شکست هێنان بەم هەڵبژاردنە ئەرکی جەماوەری ناڕازیە

عوسمان حاجی مارف:    

ڕێژەی جیاوازی هەڵبژاردنی ئەم جارەی عێراق لە درێژەی تەواوی هەڵبژاردنەکانی پێشوتردا پێویستە بیناسینەوە و لێکی بدەینەوەو بەهەند وەریبگیرین و بزانین کاردانەوەمان چۆن دەبێت، چونکە واوەترە لەوەی بە بایکۆت و نەچون بۆ دەنگدان مامەڵەی بکەین، ئەم هەڵبژاردنە پێش وەخت بێت یا لەکاتی خۆیدا بێت، لە دۆخێکی نالەبارو نەگونجاوی وەهادا خراوەتە بەردەم خەڵکی عێراق، کە ئاسۆی سەقامگیری سیاسی لە سایەی دەسەڵاتی هێزە میلیشیا ئیسلامی و قەومی تائفیەکاندا بۆتە حاڵەتێکی مەحاڵ، کە لەهەر سەرێکەوە جگە لە ڕاماڵینی دەسەڵات و هێزە میلیشیاکان هەر مامەڵەیەکی دیکە لەگەڵ ئەم هەڵبژاردنە بکرێت، قوڵبونەوەی ناجێگیری و گێژاوی سیاسی چڕتر دەکاتەوەو ئەگەری کارەساتی زیاتر دەخاتە سەر ژیانی دانیشتوانی عێراق و ئایندەیەکی مەترسیداتر بەرەوڕووی چارەنوسی کوردستانیش دەکاتەوە.
ئەم هەڵبژاردنە پێش وەختە بەدوای ئاڵوگۆرێک لە هەلومەرجی سیاسی خراوەتە سەر شانۆی سیاسی لە عێراقدا کە، یەکەم: ڕاپەرین و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، لە مەیدانی ئازادی بەغدا و شارەکانی خواروی عێراق، ڕاتەکاندن و گورزێکی وەها گەورە بو لە ئەزمونی دەسەڵاتی سیاسی تەوافقی نێوان ئەو هێزە میلیشیا ئیسلامی و تائفی و قەومیانە، کە نەتوانن بە ئاسانی پشتیان ڕاست کەنەوەو جارێکی تر ناتوانن بە هەمان شێوازی کێشمەکێش و پێگەو مەوقعیەتی سیاسیان حکومەتێکی تەوافق، کە دڵخوازی تەواوی لایەنەکانی دەسەڵات و هاوسەنگی هێزەکانیان بێت پێکبهێننەوە، لەم دۆخەدا نەک قڵشتێکی گەورە کەوتۆتە نێوان ئەو دەسەڵاتەو جەماوەری ناڕازی، بەڵکو ئاکامی جێکەوتنی ئاراستەی ئەو ناڕەزایەتیە لەلایەک بە خواستی پێداگری تەواو لەسەر کۆتایی هێنان بەو دەسەڵاتە و لەلایەکی ترەوە پەرچەکرداری دەسەڵات بە کوشتاری ڕیزێکی بەرین لە خەڵکی ناڕازی، دوژمنایەتی نێوان خەڵک و دەسەڵاتی کردۆتە زامێكی وەها گەورە هیچ جۆرە تیمارێک ساڕێژی ناکات، جگە لە کۆتایی هێنان و ڕامالێن و “ئیرحەل” ڕێگاو چارەیەکی تر بۆ خەڵکی ناڕازی نەماوەتەوە.
دووەم: ئاڵوگۆڕی سیاسی لە چۆنیەتی پاشەکشەو شکستی دەوڵەتی ئەمریکا بەگشتی لە ناوچەکەداو کێشمەکێشی ئەمریکا لەبەرامبەر دەخالەتی کۆماری ئیسلامی لەناوچەکەو عێراقدا، یا بونی دەورانێکی جیاواز لە هەوڵدان بۆ ڕێکخستنەوەی دەسەڵاتیکی سیاسی لە عێراقدا، کە نادیارە لە چوارچێوەی دەخالەتی ووڵاتان و بودەڵی هێزە میلیشیاکانی عێراق ئاخۆ دەبێت پێکهاتەی ئەو دەسەڵاتە چۆن یەکلایی کرێتەوەو بە قازانجی کام هێزی میلیشیا دەبێت؟.
سێیەم: نەبونی هێزێکی باڵادەست و بەتواناو یەکلایی کەرەوە لە پێکهێنانی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا، تا ئیمکانی ئەوەی هەبێت هێژمۆنی مەرکەزیەت لە عێراقدا جێ بخات، لەڕێگەی هەڵبژاردن بێت یا کودەتاو شەڕی ناوخۆ لە ئێستادا هیچ هێزێک نیە لەتوانایدا بێت یەکپارچەیی و مەرکەزیەت بەرگری لێبکات، یان جێگای متمانەی تەواوی ئەمریکاو ووڵاتانی تری دەخالەتگەر بێت لە عێراقدا.
گەر پێناسەی هەڵبژاردنەکانی پێشوی عێراق و کوردستان لە ژێر ناوی ئەزمونی پرۆسەی دیمکراتیدا وێنایەکی کاریکاتۆریان پێ نیشاندابین و جۆرێک شەرعیەتی دەسەڵاتی میلیشیایی خۆیان بە هەڵبژاردن و چەواشەکاری و ساختە یەكلایی دەکردەوە، ئەم هەڵبژاردنە پێش وەخەتەی ئێستا زیاتر لە کاریکاتۆرو گاڵتەجاری و ساختەکاری چەندین هەنگاوی بۆ دواوەوە ناوە، ئەو هێزە میلیشیا ئیسلامی و تائفی و قەومیانە لە هەوڵی ئەوەدان لەڕێگای سیناریۆی هەڵبژاردنەوە ڕێگایەک بۆ دەربازبون لەو قەیرانە قوڵەی دەرگیری بون بدۆزنەوە، ئەو قەیرانەی کە ناتوانن بەهەڵبژاردن یان بە هێزی چەکدارو لەشکرکێشی دەسەڵاتی سیاسیان رێکخەنەوە، دەیانەوێت و لەهەوڵی بێ هودەی ئەوەدان بەهەر قیمەت جارێکی تر دەسەڵاتی سیاسی لە بەرامبەر جەماوەری ناڕازیدا رێک خەنەوە، بەڵام بێ ئەوەی ئاسۆیەکی ڕۆشن لەسەر چارەسەر بۆ قەیرانی دەسەڵات و چارەنوسی سیاسی لە عێراقدا لە ئاراد بێت، جگە لە چاوەروانیان بۆ پێشهات و ئاڵوگۆرەکان.
نالەباری هەڵومەرجی سیاسی بەدەرگیر بونی درێژماوەو بەردەوامی لە گێژاوی سیاسی و خوڵقاندنی ژیانێکی سەخت و دژوارو پڕ کارەسات و نائارام و مەترسی بۆ ژیانی دانیشتوانی عێراق، مایەی ئەوپەڕی بێزاری و توڕەیی و ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانە لە حەتمیەتی خواستی ڕوخانی ئەم دەسەڵاتەو تەواوی سیستمی سیاسیی و پێکهاتەی لە هێزە میلیشیا ئیسلامی و قەومی و تائفیەکاندا، ئەزمونی دەسەڵاتی بۆرجوازی عێراق گەورەترین شکستی خۆی لە نمونەی دەسەڵاتی سیاسیەک نیشاندا کە ناتوانێ و ئیمکانی نیە ئەم جۆرە دەسەڵاتە ئایندەیەکی ڕۆشن لە جێگیری سیاسی دابین بکات. بە هەر ئاستێک لە ئارام بونەوەی چۆنیەتی ناڕەزایەتیەکان لە مەیدانی ئازادی بەغدادو شارەکانی خواروی عێراق، بەڵام نەبۆتە ئاکامێک لە ڕاگرتنی ئەوەی لە ساتە وەختێکدا شەپۆلی تەقینەوەی ڕاپەرینی جەماوەری لە مەیدانی سیاسی عێراقدا ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتە بکاتە ئەمری واقع، هەر بۆیە مەسەلەکە هەڵبژاردن و گاڵتەجاری و کارتۆنی پەرلەمان نیە، بەڵکۆ هەوڵدانە بۆ کۆتایی هێنان بە پرۆسەیەکی سیاسی کە لە دوای داگیرکاری ئەمریکا بۆ عێراق دانیشتوانی عێراقیان سەرقاڵ و چارەنوسێکی نادیار کردووە.
بانگەواز لەم هەلومەرجەدا لەهەر لایەنێکەوە بۆ بایکۆت و نەچون بۆ دەنگدان، خاڵیکی لاوازە لەو هەوڵانەی کە دەمانەوێت ئاراستەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان بکات بۆ ئەو سەرەنجامەی کۆتایی بەم دەسەڵاتە بهێنێت، بۆیە پێوستە پێداگری و کارکردن لەسەر پەرەسەندن و ڕێکخستنی ئەو ناڕەزایەتیانە بکرێت، بەمانای هاتنە مەیدانی جەماوەری ناڕازی بۆ شکست هێنان بە هەڵبژاردن، چونکە لە ڕۆژی یەکەمی ناڕەزایەتیەکانی ئۆکتۆبەرەوە بانگەوازی ئەوەی تیا کرا “ئەم دەسەڵاتە دەبێت بڕوات” واتە لەباری عەمەلیەوە هەوڵدان بۆ شکست هێنان بەم هەلبژاردنە کارسازەو ئەتوانێ ڕێرەوی ناڕەزایەتکان بەرەو ڕاماڵینی دەسەڵات بەرێت، بایکۆت گەڕانەوەیە بۆ پێش ناڕەزایەتیەکانی ئۆکتۆبەرو جیاوازی نەکردنی نێوان هەڵومەرجی ئەم هەڵبژاردنەو هەلومەرجی هەڵبژاردنەکانی پێشوترە.
عێراق لە سەرو بەندی کێشمەکێشی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ووڵاتانی ناوچەکەدا، لەبەردەم لێواری ئاڵوگۆڕێکی سیاسی جدیدایە گەر ئاڕاستەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان ئامادەسازی بۆ کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە نەکاتە ئەمری واقع و ئەلتەرنەتیفی دەسەڵاتێک کە تەعبیربێت لە دەورو دەخالەت و ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵک نەهێنێتە مەیدان، چینی بۆرجوازی عێراق لە فۆرمو شێوازی تردا لەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕانەی بۆ عێراق پێشبینی دەکرێت خۆی دەگونجێنێت. ئەم هەڵبژاردنە لە دۆخ و زنجیرەی ئەو ئاڵوگۆڕانەدا کاری لەسەر دەکرێت کە پاریزگاری لەو مەترسیانە بکات دەسەڵاتی بۆرجوازی بەرەوڕویەتی. بۆیە بانگەوازی بایکٶت لەبەرامبەر ئەم هەڵبژاردنەدا درک نەکردنە بەو ئاڵوگۆڕانەو ئەو هەلومەرجە سیاسیەی شکستی ئەم هەڵبژاردنەی هەرلەسەرەتاوە کردۆتە حەتمی قوڵبونەوەی قەیرانی زیاتری دەسەڵاتی سیاسی.
مەسەلەیەک کە پێویستە قسەی لەسەر بکەین جێگەو ڕێگەو دەورو کاریگەری ئەم ‌هەڵبژاردنەی عێراقە لەسەر کوردستان، بەتایبەتی کە حزبەکانی کوردیەتی ئەم جارەش بەهەر کێشەو ئاڵوگۆڕێک کە لەبەردەم ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی عێراقدایە، جارێکی تر پەیمانی سیاسەتی پاشکۆبونیان بە چارەنوسی نادیاری عێراقەوە گڕێ ئەدەنەوەو لە ئامادەسازیدان بۆ بەشداری لە هەڵبژرادن و قەیرانی بێ کۆتایی ئەم دەسەڵاتەی ئێستای عێراقدا، گەر لەو جێگایەوە کە هەڵوێست و کاردانەوەی سیاسیمان بەرامبەر ئەم هەڵبژاردنە لە عێراقدا لەسەر بنەمای ئەو هەلومەرجانەی پێشتر ئاماژەمان پێدا، هەوڵدانە بۆ شکست پیهێنانی هەڵبژاردن و ڕەتکردنەوەی تەواوی پرۆسەی سیاسی و ڕاماڵینی دەسەڵاتی سیاسی عێراق، بۆیە بەهەمان شێوە جەماوەری ناڕازی کوردستان کە ئێستا پێوسیتە لە بەرامبەر هەڵبژاردنەکانی عێراقدا هەمان هەڵوێست و پشتیوانی و پەرچکرداری سیاسیان بێت لە شکست پێهێنانی هەڵبژاردن و هەوڵدان بۆ رەتکردەنەوەی پرۆسەی سیاسی و ڕاماڵینی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا، لە هەمان کاتدا پەرەدانی ناڕەزایەتیەکان بە ئاراستەی ڕێگە گرتنی حزبەکانی کوردایەتی بۆ بەشداریان لەو هەڵبژاردنەدا، واتە بە هەمان شێوە بایکۆت و بەشداری نەکردن لەدەنگدان لە کوردستانیشدا ناتوانێ لە پرۆسەی وەڵامدەرەوەی کۆتاییهێنان بێت بەدەسەڵاتی سیاسی لە عێراق و لە کوردستاندا.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: