دەربارەی پشتیوانی لە ناڕەزایی ڕێکخراوەکانی ژنانی کوردستانی عێراق لە دژی کۆنەپەرستیی ئیسلامی

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی کوردستانی حزبی حکمەتیست:
دەربارەی پشتیوانی لە ناڕەزایی ڕێکخراوەکانی ژنانی کوردستانی عێراق لە دژی کۆنەپەرستیی ئیسلامی

کەمپینی ناڕەزایی لە ژێر ناونیشانی “وەستانەوە لە دژی سووکایەتی کردن بە ژنان”، لە ڕۆژانی ڕابوردوودا شانۆی سیاسی شارە گەورەکانی کوردستانی عێراقی داگیر کردووە. بەهار مونزر هەڵسووڕاوی سیاسی و داکۆکیکاری مافەکانی ژنان و هەروەها وتەبێژی کەمپینی ناوبراو، یەکێک لە مەلا کۆنەپەرستەکانی کوردستانی عێراقی بە ناوی “مەلا مەزهەر” پەلکێشی دادگای شاری هەولێر کردووە. ئەم مەلا کۆنەپەرستە کە لە ماوەی چەند مانگ و ساڵی ڕابوردوودا لە ڕاگەیاندن و میدیای ڕەوتە ئیسلامییەکانەوە بەردەوام خەریکی سووکایەتی و تەحقیر کردن بە ژنان و ڕێکخراوەکانیان بووە لە کۆمەڵگەدا، ئەم دواییانە بەهۆی بانگەشەی بۆ فرەژنی بۆ پیاوان و ئیهانەت و تەحقیر بە ژنان و ڕێکخراوەکانیان شەپۆلێک لە نەفرەت و ناڕەزایی لە ناو خەڵکی ئازادیخوازی کوردستاندا درووست کردووە.

هەوڵدان بۆ دادگایی کردنی ئەم مەلا کۆنەپەرست و ناسراوە لەلایەن بەهار مونزر و ڕێکخراوەکانی بەرگریکار لە مافەکانی ژنان لە کوردستانی عێراق هەنگاوێکی گرنگ و بوێرانەیە بۆ پاشەکشە پێکردنی ئیسلامی سیاسی هەوسار پچڕاو لە کۆمەڵگەی کوردستانی عێراقدا. ئەم حەرەکەتە دەبێت لەلایەن تەواوی ئۆرگانەکان و خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخوازەوە جێی پشتیوانی بێت.

ئیسلامی سیاسی لە کوردستانی عێراق بە هاوکاری ئەحزابی عەشیرەیی ناسیۆنالیست لە دوو دەیەی ڕابوردوودا بوونەتە خاوەن هێز و ئیمکاناتی زۆر و لەم ڕێیەوە بووە بە یەکێک لە هەڕەشە جددییەکان بۆ سەر مەدەنیەتی کۆمەڵگەی کوردستان و هەر جۆرە ئازادیخوازیەک بە تایبەت لە دژی ژنان.

لە دوو دەیەی ڕابوردوودا ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان نەک تەنیا لە سێبەری ئەحزابی حاکمدا لە دەسەڵاتی دەوڵەتیدا شەریک بوون، بەڵکە بە درووست کردنی ئۆرگان و ڕێکخراوی جۆراوجۆری ئیسلامی و سەدان مزگەوت و مەدرەسەی ئیسلامی لە هەر شارێکدا برەوپێدەری بیروباوەڕی کۆنن لە کوردستاندا. ژنان قوربانیانی یەکەمی ئەم تاوانکارانە بوون لە دوو دەیەی ڕابوردوودا. کوشتن و تیرۆری ژنان لە کوردستانی عێراق تەنیا گۆشەیەکە لە بەرهەمی پەیدابوون و گەشەکردنی ئەم ڕەوتە دژە ئینسانیانە، کە ژیانی ژنانیان کردووەتە دۆزەخ.

لە بەرامبەریشدا بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژن و پیاو و دیفاع لە مافەکانی ژنان لە کوردستانی عێراق لە ڕۆژی سەرهەڵدانی ڕەوتە ئیسلامیەکانەوە هەمیشە لە مەیدانی خەبات لە دژی ڕەوتە ئیسلامیەکاندا بووە و بزووتنەوەیەکی بەهێزی لەناو ژنان و پیاوانی ئازادیخوازدا شکڵ پێداوە، کە هیچ کات لە بەرامبەر دێوزمەی کۆنەپەرستی ئیسلامیدا کورتی نەهێناوە.

مەلا مەزهەری کۆنەپەرست تەنیا یەکێک لە نموونەکانی هەوسار پچڕانی ڕەوتە ئیسلامییەکانە لە کوردستانی عێراق کە بە پاڵپشتی دامودەزگای جۆراوجۆری ئیسلامی و بێدەنگی ماناداری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندنە ئاشکراکانەوە دەستی داوەتە پەخشکردنی کۆنەپەرستی و پاساودانی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان.

تەبلیغ و دیفاع کردنی ئەم دواییەی ئەو لە پەیوەند بە بانگەشە بۆ فرەژنی بۆ پیاوان و هێرش بۆ سەر کەرامەتی ژنان خۆشبەختانە بەرەوڕووی بەربەستی مقاوەمەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە کوردستانی عێراق بووەتەوە.

کۆمیتەی کوردستانی حزبی حکمەتیست پشتیوانی خۆی بۆ دەستپێشکەری بوێرانەی بەهار مونزر و ڕێکخراوەکانی ژنان ڕادەگەیەنێت بۆ دادگایی کردنی مەلا مەزهەر.

ئێمە تەواوی ڕێکخراوەکان و خەڵکی ئازادیخواز لە شارەکانی کوردستان بانگەواز دەکەین بۆ پشتیوانی کردن لەم بزووتنەوە ئینسانی و ئازادیخوازانەیە.

بژی خەباتی ژنان و پیاوانی ئازدیخوازی کوردستانی عێراق لە دژی کۆنەپەرستیی ئیسلامی

بژی بزووتنەوەی ئازادی ژنان

کۆمیتەی کوردستانی حزبی حکمەتیست

٢٨ جێنوەری ٢٠٢٠

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: