دەسەڵاتداران لەژێر گوشاری نێوبانگی هەرێمدا

دەسەڵاتداران لەژێر گوشاری نێوبانگی هەرێمدا:-
کارەساتی پەنابەران، تەنها دەتوانێت ڕاستیەک بسەلمێنێت:
ئەزمەیەکی قووڵی حوکمڕانی لە کوردستانی عێراقدا هەیە
ئامادەکردنی ڕاپۆرت : جەمال کۆشش.
پلانەکە چۆنە؟
لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢١ ەوە ئەلکسەندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بیلاروسیا بەئاشکراتر لە پێشتر ڕایگەیاند کە بەر بەکۆچبەران ناگرێت و سەرەتای ئایار پلانەکەی جێبەجێکرد.لە مانگی ٧ /٢٠٢١ بە دواوە، ڕێژەی کۆچی پەنابەران لە سنورەکانی ( بیلاروسیا- پۆلەند)، ( بیلاروسیا-لیتوانیا)، کوتوپڕ بەرزبوەوە. بیلاروسیا ڤێزەی گەشتوگوزار بۆ ٧٠ دەوڵەت ئاسانکرد و نوێنەرایەتیەکانی ڕاسپارد ئەم ڕاسپاردەیە بەووردی ئەنجامبدەن. لە نێو ئەو دەوڵەتانەدا عیراق و سوریاش هەبوون. کۆمپانیاکانی گەشت کەوتنە ڕوتاندنەوە وفریودانی خەڵکی ئەم وڵاتانە و بەرزکردنەوەی نرخی ڤێزەو گەشت وهۆتیل. خەڵکانێک کە وڵاتی خۆیان وەک زیندانی هەتایی دەبینن، بەشوێن دەروازەی ئازاد بوون دا ناچاری هەموو ڕیسکێک دەبن.
“لەبەندێ بەربووم کە وتمە زیندانێ” پەندێکی کۆنە، وەلێ ئەو خەڵکە بەلێشاو کەوتنە نێو ئەم تەڵەیەوە، بێئاگا لە وەی دەبنە کەرەستەی جەنگی نێوان ( روسیا-بیلاروسیا)- (یەکێتی ئەوروپا). بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیایی بیلاروسیا سنوری بەدەوڵەتەکانی پۆلەند ، لیتوانیا، لیتلاندو ئۆکرانیا ، توانی بە شێوەیەکی کارامە ئەم کارتی گوشارە بەگەڕ بخات ولەماوەیەکی یەکجار کورتدا “ئەزمەی پەنابەران” بکاتە گرنگترین پرسی رۆژ. لە تەواوی میدیاکاندا بەدەیان زمان وبەڕاستەوخۆیی وبە ناچارکردنیان بە دروستکردنی دیواری کۆنکریتی و تەلبەندی دڕکاوی و زیندانی کردنی پەنابەران لە کەمپە سەربازییەکان و ڕەوقبونەوە ولەبرسا مردن و ژەهراوی بوونیان. ( بەپێی ئامارەکان تائێستا لانی کەم ١٣ کەس مردوون، لە نێویاندا یەک کەس لە عێراقیەکان لە ژێر ئەشکەنجەدا لە سنوری دیپۆرتی لیتوانیا-بیلاروسیا) گیانی لەدەستداوە. ئەم سکانداڵ وئابڕوچوونەی ئەوروپا، ئەو مامەڵە نائینسانی و هۆڤیەیان، هەموو ئەو ڕەخنانەی پوچەڵکردەوە کە دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپا لە ( ئەندریا لۆکاشینکۆ – سەرۆکی دەوڵەتی بیلاروسیا )،لە مەڕ مافەکانی مرۆڤ وزیندانی و سەرکوتی ئۆپۆزسیۆن و رفاندنی رۆژنامەنوسان، دەیانگرت.
عێراق-بیلاروسیا، عێراق- یەکێتی ئەروپا
پاسەپۆرتی عێراقی لە ریزی خراپترین پاسەپۆرتەکانی جیهانە، باندە قاچاخچیە عێراقیەکان بەبازرگانی بە مرۆڤەوە لە لیهاتووترین باندەکانی جیهانن. بیلاروسیا ئەم دەرفەتەی بە شێوەیەکی فەرمی ڕەخساند. داواکاری ڤێزەی گەشت بوو بە بازرگانیەکی پڕ قازانج بۆ ڕوتاندنەوەی ” هاوڵاتیانی عێراقی”. کۆمپانیاکانی گەشت کە خاوەنەکانیان بە هەزار داو بە میلیشیا ودامەزراوەکانی دەوڵەتی عیراق بەستراونەتەوە، گۆڕییان بە پیشەسازییەکی خێرایی سود لەسەر هیوای ڕزگاری بۆ ئەوروپا. لە گێڕانەوەی تەواوی ئەو کەسانەی ڤیزەیان وەرگرتووە و لە ڕێگای فەرمی فرۆکەخانەکانی هەولێر، بەغدا، بەیروت، دوبەی، دیمەشق، تاران وئەستەنبول.. بۆ مینسک گەشتیان کردووە کە پێیانڕاگەیاندوون ئەوان بە ئاسانی بە پاس و بەتەکسی دەتوانن بە پۆلەند یان لیتوانیا بگەن و ڕزگاریان بێت و لەوێوە بەرەو ئەڵمانیاو ..یانی هەموو بەشداری ئەم پلانە قێزەونە ئاگادارو سودمەند بوونە. بە بیلاروسیا( کە ئامانجی بەکارهێنانی عێراقیەکانە وەک سوتەمەنی جەنگی لەدژی ئەوروپا)، وە دەولەتی عێراق و کۆمپانیاکانی گەشت( وەک نێچییری چەور بۆ بازرگانی وسەوداو مامەڵە بە گیانی هاوڵاتیانی خۆیانەوە).
وەزیری نێوخۆیی لیتوانیا ووتی” ئەمە کۆچ نیە، ئەمە جەنگێکی تەواوە لە دژی وڵاتەکەمان” ،پەرلەمانی لیتوانیا’ کۆبوەوە، وەیزی دەرەوەی گەیشتە بە غدا ولەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبوەوە. لیتوانیا کە ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە وناتۆیە و بایەخێکی گرنگی لە کێشەی بیلاروسیا-یەکێتی ئەوروپا هەیە ، یەکێتی ئەوروپا بەتەواوی پشتگیری سیاسەتەکانی کرد بۆ کێشەی پەنابەران ( دیپۆرتکردنەوەیان،تۆقندنی پەنابەران و زیندانی کردنیان و دروستکردنی دیواری چەمەنتۆ و تەلەبەند لەگەڵ بیلاروسیا)، وە بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان وەزیری دەرەوەی عێراقی بۆ بروکسل بانگهێشت کرد، وەزیری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جوزیب بۆریلی کۆبوەوە. پێگەی یەکێتی ئەروپا لەلای عێراق زۆر بە هێزترە لە بیلاروسیا، لەو دەمەوە ئیدی وەرگرتنی ڤێزەی گەشتیاری نرخەکەی فڕی و زۆر بەرتەسککراوەتەوە. وە بەدوای ئەوەدا “مەسرور بارزانی-سەرۆکی حکومەتی هەرێم” لەگەڵ کۆنسڵەییەی بیلاروسیا لە کوردستان لە مەڕ ئەم کێشەیەوە دانیشتن و کەمکردنەوەی ڤێزاو نارەحەتی یەکیتی ئەوروپای گەیاند. پاشان بەتەواوی کۆنسلەیەو سەفارەتەکانی بیلاروسیا لە عێراق داخران. گوشارەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر هێڵە ئاسمانیەکانی تورکش ئەیر وەیی و بیلاڤیای بیلاروسی و جان ڤینگی سوری زیاتر بوو. تورکیا بریاری دا هیچ هاولاتیەکی عیراقی وسوری و یەمەنی بۆ مینسک نەگوازێتەوە.
بەکارهێنانی دۆزێکی ئینسانی بۆ نامرۆڤانەترین شێوازی سیاسەت
هەزاران پەنابەر( نزیکەی ٨ هەزار کە زۆربەیان کوردی عێراقین)، لە نێو زیندان، کەمپە سەربازییەکان، کەمترین خزمەتگوزاری( لیتوانیا) لە خۆپیشاندانی نێو کەمپەکاندا سەگیان تێبەرداون وبەکێبل لێیان داون. یان لە نێو گەورەترین جەنگەڵستانی ئەوروپا وپلەی ژێر سفرو ئاوی پیس وبەبرسیەتی لەسنوری بیلاروسیا -پولەن گیریان خواردووە. لە م ماوەیە دا بەپێی ڕاگەیاندنی زمانی سەر سنوری پۆلن-بیلاروسیا تەنها لەم سنورەوە ٢٥٠٠ جار پەنابەران چ بەتاک و چ بەکۆ گیانبازی پەڕینەوەیان کردووە. بەڵام پۆلەند دۆخی نائاسایی بە قوڵایی ٣ کیلۆمەتر و بەدرێژایی سنوور ڕاگەیاندووە. هیچ کارمەندێکی فریاگوزاری، هیچ رۆژنامەنوسێک، هیچ خۆبەخشێکی یارمەتیدەری پەنابەران بۆیان نیە نزیکببنەوە لەو ناوچەیە و بەتازەیی بۆ ماوەی سێ مانگ درێژ کرایەوە. تاک و تەرا نەبێت، هەموو جارەکان بە شێوەیەکی زۆر تراژیدیایی گەڕێنراونەتەوە. لە خۆپیشاندان وشاڵاوی پەنابەراندا، تەقەیی هەوایی کراوە، کۆپتەر هەڵساوە، گازی فرمێسک ڕێژ بەکارهێنراوە. سواری زیلی سەربازی کراون و گەڕێنراونەتەوە، تایەی ئەمبولانسەکانی دکتۆرەکانیان پەنجەر کردووە بۆ ئەوەی بە فریای نەخؤشەکان نەکەون، زیندانی ئەو کەسانەیان کردووە کە یارمەتی پەنابەران دەدەن. گروپە ڕاستڕەوە تاوانبارەکان هێرشدەکەنە سەر گروپە فریاگوزارییەکان و پەنابەران. سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا و پۆلەندو لیتوانیا پێداگری لەسەر ئەم هەنگاوەیان کە هەر رۆژەی شەرمەزارییەکە بۆ ئەوروپا دەکەن. ئەوە زیاتر لە ٢٠ رۆژە سنورەکان بە هێنانی هێزی سەربازی وپۆلیس کە زیاتر لە ١٥ هەزار دەبێت داخستووە.
کێشمەکێشەکان وهەوڵە دبلۆماسیەکان
بەکارهێنانی پەنابەران وەک وەرەقەی جەنگی، پێشتر ئەردۆگان بەکاریهێنا. لۆکاشینکۆی سەرۆک وەزیرانی بیلاروس، بە پێکردنی چرای سەوز لە لایەن پۆتین ەوە،وەک پەرچەکردارێکی بەرگریکردن بوو. یەکێتی ئەوروپا بەبریاردانی رۆژی ١٥.١١ ئەمە ٥ جارە کە گەمارۆ لەسەر رژێم وکەسە نزیک و کۆمپانیاکان دەدەن. بەهۆی هەڵکەوتەی جیۆ-ئیکۆنۆمی و جیۆ سیاسی بیلاروسیا و سنوری بە چەند دەوڵەتێکی یەکێتی ئەوروپا وئەندامانی ناتۆ لەلایەک و روسیا لەلایەکی ترەوە، ئەم تەشەنوجە تا ئەم ڕادەیە گەشەی سەند. دەرگاکانی پشتەوەی ئەم هەوڵە بە پەیوەندی میرکل- پۆتین و ماکرۆن -پۆتین، بە لێدوانەکانی لۆکاشینکۆ دەریدەخەن کە ئامادەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆن. ئەمەش هەموو مەبەستی بیلاروسیا بوو. کارە سات لەوەدایە ، ئەو پەنابەرانە بەناچاری بوون بە قوربانی ئەم یارییە قێزەونە. چەند ئەم حەبلە بێتوبچێت، لەسەر ژیانی ئەو جەند هەزار کەسە کاریگەری دادەنێت.
دەوڵەتی عێراق، حکومەتی هەرێم، پەنابەرانی سەر سنوور
نابودترین دەوڵەت، بێپەرستیارترین دەوڵەت، دەوڵەتی عێراق بوو.عێراق، لەپێشدا وەعد بوو کەس وەرنەگرێتەوە، بەڵام خەت وڤیزای ڕاگرت، کۆنسلیە وسەفارەی بیلاروسیای داخست، فرۆکەی نارد بۆ هێنانەوەی پەنابەران.
حکومەتی هەرێم و میدیاکان ومەسرور بارزانی و سەرکردایەتی پارتی و نوێنەرایەتیەکانیان. کەمپینێکی گەورەی درۆیان لە دژی پەنابەران بەڕێوەبرد. ” کۆچبەران لە ژێر گوشاردا کوردستانیان جێنەهێشتووە” ، ” هیچ کەسێک لە هەرێمی کوردستان لەبەر کێشەی سیاسی وئازادیی کەسی ناچار نەبووە گەشت بکات/ ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێم ١٤.١١.٢٠٢١ ئینگا رۆگ، ژنە ژورنالیستی رۆژنامەی ئین زیت زیت ، هەر لە نێو جەرگەی هەولێرەوە، هەر هەمان ڕۆژی ڕاگەیاندنەکەی ئەنجومەنی ئاسایش دەنوسێت( پارتی دەسەڵاتدار، بەهۆی گەندەڵی، قۆرخی ئابووری، ڕەعیەتکاری” کلینەتالیزم” و دواکەوتووییەوە لەئەزمەیەکی سیاسی دەسەڵاتدارە تیدایە). (خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان، بەبێ هیچ ڕیفۆرمێک بەدەستبهێنن، سەرکوتکرا، لەهەولێر دەیان چالاکوانی سیاسی لەژێر بەهانەی پشتیوانی تیرۆردا زیندانی کراون). وە دەنوسێت ( یەکێتی ئەوروپا لە ٢٠٠٣ بەدواوە زیاتر لەیەک ملیارد ئۆیرۆی داوەتە عێراق کەبەشی زۆری بۆ کوردستان بووە، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک لە مینتالیتی پارتی دەسەڵاتدار نەبووە…یەکیتی ئەوروپا پێویستە ڕەیلی کارەکانی خۆی لە کوردستان بیرلێبکاتەوە..)
هەر ئاڵۆگۆڕێکی کۆمەڵایەتی وسیاسی لە کۆمەڵگای کوردستاندا، پارتی بە کێشەی مانەوەی خۆی تێدەگات. هەر چالاکیەکی سیاسی وفکری، هەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەک، وەک پلانی دوژمنان و کردەوەی تێکدەرانەوە و ئامانجی شێواندنی ئارامی کوردستان پێناسەی دەکات و تیۆری پیلانگێڕی بۆ هەموو ناڕەزایەتی یەک دادەڕێژێت. تەنها زمانی تۆقاندن و زیندانی و تیرۆریان کڕین وملکەچپێکردن و سڕینەوە بەکاردەهێنن.
مامەڵەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەم کێشەیە ئاوێنەی ئەم ناپەرپرسیارەتیە بوو. ئیهانەتکردن بەکەسایەتیان، درۆکردن بەدەمیانەوە، ناساندنیان وەک فریوخواردوو، کەمکردنەوەی کێشەکانیان وهەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی خودی کێشەکە و شکاندنەوەی بەسەر خەڵکی تردا و بچوکردنەوەی بۆ مەرامی چەند قازانجی چەند قاچاخچیەک. تەنانەت نەیانکرد وەک بانگەشەی هەڵبژاردن ، دوو بەتانی و چادرێک بنێرن.
بەڵام بەتەواوی چوونە پشت سیاسەتی دژە ئینسانی پۆلەندو لیتوانیاو گوێیان لەهاواری پەنابەران کەڕکرد.
پێدەچێت، سەرەتای کێشەکە لێرەوە دەستپێبکات. شکۆو نێوبانگی دەسەڵاتدارانی هەرێم نەک لەکەدار بووە، بەڵکە ڕێک وەک دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە خەڵک لەبەرامبەری ڕاپەڕیون. لەدەستیان هەڵدێت.

وێنەکان بەکامیرای ئاسۆی ژیاندۆست و ڕەگەز کەمال و چەند سایتێکی فەیس بووک

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: