یەكەم كاروانی كۆچبەران گەیشتەوە هەولێر.. “بەزۆر ناردیانینەوە”

كەمێك لەمەوبەر یەكەم كاروانی كۆچبەرانی عێراق لە پایتەختی بێلاڕوسیاوە گەیشتەوە فڕۆكەخانەی هەولێر كە ژمارەیان 431 كۆچبەرەو بەپێی قسەی وتەبێژی حكومەتی هەرێم نزیكەی لەسەدا 95یان خەڵكی هەرێمی كوردستانن. یەكێك لەو كۆچبەرانە لە فڕۆكەخانەی هەولێر رایگەیاند، بەزۆر ناردیانینەوە.

ئاوێنە: یەكێک لەو کۆچبەرە كوردانەی كە ئەمشەوی پێنجشەممە گەیشتەوە هەرێم، لە فڕۆكەخانەی هەولێر بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند”دۆخی خەڵک لەوێ زۆر خراپە و لەوێ هەندێکجار گەڵا و گیامان خواردوەو ئەوەشی دەوترێت هاوکاری کۆچبەران کراوە درۆیە، خەڵک هەبوە منداڵەکەی جێهێشتوە.”

ئەو كۆچبەر وتیشی، “زۆرینەی ئەو کەسانەی لەوێن، تا گەیشتونەتە ئەوێ چوار هەزار دۆلار واتە 40 وەرەقەیان خەرج کردوە، جگە لەوەی لەوێ خەرجیان کردوە.”

سەبارەت بە هۆکاری کۆچکردنیان، ئەو کۆچبەرە ئاماژەی بەوەکرد، “هەمو کەس دەزانێت ئێمە بۆچی ڕۆشتین پێویست بە پرسیاری ئەوە ناکات، من ناتوانم لێرە هەمو شتێک بڵێم، چونکە لەو کەسانە پیاوتر نیم کە بەهۆی ڕەخنەگرتنەوە کوژران.”

هەروەها یەکێکی دیکە لە کۆچبەرەکان بە رۆژنامەنوسانی وت”دۆخمان زۆر خراپ بوەو من زیاتر لە 60 وەرەقەم خەرج کردوە.”

كۆچبەرێكی دیكە ئاماژەی بەوەدا كە بە زۆر ناردیانینەوە بۆ ئێرە و لە هۆتێل دەریان کردین، خۆمان نەماندەویست بێینەوە.”

یەکێکی دیکە لە کۆچبەرەکان وتی”ئێمە خێزانێکی هەشت کەسی بوین و 270 وەرەقەمان دا تا گەیشتینە بیلاڕوس.”

كۆچبەرێكی منداڵ، كە دەیوت بیری باوكم دەكەم، لەوەڵامی رۆژنامەنوساندا بەوەی كە ئایا خۆشحاڵە گەڕاوەتەوە ئێرە، وتی”نا.”

بەڵام کۆچبەرێکی دیکە کە لەگەڵ هاوسەرەکەی لە بیلاڕوسیا بون، وتی”زۆر دڵخۆشم کە گەڕاومەتەوە، ئەوەی ناوی مرۆڤایەتی بێت لەوێ نەمانبینی، وەک دەڵێن، دەنگی دەهۆڵ لە دور خۆشە، لەوێ وەک تۆپمان لێ هاتبو، پۆلیسی پۆڵەندا تێیانهەڵدەدەیان بۆ دواوە و پۆلیسی بیلاڕوسیاش تێیانهەڵدەداین بۆ پێشەوە.”

سەرچاوە: دەقی هەواڵەکە لە وێبسایتی ئاوێنە وەرگیراوە

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: