گەنجێکی رانیە: بە کرێکاری پارەم پەیداکردووە، قەرزیش دەکەم و دەچم بۆ ئەوروپا

سەرەتای ڤیدیۆکە سێ گەنجی دانیشتووی رانیە دەبینن کە پاسپۆرتەکانیان بە دەستەوەیە و نیازیانە ڤیزای تورکیا وەربگرن و بەرەو ئەوروپا کۆچ بکەن. ئەوان چاوەڕوانی نۆرەن لە بەردەم نووسینگەکانی ڤیزەدا، تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 21 ساڵیدایە. دووانیان کرێکار و یەکێکیشیان بێکارە، سەرەڕای ئەوەی بەشی پەرستاری خوێندووە.
شۆڕش شوان، پیشەی کرێکارە و باس لەوە دەکات، “حەوت هەشت ساڵە کار دەکەم، بە کرێکاری و دینار دینار بڕی حەوت هەزار و 500 دۆلارم کۆکردووەتەوە و باقی پارەکەی دیکە ناچارم قەرزی بکەم بۆ ئەوەی بگەمە شوێنی مەبەست.”
رەسوول موتەلیبیش بەهەمان شێوە کرێکارە، ئەویش دەڵێت، بۆ دابینکردنی پارەی رێگەی ئەوروپا، کرێکاری کردووە و زەویشی فرۆشتووە تاوەکو 15 هەزار دۆلاری کۆکردووەتەوە. “ئەوەی دیکەیشی قەرز دەکەم و پشت بەخوا دەڕۆم.”
حەمە شوان تەمەنی 45 ساڵانە و فۆتۆگرافەرە لە رانیە، ئەو ماوەی سێ مانگە کوڕێکی ناردووەتە ئەوروپا. دەڵێت، “سێ کوڕم ماون، ئەوانیش بەڕێدەکەم، دوو کچیشم هەن، بۆیە وەستاوم، خۆیشم ئەگەر ئێستاش دەرفەت بڕەخسێت و رێگەیێکی ئارامم دەستبکەوێت، هەموومان دەڕۆین. چیبکەین لەم وڵاتە؟”
لە پارکی شار لە دەروازەی راپەڕینیش، ئێواران قاچاخچی و ئەو گەنجانەی نیازیانە کۆچ بکەن، بە ئاشکرا مامەڵەی رۆیشتن دەکەن.
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپایە لە هەرێمی کوردستان و دەڵێت، لە ساڵی 2021 لە شەش مانگی سەرەتایدا زیاتر لە شەش هەزار هاووڵاتیی دەڤەری راپەڕین رۆیشتوون و گەیشتوونەتە تورکیا، بەڵام بە کۆی گشتیی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 25 هەزار کەس لەو شەش مانگەدا کۆچیان کردووە بۆ تورکیا. تورکیا ئێستا بە مەبەست سنوورە ئاوییەکانی شل کردوون و بۆیە لەم 10 رۆژەدا 800 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە کەناراوەکانی یۆنان و ئیتاڵیا. لە کۆی گشتیی ئەو کۆچبەرانەی گەیشتوونەتە هەردوو وڵاتی یۆنان و ئیتاڵیا تەنیا دوو یەخت گەڕاونەتەوە کە ژمارەی سەرنشینانیان 157 کەس بوونە و گەڕێندراونەتەوە تورکیا.”
لە ئیدارەی راپەڕین نزیکەی 30 نووسینگەی ڤیزا و فڕۆکەوانی هەن، بەپێی ئاماری نووسینگەکان، رۆژانە زیاتر لە 500 گەنج داوای ڤیزای تورکیا دەکەن، لەو نووسینگانە جگە لە ڤیزا و تیکتی فڕۆکە، کارئاسانیش لەنێوان قاچاخچییەکان و گەنجاندا دەکرێت.
عەبدوڵڵا عومەر، خاوەن نووسینگەی ڤیزایە و دەڵێت، “ئێمە زیاتر ئەو قاچاخچییانەیان پێ دەناسێنین کە خەڵکی مەنتیقەن و متمانەپێکراون، پارەی خەڵکی ناخۆن، چونکە بەداخەوە کۆمەڵێک خەڵکی زۆر لەم رێگەیەدا دەستی بڕاوە و هەم ماڵی هەم سەری رۆیشتووە، زۆربەی قاچاخچییەکانیش خەڵکی ئیدارەی راپەڕینن و ئەگەر خەڵکی ئێرەش نەبن، ئێمە کارێک دەکەین گەنجەکان بە قاچاخچی جێگەی متمانە بناسێنین.”
بەپێی ئاماری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 27 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە گەیشتوونەتە وڵاتانی ئەوروپا، هەشت هەزار کەسیان دانیشتووی ئیدارەی راپەڕین بوونە، لەوانەش 32 کەسیان لە ئاودا خنکاون کە دیسان چوار کەسیان خەڵکی رانیە بوون.

https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2406202125

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: