهیهیێك به‌ر له ئێستا. به‌تایبه‌تی له‌و ده‌قه‌ی باس له ژینگه و سروشت و شوێن و شار و ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی من ده‌كات. مرۆڤ خۆی تێدا ده‌دۆزێته‌وه و هه‌ست ده‌كات ده‌قه‌كه له ژیان و دونیابینینی ئه‌و نێزیكه. ئه‌و باس له دایكێك ده‌كات، كه له چیڕۆكی دایكی هه‌موومان نێزیكه. به‌تایبه‌تی له بواری په‌روه‌رده‌كردنی منداڵدا، خه‌م و ژیانسه‌ختی و به‌رگه‌گرتنی ئازاره‌كانی ڕۆژگار له پێناو سه‌ركه‌وتن و په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ و خێزان. ئه‌و نامه‌یه، بۆنی دایكی ئه‌و شه‌هیدانه‌ی لێدێت، سه‌ربه‌رزانه كۆمه‌ڵێك منداڵی بێباوك له ئامێزی خۆشه‌ویستی ده‌گرن و شوێنی سۆز و خۆشه‌ویستی باوكیان بۆ ده‌گرنه‌وه. وه‌ك مۆم ڕێگه‌ی ژیان بۆ منداڵه‌كانی خۆیان ڕۆشه‌ن ده‌كه‌نه‌وه و به‌رگه‌ی ده‌یان كاره‌سات و ده‌رد و كۆڤانی ژیان ده‌گرن. نموونه‌ی ئه‌و دایكه پاك و دڵسۆزانه زۆرن. له وڵاتێكی ژێرده‌سته و چه‌وساوه و شۆڕش و به‌رخۆداندا، سه‌دان و هه‌زاران چیڕۆكی تراژیدیا به‌سه‌ر دایكانی ئێمه داهاتووه، دایكانی ئه‌م نیشتیمانه ئاشنان به ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ریی و سووتانی ماڵ و خانوو و گوند و ڕه‌ز و باخ و ئه‌نفال و كیمیاباران و كۆمه‌ڵكوژی و زینده‌به‌چاڵكردن و جهرگسوتاندن و ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ریان و ئه‌تككردن و لێدان و گرتن و زیندان و بگره له سێداره‌دان و له‌ناوبردنی به شێوه‌یه‌كی نامرۆڤانه. چیڕۆكی ئه‌م دایكانه، ئه‌وه‌نده زۆر و زه‌وه‌نده‌ن. خۆزگه مرۆڤه ساده‌كانیش توانیبایانه، هه‌ركه‌سێ چیڕۆكی دایك و خوشك و ژیان و كۆله‌مه‌رگی ئه‌وانیان بنووسیبایه‌وه, وه‌ك ژنانی هۆڵۆكۆست بۆ دونیا خرابانه ڕوو. دایكانی ئێمه به چاوی خۆیان، دۆزه‌خ و ئازاره‌كانی ژیانیان چه‌شتووه. له قوربانیدان و شۆڕش و بارودۆخه سه‌خته‌كان و شه‌ڕه نه‌براوه‌كان، كه به‌ڕۆكی ئه‌م وڵاته‌یان گرتووه، به درێژایی مێژوو تا ڕۆژگاری ئه‌مرۆش، دایكان باجێكی زۆری ئه‌م ژیانه سه‌خته ده‌ده‌ن. چیڕۆك و ڕووداو و هه‌واڵی جه‌رگبڕه‌كان زۆرن و باجی ئه‌و زوڵم و سته‌مه ده‌ده‌ن. ده‌یان تابلۆ و وێنه و كاری هونه‌ری، فیلم و شانۆ و چیڕۆك و شیعر و ڕۆمان، ناتوانن ئه‌و هه‌موو ئازار و ژیانی دۆزهخئاسایانهی ئه‌م دایكه دڵسۆزانه نیشانبدرێن. هێشتاش ده‌سته‌وه‌ستانین و ههژاریشین له‌م لایه‌نه، نه‌مانتوانیووه ئه‌م ژیانه سه‌خته و جیاوازه‌ی دایكانی ئێمه، بخه‌ینه نێو كاری داهێنان و نیشانی دونیای ده‌ره‌وه بده‌ین. چه‌ند گه‌وره‌یی و دڵسۆزی و وه‌فادارییه، بتواندرێت چیڕۆكی ئه‌م دایكانه بنوسرێنه‌وه و بكرێنه كاری ئه‌ده‌بیی. ئه‌م كاره‌ی ئه‌م نووسه‌ره، بۆدایكی كردووه، جێگای ده‌ستخۆشی و ڕێزگرتن و قسه له‌سه‌ركردنه. له‌نێو ئه‌م كاره ئه‌ده‌بییه‌دا، ئه‌گه‌ر چی نامه‌یه‌كی درێژه، به‌ڵام هێشتا له ئاست گه‌وره‌یی دایك بچووكه. ده‌یان ڕسته‌ی جوان و پڕمانا و مرواری ڕازاندراوه‌ته‌وه، مرۆڤ حه‌ز له چێژبینین و جوانی ده‌كات. به خوێندنه‌وه‌یان مرۆڤ تووشی ڕامان و بیركردنه‌وه‌ی قووڵ ده‌كات. ناچارت ده‌كات بوه‌ستیت و بیر له ڕسته و وێنه و ده‌سته‌واژه جوانانه بكه‌ینه‌وه، كه به مانایه‌كی قووڵ و فه‌لسه‌فیانه خراونه‌ته ڕوو. ئاشنای ده‌یان پرسیار و به‌رسڤی جیاواز له‌هه‌مبه‌ر دایك ده‌بین. به‌تایبه‌تی بۆ كه‌سانێك، كاره‌كته‌ری ده‌قه‌كه و هه‌م خاوه‌نی ده‌قه‌كه له دیوی ده‌ره‌وه‌ی ده‌قه‌كه بناسێت. ڕه‌نگه چیڕۆكێكی ساده بێت، بریتییه له (ژنێك به ناوی حه‌لیمه حه‌مه‌ده‌مین له‌ته‌مه‌نی سی و سێ ساڵی له ساڵی 1992 هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌ده‌ستده‌دات و خۆی و حه‌وت منداڵ، له خانووێكی ساده‌ی كاولۆكان، وه‌كوو ژنه شه‌هیدێك، به‌شێوه‌یه‌كی جوان ئه‌و منداڵانه په‌روه‌رده ده‌كات و دواتر له سه‌فه‌رێكی وڵاتی هیندستان، كۆچی دوایی ده‌كات….) به‌ڵێ، ئه‌مه ئه‌م دایكه‌یه بوویته هه‌وێنی ئه‌م دووكاره، ئێمه له مێژووی گه‌له‌كه‌مان دایكه حهلیمهمان زۆره، نموونه دایكه حهلیمهكهی شه‌قڵاوه، به‌عسیه‌كان چوار كوڕیان له ساڵی 1987 گرت و شه‌هیدی كردن. چیڕۆكی ئه‌م حهلیمهیهش بۆ ئێمه، بویته بیره‌وه‌ری و چیڕۆك وه‌كوو داستانه‌كانی (مه‌هاباراتا) و (ڕامایانا)ی هیندییه‌كان، مه‌رگی ئه‌و بۆ ئێمه، ده‌بێته چیڕۆكێكی جوان و سه‌رنجراكێش و خه‌مناك. یان نۆڤلێتێكی پڕ له خه‌م و گریان و ڕاچهڵكین. هه‌ندێك جاریش وه‌كوو كورتیله چیڕۆك، خۆی له نێو نامه‌كه نمایش ده‌كات. وێنه‌یه‌كی زیندوو له خه‌یاڵدانی خوێنه‌ر دروستده‌كه‌ن، نامه‌یێك پڕ گه‌وهه‌ری جوان، لێره تیشك ده‌خه‌مه سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی ئه‌م ده‌قه و ئه‌م وێنه جوانانه، مرۆڤ تووشی خه‌یاڵبردن و تێرامانی قووڵ و گه‌ڕانه‌وه بۆ زه‌مه‌ن و بیره‌وه‌ریی منداڵی ده‌كات. چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌م نامه‌یه، ده‌خه‌ینه ڕوو.
“هه‌موو ئێوارانێك دایكم پێش مه‌غریب به پارچه پهڕۆیهكانی و به تفه تفكردنهوه، جوان له ته‌نی ده‌یسڕینه‌وه. خۆم ده‌بینم، به‌دیار كتێبێكی قوتابخانه‌وه له به‌رده‌م فانۆسێكدا وانه‌كان ده‌خوێنم…. ل12″
هه‌ر له هه‌مان لاپه‌ڕه دیمه‌نێكی موزیكا و ده‌نگمان پێ ئاشنا ده‌كات. كاتی باران بارین، تكه‌ی ئاوی سوانده و سوولاوكهكان (تك.. ته‌پ.. تك.. ته‌پ.. ته‌پ…) هه‌تا ئێستاش ئه‌م دیمه‌نه جوانه‌ی شه‌وانی باران بارینی خانووه قوڕه‌كان له گوێمان ده‌زرینگێنه‌وه. ئه‌م یاده جوانه‌مان بیرده‌خاته‌وه. ئه‌و ڕووداو و كورتیله چیڕۆكمان به‌رچاو ده‌كه‌ون. هه‌ندێ جاریش ڕسته‌ی مرواری له نێو ئه‌و نامه‌یه به‌دێ ده‌كرێت چه‌ند جارێك بخوێنیته‌وه، ته‌زوو به لاشه‌ت دادێت و سه‌رسورمان ده‌بیت. وه‌ك” بۆنی پێیه‌كانت، بۆنێكی زۆر غه‌ریبه، ئه‌وه‌ی ماچی نه‌كات، بۆنی به‌خۆی ناكات. من بۆن به خۆم و به تۆ و به گه‌ردوون ده‌كه‌م. بۆنی ژێر پێیه‌كانت. بینینێكیان هه‌یه بۆ كوێره‌كانیش دونیا ده‌بێته ڕۆژی ڕووناك… ل34″
بۆنی پێیه‌كان، بۆنێكی ناخۆش و بێزاركه‌ره، لێ ئه‌و بۆنی پێیه‌كانی دایكی، لامان جوان و بۆنخۆش و پیرۆز ده‌كات. ئه‌م نامه‌یه، وه‌ك نامه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی، شتی جوان و سه‌رنجراكێشی تێدایه و وه‌ك دایك قسه هه‌ڵده‌گرێت؛ وه‌لێ من هه‌ر ئه‌و هه‌نده گوڵێك له‌و باخه ڕازاوه و ههمهرهنگهم هه‌ڵبژارد و هێشتا ده‌یان گوڵ و خونچه‌ی تر هه‌یه، جێگای تێڕامان و ده‌ست بۆبردن و بۆنكردن هه‌یه، به گه‌یشتنیان، چێژ به هه‌ست و سۆز و دونیابینی ئێمه ده‌به‌خشن.
دووه‌م: (كرووكپایز، توولهڕێیهكانی دایكم گوڵدار ده‌كات(5)) ئه‌م نامیلكه شیعرییه له (25) شیعر و پارچه په‌خشانێك پێكهاتووه، به ڕای خۆم ئه‌م په‌خشانه زیاده و بوویته زیوانی ناو گوڵه شیعره‌كانی ئه‌م نامیلكه‌یه. شیعره‌كان كورت و پوخت، ساده و جوان و پڕ مانان. ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دایك به‌سه‌ر هه‌موویان دیاره، بۆ خۆشه‌ویستی دایك و دوای مه‌رگی دایك نووسراون. له كۆی ئه‌م به‌رهه‌مه شیعرییه، (120) جار په‌یڤی دایك به‌كارهاتووه، (6) شیعر وشه‌ی دایك له ناونیشانی شیعره‌كان بوونی هه‌یه. (7) شیعریش وشه‌ی دایكی تێدا نییه, به‌ڵام ئه‌وانیش پڕن له وشه‌ی جوان و سۆز و خۆشه‌ویستی بۆ دایك. له شیعری (دوا پیاسه‌ی غه‌ریبی دایكم)، (20) جار وشه‌ی دایك، كه زۆرترین وشه‌ی دایكی تێدا به‌كاربردووه. جه‌سته‌ی هۆنراوه‌كان، بۆنی عه‌تر و بخوور و كرووكپایزیان لێده‌تكێ. نووسینی شیعر قورسه و دانانی ناونیشانیش قورستره. بۆ منی خوێنه‌ریش، ڕه‌نگه سه‌ختر بێ قسه بكه‌م له‌سه‌ر كۆی شیعره‌كانی ئه‌م نامیلكه‌یه. بۆ نووسینێك بچووك، جێگای ئه‌و لێكدانه‌وه و دۆزینه‌وه‌ی كۆد و قوفڵ و مانا شاراوه‌كان نه‌بێت. ڕه‌نگه مه‌به‌ستی منیش هه‌ر ئه‌مه نه‌بێت، دوای خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌كان ئه‌و تێبینییه‌م بۆده‌ركه‌وت، به‌شێكی زۆری شیعره‌كان له نێو نامه‌كان شرۆڤه كراون، هه‌مان ڕسته و دێڕه‌كان به ئاسانی ده‌دۆزیه‌وه، یان هه‌مان ئه‌م نامه‌یه، جارێكی تر وه‌ك هه‌وێن و ئیلهام بۆ شیعر سوودی لێ وه‌رگێراوه و كراون به شیعر. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ردوو نامیلكه‌كه به‌یه‌كه‌وه چاپكراون. هه‌م نامه‌كه و هه‌م شیعره‌كان له زه‌مه‌نێكی كورت و دیاریكراو نووسراون؛ وه‌ك دیوی یه‌ك دراویان لێهاتووه. ئه‌گه‌ر خوێنه‌رێك به ته‌نیا یه‌كێك له‌و به‌رهه‌مانه بخوێنێته‌وه، هه‌ست به‌م لێكچوونه ناكات. به‌ڵام كاتێ منی خوێنه‌ر به تام و چێژه‌وه چه‌ند جارێك ئه‌و دوو به‌رهه‌مم خوێنده‌وه؛ ئه‌و ڕاستییه‌م بۆ ده‌ركه‌وت. ئه‌و دوو ده‌قه، ده‌قئاوێزانی یه‌كتر كراون، ئه‌مه شتێكی ئاسایی و باوه به‌س به‌و شێوه‌یه‌ش نا، دوو ده‌قی یه‌ك كه‌س ئه‌وها له ژێر وه‌رگرتن نغرۆ ببێت. هه‌ردوو ده‌قه‌كه له هه‌ڵمژینی یه‌كتر هاتۆته به‌رهه‌م، له ڕسته و دیڕه‌كان به‌دیار ده‌كه‌وێت، په‌له‌پرووزێ و زۆر له خۆكردنی پێوه‌دیاره، پاڵه‌په‌ستۆ خراوه‌ته سه‌ر ته‌واوكردن و به كۆتا هێنانی هه‌ردوو به‌رهه‌مه‌كه، ڕه‌نگه ههڵهچنینێكی باشی بۆ كرابوایه، ئه‌و هه‌موو هه‌ڵه به‌قه‌د ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌كان ڕووینهدابوایه، ئه‌م په‌نده (كاری به په‌له، پڕه له هه‌ڵه) بۆ ئه‌م ئه‌م دوو كاره، گونجاو بێ، بوونی ئه‌و هه‌ڵانه بۆ نووسینێكی بچووك، گه‌وره‌یه. ده‌كرێت بۆ چاپی دووه‌م، ئه‌م په‌رێزه خاوێنبكرێته‌وه. لێره چه‌ند نموونه‌یێك ده‌خه‌مه ڕوو، دهقاوێزانی یه‌كتر كراوون و هه‌مان وێنه، له‌یه‌كچوون و دووباره كراونه‌ته‌وه. ده‌كرێت خوێنه‌ر بگه‌رێته‌وه بۆ ده‌قه‌كان، ئه‌م به‌راوردییه بكات.
له شیعری (دوا پیاسه‌ی غه‌ریبی دایكم)، ده‌ڵێت:
دایكم ده‌بینم.
جووتێك نه‌علی منداڵانه‌ی له ده‌سته.
به ناو ماڵۆچكه‌ی بێلانهوازانی سه‌ر شه‌قامه‌كاندا.
بۆ دڵخۆشی منداڵێكی هیندۆس ده‌گه‌ڕێت. ل 45.
له نامه‌یه‌ك بۆدایكم، ئه‌وها هاتووه:
( له‌وێ جووتێك نه‌علی منداڵانت له ده‌ست بوو. به ناو بێ لانه‌وازان ده‌ڕۆیشتی، بزانی كێ له وان پێڵاوێكی نییه، ئه‌ویش بلاوێنییه‌وه. بێ لانهوازانت دڵخۆش ده‌كردن. بۆ ئه‌وه‌ی خۆت بیر بچێت، بیرت له‌وانی دیكه ده‌كرده‌وه، هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی له بیر كردبوو، هه‌میشه له بیری ئێمه دابووی. بۆ دڵخۆشی منداڵێكی هیندۆس دهلاوایتهوه…. ل82)
له خواره‌وه چه‌ند نموونه‌یێك به كورتی تیشكی ده‌خه‌مه سه‌ر و له‌به‌ر زۆری نووسینه‌كه، ده‌كرێت خوێنه‌ر بگه‌رێته‌وه سه‌ری.
1. شیعری (گه‌ڵا مێوه‌كان به سه‌ر پایزدا ده‌كشێن). بڕوانه ل (48_49) نامیلكه‌ی ( نامه‌یه‌ك …)
2. شیعری هه‌بوو.. نه‌بوو. بڕوانه ل(18_19) نامیلكه‌ی ( نامه‌یه‌ك …)
3. (كرووكپایز، تووله ڕێیه‌كانی دایكم گوڵدار ده‌كات)، كه ناونیشانی كۆمه‌ڵه شیعره‌كه‌یه، بڕوانه، ل( 76_77). هه‌روه‌ها له باسكردنی تووله ڕێیه‌كانی هه‌مان شیعر بڕوانه، ل30.
نموونه و ڕسته و گرێ و وێنه‌ی زۆرتر هه‌یه، با ئه‌مه بۆ خوێنه‌ران بێت، ئه‌م ده‌قئاوێزانه له جۆری هه‌ڵمژینه و دهقئاوێزانیش له ده‌وڵه‌مه‌ندی ده‌قه و به مه‌رجێ زیان له پێكهاته و مانا و كاكڵی بابه‌ته‌كه نهگینێت. ئه‌مه چ له به‌رهه‌مه‌كه‌ی ئه‌و كه‌مناكاته‌وه. له نێو شیعره‌كان، ڕسته و كۆپله و هایكۆ و وێنه‌ی جوان ده‌بیندرێت. له خوێندنه‌وه و ئاشنابوون به‌و دوو به‌رهه‌مه، ڕه‌نگه بیركردنه‌وه و بهخۆداچوونهومان به‌رانبه‌ر گه‌وره‌ی دایك بۆ په‌یدا ده‌بێت. ئاخر ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ خاوه‌ن ده‌ق گوزه‌ر ده‌كه‌ین و له‌گه‌ڵ ڕسته و كوپله شیعرییه‌كان و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م نامه‌یه، تووشی ڕاچهڵكین و موچرك و خه‌م و فرمێسك و حه‌پسان و بیركردنه‌وه و شكست و وه‌ستان و هه‌ستانه‌وه ده‌بین، ئه‌مه‌ش به‌سه كه ئه‌ده‌ب به ئاگامان بێنێ، چێژمان پێ ببه‌خشێت و تێڕوانینمان بۆ شته‌كانی ده‌وروبه‌ر جوانتر بێت. قسه‌كردنی ئێمه‌ش، گوزه‌رێكی بچووك بوو به كووچه و كۆڵانه‌كانی ئه‌م دوو به‌رهه‌مه جوانه.
(دایكم ڕسته‌یه‌كی مرواری،
به ئه‌ستوونده‌ی خانووێكی قوڕین هه‌ڵواسی بوو. ل 13)
له‌م نووسینه، ئێمه ویستبێتمان بگه‌ینه ئه‌و ڕسته مروارییه. لێ ده‌ریای دایك ئه‌و هه‌نده قووڵه، نه ده‌ستمان به‌و مروارییه ده‌گات، نه ده‌توانین وه‌ك پێویست قسه له‌سه‌ر ئه‌و مروارییه بكه‌ین، چونكه دایك هه‌ر خۆی گه‌وره‌یه و باسكردنیش ئاسان نییه، بۆ منیش وه‌ك په‌ندی (دوو گندۆره بهدهستهكی هه‌ڵناگیرێت)، هه‌ر ئه‌وه‌م بۆكرابێت، شتێكی بچووك بڵێم، ئه‌م هه‌ویره‌ش ئاوی زۆر ده‌وێت و ده‌كرێت توێژه‌رانی ئه‌م بواره، قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن و شتی جوانتر و گهوههرداتر له ده‌ریایی ئه‌م دوو ده‌قه بدۆزنه‌وه.
سه‌رچاوه‌كان
1. دایك له جیهانبینیی شیعری (له‌تیف هه‌ڵمه‌ت)دا، د. هاوژین سلێوه، فازیل شه‌وڕۆ، 2019.
2. سپیاتییهكانی ناو ڕه‌ش و ڕه‌شاییه‌كانی ناو سپی، فه‌رهاد پیرباڵا، بڵاوكراوه‌كانی نووسینگه‌ی گۆڤاری وێران، 1999.
3. نیوه دێرێكی ئه‌حمه‌د هه‌ردی شاعیره.
4. نامه‌یه‌ك بۆ دایكی كۆچكردووم، هه‌ڵمه‌ت بایز، چاپی یه‌كه‌م، 2021.
5. كرووكپایز، تولهڕێیهكانی دایكم گوڵدار ده‌كات، هه‌ڵمه‌ت بایز، چاپی یه‌كه‌م، 2021.