قانگدان

ئەمجەد شاکەلی:   
پێش جێهێشتنی کوردستان و گیرسانەوەم لە سوێد، نزیکەی 6 ساڵ لە کارگێڕی ئاماری سەر بە وەزارەتی نەخشەدانانی عیراق، لە کەرکووک، سلێمانی و هەولێر کارم کرد. ڕۆژانەی کار، مانەندی هاوکارانم، ژیانم لەتەک ژمارەدا بەسەر دەبرد، ئیدی لە ژمارەی ڕووبەری زەوی کشتوکاڵی، ژمارەی کارگەر، تۆنی چیمەنتۆ، ژمارەی ئاسنگەر، نەفەری سینەما، ژمارەی پەز، کەر، چێل، کیلۆی شەکر و ئارد و لیتری ڕۆنی شیرینیەمەنی، نەفەری چایخانە و حەمام و هۆتێل تا دەگاتە ژمارەی دەیان شتی دیکە. بۆیە تا هەنووکەش ئامار سەرنجم ڕادەکێشێت و ئامار بە گرنگ دەزانم بۆ نەخشەدانان بۆ داهاتوو و خوێندنەوەی پێشهات و پێشبینیکردن. وەک چۆن لە کەلەپوور و ئەدەبییاتی مارکسیزمدا هەمیشە جەخت لەوە کراوەتەوە، کە”هیچ بزاڤێکی شۆڕشگێڕانە بێ تیۆرییەکی شۆڕشگێڕانە نابێت”، خوێندنی زانستگە و کار و ژیانیش، ئەوەیان فێر کردم، کە”هیچ گەشەسەندن و بووژانەوە و فراژووتنێک بێ نەخشەدانان نابێت و هیچ نەخشەدانانێکیش بێ ئامار نابێت”.
لە ماڵپەری تۆڕی ڕووداودا، لە 14 سێپتەمبەری 2021، نووسینێکم بە ناوونیشانی”لە کۆی 81 هەزار تەکسی تەنیا 22 هەزاریان لەزگەیان لێدراوە” ، نووسینی هێمن بابان ڕەحیم، بەرچاوکەوت. ژمارەکانی نێو بابەتەکە سەرنجیان ڕاکێشام و هانیاندام وەدووی هەندێ سەرەداوی پێوەنددار بەو باسە بگەڕێم. بە گوێرەی بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان(ئوستانەکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی، دیارە هەڵەبجە و گەرمیان و ڕانیە و سۆران و…یان لەگەڵدان، کە وەک کارگێڕی سەربەخۆ دێنە ژماردن)دا و لە ئێستادا(ساڵی 2021)، 81000(هەشتاویەک هەزار) تاکسی هەن، کە بەم شێوەیە دابەش دەبن: هەولێر: 36 هەزار، سلێمانی 27 هەزار و دهۆک: 18 هەزار.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، کە هی ساڵی 2021ە و لە مانگی ئەپریلدا لە ڕووداو بڵاوکراوەتەوە، کۆی گشتیی ژمارەی ئۆتۆمبیل لە هەرێمی کوردستان: یەک میلیۆن و 896 هەزار و 593 ئۆتۆمبیلن. یەک میلیۆن 91 هەزار 466 ئۆتۆمبیلیان تایبەتن، کە 58٪ی کۆی ژمارەی ئۆتۆمبیلی هەرێم پێکدەهێنن. لەنێو تەواوی ئەو ژمارەیەدا، بە تایبەت و ناتایبەتەوە، 19 هەزار ئۆتۆمبیلی بێسەرەتا و ئۆتۆمبێلەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، تۆمارنەکراون .
بەگوێرەی ئامارێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، کە لە 6 دێسەمبەری 2020دا بڵاو کراوەتەوە، ژمارەی دانیشووانی هەرێم شەش میلیۆن و سەدوحەفتاویەک هەزار و هەشتاوسی(6,171,083) کەسن . هەر ئەم دەستەی ئامارەی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستانە لە ڕۆژی 27ی جەنیوەری 2018دا، واتە: دوو ساڵ پێش ئەو ئامارەی ساڵی 2020، مەزەندەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لەو ساڵەدا (2018) بە حەفت میلیۆن ودووسەدوهەشتاوسێ هەزار و حەفتسەدوپەنجا (7,283,750) کەس دەکات ، کە پتر لە میلیۆنێکی زیاترە لە ساڵی 2020(ساڵی 2018 زیاترە لە ساڵی 2020) وەک بڵێی قڕان کەوتبێتە نێو خەڵکی ئەو هەرێمەوە و لە ماوەی دوو ساڵدا یەک میلیۆنیان لێ نەمابن!
بۆ خوێندنەوەیەکی ئەو ڕەوشەی کوردستان و گەیشتن بە ئەنجامێک و بەرچاوڕوونییەک، بەراوردێکی ژمارەی تاکسی و ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و ڕێژەی تاکسی بۆ هەر یەک هەزار کەس، بە هەمان ئەو ژمارانە لە نۆ وەڵاتی ئەوروپا و لەم خشتەیەی خوارەوەدا دەکەین، کە لە ساڵی 2018دا بڵاو کراونەوە :
وەڵات ژمارەی دانیشتووانی(میلیۆن) ژمارەی تاکسی ڕێژەی تاکسی بۆ هەر یەک هەزار کەس
سوێد 1,10 17 800 1.7
دانمارک 5.7 4200 0.7
نۆروێژ 5.3 8800 1.6
فینلاند 5.5 9500 1.7
بێلژیک 11.3 4000 0.4
هۆڵاند 17 9000 0.5
ئەڵمانیا 83 53 500 0.6
فرانسا 67 60 000 0.9
بریتانیا 66 75 900 1.4

بەگوێرەی کارگێڕی و نێوەندی ئاماری سوێد(SCB)، ژمارەی ئێستای دانیشتووانی سوێد (جوونی 2021)، دە میلیۆن و چوارسەدوشانزدە هەزار و پێنجسەدوهەشتاوپێنج(10416585)کەسن . ژمارەی تاکسی، کە بە گوێرەی ئەو خشتە و سەرچاوەیەی سەرەوە لە ساڵی 2018دا، لە کاتێکدا دانیشتووانی سوێد 10.1 میلیۆن کەس بوونە، 17800 تاکسی بووە، لە ساڵی 2021دا کە ژمارەی دانیشتووانی سوێد بووەتە نزیکەی دە میلیۆن و نیو کەس، ژمارەی تاکسی بووەتە 18000 تاکسی، واتە: تەنێ 200 تاکسی زیادی کردووە.
تەواوی ئەو ئامار و ژمارانە پێمان دەڵێن:
1. تەنیا لە ئوستانی دهۆکدا، هێندەی تەواوی وەڵاتی سوێد تاکسی هەن.
2. تەنیا لە ئوستانی هەولێردا دوو هێندەی تەواوی وەڵاتی سوێد تاکسی هەن.
3. تەنیا لە ئوستانی سلێمانیدا 9 هەزار تاکسی زیاتر لە ژمارەی تاکسییانی وەڵاتی سوێد هەن.
4. بەرزترین ڕێژەی تاکسی بۆ هەر یەک هەزار کەس لەنێو ئەو نۆ وەڵاتانەی ئەوروپادا سوێدە، کە 1.7 ە، لە کاتێکدا بۆ هەر یەک هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان 13.5 تاکسی هەن، واتە: هەر 74 کەس(دیارە بە منداڵی قوماتکراوی نێو بێشکە و لانکیشەوە) یەک تاکسییان بەر دەکەوێت، لێ لە سوێد هەر 588 کەس یەک تاکسییان بەر دەکەوێت.
5. کۆی تەواوی ژمارەی تاکسییانی شەش وەڵاتی ئەوروپا: سوێد، دانمارک، نۆروێژ، فینلاند، بێلژیک و هۆڵاند دەکاتە 53300 تاکسی و کۆی ژمارەی دانیشتووانی ئەو شەش وەڵاتە دەکاتە 54.9 میلیۆن کەس، کە نۆ هێندە و پتری دانیشتووانی هەرێمی کوردستانن، لێ هەرێمی کوردستان 20 هەزار تاکسی زیاتری لەو شەش وەڵاتە وێکڕا تێدایە.
6. هەر یەک لە ئەڵمانیای 83 میلیۆنی و فرانسای 67 میلیۆنی و بریتانیای 66 میلیۆنی، کە سێ زلە وەڵات و سێ دەوڵەمەندە وەڵاتی جیهانن، هەر وەڵاتەو بە تەنێ هێندەی هەرێمی کوردستان تاکسی تێدا نییە.
تەواوی ئەو ئامار و ژمارانە چ ئەنجامێکمان دەدەنە دەست:
ئەگەر ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەسەر ژمارەی ئۆتۆمبیلی هەرێمدا دابەش بکرێن، هەر 3 کەس یەک دانە ئۆتۆمبیلیان بەر دەکەوێت، کە ئەمە ڕێژەیەکی بەرز و ناپێویستە.
تەواوی ئەو تاکسییانەی کوردستان، هەشتاویەک هەزار تاکسی، بێ بەرنامە و بێ نەخشە و بێ گوێدانە ژێنگە و… شەووڕۆژ بەسەر شەقام و نێو کۆڵان و نێو شار و نێوان شار و شارۆکە و ئاوەدانییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەخولێنەوە و دووکەڵ و گاز و پیسایی و بۆن بە هەوادا و لەنێو ئاوەدانیدا بڵاو دەکەنەوە و بە گەرووی مرۆڤیدا دەکەن، کە دەبنە هۆی سەدان نەخۆشی و دەردی کوشندە.
زۆریی ژمارەی ئەو ماشێنانە بە تاکسی و ناتاکسی و تایبەت و ناتایبەتەوە، جادە و ڕێگەوبانەکان وێران دەکەن و دەبنە هۆکاری پیسکردنی ژینگە و سەدان ڕووداوی دڵتەزێنی لەبەینچوون و بریندابوونی خەڵک.
بوونی ئەو هەموو ماشێنە بارگرانییەکی ئابوورییە بەسەر وەڵاتەوە.
ڕەنگە کەمیی ژمارەی تاکسی لە ئەوروپا بگەڕێتەوە بۆ زۆریی و فراوانی و ئاسانیی ئامرازەکانی هاتوچۆ و گواستنەوە، وەک ئۆتۆبووس، شەمەندەفەری سەرزەوی و ژێرزەوی(مێترۆ) و ترامی گشتی و تەنانەت هەندێ جار کەشتی و گەمی(بەلەم)یش دەگرێتەوە، کە هەموو قوژبن و گەڕەکێکی باژێڕ و شارۆکە و گوند و ئاوەدانییە گچکەکان و نێوان هەموو شار و ئاوەدانییەکان پێکە گرێدەدەن و دەبەستنەوە و بە جارێک خەڵکێکی زۆر هەڵدەگرن و دەگوێزنەوە و دەستەبەریشە بۆ هەمووان، بە نرخێکی هەرزان و بە بێ جیاوازی، تەنانەت بۆ کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانیش، سەرباری هەموو شتێکیش سەلامەتتر و بێ کێشەترە. ئەو جۆرە گواستنەوە و هاتوچۆ گشتییە یا میللییە بە ئینگلیزی پێی دەگوترێ (Public transport) و بە سوێدیش (Kollektivtrafik). ڕەنگە زۆریی تاکسیش لە هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ نەبوونی گواستنەوە و هاتوچۆی گشتی و میللی، کە کارەسات و نەهامەتی و بەدبەختی و سیاچارەییەکە، لە ڕووی ژینگە و پیسی و ناسەلامەتییەوە، بۆ تەواوی خاک و خەڵک و سروشتی وەڵاتەکەیە ، لێ بۆ خەڵکە هەژار و نەدارەکە ئەو کارەسات و نەهامەتی و بەدبەختی و سیاچارەییە دوو جار و دوو هێندەی خەڵکە گیرفانپڕ و بەرپرس و دەسەڵاتدارەکەیە، دەسەڵاتدار، بەرپرس و گیرفانپڕ و سەرمایەداران، شوێن و شێوازی ژیانیان لە خەڵکە ڕەشۆکییەکە جیاوازە. ئەوان، تەنانەت ژینگە و خۆراک و چارەسەری تەندروستی و دەرمان و خوێندنگە و هاتوچۆ و ئاو و هەوا و کارەبا و هەرچی شتیانە جیاوازە.
دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان، سی(30) ساڵە ئەو دەڤەرەیان لەبندەستە، تا هەنووکە نەیانتوانیوە تۆڕێکی هاتوچۆ و گواستنەوەی گشتی نێو شاران و نێوان شارانی هەرێم و دەرێی هەرێم دروست بکەن. ئەگەر پێش 2003، بە سەردەمی تەنگانە و کێشە و ترسی بەعس و ناسەقامگیری و چی و چی دەژمێرن، خۆ لە 2003وە تا ئێستا دەکاتە 18 ساڵ! 18 ساڵ، ماوەیەکی یەکجار زۆرە بۆ دامەزراندن و دروستکردنی تۆڕی پێشکەوتووی هاتوچۆی گشتی و میللی و وەلانانی ئەو هەموو تاکسییە. دەکرا بە ئۆتۆبووس دەست پێ بکەن و لەبری هەشتاویەک تاکسی، بە پێنج هەزار ئۆتۆبووسی گەورە کێشەی هاتۆچۆی هەرێم و دەرێی هەرێم چارەسەر دەکرا و دەکرێ. وەها کارێک لەنێوان 2003-2011 دەگەیشتە ئەنجام و لە 2011یشەو تا ئەمڕۆ، دەکرا کار لەسەر مێترۆ و ترام و شەمەندەفەر و ئەوانە کرابا و تەواوی ئەوانە دەبوونە تۆڕێکی گەشەسەندوو و پێشکەوتووی هاتوچۆی گشتی و میللی. دەسەڵات، هێندەی پارە بۆ دەسگەیەکەی بێخێری وەک پەرلەمان و پەرلەمانتاران و هێندە پارە بۆ کڕینی ماشێن و مۆبیلە و ڕازاندنەوەی ماڵ و جێی کاری بەرپرس و هێندەی پارە و مووچە و دەرماڵە و تایبەتمەندی بۆ وەزیر و گزیر و جێگری وەزیر و ڕاوێژکار و جێنێراڵ و بەڕێوەبەری گشتیی بندیوار و مشەخۆرانی حیزبی و دەستوپێوەندەکان خەرج دەکات و هێندە هانی پرۆژەی بێفەڕ و بێخێر و ماڵوێرانکەری کەرتی تایبەتی، وەک مۆڵ و ڕیستۆرانت و کۆمپانیای زەبەلاحی هاوردنی شتی بێکەڵک و دەرمانی ساختە و کردنەوەی زانستگە و خوێندنگەی گرانبەهای بیانی بۆ منداڵە دەوڵەمەندەکان و کردنەوەی نەخۆشخانەی تایبەتی قۆڵبڕینی خەڵک، دەدات، هێندە بەتەنگ ژیانی خەڵک، زۆرینەی خەڵک، هەژارانی خەڵک، خەڵکە گشتی و ڕەشۆکی و چینەکانی خوارێی کۆمەڵەوە نایەت. ئەوەی بۆ خەڵک، زۆرینەی خەڵک، هەژارانی خەڵک، خەڵکە گشتی و ڕەشۆکی و چینەکانی خوارێی کۆمەڵ دەیکات، پرۆسێسی پرۆژەی دووکەڵ بە گەروودا کردن و قانگدانیانە!

18-09-2021

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: