کەییسی شێروان شێروانی و زیندانیانی بادینان کەیسی ئازادیە، کەیسی کۆمۆنیزمە!

ابراهیم حسێن:    

کەیسی گرتن و دادگایی کردنی شێروان شێروانی و سەرجەم هەڵسووڕاوانی بادینان و کوردستان، کەیسی کۆمەڵە هەڵسووڕاوێکی سیاسی و مەدەنی نیە بەتەنها، کەیسی ڕووبەڕووبوونەوەی چینی کرێکار و بەشەرییەتێکی کارکەر و ئازادیخواز و دەسەڵاتی کەمایەتییەکی سەرمایەداری کۆنەپەرەستی دژی ئازادی و خۆشبەختیە.

کەیسی کۆمەڵگەیەکە ئەو دەسەڵاتە سەرکوتگەرە بۆرژواییەی کوردایەتی ناوێ، برسێتی و بێمافی و داماوی قبوڵ ناکا، کەیسی کۆمەڵگە و چینی کرێکار و جیلێکی یاخییە لەو شێوە ژیانە ناقابیل و پەستەی ئەو دەسەڵاتە سەمایەدارە کۆنەپەرەستە، دەیانەوێ وەک تاقە شێوەی مومکینی ژیان، بە زۆر و سەرکوت بێسەپێنن. هەر بەو هۆیە کەیسی شێروان شێروانی و هەڵسووڕاوانی قوڵایی زۆنی زەردی بۆرژوازی، زۆنی قەڵای سەرکوت و دیکتاتۆرییەتی بۆرژوازی کوردایەتی، کەیسی کۆمۆنیزمە، کەیسی جەنگ و دەعوایەکی کۆمەڵایەتییە لەسەر ژیان، لەسەر ئازاد و خۆشبەخت ژیان، کەیسی تەقەلایەکی ڕەوای مرۆڤایەتییە بۆ ڕزگار بوون لە دەسەڵات و حاکمیەتی کەمایەتییەکی بۆرژوازی کۆنەپەرستە. کەیسی هەموو ئەو هەزاران ژنەیە کە بێکەس کوژ کران، ڕەتێنران و حورمەتی کۆمەڵایەتیان ڕوشێنرا. کەیسی هەموو ئەو لێشاوە ئینسانییە گەورە و فراوانەیە کە ژیانی ئازاد و بەختەوەریان لێ درێغ دەکراوە. کەیسی هەموو ئەو مرۆڤایەتییەیە، کە دەستی لە هەموو ئیمکانێکی ڕێکخراو، لە حیزب و سەندیکا و شورا بڕاوە بۆ بردنەپێشی مەسەلە ئینسانییەکانی خۆی.

شێروان شێروانی و دەنگێک کە لەو ناوچەیە لە دژی ئیستبداد و دیکتاتۆرییەتی پارتی بەرزبوویەوە، دەنگێک بوو لە قوڵایی دڵی ئەو ئینسانییەتە، و دادخوازی و سەرزیندویی ئەو ئینسانیەتە بێزارە بوو لەسەرکوت و دیکتاتۆرییەتی کوردایەتی و درێژکراوەی دەنگ و ڕەنگی نەزیر عمر و شاپور و قابیل و سەردەشت و بەکر علی و ئەو هاوارە گەورەیە بوو کە لە هەرشار و شەقام و کۆڵانێک، لە هەر ماڵ و لە هەر گۆشە و سوچێکی ئەو کۆمەڵگەیە، بە هەزار شێوە دێتە زمان و هەر ڕۆژ قوڵتر دەبێتەوە.

لەدەرەوەی دادگا کارتۆنییەکانی دەسەڵات، لەدەرەوەی قەڵاکانی ترسی زۆنی زەرد و سەوز،
دادخوازییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەرڕاست و گەورە لەئارادایە، کە ئەو دەسەڵاتە بۆرژواییە پوچەی لەسەر ژیان، لەسەر نان و ئازادی هێناوەتە پای لێ پرسینەوە و هەر ڕۆژ زیاتر و زیاتر لە هەر ئیعتبار و مەشروعیەتێکی کۆمەڵایەتی ڕووتی دەکاتەوە.

دادگا کارتۆنییەکان و میلیشیا و ترس و ئیرهاب بڕیار بوو کەمێک ئەو ترسەی پارتی و بورژوازی لە کۆمەڵگە، ئەو تۆقانە واقعیەی لە کابووسی بەرز بونەوەی فریاد و هاواری ئەو کۆمەڵگەیە، ئەو چینی کرێکار و ئەو نەوە لاوە چاو لە دوی ژیانە، چاو لە دووی ئازادی و ژیانێکی شایستە بە مرۆڤە دورتر بخاتەوە. بەڵام هەر زوو دەرکەوت دەسەڵاتێک کە ناچار دەبێ لەبەرامبەر جووڵانەوەیەک کە تەنها داوای ژیان و نان و ئازادی و شەرافەتی خۆی دەکا، دەست بۆ ڕفاندن و پێچانەوەی ناڕازییانی ئەو مەملەکەتە لە نێو ماڵ و منداڵ و خێزانیان دەکا و لە دنیا دایاندەبڕێ، نیشانەی جەبەروت و بەهێزی ئەو حیزبە نیە، نیشانەی ئەوە نیە کە ئەو دەسەڵاتە لە هیچ سوچێکی دڵی ئەو ئینسانیەتە ڕەگێکی ئەوتۆی هەبێ، بەڵکو نیشانەی وشک بوونی دواڕەگی پەیوەندی ئەو حیزب و دەسەڵاتەیە بە هەر شتێکی ڕەسەنی ئینسانی لەو کۆمەڵگەیەدا. ئەم ئاڵوگۆڕە لە مێژووی کوردستاندا بێگەڕانەوەیە و بێوێنەیە. تازە خەریکە قۆناغێکی تر لە مێژووی کوردستان و لە ئاڵوگۆڕ دەستپێدەکا.
ئەم کەیسە نیشانیدا کە بۆرژوازی ناتوانێ ئازادی بدات، ناتوانێ سازش لەسەر دانی هەر ئەندازەیەک ئازادی هەڵسووڕانی سیاسی، ئازادی خۆدەرخستن، مانگرتن و ڕەخنە و خۆ بەیانکردن بۆ چینی کرێکار و بەشەرییەتی کارکەر و ئازادیخواز بکات. بۆرژوازی ناتوانێ ئازادی بدات، چونکە لە هەر پرۆسەیەکی سیاسی ئازاد لەو جۆرەدا، لەهەر ئاستێکی کرانەوەی کەشوهەوای ئازاددا بەشەرییەت بێمافی قبوڵ ناکات، برسێتی و هەژاری و نەداری قبوڵ ناکات و تێدەکۆشێ بۆ ژیانێکی شایستە بە شکۆی ئینسانی خۆی و لە کرانەوەی دەرفەتی هەر دەرکەوتنێکی ڕادیکاڵ کە چینی کرێکار و کۆمۆنیزم و چەپگەرایی بتوانێ قسە و ئەجێندای خۆی لەو جەنگەدا بەتەواوی سەرڕاستی و لەئاستی کۆمەڵگەدا بخاتە بەردەست، شکستی بۆرژوازی دەگۆڕێ بە ئەگەرێکی واقیعی تر. بۆیە بۆرژوازی تا کۆتایی ناتوانێ دیکتاتۆر نەبێ، ناکرێ خۆێناوی و کۆنەپەرست نەبێ، ناتوانێ دژی ئازادی هەڵسووڕانی سیاسی و حیزبی و جەماوەری نەبێت. ئەمە خاسییەت و پێویستی دیکتاتۆریەتە بۆ ئۆردوی بۆرژوازی.

 

٢٦.٢.٢٠٢١

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: