ئەمنستی ئینتەرناشناڵ: پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێم كۆتایی بە سەركوتكاریی و تۆقاندن بهێنن

رێكخراوی ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ،سێشەممە(15\6\2021)، رایگەیاند، پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان كۆتایی بە سەركوتكردن و تۆقاندن بهێنن لە پەیوەست بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان و ئەو دەستگیركراوانەش ئازادبكەن كە لەلایەن دەزگای ئاسایش و ئاژانسی پاراستنی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەستگیركراون لەگەڵ ئازادكردنی ئەو چالاكوان و رۆژنامەنوسانەی كە لە دادگاییەكی نادادپەروەرانەدا سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە.

 ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، لە راپۆرتێكدا رایگەیاندوە”پێویستە دەسەڵاتداران لە هەرێمی كوردستانی عێراق كۆتایی بێنن بە سەركوتكردنی ئێستایان لە دژی خۆپیشاندانەكان لەڕێگەی دەستگیركردنی هەڕەمەكی و گێچەڵپێكردنەوە، پێویستە دەستبەجێ ئەو دەستبەسەركراوانە ئازاد بكەن لەگەڵ ئەوانەشی كە پێشتر حوكمدراون لە دادگایی نادادپەروەرانەدا بەهۆی بەشداریكردنییان لە خۆپیشاندانەكان یاخود كارو چالاكییەكانیانەوە.”

ئەوەشی خستۆتەڕو، بەگوێرەی قسەی ئەو پارێزەر و كارمەندانەی مافەكانی مرۆڤ كە لەلایەن ڕێكخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵەوە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كراوە، لەنێوان مانگەكانی ئازاری 2020 و نیسانی 2020دا، هێزە ئەمنیە كوردییەكان تەنها لە پارێزگای دهۆك زیاتر لە 100 كەسیان دەسگریكردوە. زۆربەی ئەو  كەسانە هەر زو دوای ئەوە ئازادكراون، بەڵام بەلایەنی كەم 30 كەس لەوان بە دەستبەسەركراوی ماونەتەوە.

هەروەها رێكخراوەكە وتوشیەتی، لەنێوان مانگەكانی شوبات و ئایاری 2021، رێكخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ 21 چاوپێكەوتنی لەگەڵ قوربانیان و ئەندامانی خانەوادەی كەسە دەستبەسەركراوەكان و پارێزەران و چالاكوانانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنوسان لە هەرێمی كوردستانی عێراق ئەنجامداوە، هەروەها سەیری بەڵگەنامە رەسمییەكانی دادگای كرد لەوانە فەرمانی دەستگیركردن و بڕیاری سزادان و 21 حاڵەتی لە بادینان تۆماركرد كە سێ رۆژنامەنوس و 11 چالاكوانن و كە هەمویان لەنێوان مانگی ئاب و تشرینی یەكەمی ساڵی رابردو دەستگیركراون و بۆیشی دەركەوتوە لە هەمو كەیسەكاندا ئاسایشی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئاژانسی پاراستنی سەربە پارتی بەشێوەی هەڕەمەكی خەڵكیان دەستبەسەر كردوەو شەش لەوانەیشیان شوێنبزر كردون لەسەر بەشداریكردنیان لە خۆپیشاندانەكان یان رەخنەگرتن لە دەسەڵاتدارانی ناوخۆ یان بەهۆی كاری رۆژنامەوانییان.

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەو دەستگیركراوانە لەماوەی چەند رۆژێكەوە بۆ پێنج مانگ بە دەستبەسەركراوی هێلدرانەوە و شەش لەوانەش شوێنبزركران بۆ ماوەی نێوان 10 تا زیاتر لە سێ مانگ. دواتر لەو 14 كەسە سێ كەسیان ئازادكران و هەروەها لە دادگاییەكی نادادپەروەرانەدا سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج كەسیاندا سەپێنرا.

ڕێكخراوی ئەمنسی ئینتەرناشناڵ ئەوەشی وتوە كە “وای دەبینین دەستگیركردنی هەرەمەكی و دەستبەسەركردن و شوێنبزركردنی بەزۆرەملێ و دان بە دادگا و هەڕەشەی دان بە دادگا كەشی ترسی لەناو رۆژنامەوان و چالاكوانان هێناوەتە ئارا لە هەرێمی كوردستانی عێراق، بەتایبەتی لە دهۆك.”

ڕێكخراوەكە چوار حاڵەتی ترساندنی ئەو كەسانەی تۆماركردوە كە راستەوخۆ پەیوەندیدارن بە قوربانییەكانی دوایین سەركوتكارییەكانی دژی ئازادی ڕادەربرین لە دهۆك لەڕێگەی هەرەشەی دان بە دادگاو هەڕەشەی زارەكی لە دژی ئەندامانی خانەوادە یان ئەو پارێزەرانەی كە كار لە كەیسەكە دەكەن.

رێكخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان كردوە كە كۆتایی بە هەڵمەتی تۆقاندان بهێنن و دەستبەجێ ئەو كەسانە ئازاد بكەن كە لە دەستبەسەركردنی هەرەمەكیدا ماونەتەوەو ئەوانەی كە تاوانبار دەرچون لە دادگاییە نادادپەروەرەكاندا.

هەروەها داواشی لە دەسەڵاتداران كردوە كە هەنگاوی دەستبەجێ بگرنەبەر بۆ كۆتاییهێنان بە مومارەسەی گێچەڵپێكردن و ترساندن و تۆڵەسەندنەوە لە دژی رۆژنامەوانان و بەرگریكارانی مافەكانی مرۆڤ و چالاكوانان و ئەندامانی خانەوادەكانیان.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: