خۆپیشاندانەكەی شیلادزێ چۆن رویدا؟

راپۆرتی: محەمەد رەئوف
بۆردومانە بەردەوامەكانی سوپای توركیا بۆسەر گوندنشینانی هەرێمی كوردستان و شەهیدكردن و برینداركردنی هاوڵاتیان، ناڕەزایی زۆری لێكەوتوەتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە ژمارەیەكی زۆری بارەگاو بنكەی سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا هەن، خۆپیشاندانەكەی شیلادزێ رق و توڕەیی پەنگخواردووی هاوڵاتیانی ناوچەكەیە لەبەرامبەر بۆردومانە بەردەوامەكانی سوپای توركیا و شەهیدكردنی هاوڵاتیانی مەدەنی هەرێمی كوردستان.

خۆپیشاندانەكەی شیلادزێ
رۆژی 23ی ئەم مانگە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە دوو بۆردومانی جیاوازادا لە گەلی رەشاڤە ( كەمەری ئامێدی) لە ناحیەی دیرەلوكی سەربە قەزای ئامێدی شەش هاوڵاتی ناوچەكەیانكردە قوربانی.
ئەو شەش هاولاتیە كە بەمەبەستی راوە ماسی چوبونە ئەو ناوچەیە ( كە ئەو ناوچەیە چۆڵە لە نێوان دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم و پەكەكەدا) لەو بۆردومانەدا چواریان شەهید بوون و دوانیشیان برینداربوونەو گەریلاكانی پەكەكە لە ناوچەكەا بردویانەتە لای خۆیان ، رۆژی رابردوو تەرمی دوو هاوڵاتیان هێنایەوە بۆ ناحیەی دێرەلوك و بەخاك سپێردران، ئەمڕۆش تەرمی دوو هاوڵاتی تریان هێنایەوە بۆ ناحیەی شیلادزێ بەخاك سپێردران.

لەكاتی مەراسیمی ناشتنەكەیاندا ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی ناوچەكە بەشداریانكردوو كەس و كاری قوربانیان و هەردوولا ئەوانەی دێرەلوكیش بەشداربوون تیایداو نارەزایی زۆر درووست بوو لەدوای ناشتنی تەرمەكانیان، گەنجانی ناوچەكە بە خۆپیشاندان بەرەو بنكەی سەربازی ( سیرێ) كە لە كۆمەڵگەی سیرێیە بەڕێكەوتن ، دوای ئەوەی سەربازانی ناو بنكە سەربازیەكە تەقە بەسەر خۆپیشاندەراندا دەكەن، خۆپیشاندەران زیاتر بەرەو پێش دەچن و تا دەچنە ناو بنكەكەوەو تەواوی كەل و پەلی سەربازی ناو بكە سەربازییەكەی توركیا دەسوتێنن و سەربازەكانی توركیاش بنكەكە چۆڵ دەكەن و دەكشێنەوە، بەهۆی ئەو خۆپیشاندانەوە 7 هاوڵاتی برینداربوون و خۆپیشاندەرێكیش شەهیدبوو بەناوی ( حسێن رێکان بەنستانی )رێکانی .
بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی ناڕەزایەتییەكانی باشوور كە لە ساڵی 2015 بڵاویانكردوەتەوە، بنكەی ( سیرێ ) كە كۆنترین بنكەی سەربازی توركیایە لە دوای بنكەی سەربازی بامەڕنێ كە ، (٧٥) سەرباز، (٦) تانك، سێ دۆشكا، (٦) هاوەن، (٤) زرێپۆش لەو بنكەیەدا هەیە.

مێژووی بنكە سەربازیەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان
رێككەوتنی نێوان توركیا و عێراق بۆ بەزاندنی سنوری یەكدی نوێ نیە و مێژووەكەی بۆ سەردەمی رژێمی بەعس دەگەڕێتەوە بەو پێیەی عێراق و توركیا لە ساڵی 1982 دا رێكەوتنێكیان ئیمزاكردووە كە بۆ پاراستنی ئەمنیەت و ئاساییشی وڵاتەكانیان ئەتوانن 20 كیلۆمەتر سنوری خاكی یەكدی ببڕن بەتایبەتیش دژ بە گروپە چەكداریەكانی نەیاریان بەتایبەتیش پەكەكە، ئەم رێكەوتنەی 1982 لە ساڵی 2007 لەسەردەمی هۆشیار زێباری وەزیری ئەوكاتی دەرەوەی عێراق نوێكرایەوە بەڵام بەزاندنی سنوری یەكتریان لە 20 كیلۆمەتر زیادكرد بۆ 25 كم، ئەمیش زیاتر لەسەر رەزامەندی توركیا بوو، بۆ ئەوەی بتوانێت دژ بە پارتی كرێكارانی كوردستان سنوری عێراق و باشوری كوردستان ببەزێنێت.
بەڵام حكومەتی توركیا بە سودوەرگرتن لە دۆستایەتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتیش لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ توانی بەتەواوی هەژمونی خۆی لە هەرێمی كوردستان فراونبكات و سنوری عێراق ببەزێنێت بە فیعلی بنكە و بارەگای سەربازی و هەواڵگری بكاتەوە، ئەوەبوو لەدوای 1995 ەوە لە چوارچێوەی ( PMF ) هێزی ئاشتی پارێزدا بنكە و بارەگای خۆی لە هەرێمی كوردستان كردەوە، لە دوای روداوەكانی 31ی ئابی 1996 ەوەو لە چوارچێوەی بانگهێشتنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان دژ بە هێزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بنكە سەربازیەكانی زیاتر كرد، دواتریش بەهۆی شەڕی داعشەوە بنكەی تری لە هەرێمی كوردستان كردەوە، كە ئێستا نزیكەی 18 بنكەی سەربازی و هەواڵگری توركیا لە هەرێمی كوردستاندان.

بنكە سەربازییەكانی توركیا لە باشووری كوردستان
لە باشوری كوردستان نزیكەی 18 بنكەی سەربازی و هەواڵگری ئاشكراو نهێنی توركیا لە هەرێمی كوردستاندا بوونی هەیە، نوێترنیان هاتنی هێزی سەربازی توركیا بۆ باشیك لە ساڵی 2016 بەبیانووی روبەرووبونەوەی چەكدارانی داعش و راهێنانی سەربازی لەوێ دوو بنكەی سەربازی كردۆتەوە، كە 1200 سەرباز، 50 تانك، 50 هەمەر، 15 تۆپی دوورهاوێژ و ، 50 هاوەنی بچووك و دەیان چەكی بچوكو 70 ئۆتۆمبێلی سەربازی لەو ناوچەیە جێگیركراون، لەگەڵ چەند بنكەیەكی هەواڵگری لە پارێزگای دهۆك.
بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی ناڕەزایەتییەكانی باشوور كە لە مانگی كانونی یەكەمی 2015، ژمارەی هێزەكانی ئەو وڵاتە لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا (٣٢٣٥) ئەفسەر و سەرباز و ژەندرمەی سوپای توركیایە لەگەڵ چەندین جۆر چەك و تەقەمەنی، بەپێی راپۆرتەكە توركیا (٥٨) تانك، (٢٧) زرێپۆش، (٣١) تۆپ‌و (٢٦) ھاوەن، (١٧) ئاڕبیجی‌و (١٠) دۆشكە، (٤٠) ئۆتۆمبیلی سەربازیی.
بەپێی راپۆرتەكە سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بەسەر (١٣) بنكەو بارەگای سەربازیدا لەناوچە سنورییەكانی پارێزگای دهۆك جێگیركراون، كە لەناو هەموو بنكە سەربازیەكاندا بەشی هەواڵگریان تێدایە.
1.گەورەترین بنكە و بارەگای سەربازی توركیا لەڕووی ژمارەی سەربازەوە، لە ناحیەی (كانی ماسی)یە. لەو بنكەیەدا (٥٨٠) سەرباز و (٩١) ئەفسەر و (٢٤٠) جەندرمە و (٣٤٠) هێزی لێدان هەیە.
2.گەورەترین بنكەی سەربازی توركیا لەڕووی لۆجستییەوە، سەربازگەی (بامەڕنی)یە دەكەوێتە بەرامبەر ‌ناحیەی بامەڕنی‌. لەناو ئەو بنكە سەربازییەدا گەورەترین یەكەی هەواڵگری سەر بە سوپا هەیە. هەروەها (٣٠) تانك، (٨) زرێپۆش، (٦) هاوەن، (٦) ئۆتۆمبێلی سەربازی تێدایە، جگە لەبوونی ئامێرێكی پێشكەوتووی دەنگگرتن كە بۆ كاری سیخوڕی بەكاریدە هێنن.
3.سەربازگەی باتوفا سریەیەكی تایبەتی هەواڵگری لێیە كە لە (٢٠) كەس پێكهاتووە. بنكەی سەربازی ناحیەی باتوفە گەورەترین سەربازگەی هەواڵگریە و دەكەوێتە سنوری ئیداریی قەزای زاخۆوە، (٤٠٠) سەرباز و (٦) تانك و (٢١) زرێپۆش و (١٤) ئۆتۆمبێلی سەربازیی و سێ نازووری تێدایە.
4.بنكەی سەربازی (كریبی) لە سنووری قەزای زاخۆ (٤١٤) سەرباز، (٦) تانك، (١٥) ئاڕبیجی، (٢) دۆشكە، (٦) زرێپۆش، (١١) تۆپ، (١٤) ئۆتۆمبێلی سەربازی، و چەندان چەكی سوك و مامناوەندی لێیە.
5.سەربازگەی (سینكی) (٨٠) سەرباز و تۆپێكی (١٢٠) ملمی تێدایە.
6.سەربازگەی (سیریی) لە سنووری قەزای ئامێدێیە، (٧٥) سەرباز، (٦) تانك، سێ دۆشكا، (٦) هاوەن، (٤) زرێپۆش هەیە.
7.سەربازگەی (كوبكی) لە سنووری قەزای ئامێدی. (١٣٠) سەربازی جێگیركردووە لەگەڵ دوو تانك.
8.سەربازگەی (قومری) لە ناوچەی مەتینا 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی .
9.سەربازگەی كوخی سپی 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی.
10.سەربازگەی دەرەی داواتیا لە هەفتانین 70 سەربازی تێدا جێگیر كراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی.
11.سەربازگەی (سەری زیری) (٦٠) سەربازی جێگیركردووە.
12.سەربازگەی گەلی زاخۆ (34) سەربازی جێگیركردووە.
13.سەربازگەی ئامێدی (٤٥) سەرباز بە تەواوی چەك و تفاقی سەربازییەوە جێگیركراون.
14. بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی قەزای ئامێدییە.
15. بارەگای دەزگای سیخوری میت لە ناوەندی ناحیەی باتوفە.
16.بارەگای دەزگای سیخوری میت لە قەزای زاخۆ لە گەڕەكی بێداری.
17.بارەگای دەزگای سیخوڕی میت لە ناوەندی قەزای دهۆك لە گەڕەكی گرێباسی.
18. بنكەی سەربازی توركیا لە باشیك.
بوونی ئەو بنكەو بارەگایانەی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان تەنها لە پێناو پاراستنی ئاسایشی توركیا و كۆكردنەوەی زانیارییە لەسەر باشوری كوردستان و بەتایبەتیش لەسەر پارتی كرێكارانی كوردستان، بونی ئەو هێزە هیچ سودێكی بە هەرێم نەگەیاندووە بە جۆرێك لە كاتی هاتنی هێرشی داعش بۆسەر هەولێر توركیا ئامادە نەبوو هێز رەوانە بكات، تەنانەت ئامادە نەبوو هێزی ئەو بنكە سەربازیانەش بەكاربهێنێت لە كاتێكدا بنكەی سەربازی بامەڕنێ فڕۆكەخانەی سەربازیە و توركیا دەیتوانی لەوێوە پەلاماری داعش بدات..

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: