هەناسە وەریوەکانی ژەنەڕاڵ لەقامەتی پاییزی سەلام مستەفادا…!

 جەمال نوری:

قامەتی پاییز.. نامیلکە شیعریی شاعیر سەلام مستەفایە لەساڵی2021 دا بەیادی شاعیری جوانە مەرگ محمد عومەر عوسمانی هاوڕێی ناسراو بەژەنەڕاڵی پایز لەچاپداو بڵاوکرایەوە، سەلام مستەفای شاعیر وەک هاوڕێیەکی زۆر نزیک و هاوتەمەنی ژەنەڕاڵی پاییز لەپێشەکی نامیلکە شیعریەکەیدا بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە ئاماژە بە قەڵەمی شیعریی (محمد عومەر عوسمان) دەکات و دەڵێت:-

زۆر کەم لەشاعیرانی کورد لەسەردەمی ئەودا و دوای سەردەمی ئەویش توانیبێتیان ئەوەندە جوان بنووسن و چێژ به خوێنەر ببەخشن، بەڕاستی دیوانی لەغوربەتا تاکتێبخانەی کوردی مابێ ئەو دیوانە بەیەکێک لەجوانترین دیوانە شیعرییەکان دێێتە پێشچاو و هەرگییز بیرناچتەوە.

سەلام مستەفای شاعیر لەپێشەکی (قامەتی پاییز )بەردەوام دەبێ و دەڵێت؛- (ژەنەڕاڵی پاییز ) ئێمەی بەدنیای ئەدەبی نوێ ناساند واتە لە ساتە وەختی بڵاوکردنەوەی لەغوربەتا دەڵێ کارییگەریی تەواوی هەبووە بەسەر جیلیی خۆیی و نەوەی ئێستاشەوە، دێڕە جوانەکانی لەغوربەتا پێمان دەڵێ کەئەبێ شیعر بنوسین، لێرەوە دەپرسیین وەزیفەی شیعر چی یە …

شیعر گەشتن نییە بەمەرزوبومێكی دیاریكراو، شیعر خودی ڕێگاكەیە، کەشاعیر بەچاو بەستراویشەوە دەتوانێ بەسانایی پێیایدا ڕاگوزەر بێ، واتە وەزیفەی شیعر چارەسەری كێشەیەكی دیاریكراو ناکات، بەڵكو بە مانیفێستكردنی دیوە شاراوەكانی کێشەکانە دەستبردنە، بۆ مەسەلە حەرام ونەوتراوەکان.

ئەم جورە لە ڕاستگۆییەی سەلام مستەفای شاعیر بۆ ژەنەڕاڵی پاییز لە توانستە شیعرییەکانی و هەستە باڵانماکانی کەم ناکاتەوە، بەڵکو هێندەی تر قەدو قامەتی سەلامی شاعییر باڵاتر دەکات و ئاستی گەشەی ئەدەبی شیعر بەرز دەنرخێنێ.

هەناسە بەجێماوەکانی ژەنەڕاڵ لەقامەتی پاییزدا..

گەر بەوردی دیوانە شیعریی قامەتی پاییز بخوێنینەوە بۆمان دەردەکەوێ، سەلام مستەفا وەک شاعیرێکی نزیکی محمد عومەر عوسمان زۆر بەشێێوەیەکی وەستایانە ئەم دیوانە شیعرییەی داڕشتوە، هێندە بەشێوەیەکی شاعیرانە نوسیونی نزیک لەڕۆحی ژەنەڕاڵی پایزەوە کە هەست بکەین جورێک لە دڵنەواییەک بدات بە ئاشقانی محمد عومەر عوسمانی جوانە مەررگ کەڕێگای هەرگیز کوێر نابێ، ئەو ڕێچکەیەی گرتبویەبەر بۆ شیعر بەوفورمەی شیعر کە محمد عومەر عوسمان پێی دەنوسی، بەڵام بە خەسڵەتی نوسینی زمانی شیعری. سەلام خۆی توانیویەتی هەناسەکانی چێژو تایبەتمەندێتی لەغوربەتامان بداتێ بەدیوێکی تری تایبەت بە دنیابینیەکانی سەلام مستەفای شاعیر.. هەڵبەتە ئەو زمانەی سەلام لە دیوانی قامەتی پاییزدا پێی نوسیوە، جوان دنیابینی و ڕامان و تێفکرین و قوڵبوونەوەی ژەنەڕاڵی پاییزی باش خوێندۆتەوە تاوەکو بەزمانی شیعر پرسیاری نوێ لەناو دەقەکانی لەغوربەتا دروست بکات کە مۆرکی سەلامی شاعیری نانی پێوە بێت، ئەمەش پێمان دەڵێ نزیکی سەلام و محمد عومەر عوسمان تەنها هاونزیکی و هاوڕێ نەبووە، بەڵکو پاکبونەوەی ڕۆحی و قوڵبونەوەیان بووە لەناو ئێستاتیکای جوانی سروشت و تێفکرینیان بووە بۆ مەسەلە کەونییەکان، گەیاندونی بەم ئاستە بەرزە لەزمان و خەیاڵ و ڕوئیا بۆ دیاردەکانی دەوروبەریان. بەڵام هەریەکەیان بەدوو ئاڕاستەی جودا لەیەک، بەڵام لە فۆرمە گشتییەکەی شیعردا هاوتەریب بەیەک دەنوسن وەک لێرەدا سەلام مستەفا وەها دەدوێ:-

ئەمڕۆ هەنگاوێک لەڕۆژان زیاتر

گەر بەهەستی خۆی هەڵبنێتەوە

بەگوللەی شێتی ناوی لێئەنێن

ئاخر کەی شێت (با) ئەخوێنێتەوە

سەلام مستەفا، زۆر وەستایانە هاتوە لەناو دێڕە شیعرەکانی دیوانی لەغوربەتا بەشێوەیەکی هونەرییانە کاریکردوە و تاسەر ئێسقان بەرگری لە هاوڕێ شاعیرەکەی دەکات کە لە کۆپلە شیعرێکیدا محمەد عومەر عوسمان دەڵێ:

خەڵکی بەشێتم دەدەنە قەڵەم

نازانن کە (من ) با دەخوێنمەوە

سەلام هاوڕێ شاعیرەکەی باش دەناسێ و عومرێکە هاو ڕێگاو هاونووسین و هاو ڕوئیای جوان بوون بۆ ئەدەبی شیعر، سەلام وەک ڕەقیبێکی زیندوو هاتوە بەنێو دێڕە شیعرەکانی لەغوربەتای محمد عومەر عوسماندا ئۆپراسێونێک سازدەکات و بە زمانی شیعریی وەڵامی ئەو بێ دادیی و ئەو بێ ویژدانییانە دەداتەوەو ڕاپێچی دادگای ئەدەبیان دەکاتەوە، کە ئیدی نەتوانرێ سەرچاوەی ڕوونی شیعری تەڵخ و لێڵ بکەن، کاتێک سەلام دەڵێ ئاخر کەی شێت با ئەخوێنێتەوە، ئەوە وەڵامێکە بۆ ئەوانەی لە قۆناغێک لەقۆناغەکانی نوسینی شیعری محمد عومەر عوسماندا، ناهەقیان دەرهەقی دەکرد و سەریان لەدنیا بینیەکانی ژەنەڕاڵی پاییز دەرنەدەکرد لەتاوانا ڕەقیان بەسەردا دەزراندو هەوڵیان دەدا لەبەهاو ماهیەتی و جوانی دەقەکانی لەغوربەتا کەم بکەنەوە، بەڵام دواجار هەر زمانی شیعرو ڕوئیاو فەلسەفەی جوانی شیعر لەهەموو قۆناغەکانی ژیاندا سەرکەوت و ئەوانەی دژایەتیان دەکردن مایە پووچ دەرچون، ئەوەتا سەلام مستەفا لەخۆڕا ناڵێ ئاخر کەی شێت با ئەخوێنێتەوە.؟

بەڕاستی سەلام مستەفا بە نوسینی ئەم دیوانەی سەلماندی کە ئاستی شاعیرێتی بەرەو بەرزی هەڵدەکشێ ، هەڵبەتە کاتێک ئەم دەستەواژەیە بەکاردەهێنم مەبەستم گەورەکردنی خودی سەلامی شاعیر نییە، بەڵکو مەبەستم زمانە شیعریەکەی سەلام مستەفایە لەم دیوانە تازەیەیدا، هەندێک جار لەشاعیرانمان کاتێک دەیانەوێ چوارینەیەک بنوسن دەکەونە ژێر کاریگەرێتی شاعیرانی کلاسیکەوە، بەتایبەت لە تەخمیسی شیعریەکاندا کە دەنوسرێن، بەڵام ئەوەی سەرنج بدات لە دێڕە شیعرەکانی دیوانی قامەتی پایزی سەلام مستەفا ئاستی ووردیی و توانایی سەلام مستەفای بۆ دەردەکەوێ لە نوسینی شیعرەکانیدا لەم دیوانەدا، چون سەلام نەهاتوە ئیش لە ناو چوارینەکانی پێشووی لەغوربەتادا بکات و تەکمیلەیان بکات. بەڵکو ئەوەی مایەی ڕامانە بۆ خوێنەران و ڕەخنەگڕان ئەوەیە سەلا مستەفا لەناو دێ بەدێی لەغوربەتادا بەئاڕاستەیەکی دژ کاریکردوە کەلەیەک کاتدا پرسیاری نوێ بوروژێنێ و وەڵامێکی نوێ ببەخشێ بە موتەلەقی کاتێک لەدیوانی لەغوربەتا بۆتەوەو بەقامەتی پاییزی سەلام مستەفا دەگات.

وەک لێرەدا سەلام مستەفا ئاوها دەنوسێ:

ئەوەرێ گەڵای ناو دڵی پاییز

ئەوەرێ خەمی ناو پەلکەکانی

شاعیرێ کاتێ بەخۆی دەزانێ

گشتیان ئەستێرەن بۆ (شان)ەکانی

بەدروستی سەلام جوان دایڕیشتوە بەبێ ئەوەی بچێتەوە سەر هەناسەو فۆرم و خەسڵەتی دێڕە شیعرەکانی لەغوربەتا، بەڵکو سەلام مستەفا کاتێک بەناو لەغوربەتادا دێتە دەرەوە بەزمانی خۆی بە ماناو فۆرم و تێگەیشتنی خۆی وەڵام بەدێڕە شیعرەکانی لەغوربەتا دەداتەوە کە مۆرکی تایبەتی سەلامی پێوەبێ، بەڵام لەیەک ئەتمۆسڤیری دنیابینین بۆ پاییزکە محمد عومەر عوسمان لەدیوانی لەغوربەتا لەشیعری منم (ژەنەڕاڵی پایز ) ئاوها ی ووتوە :-

منم ژەنەڕاڵی پاییز

ئەستێرەکانی سەر شانم

چەند گەڵایەک بەڕەنگی زیوو

سەلام مستەفای شاعیر بەم دیوانە شییعریە تازەیەی بەناو قامەتی پایزدا بۆی سەلماندیین کە شیعر حیکایەتی گێڕانەوەی سەربوردەی هاوڕێ شاعیرەکەی نییە، هێندەی ئەوەی گەڕان و کەشڤکردن و دۆزینەوەی شێوازو قاڵبوونەوەی دنیای نوسینە لە فۆرمی زمانی تایبەت بەخۆی کە پرسیاری نوێ و وەڵامی ترمان دەداتێ، بە ژارەیەک کۆدو هێمای نوێەوە (قامەتی پاییز)ی سەلام مستەفا، ئیشکردنێکی ئێستیکایانەی زمانی شیعرە لەفۆرمێکدا کە پرسیارو دەلالەتی نوڕ دەهێنێتە ئاراوە کە مەدوێکمان دەداتێ جیاواز لە فۆرمە گشتیەکەی لەغوربەتا، بەڵام شوێن هەڵگری هاو ڕێگای تەمەنە شیعریەکەی. لێرەدا، هێزی خێرایی هەڵچوونە راستەوخۆکانی زمانی شیعری لە قامەتی پاییزدا جوڵەیەکی بەخشیوە بەدەقەکان و به موتەلەقی.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: