له‌ کردەوەیەکی تیرۆریستیدا بە هاواری الله‌ اکبر لەشاری ڤۆرتزبورگی ئه‌ڵمانی، چەند كه‌سێك بوونه‌ قوربانی!

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٥/٦/٢٠٢١ پەنابەرێکی سۆماڵی لە ناوەڕاستی شاری (ڤۆرتزبورگ) لە ئەڵمانیا، زۆر دڕندانە لەڕێگەی چەقۆیەکی گەورەوە پەلاماری چەند کەسێک دەدات. سەرئەنجام ٣ ئافرەت دەکوژێت و ٦ کەسی دیکەش بریندار دەکات. بەپێی وته‌ی شایەتحاڵێک کە لە نزیک ڕووداوەکە بووە، ئەم هێرشبەرە لە کاتی پەلامارەکەیدا بەدەنگی بەرز هاواری (اللە اکبر)ی کردوە. هاوکات بەپێی لێکۆڵینە سەرەتاییەکان ئەم کەسە دانی بەوەداناوە، کە ئەو (جیهاد) ی خۆی ئەنجامداوە. دڕندەیی ئەم تاوانە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە میدیاکان و کۆمەڵگای ئەڵمانیا دا داوەتەوە.
ئێمە هاوخەمی خۆمان لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی ئەم تاوانە ڕادەگەیه‌نین، هەروەها ئەم تاوانە بە توندی مەحکوم دەکەین. ئەم کردەوەیە دەرەنجامی پیادەکردنی سیاسەتی په‌راوێزخستنی په‌نابه‌ران و ئینسانه‌كان به‌ ناو و بیانوی ’’بیانی بوونه‌وه‌’’ و جگه‌ له‌وه‌ی به‌شێكیان له‌ چاوه‌ڕوانی پێدانی مافی نیشته‌جێ بووندا ڕاده‌گیرێن یاخود حه‌واڵه‌ی فه‌رهه‌نگی خۆیی ده‌كرێن تاكو زیاتر ببنه‌ خۆراكی كۆنه‌په‌رستی و تیرۆریزمی ئیسلامی. له‌ كاتێكدا به‌شێكی زۆر و به‌رچاوی ئه‌م ئینسانانه‌ له‌ ده‌ست جه‌نگ و ماڵوێرانیه‌ك له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆیان هه‌ڵهاتوون كه‌ هه‌ر ئه‌م ئه‌ڵمانیایه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ ناتۆ هۆكاره‌كه‌ی بوون. ئه‌وان له‌وێ هه‌ڵكه‌ندراون و لێره‌ش له‌ بێمافی و چاوه‌ڕوانی و نه‌خۆشكه‌وتندا ڕاده‌گیرێن. ئیتر ساده‌ ده‌بنه‌ خۆراكی بیروڕا و ڕێكخراوی تیرۆریستی و تۆوی تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ و ڕق و قین له‌ هه‌ردوو سه‌ره‌وه‌ له‌ دڵیان ده‌چێنن. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ڕاسیزمی ڕێكخراو و ده‌وڵه‌تی و ناده‌وڵه‌تی له‌به‌رامبه‌ر بیانیه‌كان و گشتاندنیان به‌ ئیسلامی و تیرۆریست و خاوه‌ن فه‌رهه‌نگی نزم و … هتد، هێنده‌ی تر ئه‌م ئینسانانه‌ ده‌كاته‌ بوونه‌وه‌ری زیاده‌ به‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگاكانی ئه‌وروپاوه‌. له‌ هه‌لومه‌رجێكی وادایه‌ كه‌ له‌به‌رامبه‌ر ڕاسیزم و ئه‌م سیاسه‌ته‌ نامرۆڤانه‌یه‌دا، قین و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ و تیرۆر له‌نێو په‌نابه‌رانێكی قوربانیدا ڕه‌واج په‌یدا ده‌كات و كاره‌ساتی له‌م چه‌شنه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.
ئێمه‌ وێڕای سه‌ره‌خۆشی و ئیدانه‌ و ناڕه‌حه‌تی خۆمان به‌رامبه‌ر ئه‌م تاوانه‌ و دۆخێك كه‌ بۆ تاوانی له‌و چه‌شنه‌ خوڵقاوه‌، ڕایده‌گه‌یه‌نین كه‌ پێویسته‌ به‌ هه‌مووان له‌ دژی سیاسه‌تی بره‌ودان به‌ ڕاسیزم و زه‌مینه‌سازی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ قین و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ و تیرۆر و تۆقاندن ڕابوه‌ستیه‌وه‌

کۆمیتەی ئەڵمانیا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٧-٦-٢٠٢١

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: