هێرشەکانی 11ی سێبتێمبەر و لێکەوتە مرۆیی و ئابوریەکانی..

جەمال نوری:   
دوایی تێپەڕبوونی 20 ساڵ بەسەر هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر، کە لە ڕۆژی 11ی سێپتێمبەری 2001 ئەنجام درا تیایدا، 2977 هەزار کەس بوونە قوربانی ئەو کردەوە تیروریستییە لەهەریەک لەشارەکانی واشنتۆن و نیوروک و شانکسفیلی سەر بەویلایەتی بنسلفانیا.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵی SIA ی ئەمریکی هێرشە تیروریستیەکە دوای بێ سەرو شوێنکردنی ئەو (19 )کەسە دێت کەتوانیان چوار فڕۆکەی بازرگانی ئەمریکی بفڕێنن کە هەڵگری بەنزین بووە و بەرەو کەنارەکانی ڕۆژئاوا، ڕۆیشتوە، شایانی باسە کاتی خۆی لەدوای ئەنجامدانی کارە تیروریستییەکە ئوسامە بن لادنی سەرۆکی ڕێکخراوی تیروریستتی قاعدە ئەنجامدانی کارەکەی لەئەستۆی خۆی گرت.
قوربانیەکانی کردەوە تیروریستیەکەی 11ی سێپتێمبەر
لەسەنتەری بازرگانی جیهانی لە مانهاتنی نیویورک بەهۆی خۆکێشانی فڕۆکەیەکی گەشتی ئاسمانی فڕێنراو ژمارە 11 و فڕۆکەیەکی تر لەجۆری یونایتید ایرلاینز ژمارە 175 خۆیان کێشا بە هەردوو تاوەری باکورو باشورەوە
لەئەنجامی هێرشی یەکەمدا کە هەردوو تاوەرە بازرگانیەکە هەرەسی هێناو ڕما 343 کەس لە پیاوانی ئاگر کوژێنەوە بوونە قوربانی کە 23 کەسیان لە ئەفسەری پولیس و 37 ترشیان لەئەفسەری لیژنەی کەنارەکان بوون بوونە قوربانی ئەو کردەوە تیروریستی یە کەتەمەنیان لەنێوانی 75 بۆ 80 ساڵدا بوون.
لە پنتاگۆنی شاری واشنتن 184 ی تر گیانیان لەدەستدا دوای خۆکێشانی فڕۆکەیەکی گەشتی 77ی ئاسمانی ئەمریکی لەنزیک بینایەی شانکسفیلی ویلایەتی بانسلفانیا، کە 40 سەرنشینی لەخۆگرتبوو، کە سەر بە کارمەندانی ناو فڕۆکەی گەشتیاری 93 بوون لەهێلی ئاسمانی ئەمریکی فڕێنراو. جێگای وتنە ئەم فڕۆکەیە پاش ئەوەی بەسەرنشینەکانی ناویەوە فڕێنرا، لەلایەن ئەو خەڵکەی ناو فڕۆکەکەوە هەوڵی ئەوەیاندا هێرش بکەنە سەر تیروریستەکان کە فڕۆکەکەیان فڕاندبوو، بەڵام لەئەنجامدا تیروریستەکان فڕۆکەکەیان کێشا بە یەکێک لەو کێڵگانەی ناوچەکە، بەو هۆیەوە فڕۆکەکە تێکشکا بەر لەوەی خۆی بکێشێ بەو ئامانجەی بۆی دیاری کرابوو، سەرئەنجام ئەم زنجیرە هێرشە تیروریستیە ی 11ی سێپتێمبەر بڕی زیاتر لە 500 هەزار دولاری تێ چووە.
زەرو زیانەکانی 11ی سێپتێمبەر
زەرەرو زیانی ئابوری کە لە تاوەری بازرگانی جیهانی کەوت لەشاری نیویورک، بڕەکەی بە 123ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێ ئەمە جگە لەوەی کردەوە تیروریستیەکە بوو بەهۆی دابەزینی گەشتە ئاسمانیەکانی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بۆ ماوەی چەندین ساڵ…
ئیدارەی ئەمریکاو چوونە ناو شەڕی دژی تیرۆر ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا
‏ لەدوای ئەو گورزە کەمەرشکێنەی بەری کەوت، بەیەکجاری کۆنگریس و ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکاو پنتاگۆن و سەرۆکی ئەو وڵاتەشی تووشی شوک کرد، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا بۆ ئەو ئابڕووچونە گەورەیەی پێویستی بەوە هەبوو، بەجۆرێک بووە دەبێ ئارەقەی تکاوی ناوچەوانی خۆی بسڕێ، بۆ ئەو مەبەستەش هاوپەیمانێتی نێو دەوڵەتی دژ بە تیروریان ڕاگەیاند، ئەمریکا ڕوون و ڕەوان نەیشاردەوە وتی ئەو وڵاتەی لەگەڵمدا نەبێ دژ بە تیرۆر ئەوا به پشتیگیری تیرور هەژماری دەکەین، هەربۆیە زۆرینەی وڵاتانی دنیا چوونە ناو ئەو هاوپەیمانێتیەوە و لەژێر سەرپەرشتی ئەمریکادا شەڕی دژ بە تیروریان ڕاگەیاند. ئەمریکا بە پێشەوایەتی کردنی ئەو جەنگە ویستی جارێکی تر هەیمەنەی خۆی بەسەر وڵاتانی دنیا نیشان بدات، کەوتە کاردانەوەیەکی خێرای بێ پلانی پێشوەختەی نەخشە بۆ کێشراو، پەلاماری وڵاتی ئەفغانستانی دا، بە تۆمەتی ئەوەی ڕێکخراوی تیروریستی قاعدە کە سەرۆکەکەی ئوسامە بن لادنە لەناو ئەفغانستاندایە، سەرئەنجام ئەمریکا بۆ نیشاندانی وێنە گەورەکەی خۆی لای وڵاتانی زلهێزی ئەنجومەنی ئاسایش بڕیاری شەڕی دژ بە تاڵیبانی ئەفغانستانی دا و ئوسامە بن لادنی سەرۆکی ڕێکخراوی تیروریستی قاعدەی لەناوخاکی پاکستاندا کوشت، وە بە کوشتنی ئوسامە سینارێوی داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکاوە کۆتایی پێهات. نەک 20 ساڵ دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ ناو ئەفغانستان‌، واتە ئەمریکا لە هەڵبژاردنی شەڕی دژ بەتیرۆردا هەڵبژارنێکی ئەکادیمی نەبوو، کە پشت ئەستور بووبێ بە خوێندنەوەی سۆسۆلۆجی و ئابوری و سیاسی و کەلتوری و ئەقیدیەوە، ئەوە جگە لە پێکهاتەی سروشتی جێۆسیاسیەکەی ناوچەی ئەفغانستان کە بە ناوچەییەکی سەخت و دژوار و چیایی، ناودەبرێ کە هێجگار گونجاوە بۆ داڵدەدانی تیروریستان و مانەوە و گەشەکردنیان لەو شاخ و کێو ئەشکەوتانە. و هەلێکی گونجاویش بێ بۆ گورز وەشاندنی گروپە چەکدارەکانی تاڵیبان لە بنکەو پێگە سەربازیەکانی ئەمریکا لەئەفغانستاندا. بەڵێ بەدرێژایی 20 ساڵی ڕەبەق و مەسرەفکرنی پارەیەکی زۆری خەیاڵی بۆ پتەوکردنی سوپای ئەفغانستان کە بتووانێ لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێ دژبە داعش و قاعیدە و تاڵیبان، بەڵام درۆ شاخدارەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی شکستیان خوارد و دوای ئەوەی چەکێکی زۆری ئەمریکی بێشوومار کەوتە دەست هێزەکانی تاڵیبان و لەزەرفێکی زەمەنی کورتدا تەواوی شارەکانی ئەفغانستانیان کۆنترۆڵ کرد بە کابولی پایتەختیشەوە، بەجورێک وا پێشڕەویان کرد ئەمریکا فریای گواستنەوەی ژمارەیەکی زۆری ئەو کەسانە نەکەوتن کە هاوکاریان بوون، ‏واتە ئەمریکا لە هەڵبژاردنەکانیدا لە سیاسەتی دەرەوەیدا بۆ بەجێگەیاندنی جەنگی دژ بە تیرۆر نەیتوانی موفەق ببێ و هەریەک لەو دوو هەڵبژاردنەی بۆ شەڕی دژ بەتیرۆر دەستنیشانی کردو وڵاتەکەیانی داگیرکردو سیستمی حوکمڕانیەکانی ڕووخاند سوودو قازانجی ستراتیژی دوور مەودای بۆ وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا نەبوو، ئەو دوو وڵاتەش ئەفغانستان و عێراق بوو.
لەئەفغانستان دا دوای بیست ساڵی ڕەبەق، دوای مەشقکردن و پێدانی چەک و چۆلی جەنگی بە سوپای ئەفغانستان و دواتر تەواوی چەک و جبەخانەی ئاسمانی و وشکانی و ئاوی کەوتە دەستی چەکدارە یاخیبووانی تاڵیبان و کۆتایی بە شانۆگەریی ئەمریکا و جەنگی تیرۆر هێنا.
‏لەعێراقیشدا، گەرچی زەرورەتی سیاسی و ئابوری و سەربازی و ئینتنیکی لەعێراقدا گەلێک جودایە لەئەفغانستان، بەڵام لەڕوانگەی بەرپاکردنی جەنگی دژ بەتیرۆر لەلایەن ئەمریکاوە و ڕووخاندنی دەسەڵاتی ڕژێمی پێشووی عێراق خزمەتی بە چ ئەجیندایەکی ئەمریکا کرد؟.
‏لەم هەڵبژاردنەشیدا ئەمریکاو ئیدارەی پنتاگۆن بەهەڵەدا چووبوون، نەیانتوانی عەقڵیەتی کۆمەڵگەی عێراقی وەکو خۆی بخوێننەوە، هەربۆیە دوای هەژدە ساڵ لەگۆڕینی دەسەڵاتی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، نەک خزمەتی بە ئەجێندای ئەمریکا نەکرد لە ستراتیژێکی دوور مەودادا بەپێچەوانەوە پرۆسەی جەنگی دژ بەعێراق دەرئەنجام و هێلکەکانی کەوتنە ناو سەبەتەی ئێرانەوە، نەک ئەمریکا ئەمەش هەلێکی بابەتی و مێژوویی بۆ ئێران ڕەخساند سنووری دەسەڵاتی قەڵەمڕەوی خۆی فراوان بکاو پەل بهاوێ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە ڕۆژانە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەئامانج بگرێ، لەئێستادا بەهۆی سیاسەتی هەڵەی ئەمریکیەکانەوە ئێران وەک هێزێکی ئیقلیمی گەورە بەردەوامە لە هەناردەکردنی شۆڕشەکەی لەهەریەک لە سوریا و لوبنان و یەمەن و بەحرێن و عێراق دا.
دەرئەنجام هەر میللەتێک گەر تێبکۆشێ بۆ ڕزگاری و ئازادی و نیشتمانەکەی ڕزگار بکا لەدەستی دەرەکی ئەوا پێویستە هەموو ووزەو تواناکانی لە ناوخۆی خۆیەوە سەرچاوە بگرێ، نەک چاوەڕوانی هێزێکی دەرەکی وەک ئەمریکا بێ بیەوێ ئەو گۆڕانکاری لە ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا بکات.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: