حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسە لە دابینکردنی ئەمنیەت وسەلامەتی بۆ پەنابەرانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسە لە دابینکردنی ئەمنیەت وسەلامەتی بۆ پەنابەرانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بەتیرۆری پەنابەر بەهرۆزی ڕەحیمی

ڕۆژی چوار شەممە ١٤/٧/٢٠٢١ (بەهرۆزی ڕەحیمی) پەنابەری کوردی ئێران٫ لەگوندی (ژاڵە) ی نێوان سلێمانی و عەربەت لەکاتی چوونی بۆسەر کاری پاسەوانی، لەلایەن چەکدارێکەوە لە نێو ئۆتۆمبیلێکەوە دەدرێتە بەردەستڕیژی گوللە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، ژیان لەدەستدەدات.

بەهرۆزی ڕەحیمی ماوەی ١٠ساڵە لەکوردستانی عێراق، زۆنی سەوز لەژێر سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژیانی مەمرەو مەژی بەسەر دەبات. سەرباری سەختی ژیان وگوزەران و نائەمنی و زۆرجار فشاری دەزگاکانی ئاسایش لە گرتن و سوکایەتیپێکردنی په‌نابە‌رانی ئێرانی، هه‌میشه‌ ترسیان لەوە هه‌بووه‌ ڕادەستی جمهوری ئیسلامی ئێران بکرێنەوە. ئەمە لەکاتێکدایە (بەهرۆزی ڕەحیمی) ودەیان پەنابەری دیکەی سیاسی لەرێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران خۆیان ناونوسکردووە و لەچاوەڕوانی گەیاندنیانن بە ووڵاتی سێهەم، بەڵام رێکخراوی ناوبراو نەك بێدەربەستە لەبەرامبەر ڕێزگرتن لە ماف وداواکارییەکانی ئەوان، بەڵکو بێدەنگ ونابەپرسانە بەرامبەر تیرۆریزمی جمهوری ئیسلامی ئێران کە هەڕەشەیەکی بەردەوامە بۆ سەر ژیان و سەلامەتی پەنابەران، تائیستا دەستی ڕەشی ئەم دەسەڵاتە نەگریسە گەیشتۆتە گیانی سه‌دان هەڵسوڕاوی سیاسی په‌نابه‌رانی ئێرانی لەکوردستان. بێباكی ئه‌م ده‌زگایه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ئاستی ژیان و ئه‌منیه‌تی په‌نابه‌راندا به‌ڕاده‌یه‌كه‌ كه‌ چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر له‌به‌رده‌می باره‌گاكه‌یدا و به‌به‌رچاوی ئه‌وه‌وه‌ په‌نابه‌رێك ئاگری له‌ خۆی به‌ردا، ته‌نانه‌ت ئاماده‌ نه‌بوون ئاگری جەستەی ئەو پەنابەرە بكوژێننه‌وه‌ و بە داخەوە دواتر گیانی له‌ ده‌ستدا.

ئێمە لە فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی بەتوندی ئیدانەی تیرۆری(بەهرۆزی ڕەحیمی) ده‌كه‌ین و پرسەوسەرەخۆسی خۆمان ئاراستەی کەسوکارو هاورێیان و دۆستانی (بەهرۆزی ڕەحیمی) دەکەین و لەم خەمە قورسەدا لەپاڵیان ڕادەوەستین. به‌ پێی هه‌موو پێوانه‌یه‌كی حكومه‌تی و له‌ دونیادا په‌نابه‌ران له‌ هه‌ر ووڵاتێك ده‌بێ ئاسایشیان له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بپارێزرێ. هه‌ربۆیه‌ ئێمه‌ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرس دەکەین لەدەستبەجێ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تاوانباران و بە سزا گەیاندنیان، هاوکات پشتیوانی تەواوی خۆمان لە داواکارییەکانی پەنابەرانی ئێرانی بەرامبەر بەرێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەردەبڕین و بەرپرسیان دەکەین لە ئەمنیەت و سەلامەتی ئەو پەنابەرانه‌. ئه‌ركی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشه‌ بەرپرسیارێتی بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئامن و ئاسایش بۆ پەنابەران و خێزان ومناڵیان له‌ئه‌ستۆ بگرێ تا ئه‌وکاته‌ی پرۆسه‌ی گوێزانەوەیان بۆ ووڵاتی سێهەم مه‌یسه‌ر ده‌بێ.
هاوكاتیش ڕایده‌گه‌یه‌نین كه‌ پێویسته‌ په‌نابه‌رانی ئێرانی سه‌ر به‌ هه‌ر حزب و لایه‌نێكی سیاسین زیاتر خۆیان بپارێزن و هیچ جۆره‌ خۆشخه‌یاڵیه‌كیان نه‌بێ به‌وه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی ئاسایشیان دابین بكات، له‌ كاتێكدا كه‌ ده‌زگاكانی موخابه‌راتی ووڵاتانی دونیا و ناوچه‌كه‌ له‌ كوردستاندا هێلانه‌ی خۆیان داناوه‌.

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی

١٧/٧/٢٠٢١

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: