بۆچی تێر-ۆری ئەحمەد بێغەم دیزەبەدەرخۆنە ئەکرێ؟

بۆچی تێر-ۆری ئەحمەد بێغەم دیزەبەدەرخۆنە ئەکرێ؟
و
سزای زارا محەمەدییش، کەرنەڤاڵی نەتەوەیی بۆ ئەکرێ؟!

1. ئەو دووانە هەردووکیان خەڵکی کوردستانی ئێرانن، ئەحمەد بێغەم ( بێخەم) کە پێشتر پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکرات بووە و دواتر چووەتە کۆبانێ و بەرخۆدانی لە دژی هێرشەکانی داعش و تورکیا کردووە. پاشان گەڕاوتەوە هەولێر و بە دەستفرۆشیی و کەسابەت، خەریکی گوزەرانی خۆی بووە و سەرەنجامیش لە شوققە کرێچییەکەی خۆیدا، لە ژێر ئەشکەنجەدا تێر-ۆر ئەکرێت.

2. بۆ ئەم رەشەکوژییە، پۆلیسی هەولێر، بە کەسوکاری بێغەمیان راگەیاندووە کە ٢٠ رۆژی تر، روونکردنەوە لەسەر تێر-ۆرکردنەکەی ئەدەن. مەعلومە بۆ ئەوەی بابەتەکە بە تەواویی وەکو لاشەکەی سارد ببێتەوە و کەس بە خەیاڵیشیدا نەیات.

3. کوشتنی ئەحمەد بێغەم، دوو دەسکەوتی سیاسیی بۆ هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران لە پشتەوەیە. بۆ تورکیا، کەسێک کوژراوە کە دژی تورکیا و داعش، شەڕی کردووە و بە سزای خۆی گەیشتووە. بۆ ئێرانیش کوردێکی وڵاتەکەی تەمەڕودی کردووە و قاچاغ بووە لە ئێران و لە پایتەختی دەوڵەتی کوردییدا، کوژراوە و نەیارێکی لە کۆڵ بووەتەوە. کەواتە، مامەڵەیەکی دوو سەرەیە بۆ پارتیی کە راستەوخۆ لە تێرۆری بێغەم بەرپرسە. ئەم تێرۆرە، رێک لە تێرۆری سولەیمانی موعینیی ئەچێت بەڵام لە سکەیڵێکی بچووکتر و سەردەمێکی جیاوازتری کوردایەتییەکەی ماڵی بارزانییدا.

4. زارا محەمەدیی، گوایە لەسەر وتنەوەی زمانی کوردیی لە دەرەوەی سیستەمی پەروەردە و خوێندنی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، پێشتر سزادراوە بە ١٠ ساڵ و پاش پێداچوونەوە، کراوە بە پێنج ساڵ و بە غیابیی حوکم دراوە. هەرچەندە بابەتەکە سیاسییە و زمانی کوردیی لێرەدا بیانوویەکی عاطیفییانەی کوردبوونە! بۆ ئەمەیان حەماسەتێکی گەورەی نەتەوەیی گڕی گرتووە لە مێدیا رەسمیی( کوردستان ٢٤) و سێبەرەکانی پارتییەوە بگرە بۆ مێدیای پەکەکە و بۆ مێدیای ئەهلیی، بۆ زۆربەی رۆشنبییرانی کورد( بە شێخی صەنعانی رەهەندییەکانیشەوە) بۆ نوخبە و مێدیاکار و چالاکوان ….تا عەوامتریین کەس لە نەتەوەییەکانی کورد لە هەردوو کوردستانی عێراق و ئێراندا و بە کوردانی هەندەرانیشەوە، لەسەر ئەم بابەتە رۆڕۆی زارا و رۆڕۆی زمانی کوردیی و خۆڕنیینەوەی عاطیفییانەی زارا ، وانەی دوو داری دی بۆ منداڵانی کورد گێڕاوەتەوە و کوردایەتییان بە نەفخی گەلە ئەستێرەکان و گالاکسییەکانی فەلەک ئەگات و جگە لە زمانی لۆکاڵیی کوردییش( کرمانجیی ناوەڕاست) کەسیتر گوێیان لێ ناگرێت و هەموویان بۆ یەکتریی ئەسێننەوە.

5. بۆچی بۆ سزای زیندانییکردنی زارا محەمەدیی، تەعزییەی کوردایەتیی دائەنرێ و قەرەباڵغییەکی زۆری پۆپیولیزم رووی تێ ئەکات، بەڵام بۆ تێر-ۆرەکەی ئەحمەد بێغەم، کەمتریین غەم و ناسۆریی، بوونی نییە؟ هۆکارەکەی، رۆڵی مێدیا و هەژموونی ئەو ئیستیحمارە نەتەوەییەیە کە پارتیی بیزنسێکی گەورەی پێوە ئەکات و بۆ خۆی لە رووی ئیقتیصادییەوە، ساڵانە چەندیین میلیارد دۆلار سامانەکەی ئەستورتر ئەکات، بۆ هەموو کەسانەی خۆیشیان بە ئۆپۆزیسیۆن ئەزانن یان بە رۆشنبییر و چالاکوانی سەربەخۆ ئەژمارد ئەکەن، بەس چەقەچەقی نەتەوەییبوون و خودنەفرەتیی و لەخۆدانەکەی کوردایەتییان بۆ ئەمێنێتەوە( دیارە بەشێکیان مەعاشی رەیعەکەی خۆیان وەرئەگرن). وێڕای ئەوەی تەوقیتی کەمپەینەکەی بۆ زارا کرا، لە رێگەی داینەمۆی مێدیکانی پارتییەوە، بۆ ئەوە بوو کە کەیسی بێغەم، کەپس بکرێت و رۆشنایی نەبینێت.

6. ترس لە تەخویین! هەندێ کەس، بەس بۆ ئەوەی نەکەونە بەر تەخویینەکانی پارتییەوە، دێن بە باڵای ژنانەی زارادا هەڵئەدەن، شیعری قەهرەمانیی و پەخشانی پڕ لە پاڵەوانییەتیی و تێکستی نەتەوەیی توڕەهات و شاکاری زمانیی! بۆ ئەنووسن، هەڵوێستفرۆشیی ئەکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ پۆپیولیزمی کوردایەتییەکەی ماڵی بارزانییدا، یەک ئاراستە وەربگرن و تەخویین نەکرێن، بەڵام هەر هەمان ئەم کەسانە، نوطقیان لێوە نایەت لەسەر تێرۆری ئینسانێکی دەستفرۆشی کوردی ئاوارەی ئێران لە هەرێم، لە دوای مۆڵەتی ٢٠ رۆژەکە کە قەرارە، روونکردنەوەی دەسگا ئەمنییەکان بدرێت، بۆ دیزەبەدەرخۆنەکردنی زیاتر، ئەگەری زۆرە، قەضییە و لەکەیەکی ئەخلاقیی بۆ دروست بکەن و بە مردووییش بە تەخویینی کوردایەتیی، تێر-ۆری بکەنەوە.

7. هەدەفی منیش لەم پۆستە ئەوەیە، بەم عەقڵییەتە نەتەوەیی و نەژادییەوە، بە ریچواڵی کوردایەتییەوە، دژایەتیی ماڵی بارزانیی بکرێت، ئەوە بۆ صەد ساڵی تریش هەر بنەماڵەکەی ئەوان، رابەرایەتیی ئەم عەمالەتە ئیقلیمییەی کوردایەتیی ئەکەن لە خانەقیین و سلێمانییەوە بۆ هەولێر و دهۆک، وێڕای ئەوەی زۆریینەی حیزب و سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانیشیان، تەخدیر کردووە. باشتریش قەصدی مەسئەلە تەوضیح بدەم، هەرکەسێک مەغزی نەژادیی و نەتەوەیی و طائیفیی بێت، رۆژ هەتا ئێوارەش، رەخنە بگرێ، بە قەولی قائیدی ضەرورە، هەڵپەڕێت، جوێنی سیاسیی بە ماڵی بارزانیی بدات، بەرقی ئەکادیمیی فشەقەومییان پێوە بنێت، ئەوە بێ سێ و دوو، لە دەیان کەیسی تری ئاییندەدا وەکو کەیسە عاطیفییەکەی زارا و موصطەفا سەلیمیی، پارتیی مۆبەڵایزیان ئەکات و ئەبنەوە بە هێزی یەدەکی پارتیی و ماڵی بارزانیی و لە رەشبەڵکی بیزنس و صەنعەتی کوردایەتییەکەی خۆیدا، تەوظیفیان ئەکات و ئەکاتەوە. بە دڵنیاییشەوە، لە کەیسی هاوشێوەی ئەحمەد بێغەمدا، بێدەنگ و بێڕەنگ و بێغەم و بێوەیان ئەکات!

8. تەواوی نوقاطی ئەعلاە، بە لوغەی شەعبیی، مەعنای ئەوە تەحصیڵ ئەکات، پارتیی و ماڵی بارزانیی، هەمیشە ئەتوانن حەماوەی نەتەوەیی و هیتەری نەژادیی و دەماری طائیفیی زۆریینە، سوور و گەرم و رەپ بکەن و کەرنەڤاڵی نەتەوەییان پێ بکات. پلاکی هەموو بۆیلەرەکان و هەموو هیتەرەکانی ئەم هەموو ئەکادیمیی و رۆشنبییر و نوخبە نەتەوەییانە، لای پارتییە، کەی دایبگرسێنێ و ئۆن( On)یان بکات، هەموویان بەیەکەوە لە دۆسییەی هاوشێوەی زارادا، سوور ئەبنەوە و ئەیکوڵێنن، هاوکات هەر پارتییش ئەتوانێ ئۆفیان بکات و لە دۆسییەی هاوشێوەی ئەحمەد بێغەمدا، وەکو لاشەکەی بێغەم، ساردوسڕیان بکاتەوە.

٩- لە ترسی فەیسبووک و ئیجرائاتەکانی، چەمکی تێر-ۆر، داشێک ئەخەمە نێوانیەوە، بۆ ئەوەی تەحالوفی تورکیا، کوردایەتیی و ئاقای فەیسبووک، سزام نەدەن.


کامیار سابیر:

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: