بەم نەخشە رێگایە کۆمەڵگەیەکی باشتر بەدی دێت…

عبدالرحمن رەسوڵ:     
لەگەڵ زۆربوون گەشەی کێشەکانی کۆمەڵگە و زیادبوونی بێکاری و هەژاری و نەخۆشی وگرفتە جۆراوجۆرەکاندا خەڵک بەردەوام پرسیار دەکات کە چۆن بتوانێت خۆی ڕزگار بکات لەدەست ئەوکێشەو گرفتانە کەڕوبەڕووی خۆی وکۆمەڵگەکەی دەبێتەوە. بەڵام بەر لەئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە پێویستمان بەهەبوونی وەڵامی پرسیارێکی ترە ئەویش ئەوەیە ئایا خۆمان ئەرکمان چییە کەپێویست دەکات ئەنجامی بدەین بۆ هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی باشترو دوور لەچەوسانەوە. دواتر بگەڕێن بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی کە چۆن دەتوانین خۆمان ڕزگار بکەین لەدەست کێشەکانی بێکاری و هەژاری و چەوسانەوە کە ڕۆژانە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە؟
پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە پێویستە جارێکی تر لەخۆمان بپرسین ڕاشکاوانە و ڕاستگۆیانە، ئایا دەمانەوێت لەدەست چەوسانەوە وبێموچەیی و هەژاری وبێکاری وسەرکوت و نایەکسانی ونابەرابەری ڕزگارمان بێت یان تەنها دەمانەوێت خۆمان وەک تاکێک کەسی تر نا کە موچەکەی پێ بدرێت یان ژیانی باشتر بکرێت؟! ئەگەر ئێمە لەخەمی گشتیدا نەبین تەنها بیر لەبەرژەوەندی و هەبوونی موچەی خۆمان بکەینەوە ئەوا ڕاشکاوانە دەڵێم نەدەتواندرێت کۆمەڵگەیەکی باشتر لەڕووی دەست ڕاگەیشتن بە ماف و ئازادی و ژیانێکی باشتر بەدی بهێنین، نەدەشتوانین خۆمان بەتەواوی ڕزگاربکەین لەدەست یاساکانی چەوسانەوە ولێبڕین وکەمی موچەو هەبوونی کێشەو گرفتەکانی تر.
لەبەرئەوەی دەسەڵاتی ملهوڕ بەپێی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بەرپرسەکانی موچە یان کرێ بۆ کارمەند و کرێکاران دابین دەکات بە ئارەزوویی خۆی دەیبڕێت و دەیدروێت کەس نابێت ڕێگری بێت ئەمەش لەبەرئەوەی بناغەی سیستەم و دەسەڵات لەسەر یاساکانی کۆنەخوازی و چەوسانەوەی بێ ڕوحمانە دامەزراندووە. هەربۆیەشە زۆرجار شێخێک یاخود سەرۆک عەشیرەتێک کەمێژووەکەی پڕە لەتاوانکاری و دژەئینسانی دەکاتە ژمارەیەک لەمیدیاکانی گرینگی پێدەدات، یان بانگخوازێکی فتوادەر بۆکوشتن لەدژی ئازادیخوازو یەکسانیخوازی دەکاتە ژمارە یەک لەڕاگەیاندنەکانیدا گرینگی پێدەدات و پارەو سامانی بۆ هەڵدەڕێژێت ئەمەش جێگای سەر سووڕمان نییە، چونکە دەسەڵات دەیەوێت لەبەرژەوەندی خۆی کۆمەڵگە ئاراسته بکات، نەک بەرژەوەندی گشتی مرۆڤەکان. هەربۆیە دەبێت زۆر وریابین لەوەڵامدانەوەی خۆمان کەتەنها بڵێین خۆمان وەک تاک یان گرووپ و یاخود بەش بۆ ڕزگاری و هێنانەدی ژیانی باشترمان، ئەوا بەدەستی خۆمان و فکری خۆمان دەبینە درێژەپێدەری هەمان ڕێبازو کارگەی بەرهەمهێنەری یاساکانی کۆنەخوازی و چەوسانەوە کە درێژکراوەی چەندین ساڵەی هەمان سیستەم و دەسەڵاتی بۆگەن وچەوسێنەر دەبین. هەروەک کاڕڵ مارکس، دەڵێت ئەگەر دەتەوێت کەسێکی بێنرخ نەبی، ئەوا پشت لەخەمی خەڵک مەکە.
ئەمەش بەواتای ئەوە دێت کە خەم و کێشەو گرفتی مرۆڤەکانی تر بەهی خۆمانی بزانین، دڵسۆزانەو ڕاستگۆیانە پشتیوان و هاوکاریان بین بۆ هێنانەدی ماف و ئازادییەکانیان. لە ئێران وعێراق وکوردستان بەردەوام بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و هەژاری وبرسێتی خەڵک ناڕەزایەتی وخۆپیشاندان ئەنجام دەدات ئەمە هەنگاوێکی زۆرباشە، بەڵام هۆکاری ئەوەی کەنەتواندراوە کاریگەری زۆر باشی هەبێت و ببێتە هۆکارێک بۆ گۆڕانکاری ژیانی خەڵک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خودی ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکان بەش بەش، شار، شار. بەش بەش واتە لەبەشێکی خەڵکدایە لەچەند ڕۆژ و مانگی تر دەچێتە ناو بەشی تر، نموونە چەند ڕۆژێک مامۆستایان خۆپیشاندان دەکەن بۆ هێنانەدی خواست وداواکارییە ڕەواکانیان دواتر دەچنەماڵەوە بەبێ کەمترین دەستکەوت و بەدەستهێنانی خواست و داواکارییەکانیان، دواتر پێشمەرگە، پۆلیس دێنە سەر شەقام دەڵێن موچەمان کەمە ئەم بەشەش بەهەمان شێوەی مامۆستا و فەرمانبەران، چەند ڕۆژی تر ژنان دێنە سەر خیابان بۆ چەندین داواکاری و مەحکومکردنی توندوتیژی و کوشتن لەدژی ژنان، ئەمەش دەکرێتە هەواڵ و بڵاودەبێتەوە بەبێ هیچ کاریگەرێک کەبتوانێت گۆڕانکاری باشتر بەدی بهێنێت بۆ ژیانی ژنان. هەروەها ماوەیەکی تر بەهۆی سەرکوت و زیندانیکردنی چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی و ڕۆژنامەنووسان خەڵکی ناڕازی دێنە سەر شەقام و داوای هێنانەدی ئازادی دەکەن و ئازادکردنی زندانیانی سیاسی و چالاکوانان دەکەن. پاش ماوەیەکی تر کرێکاران وزەحمەتکێشان دێنە سەرشەقامەکان بۆ باشکردنی ژیان ودابینکردنی کرێ وبێمەکانیان، ئەوانیش دەچنەوە ماڵەکانیان، دواتر خانەنشینان و خەڵکی بێکارو هەژار دێته سەرخیابان و شەقامەکان بەبەرزکردنەوەی چەند دروشم و داواکارێکی ڕەوا وهەق، بەڵام دوای بەڵێن دانی بەرپرسانی دەسەڵات جێبەجێ ناکرێت. ڕۆژانەش لە تەلەفیزیۆن و ڕاگەیاندنەکانەوە گوێ بیستی خەڵکی هەژار دەبین کە داوای بەهانەوەچوونییەوە دەکات کە پێویستی بە هاوکاری هەیە، ناتوانێت کرێی خانووەکەی دابین بکات و ناتوانێت چارەسەری نەخۆشی یەکەی بکات، بەهۆی هەژارییەوە، بەردەوامیش وێنەی ئەم چیرۆکانە دەبینین و گوێ بیست دەبین کە لەفڵان شار یان گەڕەک و شوێن ژنێک سووتا یان خۆی کوشت یاخود کوشتیان یان گەنجێک لەبەر بێ پارەیی خۆی کوشت، ئەمانە هەواڵی ڕۆژانەی میدیاکانن .
بەم شێوازە ناڕەزایەتییە لەژێر سایەی سیستەم و دەسەڵاتێکی کۆنەخوازو چەوسێنەری سەرمایەداریدا هیچ ماف و ئازادییەک بەدەست نایە. چونکە چەندەها ساڵە بەم جۆرەیە کۆمەڵگە زیاتر وێران دەکرێت و خەڵک زیاتر دەکرێتە قوربانی و ژینگە زیاتر لەناو دەچێت. هەروەک کاڕڵ مارکس دەڵێت (ئەگەر سیاسییەکان ڕێکبکەون پارەمان ئەدزن ئەگەر شەڕیان بێت ژیانمان ئەدزن.). بۆئەوەی باشتر نەخشەڕێگای ڕزگاریمان بناسین پێویست دەکات واقیعیەتی کۆمەڵگە لەڕوویی برسێتی و هەژارییەوە بزانین کە بەپێی سەرچاوە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق کۆمەڵگەی کوردستان و عێراق لەم بارودۆخەدا دەگوزەرێت کەتێیدایە بەم جۆرەیە. لەگەڵ زیاتر فرۆشتنی نەوت و هەناردەکردنی زیاتری نەوت و غازدا کەدەبێتە هۆی زیادبوونی پارەو سامان بۆ بەرپرسە باڵاکانی حیزبەکان و حکومەت و سەرۆک عەشیرەتەکان و بانگخوازانی دینی وقەومی لەهەمان کاتیشدا ڕێژەی هەژاری وبێکاری وبرسێتیش بەرز دەبێتەوە. بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراقی، ژمارەی دانیشتوانی عێراق بە کوردستانەکەیەوە گەیشتۆتە ٤٠ ملیۆن کەس. لەو ژمارەیە ٣١.٧% لە هێڵی هەژاریدا دەژی (لە ٢٠١٦ دا ئەو ڕێژەیە ١٢% بووە). گووتەبێژی وەزارەت عبدالزهرة الهنداوي لەساڵی ٢٠٢١ دەڵێت: ژمارەی هەژاری ١٠ ملیۆنی تێپەڕاندووە. هێڵی هەژارییش بە ١١٠ هەزار دینار (٧٥) دۆلار دیاری کراوە بۆ هەر یەک کەس لە مانگێکدا ئەمەش بەپێی پێوەرە جیهانییەکانە. لەوە بۆ خوارەوە هێڵی برسێتیە.
کەوایە ئەو نەوت و غازەی فرۆشراوە لەلایەن بەرپرسە باڵاکانی حیزب و حکومەتی کوردستان وعێراقەوە دەستی بەسەردا گیراوە و دزراوە هەر بۆیەشە زۆر خۆشبەخت و خۆشگوزەران دەژین کوڕو کچەکانیان لەوڵاتە پێشکەوتووەکان و ئەورپاو ئەمریکا و بەریتانیا گەشت دەکەن و لەزانکۆکان دەخوێنن بەئارەزوویی خۆیان، خۆشیان لەبەرپرسەکان هەرکاتێک کەمترین نەخۆشیان هەبێت دەچنە نەخۆشخانەکانی ئەوروپا، بەڵام ئەوا خێزانە کرێکارو زەحمەتکێش و هەژارەکان توانایان بەسەر پێداویستیە هەرە گرنگەکانی ڕۆژانەی ژیاندا ناشکێت بە فەرمانبەرانیشەوە کە بریتیە لە (کرێی خانوو، خۆراک، هاتووچۆ، چاودێریی مناڵ، تەندروستی، قوتابخانە، جلوبەرگ، ئاو و کارەبا). ئەم پێوانەیەش لە عێراق و کوردستاندا لەخوار پێوەری ئاسایی هەژارییە، کەوایە زۆر بەڕوونی دیارە کۆمەڵگەی کوردستان و عێراق بۆتە کۆمەڵگەیەکی چینایەتی تەواو کە کەمینەیەک لەبەرپرسان و ماستاوچی و پارێزەرانی ئەم سیستەم و دەسەڵاتە ملهوڕە چینایەتییە، زۆرینەش بریتی یە لەخەڵکی ئاسایی، کە زۆرینەی بەرەو هەژاری و بێکاری و برسێتی زیاتر ملدەنێ. بۆچارەسەری تەواوی ئەم کێشەو قەیرانانە پێویست دەکات شەڕی چینایەتی خۆمان بکەین بەئەنجامدانی شۆڕشی هاوپشتی و یەکگرتووانەی چەوساوەکان و خەڵکی ناڕازی کۆمەڵگە. نابێت چۆکمان بشکێت لەئاست بەربەستەکانی تێکوشان بۆهێنانەدی نان، کار، ئازادی. دەبێت ڕاشکاوانە بەدیلی چینایەتی خۆمان بەیان بکەین و ڕای بگەیەنین کە ئێمەی ناڕازی بەچەوسانەوە و نابەرابەری و نایەکسانی و کوشتن و تیرۆرو سەرکوت و گەشەی بێکاری وهەژاری کۆمەڵگە دەمانەوێت ئەم سیستەم و دەسەڵاتە چەوسێنەرو دزو کۆنەخوازە بڕوات و بخرێتە زبڵدانی مێژووەوە، سەرجەم بەرپرسەکانی ئەو دەسەڵاتەش دادگایی بکرێن بەهۆی ئەنجامدانی تاوان و دزینی سەروەت، وسامانی گشتی خەڵکی کۆمەڵگەوە. ڕاشکاوانە پێویستە خەڵکی ناڕازی ڕای بگەیەنێت بڵێت دەمانەوێت لەڕێگای حکومەتی شورایی و ئیدارەدانی شورایییەوە ئیدارەی کۆمەڵگە بەڕێوەببرێت، ڕاستەوخۆ خەڵکیش چاودێر بێت بەسەر سەرجەم هەنگاو و کارو چالاکییەکانی دەسەڵات و حکومەت.
هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی باشتر بەڕێکخراوبوونی خۆمان لەدەوری هاوچینەكەمان دەبێت کەخەڵکی ناڕازی یە بەهەبوونی یاساکانی چەوسانەوە و کۆیلایەتی ئێستا دەبێت. بەردەوام بەیەک دەنگ ویەک هەڵوێست بڵێین بەڵێ بەدیلمان هەیە. ئەویش ئیدارەدانی شورایی یە.
خوێنەرانی ئەزیز هەر کە دەڵین ئەم دەسەڵات و سیستەمە بۆگەن و دزو چەوسێنەرە بەشۆڕشی دەگۆڕدرێت، یەکسەر لایەنگرانی دەسەڵات و سیستەم پێمان دەڵێن بەدیلتان چییە. وەک ئەوەی نەزانن جێگرەوەی دەسەڵاتی کەمینە دەسەڵاتی زۆرینەیە کە دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی خەڵکە لەڕێگای شوراکانییەوە، بەدیلی خۆشگوزەرانی کەمینە خۆشگوزەرانی گشتییە. واتە خۆشگوزەرانی و دابینکردنی کارەبای بەردەوام و پێداویستی چارەسەری تەندروستی و خوێندن و پەروەردەی پێشکەوتوو و ژینگەی جوان وخاوێن بۆ هەمووان بێت، بەدیلی هەڵاواردن زۆر ڕوونە کە هێنانەدی بەرابەری و یەکسانییە. بەدیلی سەرکوت و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووس و هەڵسوڕاوانی سیاسی و مەدەنی، هێنانەدی ئازادییە و جێگرەوەی پەڕلەمانیش و هەڵبژاردنی هەر چوار ساڵ جارێک کە مل پان و زرتە بۆزەکانی ناو حیزبەکانی دەسەڵات دەبنە بازرگان وسەرمایەدار، بەدڵنییایی کۆبونەوەی گشتی خەڵکە لەگەڕەک و کارگەو شوێنی کارو ژیان بۆ پێکهێنانی شوراکانی شوینی کارو ژیانە، دواتر دامەزراندنی حکومەتی شورایی یە. کە لەم حکومەتەدا کەس لەسەر دزی و تاڵانی و گەندەڵی نابێتە بازرگان و سەرمایەدار بەپارەی دزینی سامان و پارەی گشتی خەڵک، چونکە خودی خەڵک ڕاستەوخۆ چاودێرە بەسەر سەرجەم کارو چالاکییەکانی حکومەتی شوراییدا، زۆر بەئاسانی دەتواندرێت بەرپرسان ڕاپێچی دادگاکانی حکومەتی شورایی بکرێن کەتاوان باربوون سزابدرێن بەئاشکرا. وەڵامی دروستی ئەو بریارەش کەدەپرسن چارەسەر چییە و چ بکرێت بۆڕزگاربوونی کۆمەڵگە لەم قەیران و کێشەی هەژاری وبێکاری و نەبوونی موچەو ئاوارەیی گەنجان بۆ وڵاتان؟ وەڵامەکەی ئەوەیە کە دڵسۆزانە و ڕاستگۆیانە و ڕاشکاوانە هاوپشت و یەکگرتووبین بۆ ڕێکخراوبوونی بزووتنەوەی چینایەتی خەڵکی بێکار و کرێکار و چەوساوە و بێ بەش و کرێکارو زەحمەتکێشانی کۆمەڵگە هەنگاوی چالاکانە بنێین بۆ گەشەدانی تێکۆشانی یەکگرتووانەی خەڵکی ناڕازی لەپێناوی لەگۆڕنان و ڕوخانی ئەو سیستەم و دەسەڵاتە کۆنەخوازو چەوسێنەرو دزو گەندەڵە لەکوردستان ولەعێراق دا. دواتر حکومەتی شورایی دابمەزرێت بۆئەوەی زۆر بەئاسانی وەکو مافێکی سادەی هەریەکەمان دەستمان ڕابگات بەهێنانەدی نان، کار، ئازادی.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: