وتەبێژی گەندەڵکاران

گۆران هەڵەبجەیی:
بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هیچ شتێک لە جێگەی خۆیدا نیە ،هەموو سەکتەرو کەرتەکان مۆریانەی گەندەڵی لێداون و مڵەی مەحسوبیەت و مشەخۆری ژیانی کۆمەڵگای هەڵتەکاندوە ،بەم هۆیانەوە نەتوانراوە لە ماوەی 30 ساڵدا مرۆڤی سوندمەن پەروەردەبکرێت، نەتوانراوە کادری  ئیداری بەتواناو بەسەلیقەو پرۆفیشناڵ بەرهەم بهێنرێت. تاکە شتێک  یەکێتی و پارتی کاریان بۆ کردوە، بەرهەمهێنانی  مرۆڤی بێ ئیرادە، بێ کەسایەتی،بێ تواناو فاشل بووە،ئەمەش بەمەبەست  کراوە ،چونکە کۆنترۆڵکردن و ئاراستەکردنی ئەم جۆرە کەسانە  ئاسانە، کەی بخوازن چەپڵەیان پێ لێدەدە، دەیانکەنە داکۆکیکار و وتەبێژی فاشل وجوانکەری ڕوخساری ناشیرین و گەندەڵیان. 
هەرێمی کوردستان سیخناخ بووە بە دووجۆر پیشە یا پۆست کە هەردووکیان زیادەن وسودیان بۆ خەڵک نیە، ئەوانیش ڕاوێژکارو وتەبێژە. گەر هەڵوەستە لەسەر وتەبێژ بکەین و بزانین ئەرکەکانی چین و خەسڵەت و پێناسەی کەسی وتەبێژ چییە و چۆنە،ئەو دەمە بۆمان دەردەکەوێت کە زۆربەی وتەبێژەکانی هەرێم نەیانتوانیوە ئەرکەکانیان وەک وتەبێژی پرۆفیشیناڵ بەجێ بگەیەنن، وتەبێژی وڵاتانی پێشکەوتوو بەجۆرێک قسەدەکەن مرۆڤ حەزدەکات گوێیان لێبگرێت ، کە باسی دۆسیەیەک ،بابەتێک ،مەسەلەیەکی گرنگ و هەستیار دەکەن ،کوورت و پوخت ڕاوبۆچوونی ئەو لایەنەی ئەم وتەبێژیەتی بەجوانی دەخەنە ڕوو، بێ ئەوەی لە چوارچێوەی بابەتەکە بچنەدەرەوە.
بەڵام وتەبێژەکانی لەمەڕ خۆمان دەمێک دەمدەکەنەوە مرۆڤ شەرم لە کوردبوونی خۆی دەکات، هەندێکیان دوور لە ئەتەکێت و  بازاڕیانە دەدوێن ،لەبابەت لادەدەن، پاساوی بێمانا و لاوازو بێبەڵگە دەهێننەوە ، هەرگیز دان بەهەڵەو کەمووکووڕیەکاندا نانێن، پەلدەهاوێژن بۆ قسەگەڵیک کە هیچ پەیوەندیان بە بابەتەکەوە نیە.درێژدادڕن و  دووبارەکەرەوەن ،ئەو ناوەند و دەزگاو وەزارەتەی ئەم وتەبێژانە نوێنەرایەتی دەکەن بە باشترین و سەرکەوتووترین و پڕخزمەترین نیشان دەدەن.
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کەرتی تەندرووستی هەڵەبجە[شاناز نەقشبەندی] دەربارەی کۆنفرانس پرێسەکەی دکتۆرە باخان کە باسی گەندەڵی کەرتی تەندرووستی هەڵەبجەی کردبوو، لێدوانی بۆ میدیاکان دا . ئەم خانمە بەلێدوانەکەی هێندەی دی ئابڕوی وتەبێژو کەرتی تەندروستی هەڵەبجەی برد و نەقشبەندیەکانیشی ئیحراج کرد.وتەیەکی باو هەیە کە دەڵێت [چاکی مەکە با جراپ نەبێت] ،ڕێک ئەم خانمە ئەوەی کرد ،نیشانیدا ئەو بەڕێوەبەرایەتیە لە چ مەوقفێکی خراپ و بێسەرەوبەریدایە و نازانن چۆن لەودۆخە دەربازبن کە تێیکەوتوون. قسەکانی دووربوون لە کرۆکی  مەسەلەکە و پەیوەندیان پێوە نەبوو.
دەبوو ڕوونکردنەوەی دەربارەی ئەو گەندەڵیە بدایە کە پێشتر دکتۆرە باخان بە داتا ئاماژەی پێدابوون ، کە کەرتی تەندروستی هەڵەبجە پێیەوە دەناڵێنێت ،کە ئایا ڕاستن یا بوختانن، دەبوو قسەکانی لە چەند خاڵێکی دیاریکراودا [کوورت و پوخت} دەربڕیایە.بۆ نمونە :
گەندەڵی هەیە یانیە ؟
گەر هەیە چ هەنگاوێ دەنێن بۆ چارەسەرکردنی؟
گەندەڵیەکان لە چ ئاستێکدان،واتە کەمن یا زۆر؟
کێن گەندەڵکاران و چۆن سزادەدرێن؟
گەندەڵی نیەو دکتۆرە باخان بوختانمان بۆدەکات و ڕێگای یاسایی لەدژی دەگرینە بەر.
هیچ بەلای ئەمانەدا نەچوو ،بەڵکو چووەناو مەسائیلی شەخسی و بێ بایەخ، وەک خواردنی مووچەی 60 پزیشک لەلایەن دکتۆرە باخانەوە ،دەبوو ئەو خانمە بیزانیایە ئەم مەسەلەیە کاری لیژنەی لێکۆڵینەوە و دادگایە نەک وتەبێژ کە دڵنیام لەبوختان و ناوزڕاندن بەولاوە هیچی دیکەنیە .پاشان هاتە سەر شتی زۆر شەخسی ،گوایە دکتۆرە باخان لەمالەکەی ئەمدا بەنهێنی وێنەو ڤیدیۆی گرتوە ،لەوە ناشیرین تر گووتی ڤیدیۆی نەشیاوی گرتوە، ئاخر دەمێک باس لە ڤیدیۆ یا وێنەی نەشیاو دەکرێت ڕاستەوخۆ سەرنجمان بۆ لای سەرجێی و وێنەی ڕووت و ئەم شتانە دەڕوات،جا دەچێتە ئەقڵەوە ئەو شتانەی کردبێت؟ گەر کردبێتی ئەو وێنەو کلیپە نەشیاوانە هی کێن؟  ئێ خۆ ناکرێت بڵێین خانمی وتەبێژ [ڕەقسی شەرقی] بۆ باخان خان کردبێت و ئەویش تەسویری کردبێت.
دڵنیام و تەواو دڵنیام سەرلەبەری قسەکانی ناڕاستن ودوورن لە ڕاستیەوە ، لەوەش دڵنیام  کە ئەو قسە هەلەق وبەڵەق و بێ بنەمایانە قسەی خۆی نەبوون ،بەڵکو ناچاریان کردوە ئەو قسانە بکات،واتە وەک مەقاش بەکار هێنراوە. دەپرسم ئەم پزیشکە گەنجە کە هەمووی3 ساڵێکە تەخەروجی کردوە چیداوە لە وتەبێژی؟ ئەوە کەی کاری پزیشکە، وتەبێژی تا ڕادەیەک کاری کەسێکی میدیاکاری بەئەزموون و خاوەن ئەتەکێت یاخود فەرمانبەرێکی شارەزای کەرتی تەندرووستی با ژێڕەکەیە. گەر ئەم خانمە بخوازێت بێ منەتانە بە پیشەکەی خۆی بێ کێشەو بەجوانی دەژی، ئیدی چ پێویستی بەسەرئێشەی وتەبێژی هەیە کە هیچی لێنازانێت؟
لەکۆتایدا بەوخانمە دەڵێم ئەوەی کردت وتەبێژی بوو بۆ  گەندەڵکاران، هەوڵی شکستخواردوی پۆشینی گەندەڵیەکانی گەندەکاران بوو، بۆیە هیوادارم ئەم شکستیەت ببێتە پەندو وانەو بەخێرایی واز لەو پۆستە {شازە} بهێنیت کە سەرکەوتوونەبوویت تێیدا. 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: