ئەو دادوەرەی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەرپرسان دەردەکرد لە دادگای دەستپاکی لابرا

لە ماوەی رابردوودا دادوەرێک لە دادگای دەستپاکی گەرمیان چەند دۆسیەیەکی گەندەڵی جوڵاند، کە چەند بەرپرسێکی ئەو ناوچەیە تێوەگلابوون و ژمارەیەکیشیان دەستگیرکران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرا، بەڵام ئەمڕۆ ئەو دادوەرە لە دادگای دەستپاکی لابرا.

عەبدولئەمیر جومعە، دادوەری لێكۆڵینەوەی دەستپاكی گەرمیان، كە چەند كەیسێكی لەدژی بەرپرسان جوڵاندوە، گۆڕدراو دادوەرێكی دیكە لە شوێنەكەی دانراوە.

 بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ كە روماڵی روداوەكانی ناوچەی گەرمیان دەكات، لە سەرەتای ئەم ھەفتەیەوە دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی گەرمیان، عەبدولئەمیر جومعە، مەلەفی لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لێوەرگیراوەتەوە و گۆڕدراوە بە دادوەر عەباس محەمەد ئەمین.

ئەم گۆڕانکارییانە لە دادگای دەستپاکی گەرمیان، دوای ئەوەھاتوە کە دادوەر عەبدولئەمیر جومعە لەماوەکانی رابردوداو لەسەر سکاڵایەکی ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی رزگاری راگرت و فەرمانی دەستگیرکردنیشی بۆ بەڕێوبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان دەرکرد کە تائێستا دەستگیرنەکراوە، ئەمەش لە دۆسیەیەکدا لەبارەی پرۆژەی ناوچەی نوێی پیشەسازیی ناحیەی رزگاری کە بەپێی سکاڵاکە، ئەو دو بەرپرسە بەبێ وەرگرتن و تەواوبونی مۆڵەت و  رێکارەکان، ھەستاون بە کارکردن لەو پرۆژەیەدا، ئەمەش تۆمەتێکە کە ھەردو بەرپرسەکە رەتیدەکەنەوە.

دادوەری نوێی دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی، دادوەر عەباس محەمەدئەمین، ھاوکات دادوەری دۆسیەکانی ئاسایشی گەرمیان و دادوەری بەرایی و کەتنی دادگای ناحیەی رزگارییشە.

پێشتریش لە دو بەیاننامەی جیادا، ژمارەیەک پەرلەمانتار و سیاسی و چالاکوان و مافناس و پارێزەر، ھۆشدارییان دابو لە بونی ھەوڵێک بۆ گۆڕینی دادوەری دادگای دەستپاکی.

دادوەر عەبدولئەمیر جومعە، پێش دەستبەکاربونی وەک دادوەری دادگای دەستپاکی، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی خانەقین/قۆرەتو بو و لەو ماوەیەدا ژمارەیەک دۆسیەی ‘گەندەڵی و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و کەمتەرخەمی’ دادبینی کردو بەھۆیەوە ژمارەیەک بەرپرسی راگرت.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: