ھەقایەتەکانی دوای سەردەشت !

کامەران محەمەد:
سەردەشت زۆر چیرۆکی دیکەی لە دوای خۆی دروست کرد و ئێستاش ھەر بەردەوامە لە نوسین. لەدوای خۆی ، ھەمومانی کردوە بە بەشێک لە کاراکتەری چیرۆکەکانی! لەدوای خۆی وێنەی خۆڕاگری و تەسلیمبوونی کاراکتەرەکانمان پیشاندەدات! پێمان دەڵێت کێ بێدەنگە و کێ پڕدەنگە! کێ لەسەری دێرێکەوە دەستی پێکردوە و دەیان دێری دیکەی نووسیوە! و کێش دەستی دەستی بەدێرێکەوە کردوە و ھەر نەشی نووسیوە!
سەردەشت لە دوای خۆی، لە نێو چیرۆکەکاندا، دانەیەکی زۆر تازەی پێبەخشین، ئەویش چیرۆکی عوسمانی باوکیەتی، لە ڕۆژانی یەکەمی ڕووداوەکەوە ھەتا ئێستا من چ لە نزیکەوە بێت یان لە دوور، ھەمیشە لەو کاراکتەرە خاوەن ھێزە گەورەیە ڕاماوم، لەو پەڕی بێئومێدیمدا، ھەر بەڕووتی خۆم داوتە بەر تیشکی ئیرادەکەی ئەو و ئومێدم لێی وەرگرتووە! مام عوسمانێک، بەرامبەر ئەو ھەموو فشارەی دەسەڵات چ ماددی بێت، یان مەعنەوی، بەرامبەر ئەو ھەموو ھەڕەشەیەی دەسەڵات ڕاستەوخۆ بێت، یان ناڕاستەوخۆ، کەچی وەکو کێوێک وەستایەوە و نەکەوتە سەر ئەژنۆ!
ئیرادەکەی مام عوسمان بۆ خۆی چیرۆکێکە و سەردەشتی کوڕی پێی ناساندین! مام عوسمان کەسێکی ھەڵەشە نەبووە! ئەو بە کردار ، بچوکیی ھێزێکی گەورەی بەرامبەر بەخۆی پیشانداین، مام عوسمان ھێڵکی ڕاست و چەپی بەسەر ئەو چەمکە داھێنا، کە ناویان ناوە “سوڵحی کۆمەڵایەتی”، ئەو وەک ماڵباتی چەند عەشیرەتێکی دیار نەبوو، کە بە ناوی ئاشتەوایی مامەڵەیان بە خوێنی باوکیان کرد، وەک ھەندێک بنەماڵەی دیاریش نەبوو، کە چۆن مامەڵەیان بە خوێنی کوڕەکەیان کرد ، ئەمیش بیکات.
مام عوسمان جوتیارێکی بەبێ پشتوپەنای دەشتی ھەولێرە، بەڵام سەری ئیرادە و خۆڕاگرییەکەی لە ھەور دەدات ، ئاخر دەیزانی کوڕەکەی لە پێناو چیدا کوژراوە، بۆیە بەھای خوێنی کوڕەکەی یەکسان کردووە بە چەسپاندنی ئازادی و عەدالەت!
یانزە ساڵە مام عوسمان لە خەو ڕادەچڵکێت و سەرێک بە ژوورەکەی سەردەشت دادەکات، ئینجا بە بێدەنگی دێتەوە سەر جێگاکەی و بە ھێمنی پێڵوی چاوەکانی لێک دەنێ! من ھیچ گومانم نییە ئەو ڕاچلەکینەی مام عوسمان، ڕاچلەکینێکی گەورەی بەدواوەیە. یانزە ساڵە و لە ھەموو پێنجەمین ڕۆژی مانگی جۆزەردانێک، ئێمە مام عوسمان بە ئیرادە و ھیوای سەوزەوە دەبینین و بۆ یەکجاریش تەپوتۆزی بێئومێدی و تەسلیمبوون لەسەر چاوانی نەنیشتوون!
مام عوسمان چیرۆکێکە دەبێت ھەمومان بیخوێنینەوە، لێی فێرببین بەرەنگاری مانای چییە، ھەمومان ھێزی ئەوەی لێوەربگرین، چۆک دانەدەین و دەست نەخەینە سەرسنگمان و نەکەوینە بەر پێی ستەمکار.
# وێنەکەی مام عوسمان خۆم چرکاندومە و لە کاتی سێو مێخەکڕێژکردنە لەسەر گۆڕەکەی سەردەشت.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: