سکرتێری گشتیی UN: تووندوتیژیی بەرامبەر کۆڵبەرانی کورد زۆر زیادی کردووە

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنە لە پێشێلکردنی مافەکانی کورد لە ئێران دەگرێت و دەڵێت، چارەنووسی ژمارەیەک چالاکڤانی کورد کە سەرەتای ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستبەسەرکراون، نادیارە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا کە بۆ 47مین خولی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ ئامادەی کردووە، باسی پێشێلکردنی مافەکانی کورد لە ئێران دەکات.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لە ساڵی 2020دا لانیکەم 69 کورد لەسێدارەدراون و لەو ساڵەدا دادگەکانی ئێران سزای لەسێدارەدانی 10 بەندکراوی سیاسی کوردیان پەسەندکردووە بە تۆمەتی وەکو دژایەتیکردنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران، دژایەتیکردنی خوا و ئەندامێتیی لە گرووپە سەلەفییەکان.
هەروەها ئاماژەی بەوەداوە، لە مانگی یەکی ساڵی 2021 زیاتر لە 100 چالاکڤانی مەدەنی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون و بەشێک لەوان چارەنووسیان نادیارە. 
باسی دۆخی خراپی زێنەب جەلالییان، بەندکراوی سیاسی کوردیش دەکات و دەڵێت، لە ساڵی 2008ـەوە لە زیندان راگیراوە، بێ ئەوەی کە مۆڵەتی کاتی هاتنەدەری پێدرابێت.
گۆتێرێس لەبارەی پێشێلکردنی مافی پێکهاتەکان، ئاماژە بە دەستبەسەرکردن و سزادانی دوو ژنە چالاکڤانی کورد لە سنە و کرماشان داوە بە ناوەکانی زارا محەممەدی و ئانیسا جەعفەری، بەهۆی ئەوەی کە زمانی کوردییان فێری خەڵک کردووە و کاریان لەسەر پەرەپێدانی کولتووری نەتەوەکەیان کردووە.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەیدا باسی لە تووندوتیژی هێزەکانی ئێران دژ بە کۆڵبەران کردووە و دەڵێت: “زۆر زیادی کردووە و جێگەی نیگەرانییە”. گۆتێرێس هەروەها دەڵێت: “لە پارێزگا هەژارەکانی ئێراندا دەورووبەری 70 هەزار کەس کۆڵبەری دەکەن، کە زۆربەیان کوردن”.
گۆتێرێس ئاماژە بەوەشدەکات، لە ساڵی 2020 لانیکەم 60 کۆڵبەر کوژراون، کە بەشێکیان منداڵ بوونە و 170 کەسیش برینداربوون، بەڵام لەسەر هیچکام لەو کوشتنانە لێکۆڵینەوە نەکراوە و کەس سزانەدراوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: