کاپیتالیزم و تەکنۆلۆژیای توندترکردنەوەی زۆر و فشار بۆ سەر کرێکاران

سالار حمەسەعید:    

سەرمایەداری پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە لە توندترکردنەوەی فشارەکانی بۆ سەر کرێکاران، لەم بارەیەوە دەکرێ بوترێ قۆناغی پێش پەتا و قۆناغی پاش پەتای کۆرۆنا. خاوەنکارەکان پەنایان بردۆتەبەر هەندێ بەرنامەی تایبەت بۆ چاودێرکردنی کرێکاران، ئەو کرێکارانەی کەلەماڵەوە کاردەکەن واتە جاران چاودێریەکان لەکاتی کارکردندا بوو و لەبەردەرگای شوێنی کار کۆتایی بەو چاودێرییە دەهات، بەلام پاش ئەم پەتایە بۆرژوازی بەهانەی کەوتە دەستەوە کە قەڵەمڕەوی دەسەلاتەکەی ببەرێتە ناو ماڵەکانەوە وە چاودێریەکانی بەردەوام بێت. پەتای کۆرۆنا بووە هۆی سەرهەڵدانی بەرنامەکانی چاودێری لەشوێنی کاردا وە ئەم چاودێری و بەرنامە تایبەتانە کە بۆ ئەم مەبەستە خوڵقێنراون بەردەوام دەبێت و هەروا بەئاسانی لەکۆڵ کرێکاران نابێتەوە تەنانەت بە نەمانی پەتای کۆرۆناش. کریکاران سەرەتا خۆشحاڵ بوون بە کارکردن لەماڵەوە، چونکە شوێنی کارەکانیان داخرا بەهۆی کۆڤیدی ١٩ەوە بەلانی کەمەوە لەبەرئەوەی لە هەندێ خەرج و مەسرەف رزگاریان دەبێت بەتایبەتی خەرجی هاتووچۆ. هەندێ لە کرێکاران ئەمەیان بە دەرفەت زانی بۆ پشوو، چونکە کارەکانیان تاقەت پرووکێن بوو وە گەیشتبووە ڕادەیەک کە نەیاندەتوانی لەگەل باروڕەوشی کارکردندا باربێن. هەر لە هەفتەی یەکەمی کارەکانیاندا بەرنامەیەکی دیجیتاڵی چاودێری خرایە بەردەمیان کە پێیدەوترا ”سنیک”. بەپێی ئەو بەرنامەیە هەر دەقیقەیەک وێنەیەکی زیندوو لەکرێکارەکان دەگیردرێ لەڕێگەی وێب کامی لاپتۆپەکانەوە. وێنەی سەری کرێکارەکان کەبە دیواری ئەو ژوورەدا بلاودەکرێتەوە لەکۆنفرانسێکی دیجیتاڵیدا وە بەردەوام دەگۆڕێ. هەر دەست پیانانێک بە وێنەی سەروچاوی یەکێک لە ئامادەبووان بە تەنیایی دەتوانرێ بخرێتە پەیوەندیەکی ڤیدیۆییەوە لەگەڵیدا. هەر زوو هەندێ بەرنامەی سۆفت وێری وەک ”سنیک” یا ”تاتڵ وێر” یا ”بۆس وێر” سەریانهەڵدا بۆ ئەم مەبەستە. لە مانگی نیسانی سالی رابردوەوە داواکاریەکان بۆ چاودێری لە دوورەوە ”ریمۆت” لەرێگەی گووگڵەوە لەسەدا ٢١٢ زیادی کردوە وە لە مانگی نیسانی ئەمسالدا بە رێژەی لەسەدا ٢٤٣ زیادی کرد. بەپێی ”ئەکتیڤ تراک” تەنها لە مانگی نیسانی ٢٠٢٠ دا لە ٥٠ کڕیارەوە گەیشتۆتە ٨٠٠ کڕیار وە لەکاتی پەتاکەدا گەشەی کردوە و ئیستا گەیشتۆتە ٩٠٠٠ کڕیار واتە ٩ هەزار کۆمپانیا کڕیاری ئەم دەزگایانەیە لە گووگڵ وەک دەگوترێ. ئەم بەرنامەیە بژاردەی جیاجیای هەیە بۆ چاودێریکردنی چالاکی ئۆن لاینی کرێکاران هەروەها بەرهەمی کارەکانیان و هەلسەگاندنیان. لە سکرین شۆت کردنی شاشەی کرێکارەکان تا هەر بەکارهێنانیکی گووگڵیان لەسەر ئینتەرنێت. کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری ئەم دەزگا چاودێری وسیخوڕیانە دەستیانداوەتە بەرهەم هێنانی جۆری جیاواز لەم سۆفت وێرانە بەناوی جواروجۆری وەک ”فلێکس سپای” و ”سپای تێک” و ”نێت ڤزۆر”. خاوەنکارەکان تەنانەت چاودێری ئیمەیلی کرێکارانی ئەو کۆمپانیایانەش دەکەن. پێش ئەم پەتایە خاوەن کار نەیدەتوانی چاودێری کرێکار بکات پاش چوونە دەرەوەی لەسەر کارەکەی بەلام ئەم پەتای کۆرۆنایە بارورەوشێکی هێنایە پێشەوە کە قەڵەمرەوی چاودێری گەیاندە دیوی ناوەوەی ماڵی کریکاران. خاوەن کارەکان دەیانەوێ بزانن کرێکارەکانیان لەسەر چ وێب سایتێکن و سەیری چی دەکەن وکاتی کارکردنیان بە چییەوە بەسەردەبەن، دەیانەوێ زانیاری تەواو وەرگرن سەبارەت بە چالاکیەکانی کرێکاران کە دەیکەن لە پشت لاپ تۆپەکەیانەوە. تەنانەت ئەگەر خاوەن کارەکە یا بەرپرسی راستەوخۆی کارەکەی بیەوێ دەربارەی پاش کارکردنیش زانیاری بزانێ و کۆبکاتەوە لە ڕووی یاساییەوە کرێکاران هیچیان لەدەست نایەت بیکەن دژ بە خاوەن کارەکانیان لە زۆربەی ولاتانی رۆژئاوا. لەبەرئەوەی ئەگەر خاوەنکار ئەو دەزگای چاودێریە بەکاربێنێ ئەوا تەنانەت پاش تەواوبوونی سەعاتەکانی کاریش دەتوانێ چاودێریان بکات تا بزانێ کرێکاران دوای کارکردن خەریکی چین و تەنانەت دەستی بگات بە وردەکاری زۆر تایبەتی کرێکاران لەوانە پەیامی تایبەتی سەر فەیس بووک و ژمارەی نهێنی حسابی بانکیەکەی کە دەچێتە سەری لە ڕێگەی لاپ تۆپەکەیەوە ”ئۆن لاین بانکین”. بۆرژوازی دەیەوێ دەسەلاتەکانی زیاتر بکات بەسەر کرێکارانەوە، دەیەوێ زیاتر دەستەمۆیان بکات و ئاگاداری هەموو شتێکیان ببێ. بۆرژوازی لەپێناوی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان پەنادەباتە بەر چاودێری بەردەوامی کرێکاران نەوەک لە ڕێژەی قازانجی بهێننە خوارەوە، چونکە سەرمایەداری هەر بەردەوام لەبیری بردنە سەرەوەی قازانجە لەڕێگەی جۆراوجۆرەوە.

سەرچاوەکان: گاردیانی ٥ی سپتمبەر گاردیانی ١٧ی سپتمبەر.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: