سیاسەتی ئەمەریکا لە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕستدا کۆن بووەو ترسناکیشە!

سیاسەتی ئەمەریکا لە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕستدا کۆن بووەو ترسناکیشە!
ڕێبازێکی تازە بۆ دەوڵەتانی کەنداو پێویستی بە بناغەو دامەزراوەیەکی باشتر هەیە.
نووسینی: کڕیس مێڕفی/ ١٩ی شوباتی ٢٠٢١ …… سەرچاوە: فۆڕین ئەفێرس
وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە :شوان عەزیز:
لە وتەی ساڵانەیدا بۆ ساڵی ١٩٨٠ ، کە بە دوای هەستانی سەرسووڕهێنەری نەوت دا هات بۆساڵانی ١٩٧٣ هەروەها ١٩٧٩، جێمی کارتەری سەرۆکی ئەو کاتی ئەمەریکا بە دەربڕینێکی ترسناک باسی لە ترسی لەدەستدانی گەییشتن بە نەوتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کرد. ئەو وتی” هەر هەوڵێکی هەر هێزێکی دەرەکی بۆ زاڵبوون بەسەر کەنداوی فارس دا بریتیە لە هێرش بۆسەر بەرژەوەندیە زیندووەکانی ویلایەتە یەکگرووەکانی ئەمەریکا”. ئەو وتی” لێدان و هێرشی لەوجۆرە بەرپەرچی دەدرێتەوە بەهەر هۆیەک کە پێوێستی کرد، لە ناویاندا هێزی سەربازیش.” ئیتر لەو ڕۆژەوە ئەو بەڵێنە بە ڕێبازی کارتەر ناسراو وەک پێناسەی سیاسەتی ئەمەریکا مایەوە بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست .
ئەودەمەی کە کارتەر ئەو وتەیەی پێشکەش کرد، ئەمەریکا بۆ بەهێزکردنی ئابووریەکەی بەزۆری پشتی بەهاوردەکردنی نەوت دەبەست، هەروەها لە ٪٢٩ی ئەو نەوتە لە کەنداوی فارسەوە دەهات. هەرچەندە دوو دەیە دواتر، کەمێک گۆڕانی بەسەرداهات: لە ساڵی ٢٠٠١ دا، ئەمەریکا هێشتا لە ٪٢٩ی هاوردەی نەوتەکەی لە کەنداوەوە بوو. بەڵام ئیتر هیچیترساڵانی ١٩٨٠ و ٢٠٠١ نیە . ئەوڕۆ، ئەمەریکا بەقەدەرئەو نەوتەی کە هاوردەی دەکا لەدەرەوەڕا لە ناوخۆشدا بەرهەمی دەهێنێت و لەو بڕەش تەنها لە ٪١٣ی لە وەڵاتانی کەنداوەوە هاوردە دەکا. ئێستا ئەمەریکا نەوت لە مەکسیکوە زیاتر هاوردە دەکا وەک لە سعودیەوە.
هەرچەندە بناغەی لۆژیکانە بۆ، وەکو کە پێی دەگوترێ، نەهج و ڕێبازی کارتەرکۆن بووەو باوی نەماوە بەڵام هیشتا بەردەوامە لە شکڵ پێگرتنی سیاسەتی ئەمەریکا لە کەنداودا . ئەوەش نیشانەی شکەستی فراوانتری سیاسەتی ئەمەریکایە تا فریای گۆڕانکاریە فراوانترەکان بکەوێ لە ناوچەکەدا لە ساڵی ١٩٨٠وە بۆ بەرژەوەندی ئەمەریکا. پێویستە سەرۆک جۆ بایدن دان بە واقیعی تازەدا بنێت و بە پەیوەندیەکانی ئەمەریکا لە کەنداودا بچێتەوە بە شێوەیەک کە بەهاکانی ئەمەریکا بەهێز بکا و واشنتۆنیش بەدوور بگرێت لەهەرپێک هەڵپڕژانێکی ناپێویست لە ناوچەکەداو کاری لەپێشینەی بریتی بێت لە ئاشتی و ئارامی و جێگیری لەناوچەکەدا .
چەندین هۆ هەن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی نێوان ئەمەریکاو دەوڵەتانی کۆمکاری هاوکاری کەنداو کە ئەوانیش بریتین لە بەحرەین، کوێت، عومان، قەتەڕ، سعودیە و هەروەها ئیماڕات. بڕیارەکانی بەحرەین و ئیماڕات بۆ دامەزراندنی پەیوەندی ڕەسمی لەگەڵ ئیسڕائیل نیشانەی ئاشکراو ڕوونن لە کاریگەری ئەرێییانە کە ئەو وەڵاتانە دەتوانن هەیان بێت. کوێت و عومان ڕۆڵێکی بەهێز دەبینن لە ناوبژیوانی لە کێشەکانی ناوچەکەدا. هاوبەشی بوونی ئەمەریکا لەگەڵ وەڵاتانی کۆمکاری کەنداو لەشەڕی دژی تیرۆردا، لە کاتێکدا کە بەزۆری خەوشداربووە، کە تاکو ئێستاش هەرگرنگە، چونکە ئەو زانیاریانەی کە ئەو دەوڵەتانە لەسەر تۆڕی توندڕەوەکان هەیانە، دەزگای ئیستیخباڕاتی ئەمەریکا بەتەنیا بۆخۆی ناتوانێت ئەو کارە بکات. هەروەها ئەمەریکا ئێستا پەیوەندیەکانی، خەڵک لەگەڵ خەڵک، فراونتر دەکا لە ناوچەکەدا. ئەوڕۆ بەدەیان هەزار لە خوێندکارانی کەنداو لە کۆلیج و زانکۆکانی ئەمەریکادا دەخوێنن. بۆیە دەبێ ئەمەریکا ڕوون و ئاشکرا بێت لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لەکەنداودا و نیشانیان بدا کە ئامانجی ئەمەریکا بریتی نیە لە کشانەوە لە ناوچەکەدا بەڵک و لە جیاتی ئەوە دەبێ زیاتر پەیوەندی و ڕایەڵەکانی خۆی لەگەڵ دەوڵەتانی کۆمکاری کەنداودا بەهێزتر بکات.
بەڵام ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە دان بنێین بەوەی کە خەوش لە ناوەندی ئەو نەهج و ڕێبازەدایە کە ئەمەریکا هەیەتی لە کەنداودا. دوو لەو مەبەستە لەپێشینانەی کە دەوڵەتانی کۆمکاری کەنداو بۆ پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئەمەریکادا هەیانە بریتین لە بەردەوامی هاوکاری سەربازی لە لایەن ئەمەریکاوە بۆیان بۆ ئەوەی بتوانن بچنە ناو شەڕە بە وەکالەتەکانەوە لە ناوچەکەداو هەروەها بێدەنگی نواندنی ئەمەریکا دەربارەی کێشە سیاسیە ناوخۆییەکانیان . کە دیارە بە سەرکوتی ناوخۆیی ، لەدرێژمەودادا، ئەو دەوڵەتانە خۆیان خۆیان وێران دەکەن. ئامانجی ئەمەریکا دەبێ جێگرتنەوەی ئەو بناغە تێکڕووخاوە بێت بە سیستەمێکی وا کە لەگەڵ ئارامی و جێگیری و فرەیی و ئابووری نیشتیمانیدا بێت. هەروەها لەگەڵ حکومەت گەلێکی وەڵامدەرەوەی وادا بێت کە تێڕوانینی بۆ دواڕۆژ لە وێنەی شا سەلمانی سعودیەدا بێت. پەیوەندیەکانی ئەمەریکاو وەڵاتانی کەنداو زۆرتر دەبێ پەیوەندی ئابووری و کاری دیبلۆماسی و ڕایەڵەی دەوڵەتی بێت لەوەی کە تەنها پەیوەست بێت بە پەیوەندی لە بواری ئاساییش و ئەمنیەتی دڕندانەدا، بۆئەوەی بە سوودو بەژەوەندی هەردووکلا بێت.
دوورکەوتنەوە لە شەڕی بەوەکالەت
هەنگاوی یەکەم بۆ ئەمەریکا ئەوەیە کە بێتەدەر لە شەڕی بەوەکالەتی کۆمکاری دەوڵەتانی کەنداو لەگەڵ ئێران. حکومەتی ئێران دوژمنی ئەمەریکایە، بەڵام زنجیرەیەک کێشەو قەیرانی گەرم و ساردی کەڵەکەبوو لە ناوچەکەدا، لە عێڕاق، لوبنان، سوریا و یەمەن دا، وای کردووە بە سادەیی لە خزمەتی بەهێزکردنی کاریگەریگەری ئێران دا بێت. وە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئاستێک لە قەیرانی مرۆییش بخوڵقێنێت. گومانی تێدا نیە کە کشانەوەی ئەمەریکا لە هەندێک ناوچەی وەک سوریاو یەمەن ترس و دڵەڕاوکێ دەخوڵقێنێت لە کەنداودا. ئێستا ، هەرچەندە، بە تەواوی ڕوون بۆتەوە ئەو تێچووە زۆرانەی کە لەئەنجامی باوەڕێکی چەوتی وەک ئەوەی کە ئەمەریکا دەتوانێت ناڕاستەوخۆ ئەنجامەکان لە سوریاو یەمەن دیاری بکا. بەهەردوک باراندا تێوەگلانی مامناوەندی ئەمەریکا یاخود لەگەڵیان بێت بەشێوەی سەربازی تا نیوەی ڕێ ، هەرگیز بەشی ئەوە نەبووە کە بالانس پێچەوانە بکاتەوە. بەڵک و لە جیاتی ئەوە ڕۆڵەکەی ئەمەریکا بووەتە هۆی درێژەکێشانی کێشەکان. واشنتۆن تووشی بێبڕوایی و باوەڕبەخۆ نەبوون بووە لە بەدیهێنانی ئامانجە سیاسیەکانی لە ڕێگەی تێوەگلانی سەربازیەوە. لە جیاتی ئەوە گرنگترین کاریگەری تازەترین مجازەفەو موغامەڕەی ئەمەریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا ، بەنزینکردن بووە بە بەشەڕێکی درێژخایەن کە تەنها گروپە توندڕەوەکان و گروپی دژی ئەمریکایی تێیدا گەشەیان کردووەو پەرەیان سەندووە.
هەرچەندە ئەمەریکا پێویستە پارێزگاری لە هاوبەشەکانی لە کەنداودا بکات لە ڕووی ئەمنیەوە بەڵام دەبێت لەو ڕووەوە شوێن پێی لە جاران بچوکتربێت. پێش جەنگی کەنداو، ئەمەریکا توانای پاراستنی بەرژەوەندیەکانی لە ناوچەکەدا هەبوو بەبێ بوونی بنکەی گەورەی سەربازی لە بەحرەین و کوێت و قەتەڕو سعودیەو هەروەها بەبێ فرۆشتنی بایی ملیاران دۆلار ساڵانە لەچەک و کەل و پەلی سەربازی بە هەمان ئەو دەوڵەتانە. ستافی وەزارەتی دەرەوە لە واشنتۆن دا وا مامەڵەدەکەن کە بوونی ئەو هێزە سەربازیە گەورەیەی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا ناچاریە بۆ ئەمەریکا و بەرژەوەندیەکانی ، هەرچەندە بەم شێوەیە بیریان نەدەکردەوە لە پێش خوڵقاندنی باری ئەمنی دوای ١١ی سێپتەمبەر. بنکەکانی ئەمەریکا زۆریان تێدەچێت، وادەکەن کە چاوی ئەمەریکا نەچێتەسەرمەیدانە گرنگەکانی تری وەک ئەفریقاو ئاسیا، ئەو بنکانە فشار لەسەر ئەمەریکا درووست دەکەن بۆ گوێ نەدان بە پێشێلکردنی مافەکانی مڕۆڤ ، وە لە ترسی ڕەخنە ئەو سەربازانە دەخاتە بارێکی ترسناکەوە؛ هەروەها ئەو بنکانە دبنە ئامانجی سەربازی دیارو ئالیکی پڕوپاگەندە بۆ ئێران و قاعیدەو داعش. هەروەک و کە لوید ئۆستن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ، پێداچوونەوەیەکی جیهانی دەکا بە وەزعی سەربازی ئەمەریکا. بۆیە ئیدارەی بایدن پێویستە کەم کردنەوەی بنکەو هێزی سەربازی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا بەهەند وەربگرێت. پێداچوونەوە بە تێچوونەکان و سوودەکانی بنکەی ئوستوڵی پێنجەم لە بەحرەین باشترین دەستپێکە، چونکە بوونی شوێنپێی گەورەی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا گرفتی وا زۆر درووست دەکا کە هێندە ناهێنێت بۆی بکەی.
لۆ کۆتاییدا. هەرچەندە ئەمەریکا وا پێویست دەکا کە بەردەوام بێت لە فرۆشتنی کەل و پەلی سەربازی بە هاوبەشەکانی، بەڵام ئەمریکا دەبێ دڵنیا بێت کە ئەو بەڕاستی چەکی بەرەنگاری دەفرۆشێت. هەروەها هەر ئەمڕۆ زۆر لە چەکەکانی ئەمەریکا نابەرپرسیارانە بەکاردەهێنرێن و پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتی لە کاری توندوتیژیدا بەکاردێن. هەندێکی تریان کە لەو ماوەیەدا ڕاگەێنراون کە بدرێن بە ئیماڕات لە نموونەی فڕۆکەی ڕیپەردڕۆن ، ئەمەش بەنزین دەکاتە ئاگری پێشبڕکێی چەک لەناوچەکەداو ئەمەش بە زیانی بەرژەوەندیە ئەمنیەکانی ئەمەریکا تەواو دەبێت. چونکە دەبێتە هۆی کشانەوە لە سیستەمی سەربازی بەتواناتر ، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمەریکا هێشتا پێویستە کە ڕازی بێت چەکی زۆر پێشکەوتووتری بەرەنگاری لە نموونەی سەکۆی موشەکی بەرگری هەوایی (ثآد) بدات بە هاوبەشەکانی . کە ئەو جۆرە چەکانە دەگونجێن لەگەڵ هەڕەشەی ڕاستەقینە بۆسەر ئەمنیەتی کەنداو.
ئەگەرواشنتۆن ئەو شتانە بکات ، ئەوا سعودیەو ئیماڕات دەست دەکەن بە گلەیی و گازندەو دەڵێن ئەوەتا ئەمەریکا خەریکە ئێمە بەرەڵا دەکات و لەبەرامبەردا ئێران بەهێز دەکات. کاری ئیدارەی بایدن دەبێ ئەوەبێ کە قەناعەتیان پێبکات کە بەڵێ لەگەڵ تاران جێگرەوەی کێشمەکێشمی سەربازی، کە قەت کۆتایی ناێت، هەیە. گفتوگۆ لەسەر ئەمنیەتی ناوچەکە بە بەشداری تەواوی لایەنەکان دەبێتە جێگرەوەی شەڕو لەبەرامبەریەک ڕاوەستانی سەربازی بە شەڕە بە وەکالەتیەکانیشەوە. ئەمە ڕەنگە وەک خەیاڵ دەربکەوێت، بەڵام لەڕاستیدا زۆر لە خەیاڵ دوورە. چەکەرەی سەوزی ئەو گفتوگۆیانە چەندین ساڵە خۆیان نیشانداوە، وە سەرۆکایەتی بەتوانای ئەمەریکا دەتوانێت هەم سرکەو هەم هەنگوین بەکاربێنێت، ئەو سەرکردایەتیە دەتوانێت ساختمانێک بۆ دەربازبوون درووست بکات. وە هەرچەندە کە ئەمەریکا نابێت هەقی ڤیتۆ بداتە ئیماڕات یان سعودیە لەسەر ڕێکەوتننامەی ئەتۆمی دوولایەنەی نێوان ئەمەریکاو ئێران، بەڵام گفتوگۆی ناوچەیی دەوڵەتانی کەنداو نزیکتر دەکاتەوە لە ئەمەریکا لە سیاسەتیدا لەگەڵ ئێران. وە لەوانەشە وا لە دەوڵەتانی کۆمکاری کەنداو بکات کە پشتی هەر ڕێکەتننامەیەک بگرن کە واشنتۆن لە دواڕۆژدا دەیبەستێت.
تااقیکردنەوەی بەرەو خەراپترنەچوون
ئیدارەی بایدن لە باشترین پێگەدایە بۆئەوەی ناوچەکە تاقی بکاتەوە بە مەبەستی ئەو جۆرە لە بەرەوخەراپترنەچوونی دۆخەکە لە یەمەن. ئەوشتانەی کە دیارنین- فشارێکی ماقوڵ و گفتوگۆیەکی جێگەی باوەڕ-ئێستا بەرەو پێگەیەک دەبزوون کە ئیدارەی بایدن کۆتایی بە پشتگیری لە هێرشەکان دێنێت و نێردەیەکی تازەش دیاری دەکا کە پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات . ئەمەریکا تەنها وەڵاتە کە دەتوانێت تۆپەکە بەرەوپێشەوە ببزوێنێت. ئەگەر واشنتۆن بتوانێت ڕێگایەک بەرەو ئاشتی لە یەمەن دا بدۆزێتەوە، کە حکومەتەکەی هادی و حوسیەکان بتوانن بە یەکەوە بن و وەڵاتەکەش ئاوەدان بکرێتەوە بە پاڵپشتی هاوکاری نێودەوڵەتی، ئەوە دەتوانرێت وەک بەڵگەیەک ببینرێت بۆ کاریگەری گفتوگۆی فراوانتر.
پێویستە ڕێ گرتن لە بەرەوخەراپتربردن جێگەی ڕەزامەندی هاوبەشەکانی ئەمەریکا بێت لە کەنداو. دابەزینی داهاتی نەوت بە مانای ئەوە دێت کە ئەو وەڵاتانە هەرچی زووە پێویست دەکا کە بڕیاری دژوار بدەن لە نێوان بەرهەم هێنان لە ڕێگەی چاکسازی ئابووریەوە یاخود جەنگ و شەڕلە نێو وەڵاتانی دەرەوە. بەلەبەرچاوگرتنی ئەو کێشە بەردەوامانەو کۆنتڕۆڵی دەوڵەت بەسەر ئابووری ناوخۆییدا، وا دەکا کە سەرنج وئارەزووی سەرمایەگوزاری دەرەوە بۆ ناوچەکە وەک خەیاڵ بێت. بە نیسبەت ئەمەریکاوە سوودێکی تریشی دەبێت لە کەم کردنەوەی گرژیەکانی نێوان وەڵاتانی کەنداوو ئێران. ئەویش ئەوەیە کە وەڵاتانی کەنداو کەمتر بەهانەو پاڵنەریان بەدەستەوە دەبێ بۆ بڵاوکردنەوەی بیری وەهابیەت لەسەرتاسەری جیهانی ئیسلامیدا. ئەوجۆرە لە بڕاندە لە ئیسلام زۆر موحافکارە و نابوردەو دەمارگیرە. وە زۆر جاران بلۆکی توندڕەوی ئادیۆلۆژی پێکدەهێنێت و کێشەکانی نێوان ئێران و کەنداویش دەبنە هۆی بۆ دەرەوەناردنی ئەو بڕاندە لە ئیسلام. وە لە بەرامبەریشدا بڕاندی شیعەگەرایی هەمان ڕێجکە دەگرێتەبەر لە دژی وەهابیەت.
بایدن هەلی ئەوەی هەیە کە پێداچوونەوە بکات بە هاوبەشەکانی واشنتۆن لەگەڵ وەڵاتانی کەنداودا.
هەروەها ئەمەریکا دەبێ بە جدی و ڕەقتر بابەت و مەسەلەی مافەکانی مڕۆڤ لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو بخاتەبەر باس. دوابەدوای هێرشەکانی تڕەمپ بۆسەر دێموکراسی ئەمەریکا ، بۆ بایدن کارێکی گرنگ دەبێت کە بە کردەوە نیشانی بدات هەم لە ناو خۆ وە هەمیش لە ئاستی دەرەوەدا لەسەر وتەکانی خۆی دەربارەی سەروەری یاسا و مافە مەدەنیەکان. ئەمریکا کاری قورسی لەپێشە بۆ بنیاتنانەوەی بڕاندی خۆی لە جیهاندا. بەڵام کۆتایی هاتنی ڕەفتارو بڕاندی واشنتۆن لە کەنداو کە بریتیبوو لە ” نە گوێم لە شەیتانەو نە شەیتانیش دەبینم ” هاوکاری ئەمەریکا دەکا.
هێشتا گفتوگۆی ئەمەریکا لەگەڵ کەنداو لەسەر مافی مڕۆڤ دەبێ واقیعیانە بێت. ئەو وەڵاتانە لەماوەی شەوڕؤژێکدا نابن بە دێموکڕاسی. ئەگەر کەنداو بەڕاستی دەیەوێت سەرنجی سەرمایەگوزاری نێودەوڵەتی بەلایخۆیدا ڕابکێشێت دەبێ ڕوبەڕووی ئەو هەڵمەتە دڕندانەیە ببێتەوە کە دەکرێنە سەر ناڕازیانی سیاسی و هەروەها نەبوونی سەروەری یاسا . سەرمایەگوزاری تایبەتی دەرەوە ڕوونادات هەتا ئەو وەڵاتانە بەردەوامبن لە ئەشکەنجەی زیندانیانی سیاسی، یان بەردەوام بن لەسەر سیستەمی چاودێری و دانانی پاسەوان بەسەر ژنانەوە کە وا دەکات ژنان نەتوانن بە ئازادی گەشت بکەن، یان بە بەردەوامی هەراسانکردن و تین بۆ هێنانی کەسانی دیارو ناڕازی کە لەدەرەوە دەژین. بەڕوون و ئاشکرایی، پێویستە ڕابەرانی کەنداو فراوانبوونی مافە سیاسیەکان وەک مەسەلەیەکی وجودی سەیری بکەن . دەبێ ئەمەریکا هاوکاری ئەو ڕژێم و سیستەمانە بکات بۆ ئەوەی تێبگەن کە ئەو بارە کۆمەڵایەتیەی کە ماوەیەکی درێژە لەگەڵیدا دەژین کە خۆی دەبینێتەوە لە ” نە باج بدەو نە نوێنەریشت هەبێ ‘ هیچیان ناتوانن بەردەوام بن. بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان لە چاو بەرهەمی نەوتدا ، خێزانەکانی پاشایەتی هیچیتر ناتوانن بەرگەی ئەو تێچوونە بگرن. بۆیە هەر کە هاوکاری دەوڵەتی بەرەو کەمبوونەو بڕان ڕۆییشت قەیران دەمێنێتەوەوە، لەبەرامبەردا تەوژمی کارەسات و پەشێوی سەرهەڵدەدا. خۆشبەختانە هەندێک مۆدیلی چاکسازی و ڕیفۆرم هەن لە کەنداودا بۆ کەمدەرامەت و بێکاران . بۆ نموونە کوێتیەکان ، پەڕلەمانێک هەڵدەبژێرن کە هەندێک سەربەخۆیی لە پاشا بدات . هەرچەندە ئەوە دوورە لە هاوبەشیکردنی سەردەمیانەی دێموکڕاسی ، بەڵام هەندێک خاڵی ڕێنومایی پێشاندەدا کە هەندێک لە سیستەمی داپڵۆسێنەر دەتوانن چاوێکی لێبکەن.
پێویست بەشەڕی سارد ناکات
ڕۆیشتن لەسەر ئەو ڕێڕەوە تازەیە، هەندێک لە لایەنگرانی ” ئاسمان دەڕوخێ” و لایانگرانی ڕەوشی هەنووکە یا دیفاکتۆ پێیان وایە ئەگەر ئیدارەی بایدن زۆر ڕەق بێت لە مامەڵەی لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو، ئەو دەوڵەتانەش پشتیان دەکەنە ئەمەریکاو ڕوویان دەکەنە چین و ڕوسیا. ئەو بەهانەیە بەلاڕێدابەرە، بەهانەیەکە ڕۆڵی هەیە لە ناتێگەییشتن لە چێگرەوەی ئەمەریکا لە ڕووی سەربازیەوە لەگەڵ حەزو ئارەزووەکانی چین و ڕوسیا کە دەستیان بخەنە ناو سیاستەتکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئەوە شەڕی سارد نیە : ڕوسیا کەمی هەیە کە بیداتە ناوچەکە، وە لەگەڵ ئەوەی کە بەکارهێنانی نەوت لە جیهاندا ڕووی لەکەمیە ، ڕوسیا بەناچاری دەکەوێتە پێشبڕکێوە لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداودا بۆدۆزینەوەی کریاری نەوت. هەرچەندە چین بەردەوامە لە گەڕان بەدوای هەلی ئابووریدا لەناوچەکەدا، بەڵام ئارەزووی ئەوەی نیە کە کە لەڕووی ئەمنیەوە هیچ ڕۆڵیکی هەبێ لەو نزیکانەدا. هێزەکانی چین بە تەما نین بێن هاوکاری دەوڵەتانی کەنداو بکەن کە لەژێر هێرش دان. ئەگەر بەحرەینیەکان و ئیماڕاتیەکان و سعودیەکان هەڕەشەی ئەوە بکەن لە ئەمەریکا کە ئەوان ڕوودەکەنە هێزی تر، ئەوە واشنتۆن دەتوانێت باوەڕیان پێ نەکاو وازیان لێبێنێت.
وەک و مەسەلەیەکی گشتی ، سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە شێوەیەکی ترسناکانە کۆن بووە، ئامڕازێکە کە بۆی دانراوە گۆرانیەک لێبدات بەڵام هی ئەو نیەو هیچیتر ئەو جۆرە گۆرانیەی پێی لێ نادرێت. بەڵام سیاسەتی ئەمەریکا، لەوانەیە، کە نەگونجێت لە کەنداودا ، ئەو جیگایەی کە بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکای تێدا گۆڕاوە بەڵام سیاسەتەکەی نەگۆڕاوە. بایدن هەلی ئەوەی هەیە کە پێداچوونەوە بکات بە هاوبەشەکانی واشنتۆن لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداودا. ئەوەش قورس دەبێ، بەئێش و ئازار دەبێ، هەروەها ناڕازیبوونی زۆریش لێ بەرز دەبێتەوە.. بەڵام ئەنجامێکی بەسوودی دەبێت بۆ هەردوک لا، وەک چۆن بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکای تێدا بەرەوپێش دەچێت لە هەمان کاتدا دەوڵەتانی کەنداو نزیکتر دەخاتەوە لەو دواڕۆژەی کە ئەوان دەڵێن هیوای بۆ دەیخوازن . هەر وەک و کە دەڵێن، گرنگترین هەوڵ و کۆشش و کارە گرنگەکان قەت ئاسان نین..

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: