نەوەی سێیەمی دەسەڵاتی خێڵەکی و نوێکردنەوەی شەڕی براکوژی

عبدللە سەکری:

dav

هەموو ئاماژەکان ڕووەو شەڕێکی ماڵوێرانکەری براکوژی دەچن ، شەڕێک کە بووە بە کولتووری دەسەڵاتێکی خێڵەکی و پشتاو پشت لەسەردەمی قۆناغی بەرنگاری و سەردەمی شۆڕشچێتی شاخەوە ، دەستاو دەستی پێدەکرێت و ئەمڕۆ جارێکی تر لەژێر هەژموونی هێزە تۆتالیتارەکانی ناوچەکەو بەئاراستەی شەپۆلی بەرژەوەندیەکانی خێڵە دەسەڵاتبەدەستەکانی هەرێمی کوردستان ،ئەم شەڕە نەگریس و ماڵوێرانکەرە دەهێنرێتەوە سەر مێزی حساباتی سیاسی لەنێوان لایەنەکانی کوردستاندا
هیزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان لەبری دەستاو دەستپێکردنی دەسەڵاتی سیاسی ، بەدرێژایی مێژووی دوای ڕاپەڕین ، هاوشێوەی هەندێ لە خێڵە کلاسیک و دواکەوتووەکانی ئاسیاو ئەفریقاو ئوسترالیا ، خەریکی دەستاو دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆبوون لە باوکەوە بۆکوڕو لەمیشەوە بۆ کوڕەزا
ئەم نەوەیەی دەسەڵات کە بەنەوەی دوای ڕاپەڕین ناسراوە ، بۆ پاراستنی دەسەڵات و گێڕانەوەی هەیبەتی شکاویان لە ئەنجامی دزینی قووتی هاوڵاتیان و تاڵانکردنی سامانی ئەم هەرێمە ، دەیانەوێت ، جەولەیەکی نوێ لەشەڕی ناوخۆ بەڕێبخەن و خوێنی بەشێکی تر لەگەنجانی ئەم هەرێمە بکەنە سوتماکی شانۆیەکی تر لە مەشغوڵکردن و ڕاگرتنی خەڵکی کوردستان لە برسیەتی و نەهامەتیدا
ئەم تیرەو خێڵە خۆسەپێن و دەسەڵاتبەدەستانە ، هەرکاتێک دزی و ڕاوڕووت و خراپەکاریەکانیان ، تەمەنی خستبنە لێواری لەناو چوون و پووکانەوە ، ئەوا بەسەرپردی شەڕی ناوخۆدا پەڕیونەتەوەو ژیانی سەدان گەنج و هاونیشتمانی ئەم هەرێمەیان ، لەپێناو مانەوەو سەلامەتی بنەماڵەکانیان کردووەتە قووربانی
ئەوەی کە مەترسییە لەسەر هەرێمی کوردستان ، بوونی پەکەکە نییە ، بەڵکو ئەوەی مەترسییە بۆسەر ئەم قەوارەیە ، گۆڕانی هاوکێشە ئیقلیمیەکان و کارلێکی بەرژەوەندیە سیاسیەکانی وڵاتانی ناوچەکەیە ، دۆزی کورد ،یەکێکە لەو بابەتەگرنگانەی کە لە چوارچێوەی بابەتی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ و وڵاتانی ڕەگەز پەرستی ناوچەکە بەهاوکاری گرووپە توندڕەوەکان لەدەرەوەی سنوورەکانیان و لەکۆمەڵێک ڕەهەندی وەکو سەربازی و سیاسی و ئابووری و ژینگەیی ئیش لەسەر تێکشکاندنی هەر هێزو قەوارەیەکی کوردی لەناوچەکەدا دەکەن
هەموو ئەو قەیرانانەی وڵاتانی ناوچەکە لەدەرەوەی سنوورەکانیان درووستی دەکەن بۆ پاراستنی دۆخی ئاسایشی ناوخۆیان ، بەشێک لە هێزەسیاسیەکانی هەرێمی کوردستان تیایدا بەشدارن ، چونکە بابەتی ئاسایش هەرتەنیا ڕەهەندی سەربازی ناگرێتەوە ، بەڵکو تێکدانی ژینگەو لەبەین بردنی ژێرخانی ئابووری و چاندنی ترس و نائومێدی لەکۆمەڵگادا دەگرێتەوە .
لەکاتێکدا کە گرووپە ئیتنی و مەزهەبیەکانی ناوچەکە لەڕووی توندوو تیژی سەربازی و فیزیکییەوە هاوکاری تورکیابن لەدرووستکردنی قەیران لەدەرەوەی سنوورەکانی ، ئەوا دەسەڵاتی سیاسی لەهەرێمی کوردستان ، بەدرووستکردنی قەیرانی ئابووری و برسیکردنی هاوڵاتیان و تاڵانکاری نەوت و سامانی سرووشتی ئەم هەرێمە ، لایەکی تری ئەو هاوکاریە پێکدەهێنێ کە تورکیا بۆ مانەوەی خۆی و پاراستنی دۆخی ناوخۆیی وڵاتەکەی پشتی پێدەبەستێ
ئەوڕستەیەی کەدەڵێ (پەکەکە مەترسییە بۆسەر قەوارەی هەرێم ) هەمان ڕستەیە کە گرووپەتوندڕەوە دینی و ئیتنیەکانی سەربە تورکیا ڕۆژانە دووبارەی دەکەنەوە کە دەڵێن ( پەکەکە مەترسییە بۆسەر دەوڵەتی ئیسلامی و بەرەی جیهادی ئیسلامی ) ئەم دەربڕینە ، هاوبەشە لە بەینی هەموو ئەوگرووپ و هێزانەی کلکایەتی بۆ تورکیادەکەن
پرسی کورد لەسوریاو عێراق گرنگترین ئەو بابەتانەن کە ترسیان بۆ تورکیا وەک وڵاتێکی ڕەگەز پەرست درووستکردووە ، بەهەمان شێوە پرسی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات و ئاسایشی ئابووری لەهەرێمی کوردستان ، ترسیان بۆ سەر ئەو هێزە ئۆپۆرتۆن و خێڵە خوێنپەرستانە درووستکردووە کە لەسەر درووستکردنی قەیران و ئاژاوەی سیاسی و شەڕی براکوژی ، درێژە بە مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان دەدەن
شەڕی براکوژی ،ئەو پیلانە مەترسیدارەی تورکیا بەهێزتر دەکات کەپێی دەگوترێ سیاسەتی ئاسیمیلەیشن و هەرەسپێهێنانی ئەزموونی کوردی و لاوازکردنی سیاسەت و زمان و کولتووری نەتەوەیی کورد

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: