١١ هەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشت و گیراوەکانی بادینان…

عەبدوڵا مەحمود:   
پێنجی ئایار ١١ هەمین ساڵیادی تیرۆری دڕندانەی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمانە. ساڵیادی تیرۆرێکە کە لەڕیگایەوە ویستیان ئازادی و خولیای ئینسانەکان بۆ کۆمەڵگەیەکی خاڵی لەستەم و چەوساندنەوەو بێمافی تیرۆر بکەن. ویستیان لەو ڕێگایەوە کۆمەڵگە چاوترسێن بکەن و هەموو دەنگ و ڕەنگێک لە پێناو ئازادییدا کڵۆم بدەن.
ئەو کاتەی سەردەشت عوسمانیان تیرۆر کرد، هێشتا کۆمەڵگە خۆشباوەری بە دەسەلاتی بزوتنەوەی کوردایەتی مابوو، هێشتا زۆرێک لە کاراکتەرە سیاسیەکان، دەیانتوانی ڕوخساری خۆیان ڕتوش بکەن و جەماوەری ئازادیخواز و تینوی ئازادی لە خشتە ببەن. ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی دەیتوانی درۆی زۆر گەورە و نوێ بخاتە بازاری سیاسییەوە. زۆربەی نووسەرو رۆژنامەنووسان توانای ئەوەیان هەبوو وەکو هەڵگری پەیامی گەورە خۆیان نمایش بکەن. جەماوەری تامەزرۆی ئازادی و ژیانێکی باشتر، تا ڕادەیەکی زۆر ئومیدیان بە چاکسازی و کەم بوونەوەی دزی و گەندەڵی هەبوو. هێشتا کەسانیکی زۆر هەبوون لایان وابوو دەسەڵات دەست بۆ گێرانەوەی لانی کەمی عەدالەت و دادپەروەری دەبات. دەسەڵاتی سیاسیش لەپاڵ بانگەشی چاکسازیدا، پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد، کە دەتوانێت کۆمەڵگە خامۆش ڕابگرێت.
ئێستا دوای ١١ ساڵ بەسەر تیرۆری سەردەشت عوسماندا، لەگەڵ ئەوەدا سەردەشت جەستەی ونە، بەڵام پەیامی سەردەشت لەهەموو جێگایەکە، زیندووەو زیندوتر دەردەکەوێت.
ئێستا خۆشباوەری بەدەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی رووی لە کۆتاییە، کاراکتەرە سیاسیەکانیان، زوخاوێکن و هیچ هونەرمەندێک ناتوانێت سیمای قێزەونیان ڕتوش بکات و خەونی ئازادیخوازانەی جەماوەر بزڕێنن. ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی بە قەومی و ئیسلامیەکەیەوە لە بارەگای ئینسانکوژ و سەردەشت کوژەکاندا رۆڵی کارمەندێکی بودەڵە، جاسوسێکی دەست ئاشکرا دەبینن، هیچ درۆیەکیان کڕیاری نییە. زوربەی ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسانەی پەیامی گەورەیان نمایش دەکرد و وەکو ئەندازیاری بەرگری لە ئازادی دەفشین، ئێستا زوربەیان موچەخۆرن و زۆربەیان گەڕاونەتەوە ماڵە باوانیان و بە بێدەنگیەوە موچەی دەم چەورکردنیان دەخۆن. جەماوەری تامەزرۆی ئازادی نەک ئومێدیان بە چاکسازی و کەم بوونەوەی قڵشتی نێوان دەسەڵات و جەماوەری برسیکراو نەماوە، بەڵکە گەیشتوون بەو راستیەی ئەو دەسەڵاتە لەسەر پایەکانی دزی و گەندەڵی و تاڵانی دامەزراوەو دەستبردنی بۆ چاکسازی پایەکانی دەسەڵاتدارێتیەکی دەرمێنێت و کەمکردنەوەی قڵشتی چینایەتی نێوان نەدار و داراکاندا، بەدەستی بۆرژوازی خەونێکی نەزۆکە. دەسەلات کە بانگەوازی خامۆش کردنەوەی کۆمەڵگە دەکرد لە رێگای سەرکوت و ترس و تۆقاندنەوە، کە سەردەشت نمونەیەکی هەرە بەرجەستەی تۆقاندنی کۆمەڵگە بوو، ئێستا تەلیسمی ترس و تۆقاندن شکاوە و پەیامی ئینساندۆستی و بەرابەری خوازی و یەکساندۆستی سەردەشت لەلایەن هەزاران سەردەشتەوە، بەدەستەوە گیراوە. باڵای سەردەشت بەرزتر، خولیاکانی بڵندتر، ویستی ئازادیخوازی باڵاتر، لە بەرامبەردا توانایی دەسەڵات کەمتر، خولیای داڕوخاو، ویستی سەرکوتی بۆ پاراستنی دەسەڵات بەرینتر، ناوەرۆکی کۆنەپەرستانەی دەسەڵات رووهەڵماڵاوتر… لەهەموو ئەوانە گرنگتر… ئەگەر جەماوەری بێبەشی کوردستان ١١ ساڵ بەر لەئیستا یەخەی دەسەڵاتیان دەگرت بۆ دابینکردنی داخوازییەکانیان و بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانیان… ئێستا لەپاڵ سوربوونیان لەسەر داخوازی و ماف و ئازادییەکاندا، هاوکات خوازیاری راماڵینی دەسەلات و کۆتاییهێنان بەو مۆتەکەیەن کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە لەڕیگای زۆر و دەستبەسەراگرتنی داهات و نۆکەر پیشەییەوە خۆیان داسەپاندووە.
جیا لەهەموو ئەو ئاڵوگۆرەی لەماوەی ئەم ١١ ساڵەدا، رویانداوە، سیناریۆ سازی دەسەڵات بەتایبەتیش پارتی، ئاڵوگۆڕی بەرجەستەی بەسەردا هاتووە. ئەگەر لەدوای تیرۆری سەردەشت پارتی سیناریۆی ساختەی دانپیانانی تۆمەتبارانی داڕشت، بۆ ئەوەی شانی خۆی لەم تیرۆرە ئاشکرایە خاڵی بکاتەوە و خۆڵ بکاتە چاوی کۆمەڵگەوە و کەسایەتی سەردەشت تیرۆر بکات، ئێستا بەر لەدادگایی و بریاری دادگا… سەرۆک!! تۆمەتی کارتۆنی رادەستی دادگا و دادوەرەکان دەکات و ئەوانیش بە وینەی ماشێنێکی قورمیشکراو هەمان ئەو تۆمەتانە دەکەنە پاساو بۆ داسەپاندی سزای قورس بەسەر چالاکوانان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی جەماوەری و نەیارانی سیاسی و رۆژنامەنووسان.
گیراوەکانی بادینان، کە تاوانیان شکاندنی تەلیسمی ترس لەروحی زۆنی زەرد و بەدیاریکراوی بادینانە، سزای بەعسیانە و پارتیانەیان لەسەر قسەی سەرۆک و بەر لەدادگا و دادگایی بەسەردا سەپێنرا… تا لەو رێگایەوە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری خامۆش بکەن و رابەران و چالاکوانان و رۆژنامەنووسەکان بێدەنگ و چاو ترسێن بکەن، بەڵام چۆن تیرۆر سەردەشت خواستی ئازادی و ئازادیخوازی پێ کپ نەکرا و لە جێگایدا بووە کڵپەی نارەزایەتی بەرینتر و هاواری بەرزتر بۆ ئازادی. ئاواش سزای لە سیناریۆ دەرکێشراو لەسەر بریاری سەرۆک و سەرانی دەسەڵات بۆ گیراوەکانی بادینان و کوشتاری خۆپیشاندەران لە زۆنی سەوز… هیندەی تر خواستی کۆتاییهێنان بە دەسەڵات بەرینتر دەکاتەوە و سەردەشتەکانی خەباتکار لە پیناو ئازادی و بەرابەریدا، لەهەموو کوچەو کۆڵان و شەقامی شارەکاندا، دروست دەکات.
سەرەتای ئایاری ٢٠٢١

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: