کەژاڵ ئەحمەد و بیرەوەرییە دۆزەخیەکان

جەمال نوری:     

لەدەقە شعری ( بۆ دۆزەخ یادەوەریەکان) ی کەژاڵ ئەحمەدی شاعیر، گیانێکی (تەحدی) تییدا ڕەنگی داوەتەوە، بەواتایەکی ت، لە دەقی بۆ دۆزەخ یادەوەریەکان،هەست بە توڕەیی،شاعر دەکەین. واتە له‌ نێوان «تووڕه‌یی» و «نووسین»دا په‌یوه‌ندییه‌كی سه‌یر هه‌یه‌؛ هیچ نووسه‌رێكی گه‌وره‌، به‌بێ تووڕه‌یی، ناتوانێت بنووسێت؛ و به‌بێ نووسین، ناتوانێت له‌ پشت تووڕه‌یی خۆیه‌وه‌ ده‌ركه‌وێت. ڕه‌نگه‌ له‌به‌ر ئه‌مه‌ بێت كه‌ فرۆید، له‌ كتێبی «شارستانییه‌ت و نیگه‌رانییه‌كانی»دا، ده‌ڵێت شارستانییه‌ت یه‌كه‌مین جار له‌و شوێنه‌دا ده‌ستی پێكرد كه‌ مرۆڤی تووڕه‌ له‌جیاتیی به‌رد «وشه‌»ـی هاویشت. كتێبه‌كان، ئه‌رشیفی تووڕه‌ییه‌ دامركاوه‌كانی نووسه‌ره‌كانیانن. هه‌رچه‌نده‌، هه‌ندێكجار، نووسین ڕێگایه‌كه‌ بۆ پاراستنی خود له‌ تووڕه‌یی، به‌ڵام ڕێگایه‌كی باش نییه‌ بۆ دامرداندنه‌وه‌ی.
بۆ دۆزەخ یادی ئەوانەی
شێتانە خۆشمان دەویستن
ئەگەر دوێنی ڕاست بوونایە،
ئەمڕۆ بەتەنیا نەدەبووین.!!!
بۆ زبڵدان بیرەوەریی دۆنکیشۆتیانەی ئەوانەش
کە تاسەر ئێسک، شەڕیان لەگەڵدا دەکردین
خۆ ئەگەر جەنگاوەربوونایە (ئەوسا)،
ئێستا مەیدانەکەیان ئاوا چۆڵنەدەکرد !
لەدەقەشعری ( بۆدۆزەخ یادەوەریەکان)کەژاڵ، گیانێکی ( تەحدی) تێدایە.بەسادەیی دەکرێت بڵێین مرۆڤ ناتوانێت دەستبەرداری ئەوشوێنە بێت کە یادەوەرییەکانی ڕابوردووی تیایە. شوێنک کە من دەناسێت و منیش ئەو دەناسم، خەڵکەکانی دەناسم و ئەوانیش من دەناسن .کۆڵانەکانی، شەقامەکانی خوێندنگاکانی و فەرمانگەکانی و چایخانەکانی و کتێبخانەکانی و باخچەکانی و بازاڕەکانی بریتین لەو شوێنانەی بوونەتە پارچەی نەمری ناو دەروونی مرۆڤ. ڕەنگە مرۆڤ لەبەر گوشاری سیاسی و ئابووری ناچاربێت لەو شوێنەی یادەوەریەکانی بەخۆیەوە گرێی داوەتەوە بەجێی بهێڵێت، بەڵام ناتوانێت خەون بەگەڕانەوەی، نەبینێت، بەڵام ” کەژاڵ ئەحمەد ” تەواودژی ئەو بیرەوەریە دۆنکیشوەتیانە دەوەستێتەوە کەتاسەر ئێسک شەڕیان لەگەڵدا کردوین، بەواتایەکی تر لای شاعرکاتێک ییرەوەری دەبێتە یادەوەرێکی جوان کە ڕاستگۆیانە بنوسرێتەوە، ئەوجەنگاوەرانەی بیرەوەریان بەجێهێشت بۆمان جگە لە ناشرین کردنی مێژووی ئێمە هیچی تریان بەجێ نەهێشت جگە لە چاندنی تۆویی ڕق و کینە و هەڵخەڵەتاندنی یەکتری هیچی تر نەبوو. چونکە ئەوانە بە هەق جەنگاوەر نەبوون، چون “گەر جەنگاوەر بوونایە مەیدانەکەیان ئاوا چۆڵ نەدەکرد “..!
ئەم وێنانە کەرەسەیەکی ڕۆحین بۆ بەستنەوەی ئێڕۆحی شاعیر بەو دنیا جوانەی خۆیەوە، ئەو نایەوێ ئەو دنیابینیەی ناشرین بکرێ، ئەو گیانێکی ئاڵنگاری لەناخیدا چەکەرەی کردوە، کاتێک ئەو ئامادەیە یادی ئەوانە نەک هەرناکاتەوە کە ڕۆژگارێک شێتانە خۆشی ویستون بەڵکو توڕیان دەداتە ناو دۆزەخەوە، چون خۆشویستن بە شێتانە ناکرێ، خۆشویستنێک گەر لەڕێگای ئەقڵ و مەنتق گرێدراوی مەسەلە عاتیفی و ویژدانیەکان نەبێ دواجار بەرگەی مانەوەی لەدەست دەدات و مرۆڤێکی شکست بەئەنجام دەگەیەنێ.
“کەژاڵ ئەحمەد” هەموو تەماشاکردنێکی ئەو بۆ ئەو ئەلبومی یادەوەریانەی نایەوێ بۆی بگەڕێتەوە.
چون ئەگەر ئەو یادەوەریانەی دوێنێ ڕاست بونایە ئەوا ئەمڕۆ هەستی بەتەنهایی نەکرد، تەنیا بوون واتە بێ کەسی، بێ پلانی بێ ژیان دۆستی.
بابزانین شاعیر چۆن هەرسێ چەمکی شیعرو شاعیرو خۆیننەرەکەی ئاوێتەی یەکتری دەکات و موخاتەبەی هەریەکەیان دەکات لەسیاقێکدا. وەک لێرەدا ئاماژەی پێکردوە..
چی ئەکەیت شیعری مەزن
تۆ چی دەکەیت؟
کە ئەمڕۆ زۆر کەسی بچووک
خۆی بەخاوەنت دەزانێ و باست دەکات؟
لێرەدا شاعیر، ئاوها تەوزیفی “شعر “دەکات .
شعر سەر بەجیهانی هەستە باڵاکانە، کەلەڕێگای ئەقڵەوە دەست بۆ شتە نەووتراوەکان دەبات وخەریكی چارەسەری كێشەیەكی دیاریكراو نییە، بەڵكو مانیفێستكردنی دیوە شاراوەكانی کێشەکانە. لێرەوەیە کە کەسی بچوک ناتوانێ خۆی بکاتە خاوەنی شیعر.
شاعیریەت لای کەژاڵ ئەحمەد کردنی باخچەیەک، شەقامێک نییە بەناویەوە، بەڵکو شاعیر بوون بەو مانایە دێت کەلەئاست هەر ڕوداوو کردارێکی دژ بە هەستە باڵاکانی مرۆڤ ئەنجامدرا، شاعیر دەبێ یەخەی بگرێ لە هەر شوێنێک هەیە تاک بە تاکی لێ بەئاگا بێنێ، ڕێگانەدا سروشت و ژینگەو مرۆڤ بوونی لێ تێک بدەن، ڕێگا نەدا شوناس و شارستانیەتی بگەڕێننەوە بۆ چاخەکانی بەردین.
تۆ چی دەکەیت ئەی شاعیر
کە بەتەنیا
هەر ناوی شەقام و باخچەی
ئەم شارەت پێ ڕەوابینراوە؟!

بەم شێوەیەش خوێنەری شعر دەجوڵێنێ و موخاتەبەیان دەکات و دەڵێ:-
چی دەکەیت
خوێنەری شیعر
پێم ناڵێیت چی دەکەیت؟!
تۆ سەردەمێکی تار دەژیت
ڕۆح تینووی هیچ نییە.
باوەڕناکەیت ئەگەر بڵێم:
هەر ڕۆحیشی تیانییە!!
کەژاڵ، کاتێک موخاتەبەی موتەلەقی دەکات و پێیان دەڵێت سەردەمێکی تار و نوتەک دەژین کە ڕۆحیان تینوی هیچ نییە، واتە گەر ڕۆحیان تینوو بوایە، تینووی مەعریفە و زانست و ئەدەب، ئەمێستا قۆناغێکی گەشەسەندوومان دەبوو بەهۆی هوشیاری و ئیدراکی حسی و ئەقڵانی موتەلەقیەوە، لەهەمان کاتیشدا خاوەن دەقی زیندوو باڵاتر دەبوین کە شوناسی ئێمەی پێ بناسرێتەوە. ئیدی لێرەوەیە شاعیر کاتێک موخاتەبەی خوێنەری دەق دەکات دەڵێ تۆ سەردەمێکی تار دەژیت، ڕۆح تینوی هیچ نییە، باوەڕناکەیت ئەگەر بڵێم هەر ڕۆحیشی تیا نییە، واتە دەرککرنی هەستەکیانەی جوانی یە، کە ئەویش ئاگایی یە، لای خوێنەری دەق لەڕێگای خوێندنەوەوە، بەڵام لە کۆمەڵگایەک کە ژیانی تارو نوتەک بێ پیاوی پوچ ڕێگای درابێ بنوسێ ئیتر ئاگایی بۆ خوێنەرو نوسەر و داهێنانی دەق لە نوخبەیەک دایە
کەژاڵ ئەحمەد، لەم دەقەد زۆر جوان بۆ هەردوو وشەی ئەنتی یەکدی بەجورێک لەپارادۆکس ئاوێتەی یەکتری کردون. هەست بە چنینی وشەکانی دەکەی، کەپەیوەندیەکی ئۆرگانی دەیانبەستێ بەیەکەوە، وەک چەمکی (جوانی و پاکی، ڕابردوو، ئەمڕۆ، پاکی، پیسی، ڕاستی، خواری، ئێستا و ئەوسا) پانتایی دەقەکەیان داگیر کردوە-.
ئەوەی لە دەقی بۆ(جەهەنەم بیرەوەریەکان) ی کەژاڵ هەستی پێدەکەین، وەک دەنگێکی ڕاستەقینەی ژن، وەک تاکێکی بەسوودی کۆمەڵگا، تەواوی ئەو یادەوەریە دۆنکیشوەتیانە توڕ دەداتە سەرنوێلکی مێژووەوەو چی تر وەک مێژوویەکی ڕابردووش لێیان ناڕوانێ، بەڵکو ڕەوانەی دۆزەخی دەکات، تاوەکو بەهیچ جورێک ئەو مێژووانە دووبارە نەبنەوە، ڕابردویەک کەهەرچی جوانی کوشتبێ ..ڕابردوویەک ژیانی ئێمەی وەک گۆچان چەوت و خوار خێچ کردبێ، ئیدی چۆن ڕەوانەی دۆزەخیان ناکات، ئەو وەک دەنگێکی جدی شعر بەدوای کیشوەرێکی نوێ دا دەگەڕێ تاوەکو ئارامی چنگ بکەوێ، هەڵبەتە ئەو کیشوەرە لەسەر زەمین نییە، بەڵکو لەهەسارەیەکی تر و ژیانێکی تردا خەونەکانی تیا تەحقیق بکات.

٭ یەکێکە لەشیعرەکانی نێو دیوانی ( دەمکوژێنیتەوە بۆئەوەی دابگیرسێم)

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: