بەدیلی هەڵبژاردنی دزەکان، دەسەڵاتدارێتی خەڵکە!

 عبدالرحمن رەسوڵ:     
هەموو شتێک سەرەتا و کۆتایی هەیە، بەپێی قۆناغەکان دەبێت گۆڕانی بەسەردا بێت، ناکرێت بەنەگۆڕی بمێنێتەوە. خودی مرۆڤ پێش ئەوەی کەلەدایک بێت دڵۆپە ئاوێکە بەهۆی جوتبوون و سێکسکردنی ژن و پیاوێکەوە دەبێتە مرۆڤ. کەسەرەتا زۆر ساوایە و هیچ نازانێت تەنها بەگریانەوە داواکارییەکانی خۆی دەخاتە ڕوو بۆ مرۆڤە گەورەکانی دەوروبەری. زۆرجار گریانەکانی بەهەڵە لێک دەدرێتەوە لەلایەن گەورەکانەوە، جار هەیە بەهۆی گەرماو سەرماوە دەگریەت، گەورەکان دەڵێن نەخۆشە، بەڵام نەخۆش نییە هیچ کێشە تەندروستی نییە، جار هەیە ئازاری هەیە گەورەکان دەڵێن بۆیە دەگری برسێتی یان تینوێتی، خواردنی شیری پێ دەدەن .
لەکۆمەڵگەی دواکەوتوو هەر لەگەڵ لەدایک بوونی مناڵ مۆری جیاکاری لەنێوچاوانی دەدەن کە ڕەگەزی مێ بێت پێی دەڵێن ناقس عاقڵ و دەبێتە پلە دووی ڕەچاوکردنی مافەکانی هەروەها هەمیشە گوێڕایەڵی پیاوبێت. هەر بۆیەشە کۆمەڵگەیەک بەم جۆرە دژایەتی ڕەگەزی مێ بکات هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەن دەسەڵات وحکومەتێکی عەدالەتخوازو ئازادیخواز.
دوایی لەدایکبوونی مناڵ لەکۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق وکوردستان و ئێران مناڵان زۆرینەیان دوور لەخواستی خۆیان ڕاپێچی پەروەردەی قەومی و دینی بەپێی خواستی گەورەکان دەکرێن.
لەناو کارگەی ئەم جۆرە بەهەمهێنەرە دینی و قەومی یانەدا جارێکی تریش مناڵ دابەش دەکرێت بەسەر دین وقەوم ونەتەوە و ڕەگەز پەرستییەوە. ئەمەش بەبێ خواست و ئارەزوومەندانەی مناڵانە، چونکە مناڵ هەتا تەمەنی ١٨ساڵانە زیاتر ئارەزوومەندی ئەنجامدان و سەیرکردنی جۆرەکانی یاری و سەماو گۆرانی و شادی وخۆشییەکانیەتی، نەک ئارەزوومەندی پەروەردەی دابەشکاری بەسەر دین و نەتەوە و ناوچە و ڕەگەز جیاوازەکاندا کەتەنها ڕق و کینە بەرهەم بهێنێت. مرۆڤ لەقۆناغی هەرزەکاریدا زیاتر حەزو ئارەزووەکانی بەرەو هەبوونی خۆشەویستی و دیاریکردن و ساغ بوونەوەی لەجۆری ئامانج و هیواکانی ملدەنێ کەبریتی یە لە هەبوونی کەسایەتێکی سەرکەتوو بەدڵی خۆی هەتا وەکو ببێتە خاوەن پیشەیەکی سەرکەوتوو. نموونە مامۆستایەکی سەرکەوتوو یان پزیشکێکی سەرکەوتوو یان بازرگانێکی سەرکەوتوو یان و جوتیارێکی سەرکەوتوو یان هونەرمەندێک و شاعیرو نووسەر و هەر پیشەیەکی کەخۆی ئارەزوومەندە لەگەنجێتی کاری لەسەر دەکات.
ئەمانە جۆرە حەزو ئارەزومەندانەی گەنجێتی یە، بەڵام لە عێراق و کوردستان و ئێران هەر پێش ئەوەی لەدایک بن زیندەبەچاڵ دەکرێن، خەون و ئامانجە ئینسانییەکانیان لەجیاتی ئەم خواست وحەزو ئارەزووە ئینسانییانە لەلایەن گەورەکانەوە بەهۆی پەروەردەی دینی وقەومییەوە کەلەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بەڕێوە دەچێت جارێکی تریش دیسان ئەم مرۆڤە گەنج ولاوانە بەرەو دابەشکاری قەومی ودینی ڕەگەزی دەبەن بۆئەوەی شەڕبکەن لەسەر هەبوونی ناوی علی و عمرو شەر بکەن لەسەر پاوانخوازی خاکی شارو گوندێک کە لەلایەن سیاسی یەکانی دەسەڵاتداری، ناوچەو شارەکەوە هاندەدرێن و لەوێشەوە خوێندن وپەروەردەی قوتابخانەو زانکۆکان پڕ دەکرێت لەوێنەی سەرۆک خێڵ و حیزب و عەشیرەتی کۆنەخواز بەناوی نیشتمان پەروەرو سەرکردەی شۆڕش و سەرۆکی نیشتمان و کارێزماوە بەگەنجانی خوێندکار و قوتابی دەناسێندرێن. بەبێ خواستی خۆیان وبەزۆر وێنەکانیان دەبێت لەماڵ و دوکان و شوێنی ژیانیان هەڵبواسن. دواتر ئەم مرۆڤانە پیر دەبن ودەبنە بەساڵاچوو بەشێکی زۆریان بەهۆی نەخۆشی و نەبوونی چارەسەری پێویست ماڵئاوایی لەژیان دەکەن، بەشێکیشان بەگەنجی دەکرێنە قوربانی شەڕی قەومی ودینییەوە، بەشێکی تریشیان لەمرۆڤەکان لەسەر خیابان وشەقامەکان بەهۆی هەژارییەوە تووشی سواڵکردن وپاڕانەوە دەبن بۆ ئەوەی خێریان پێ بکەن هەتا نەمرن لەبرسان .
لەبیرمان نەچێت بەشێکی تریش لەو مرۆڤانە دەبنە کۆیلەو جاسوس بۆ لەناو بردنی مرۆڤەکانی گەڕەک و خزم و کەسوکاری خۆیان .
لەناو ئەم جۆرە ڕاهێنان و پەروەردە دینی و قەومییە ئەوە بەرهەمەکەیەتی کە بەدێژایی حکومەتی عێراقی دەبیندرێت، کەبەدرێژایی حکومەتی کوردستان دەبیندرێت کە مرۆڤەکان بەگشتی دابەش دەکەن بەچەند جۆرێک بەم شێوەیە :١-ئەوانەی کە لەژێر فەرمانی خۆیاندان دەیانکەنە قوربانی لەشەڕەکان، بەزۆر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵکیان پێ سەرکوت دەکەن، بەمەش دەیانکەنە دوژمنی خەڵکی کومەڵگە ئەمەش تەنها بەپێدانی پارەو کرێی کارکردنیان کەشەوانە و ڕۆژانە پاسەوانی دەسەڵاتی سەرکوتگەرو دزن .
٢-بەشێکی تریش لەمرۆڤەکان بەپێدانی پارە دەکەنە جاسوس و دەیان نێرنە ناو خەڵکی گەڕەک و شوێنەگشتییەکان و هەروەها ناو ڕێکخراوە بەناو مەدەنی و پیشەیییەکان هەتا وەکو ئەو مرۆفانە دەستنیشان بکەن کە ڕەخنە لەدەسەڵاتی دزو گەندەڵ دەگرن. دواتر ڕاپێچی زیندانەکان بکرێن یان تیرۆربکرێن یان فشاری وجۆراوجۆریان بخەنە سەر هەتا ناچاری چەمانەوەیان بکەن لەبەردەم سەرجەم یاسا زۆرەملێ کانیان .
٣-بەشێکی تریش ئەو مرۆڤانەن کە دڵسۆزی خەڵکن بەردەوام ڕاستگۆن بەهیچ جۆرێک کۆیلایەتی قبوڵ ناکەن. ئەم مرۆڤانە بەپێی جێبەجێکردنی نەخشە ڕێگای دەسەڵاتی ملهوڕی چەوسێنەر، بەردەوام دەسەڵات هەوڵدەدات بیانکڕێت ودەستەمۆیان بکات، ئەوانەی کە دەستەمۆ نابن هەنگاو بەهەنگاو پەراوێز دەخرێن لەبوارەکانی ژیان بۆئەوەی ئیرادەیان تێکبشکێنن. یان ناچاری بەجێهێشتنی کۆمەڵگەیان بکەن یاخود تیڕۆریان دەکەن.
٤-بەشێکی تر لەمرۆڤەکان بەوجۆرە پەروەردە دەکەن کە وەک خۆیان فێڵبازو دووڕووبن، پارەیان پێدەدەن بۆئەوەی هەروەک ئەوانی تر ڕەخنەیان لێبگرن لەدەسەڵاتیان، بەڵام ئامانجیان لەلایەک بۆ خستنەناو هێزو بەشەی کە ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕادیکاڵە بەرامبەریان بۆئەوەی لەکاتی پێویستدا لەسەر خواستی دەسەڵات جیابوونەوەو لێکترازان دروست بکەن. ئامانجی دەسەڵات ئەوەی ڕیسکەی تێکۆشەرانی ئازادیخوازو یەکسانیخواز بخەنەوە خوری ڕێگربن لەخەباتی یەکگرتوویی.
٥- بەشێکی تریش مرۆڤەکان بەوجۆرە پەروەردە کراون کە بەئامانجێکی دیاریکراو. بۆنموونە هەروەک ئیسلامییەک یان هەروەک چەپ وشیوعی و کۆمۆنیستێک و ئەتائیستێک ئەمەش بۆئەوەی لەکاتی پێویستدا ڕووداویان پێ سازبکات بەئامانجی گۆڕانی ئاراستەی کۆمەڵگە بەپێی بەرژەوەندی دەسەڵات ئەمەش بۆئەوەی خەڵک داببڕێت لەخەباتی چینایەتی و تێکۆشانی یەکگرتووانەی بۆ هێنانەدی خواست و داواکارییە ڕەوا وئینسانییەکانی. چەندین جار لەکوردستان خەڵک لەوپەڕی ناڕەزایەتی دابووە، بەڵام دەسەڵات لەژێرەوە کار ئەکتەری خۆی جوڵاندووە دواتر کۆمەڵگەی بەپێی بەرژەوەدی خۆی ئاراستەی کردووە، ڕیسەکەی ناڕەزایەتی جەماوەری کردۆتەوە خوری. ئەزیزان بەدرێژایی حیزبەکانی پارتی ویەکێتی بەو جۆرەبوون، بەهەبوونی بزووتنەوەی گۆڕان و ئیسلامی وشیوعییەکان و نەوەی نوێش باشترو بەهێزتر پایەکانی ئەو دەسەڵاتە چەوسێنەرو کۆنەخوازو دزە ڕاگیراوە. لەبەرئەوەی هەموویان بەبێ جیاوازی بەرگریان لەهەمان سیستەم و دەسەڵاتی خێڵ گەراو کۆنەخوازو سەرمایەدارە کردووە. هەمووشیان بەناوی بەشداریکردن لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی خۆڵیان کرۆتە چاوی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و بێکاری کۆمەڵگەی کوردستانەوە هاوشانی دەسەڵاتی ناوەندی عێراق بەگڕو تینەوە چەوسانەوە و دزی و گەندەڵیان بەرهەمهێناوەو درێژەیان پێداوە و خەڵکیان سەرکوتکردووە و تیرۆرکردووە. سەیرەکەن و بیربکەنەوە کەبەناوی هەڵبژاردنەوە و چۆن جەستەی جوانی کۆمەڵگە لەناو دەبەن، سەیرکەن و بیربکەنەوە چۆن هێزو ئیرادەی مناڵان و گەنجان تێکدەشکێنن و لەناو دەبەن. هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەواتای هەڵبژاردنی باشترین دزو چەتەو گەندەڵکار دێت، نەک خزمەتکاری خەڵک وبەڕێوەبردنی کۆمەڵگە. لەو پەرلەمانەوە موچەی پلەی باڵاکان دیاری دەکرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت بۆ سەرۆک خێڵ و سەرۆک حیزب و بەرپرسەکانی حیزب و مەلا و قەشەکانی وڵات. پێویستە گەنجان و لاوان ئەوەندە وشیاربن کە سەرجەم سیستەم و دەسەڵاتی سەرمایەداری یەک بنەمایان هەیە ئەویش کۆکردنەوەی پارەیە بۆ کەمینەیەک لەو پەرلەمانەوە شەرعیەتی پێدەدرێت. لەساڵی ١٩٢٠ یەکەم حکومەتی عێراق کەدامەزراوە کەپەڕلەمان ودەنگدان کراوە هەتا ئێستا، لەکوردستان لەساڵی ١٩٩٢وە هەتا ئێستا کاری ئەم پەرلەمانانە تەنها شەرعیەتدان بووە بەکاری دژە ئینسانی سەرۆکی حیزبەکان و بەخشینەوە پارەی گشتی وڵات بووە پێیان، تاپۆکردنی بیرەکانی نەوت و سامانی گشتی ژێر زەوەی و سەرزەوەی بووە بۆیان. لەکام خولەی پەرلەماندا توانیان بە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بگوترێت کوا داهاتی پێش ١٩٩١ تان چەندبوو؟!! ئەی بۆچی ئێستا کۆشک تەلاری بەرزو خاوەن کۆمپانیا وکەشتی و ئوتێل وکاری بازرگانی جۆراوجۆرن نەک لەکوردستان وعێراق، بەڵکو لەوڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی؟؟! ئاخر پەرلەمانێک نەتوانێت پاش چەندەها ساڵ و چەندەها خولی پەرلەمانی بیمەی بێکاری بۆ خەڵکی بێکار دابین بکات بۆئەوەی نەمرن لەبرسان وسواڵ نەکەن هەتا سێ ژەمەکانی ڕۆژانەیان بخۆن وبێ جل وبەرگ نەبن لەسەرمای زستان و گەرمای هاوین. پەرلەمانێک نەتوانێت موچەیەکی بەردەوامی مانگانە کەبتوانن بەئاسوودەیی بژین بۆ بەساڵاچوان دابین بکات بەبێ ئەوەی مۆری حیزبایەتییان لەنێوچاوانیان بدەن. کەوایە سوودی ئەم دەنگدان و پەرلەمانە هیچ نییە جگە لەشوێنێک بۆ زیاتر شەرعییەتدان بە دزی وگەندەڵییەکانی دەسەڵات، کەوایە پێویستە لەگەڵ ئەوەی دەنگی پێ نەدرێت بەم جۆرە هەڵبژاردن و حیزبانە لەهەمان کاتدا خەڵک سەنگەری خۆی جیابکاتەوە لەم جۆرە مافیاو چەتانەی دەسەڵاتی دز و گەندەڵکار. ڕێگاچارە بەتەنها ئەوە نییە کەبەشدار نەبین لەدەنگدان و هەڵبژادنی پەرلەمان، بەڵکو لەوە گرینگتر ئەوەیە هێزی ناڕازی چەوساوە و بێکارانی کۆمەڵگە ڕێکخراو بکرێت لەبزووتنەوەی جەماوەری هەقخوازانەی شوراکانیان بەئامانجی لەگۆڕنان و ڕاماڵینی ئەو جۆرە دەسەڵات و پەرلەمانە کەجێگای بەرهەمهێنانی بازرگانانی حیزب و خێڵە. چیتر شەرمە تەنها بەدەنگ نەدان ڕازیبین دەبێت بۆ ئەرکە دروستەکە هەنگاوی بۆبنێین ئەویش گەشەدانە بەڕێکخستنی بزووتنەوەی شوراکانی خەڵک بەئامانجی هێنانەدی دەسەڵاتدارێتی خودی خەڵک لەڕێگای شوراکانی خۆیانەوە. هێزی شۆڕشگێڕانەمان توندوتۆڵترو باشتر ئامادە بکەین، لەهەرشارو ناوچەیەک ئەم هێزە شۆڕشگێڕانە بەوجوڵەخۆیان بکەون بەرگری لەتێکۆشانی هێزی خەڵکی چەوساوەبکەن. شێوازو تاکتیکی شۆڕشگێڕانە دابهێنن بۆ پاشەکشە پێکردنی ئەوجۆرە دەسەڵاتە چەوسێنەرە. ئەبێت گەشە بە وشیاری شۆڕشگێڕانە بدەین لەهەموو ماڵ و شوێن و خیابان و شەقامێک دروشمی شۆڕشگێڕانه دژ بەو دەسەڵاتە کۆنەخوازو چەوسێنەرەیە بەرچاو بکەوێت بەدیلی داهاتوویی ئەم دەسەڵاتە مناقەشەو گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، خەڵک ڕێگای گەڕانەوەی نییە تەنها تێکۆشانی لەبەردەستە بۆئەوەی لەوەی زیاتر قوربانی نەدات و کوردستان و عێراق وێرانتر نەبێت. ئیتر بەسە خەڵک دەبێت ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خۆی ڕێکخراو بکات لەناوئەنجومەنی شوڕشگێڕی وشوراکانی دا بەرەو ڕاماڵینی دزەگەورەکانی کۆمەڵگا کە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانییە هەنگاو بێنت دواتر نۆرەی دەسەڵاتدارێتی خەڵک بەئیدارەدانی شورایی کۆمەڵگە بەڕێوەبەرێت.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: