قەرەیلان پەردە لە سەر داوایەکی مەترسیداری تورکیا هەڵدەداتەوە

موراد قەرەیلان دەستنیشانی دەکات کە ئەوان لە شەڕی تورکیا ناترسن، بەڵکوو لە شەڕی کوردان دەترسن بەرخۆدانی ٤٠ڕۆژەی گەریلا ئەوەی سەلماندووە، تورکیا دەیەوێت شەڕی کوردان دروست بکات، بەو بۆنەشەوە شاندێکی تورکیا هاتن داوایانکرد کە لە تورکیا ئاگربەست ڕابگەێنن و لە پارچەکانی دیەکەی کوردستان چیمان دەوێت بیکەین، بەڵام ئێمە قەبووڵمان نەکرد.

لە میانەی بەشداری کردنی لە بەرنامەیکی تایبەتی سترێک تیڤیدا، موراد قەرەیلان، فەرماندەی گشتی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل و ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەری پەکەکە هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتەکانی کوردستان و پیلان و مەترسییەکانی هەڵگیرسانی شەڕی کورد بە کورد کرد.

هێرشی قڕکردنی کوردان بە گۆشەگیری سەر ئیمراڵییەوە دەستیپێکرد

قەرەیلان لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشی پاکتاوکردنی لەسەر کوردان بە گۆشەگیری ڕەها و ئەشکەنجەیەکی قورس لەسەر ڕێبەر ئۆجالان لە ئیمراڵیەوە دەستپێکردووە و زیات لە ١٠هەزار کادێری پەکەکە لە زیندانەکانی تورکیادان و لە باکووری کوردستان لە هەرێمەکانی دێرسیم، ئامەد، گارزان، وان، مێردین و بۆتان دەوڵەتی تورک دەستی بە ئۆپراسیۆنی سەربازی کردووە و زیاتر لە سێ ساڵیشە لە باشووری کوردستان لە چوارچێوەی سیاستی لە ناوبردنی کوردان لە باشووری کوردستان دەستی بە هێرشێکی داگیرکاری کردووە.

لەکاتێکدا شەڕێكی قورس لەگەڵ تورکیا دەکەین کردنەوەی بەرەیەکی دیکەی شەڕ لۆژیکیە؟

لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا قەرەیلان بە گرنگییەوە ڕایگەیاند بەردەوام لە سەر ئەو هەرێمانەی گەریلای لێیە و شەڕی تێدا دەقەومێت، ٣٠فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەگەڕێن، ئایا لە کاتێکی وەهادا لۆژیکی و عاقڵانەیە کە گەریلا هێرش بکاتە سەر پێشمەرگە و بەریەکی دیکەی شەڕ بکاتەوە؟ ئەمە پیلانی دوژمنە و تەنها خزمەت بە دوژمنان دەکات و لەم کاتەدا شەڕی کوردان هەڵەیەکی گەورەیە و ئێمە قەت بیر لە کوردکوژی ناکەینەوە.

قەرەیلان ڕووی لە پەدەکە وتی پێنج کیلۆمەتر دوورتر لەو شوێنەی پەدەکە لە مەتینا هێزی بۆ ڕەوانە کردووە شەڕێکی قورس لە نێوان گەریلا و سوپای داگیرکەری تورکدا هەیە، ئایا لە پشتەوە، ڕەوانە کردنی زیاتر لە سەدان زرێپۆش و بە هەزاران چەکدار بۆ ئەو شوێنەی کە ٢٥ساڵە گەریلای لێێە و ڕاشکاوانە پشتیوانی کردن لە سوپای داگیرکری تورک چ کوردایەتییەکە؟

سوپای تورک سەگ و کورد وەک یەک سەیر دەکات

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە زاپ، ئاڤاشین و مەتینا سوپای داگیرکەری تورک تەنگەتاو بووە و تووشی شکستی گەورە بووە، ئەمە جێگەی سەربەرزیی و شانازییە کە وێرای ئەوەی سوپای داگیرکەری تورک هەر جۆرە چەک و تکنۆلۆجیاێک بەکار دێنێت بەڵام دیسان سوپاکەیان دۆڕیوە، ئەگەرچی لە مێژووی کورداندا لە قەڵای دم دم بەرخۆدانییەکی ماوەدرێژ کراوە بەڵام لەو کاتەدا دوژمن ئوندە ئێستا دەوڵەتی تورک خاوەن چەکی پێشکەوتوو نەبوو، بۆیە ئەم ٤٦ ڕۆژە کە گەریلا بەرخۆدانی کردووە لە مێژووی کورداندا بێ وێنە بووە.

لەسەر شێوازی شەڕ و مامەڵەی دەوڵەتی تورک لەگەڵ کورداندا قەرەیلان ئاشکرای کرد کە دەوڵەتی تورک بە ڕێگەی سەگ و هەندێک کوردی بەکرێگیراوەوە کە کامێرایان پێیانەوە بەستووە دەیاننێرنە ناو تۆنێلەکان و بۆ خۆیان ناوێرن نزیک ببنەوە، مامەڵەی دەوڵەتی تورک لەگەڵ کورداندا وەهایە کە سەگ و کورد بۆیان وەکوو یەکن.

پەکەکە لە شەڕی دەوڵەتی تورک ناترسێت بەڵکوو لە شەڕی کوردان دەترسێت

سەبارەت بە بڕیاری پەدەکە لە سەر هەڵگیرسانی شەڕ لە دژی پەکەکە، قەرەیلان سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەوەی کە ” لەسەر داوای خلوسی ئاکار کە داوای لە پەدەکە کردبوو کە پێشمەرگەش بەشداری شەڕ لە دژی گەریلا بکەن، لە ٢٠ی مانگی ٥ی ئەمساڵ پەدەکە لە پاش کۆبوونەوەیەک بڕیاریان دابوو کە بەشداری شەڕ بکەن، پەکەکە لە شەڕی دەوڵەتی تورک ناترسێت و بەرخۆدانی ٤٦ڕۆژەی گەریلاکان ئەوەی سەلماندووە، ترسی ئێمە شەڕی کورد بە کوردە و خۆمانی لێ بەدوور دەگرین، پەدەکە دەڵێت پەکەکە لاواز بووە بۆیە دەرفەتە کە لە پشتەوە لێیان بدەین، بەڵام ئەمە خەیاڵێکی خاوە، چونکە پەکەکە بۆ ئەوان لە ناو ناچێت و ئەم بڕیارە بۆ داهاتووی خۆدی پەدەکە مەترسیدارە.

تورکیا داوای کرد لە باکوور ئاگربەست بکەین و لە پارچەکانی دیکە سەربەست بین

لە درێژەی قسەکانیدا قەرەیلان بابەتێکی گرنگی ئاشکرا کرد و وتی: ماوەیک پێش ئێستا دەوڵەتی تورک بە نوێنەرایەتی ئەردۆغان شاندێکی هەناردە لامان و لەگەڵمان کۆبوونەوە، داوایان لێمان کرد کە لە باکوور ئاگربەست ڕابگەێنین و لە پارچەکانی دیکەی کوردستان چی دەکەن بیکەن و دژایەتیتان ناکەین، بەڵام ئێمە ڕەتمان کردەوە، چونکە ئەمە پیلانێک بوو و دەیانویست ئێمە شەڕ لە دژی ئەوان نەکەین و شەری کوردان بکەین ، ئەمە مێژووی تورکیایە و باش دەیناسین.

گەریلا ٢٥ ساڵە بە ڕێکەوتن لەگەڵ لایەنەکانی باشوور لەو هەرێمانە جێگر بووە

هەروەها دووپاتیشی کردەوە کە با هەر کەس باش بزانێت کە گەریلا بە زۆر لە هیچ شوێنێک ناکشێتەوە ،بۆیەکەمجار لە بادینان، گەریلا بوو کە ساڵێ ١٩٩١ لە دژی بەعسی عێراق تەقەی ڕاپەڕینی کرد، ساڵی ١٩٩٥ بە رێکەوتن لەگەڵ لایەنەکانی باشووری کوردستاندا پەکەکە لەو هەرێمانەی کە ئێستا هەیە جێگر بووە و ساڵی ٢٠١٣ لەسەر داوای پەدەکە و حکومەتی هەرێم و شەخسی مەسعود بارزانی هێزەکانمان لە باکوور کشاندەوە بۆ باشووری کوردستان، لەم کاتەدا بۆچی هەبوونی پەکەکە لە باشوور دەورژێنن؟ ئەمە پیلانێکی مەترسیدارە.

لە مەتینا هەرسات مەترسی هەڵگیرسانی شەڕ هەیە

لەسەر مەترسی هەڵگیرسانی شەڕ موراد قەرەیلان هۆشداری داو ڕایگەیاند: لە مەتینا هەر سات هەڕەشەی هەڵگیرسانی شەڕ هەیە و بانگەوازی لە هەموو لایەنەکان دەکەم لە دژی ئەمە دەستێوەردان بکەن، بەتایبەتی کەنەکە ، یەنەکە، گۆڕان، زەحمەتکێشان، کۆمەڵی دادگەری، یەگرتوو، شیوعی، بانگەوازی کەسانی دیموکرات و وڵاتپارێز دەکەم و ئەکەسانەی کە نایانەوێت خوێنی کەسانی بێ گوناح بڕژێت، پێش لە هەڵگیرسانی شەڕ بگرن، ئێمە گیانی خۆمان بۆ کوردستان بەخشیوە و نە ئێمە و نە رێبەرەکەمان نامانەوێت شەڕی کوردان بکەین، بەڵکوو شەڕی داگیرکەران و دوژمنانی کوردان دەکەین، بەرخۆدانی ٤٦ ڕۆژەماندا ئەوەمان سەلماندووە و بە خۆباوەڕین کە دوژمنان تێکدەشکێنین و لەمپێناوەشدا بە بڕیارین.

خەڵکی بادینان دەزانن ئێمە کێین و چۆن دەژین

لەسەر قسەی هەندیک بەرپرسی پەدەکە کە دەڵێن ” پەکەکە بەکرێگیراوە”، قەرەیلان ڕایگەیاند : ئەمە بێ ویژدانی و گاڵتەکردنە بە عەقڵی گەل، ئایا پەکەکە بەکرەگیراوی ئێرانە؟ ماوەی لەمەوپێش چوار هەڤاڵمان لە سەڵماس لە لایەن ئەوانەوە شەهید کرا،ئایا بەکرێگیراوی عێراق یان تورکیاین؟ ئەم قسانە بێویژدانین، لە کاتێکدا ڕۆژانە لە شەڕی داگیرکەراندا شەهید دەدەین، ئێمە گیان و هەبوونی خۆمان پێشکەش بە گەلەکەمان کردووە و وازمان لە ماڵ و دارایی دونیا هێناوە، خەڵکی بادینان باش دەزانێت کە ئەو کەسەی ئەو قسەی کردووە، کییە و چۆن ژیان دەکات و ئێمە کێین و چۆن دەژین ، تورکیا وڵات وێران دەکات و دارستانەکان دەبڕێتەوە و تاڵانی دەکات لە دژی تورکیا هیچ ناڵێن و پەکەکە تاوانبار دەکەن ئەمە بێ ویژدانییە، ئەو هاووڵاتیانەی کە ماڵ و موڵکیان دەسووتن و بۆردۆمان دەکرێن لە بادینان، بیریان لەوە کردووەتەوە ئایا ئەگەر پەکەکە لە ناو بچێت، دەوڵەتی تورک چی بەسەر ئەواندا دێنێت؟

گەریلا هیچ موشەک و چەکی قورسی لەدژی پێشمەرگە بەکار نەهێناوە

لەسەر ڕووداوەکەی ٥ی ئەم مانگە لە مەتینا، قەرەیلان دووپاتی کردەوە کە لەو ڕووداوەدا گەریلا هیچ جۆرە چەکێکی قورس و موشەکی بەکار نەهێناوە و لەوکاتەدا پێنج بۆ شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر ئەو هەرێمەدا سووڕاونەتەوە و ئەمە پیلانێک بووە و ئەو پێشمەرگانەی بوونە قوربانی ، شەهیدن و سەرەوخۆشی لە خانەوادەیان کرد و داوای کرد کە بۆ ئاشکرا بوونی ئەو ڕووداوە شاندێكی پسپۆڕ لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە بکات.

لە کۆتایی قسەکانیدا موراد قەرەیلان جەختی کردەوە کە ” گەلی کورد لە پێواژۆی مان و نەماندایە چوونکە دەوڵەتی تورک بڕیاری لە ناوبردن و قڕکردنی کوردانی داوە، پێویستە هەمووکەس بە لەبەرچاو گرتنی ئەم ڕاستییە ، مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکات، ئەگەر لەم کاتەدا یەکێتی نەتەوییش  دروست نەبێت بەلانی کەمەوە با زیان بە یەک نەگەێنین، لەوانەیە کەم و کوڕی ئێمەش هەبێت و لەو پێناوەدا پێویستە هاوکاری یەکتر بین، ئێمە لەژدی سیاسەتی لە ناوبردنی کوردان شەڕ دەکەین و پێداگرین لەسەر وەستانەوە لە دژی دەوڵەتی تورک و بەبڕیارین لەسەر سەرکەوتن، لەم پێناوەشدا پێویستە هەرکەس پشتیوانیمان لێبکات.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: