تکایە روو لەسێگۆشەی مەرگ مەکەن

بۆ بەهاناوەچوون و گەڕاندنەوەی ئەو عیراقیانەی (کە زۆربەیان کوردن)، لەنێوان هەرسێ وڵاتی (بیلاروسیا و لیتوانیا و پۆڵەندا) گیریانخواردووە، چەند رۆژێکە لەهەوڵی بەردەوامداین، بەڕێز (د.فوئاد حسێن) وەزيری دەرەوەی عیراق-م لێ ئاگادارکردۆتەوە (بەڵام بەداخەوە تا ئێستا وەڵامی ڤۆیسەکانی نەداومەتەوە) ، هەروەها لەگەڵ هەردوو بریکاری وەزیری دەرەوە؛ بەڕێزان (ئەحمەد بەرواری و د.صالح التميمي) قسەمکرد و پاشان نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپاشمان لەو کێشە مرۆییە ئاگادارکردەوە، ئەمشەویش لەگەڵ بەڕێز (عبدالرحمن الحسيني) باڵیۆزی عیراق لەروسیا قسەمکرد (چونکە عیراق لەبیلاروسیا باڵیۆزی نیە)، باڵیۆزی عیراق پێی راگەیاندین کە لەهەوڵدان بۆ بەهاناوەچوونیان و وەفدێکی کونسوڵگەریان ناردۆتە شاری (مینسک) بۆ ئەو مەبەستە..

لێرەوە تکام لەگەنجان و خێزانەکانی کورستان ئەوەیە؛ ئەگەرچی دەزانین و لامان روونە کە (٣٠) ساڵە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئەم وڵاتەیان وێرانکردووین و دەرفەتی ژیانیان بۆ خەڵکی بەشمەینەت نەهێشتۆتەوە و ناچار بە راکردن و کۆچی دەرەوەیان دەکەن، بەڵام زەروورە هەموو تاکێکی کورستانی ئەوە بزانێت کە رووکردنە بیلاروسیا و ئەو ناوچەیە، هەڵبژاردنی مەرگە، چونکە ئەو ناوچە سنووریانە بۆتە سێگۆشەی مەرگ و هەر کەسێک بگاتە ئەوێ دەربازبوون و گەڕاندتەوەیان زۆر قورسە و ئێستا پلەی گەرما لەوێ (١٠) پلە لەژێر سفرەوەیە.. هەمان رێگەی هاتونەهاتی دەریای ئیجەیە و غەیری پەشیمانی و مەینەتی، هیچ ئەنجامێکی نابێت..

کاوە محەمەد

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: