دادگای مەدەنی، یان دادگای خێڵ وجەنگەڵ!؟

تاهیر عیسا:
لەدرێژایی مێژووی ململانێ چینایەتیەکانی کۆمەڵگای ئینسانیدا، هەمیشە ڕێساو یاساو دادگاکان، لەپاڵ پۆلیس و سوپاو زیندان و دام و دەزگای سەرکوتگەری دیکەی دەوڵەتی چینی فەرمانڕەوادا، پایەو کۆڵەکەکانی زوڵم و زۆرو چەوساندنەوەی سەر چین وتوێژی خوارەوەی کۆمەڵگایان ڕاگرتووەو زۆرینەی کۆمەڵگایان، ملکەچی یاسا دۆگماو بەرژەوەند پارێزەکانی خۆیان کردووەو هەر ئاڵ وگۆڕێکیش لەیاساو ڕێساو دادگاکان بەقازانجی چینی ژێر دەست ومەزڵوم، بەرەنجامی کەم وزۆری خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و بەرەنجامی ئاڵ وگۆڕێک لە پارسەنگی هێزی ناو ئەو هاوکێشە پڕ لەململانێیەی کۆمەڵگادا بووە کە لەهەندێ بڕگەی مێژووییدا، بەقازانجی خوارەوە پێچەوانەش بۆتەوە!
کوردستانیش، وەک بەشێک لەو مێژووە و لەناو ئەم ململانێ پڕ لەهەوراز و نشێوەی خۆیدا، دادگا و یاسا و پۆلیس و دام ودەزگا داپڵۆسێنەرو پارێزەرەکانی دیکەی ئەم سیستەمە، کە خۆی لەباڵادەستی بنەماڵە “ئۆلیگارش”ییە ملیاردلێرەکاندا دەبینێتەوە.
(٭ئۆلیگارشی؛ ترۆپکی دەسەڵاتی سەرمایەدارییە، کە لە کەمینەیەکی خاوەن پول و سامان وسروەتی بێشوومار پێکهاتوون و قۆرخی تەواوی جومگەسەرەکیە ئابووریی و سیاسی وکۆمەڵایەتی و میدیایی و سەربازیەکانی کۆمەڵگایان کردووە)
کە لە ژێر هەیمەنەو هەژموونی زاڵمانەی ئەم هێزە خێڵگەرایانەدا، سیستەمی دادوەرییش شتێک واوەتر لەیاسای غابات و حوکمەکانی، کەلەسەر بنەمای بێهێزو بەهێزدا سەرچاوەدەگرێت، واوەتر ناچێت، کە لەدژی هەر دەنگێکی ناڕازی کۆمەڵگا و خواست و داواکاریە بەرحەقەکانی چین وتوێژی مەحڕومی کۆمەڵگادا، بۆ بێدەگکردن و سەرکوتکردنیان دەستی داوەتێ، لەنموونەی چالاک و هەڵسوڕاوانیی وەدەنگهاتوو لەزوڵم و زۆرە بێپەردەکانی دەسەڵاتدارانی زۆنی زەرددا، کە بەتاوان وتۆمەتی بێبنەمای هەڵبەستراو، بۆ شەش ساڵ بڕیاریی زیندانییان بەسەردا درا، ئینسان دەتوانێت لەوەها هەل ومەرجێکدا، بەو حوکمە”قەرەقووش” یە پێشوەختەی بەسەریاندا دراوە تۆزقاڵێک سەرسام وشۆکگرتوو نەبێت !
(٭قەرەقووش،؛ دادوەرو کاربەدەستێکی دەستڕۆیشتووی بەڕەگەز تورکزمانی دەوڵەتی ئەیوبیەکان بووە لەمیسر، لەسەردەمی سەلاحەدینی ئەیوبیدا. دەگێڕنەوە جارێک جووتیارێکی میسر، لەلای قەرەقووش، شکایەتی لەسەربازێک کردووە کە زلەیەکی لەژنەکەی داوەو منداڵێکی حەوت مانگی لەبارچووە، قەرەقووشیش، فەرمانی دەرکردووە کە سەربازەکە ژنی جووتیارەکە بۆماوەی حەوت مانگ بباتە لای خۆی و هەموو خەرجیەکانی بکات ، جووتیارەکە نەیهێشتووە، حاکم قسەکانی تەواو بکات دەستی ژنەکەی گرتووەو ڕایکردووە)

بەچاوگێڕانەوەیەکی خێراو گێڕانەوەی بڕگەیەکی کورتی مێژووی مشتێک لەخەروارێکی وەحشیگەریەکانی حیزبی خێڵ و بنەماڵەی خێڵ، لەنزیکەی نیو سەدەی ڕابردووی بزووتنەوەیەکی خێڵەکیانە وکۆنەپەرەستانە لەکوردستاندا، کە تائەمڕۆش بەهەمان ڕۆحی ڕابردوویان نەوەکانی ئەم خێڵگەراییە، بۆ پارێزگاری لەپێگەی زاڵمانەی خۆیان کە تۆزقاڵێک لەسەر ڕێچکەی باوک و باپیرانیان لایان نەداوە و وەفادار ماونەتەوە!؟ ئەگەر لەلایەک نیشانەی تێکچنراویی و لێکهەڵپێکراویی بەرژەوەندیی سەرمایەو هەرچی دواکەوتوویی و پۆخڵەواتیی خێڵچێتی و عەشیرەتگەرایی لەکوردستاندا بگەیەنێت، لەلایەکەی تریشەوە بەڵگەی نەبوونی بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵانەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشە لەکوردستاندا نیشان دەدات، کە لەهەموو مێژووی ململانێکانی خۆیدا، نەیتوانیوە هێزێکی شێلگیر و هاودەنگ و هاوڕەنگ بێت، کە بتوانێت لە بۆتەی ڕێکخراوبوونی سەربەخۆی‌ چینایەتیانەی خۆیدا توابێتەوەو لەبەرامبەر چینی فەرمانڕەواو حیزب وبنەماڵەکانیاندا وەستابێتەوەو مۆری خۆی لە تابلۆی ژیان و تابلۆی مافە سەرەتاییە بێچەندو چوونەکانی کۆمەڵگا دا بێت .
لەوەها دۆخێکیشدا، دادگا و ڕێسا و یاساکانیش، هەر لە خزمەت سیستەم وسەرمایەو پارێزگاریی لە خاوەندارێتی تایبەتی و کاری بەکرێدا دادەڕێژرێن و هەر داوەریەتێکیش، لەسەر تاوانبارو بێتاوان، لەچوارچێوەی یاسای جەنگەڵ و یاسای دڕندە و نێچیر دا یەکلادەکرێتەوە.
پارتێک، واتە پارتی دیموکڕاتی کوردستان، کە لە ناو خێڵچێتی و بەپیرۆزڕاگرتنی بنەماکانی خێڵگەراییدا، لەلایەن بنەماڵەیەکی تایبەتی کە بەرژەوەندیەکانیان، لە لێکدان و ئاوێتە بوونی دین وخێڵ وبەپیرۆزکردنیاندا دەدۆزیەوە و دواتریش خێڵ لەسەرووی هەڕەمی قەومی ونەتەوەییدا بۆ پارێزگاری لەهەمان پێگەو جێگاو ڕێگای بنەماڵە و نوێنەرایەتی کردنی پاشماوەی قوناغی دەرەبەگایەتی کەخۆی لەئاغاو دەرەبەگەکانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی دیکەدا، دەدۆزیەوە و لەبزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی وقەومگەراییدا توانی درێژە بەمانەوەی تەمەنی خۆیدا بدات.
کە هەتا ئەمڕۆش، هەیمەنەی خێڵ لەناو پارتیدا بەهەموو کاریزماییەکانی خۆی بەسەر ئەو پارتەدا لەوپەڕی بەهێزی خۆیدا ماوەتەوە!
لۆژیکی خێڵ، شەڕی خێڵ وعەشیرەتەکانی دیکەیە لە سەر پارێزگاری لە نفوزی خێڵ و شێخچێتی و مەڕعاو ئاوو پاوان و …هتد.
لەو پێناوەشدا، دەرکەوتن و گەشەو سەرهەڵدانی هەر خێڵ وعەشیرەتێکی دەورو بەریان، بەهەڕەشە لەسەر زەمینەی مانەوەی خۆی دەزانێت.
حەمەد ئاغای مێرگەسۆری کە خاڵی مەلامستەفای بارزانی بوو، یەکێ لە کەسایەتیە ناودارەکانی تیرەی شێروانی بوو.
وە کوڕەکانیشی لە ڕۆشنبیرە هەڵکەوتووەکانی ئەوسای ناوچەکەبوون، بەتایبەت “فاخیر” کەسێکی ڕۆشنبیرو خوێندەواربووە و بیرو بۆچوونی هاوچەرخ و پێشکەوتوو خوازانەی هەبوو، وەک دەڵێن زۆر گەلدۆست و نیشتمان پەروەربووە، ئەمە وای لە فاخیر کردووە خۆی لەناو حیزبی شیوعیدا بدۆزێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی حیزبی شوعی لەمەڕ مەسەلەی میللی خەڵکی کوردستاندا بێهەڵوێست بووە، وای لە فاخیر کردووە دووچاری دڕدۆنگی بێت و لەنێوان پارتی و شیوعیدا ئەمبەرو ئەوبەربکات.
وە هەروەها بەهۆی ئەوەی لە نزیکیشەوە پارتی و تواناو بیرکردنەوە و پێکهاتەی خێڵەکیانەی ڕێبەرەکەی لەخەڵکانی تر باشتر ناسیوە، نەیتوانیوە لەناو ئەو پارتەشدا دڵی ئاو بخواتەوەو لەنێوان پارتی و حیزبی شوعیدا پەتپەتێنی کردووە.
بەتایبەت لەناو خێڵی بارزاندا چوونە ناو حیزبی شیوعی وەک هەڵگەڕانەوەو یاخی بوون لەخێڵی بارزان حیسابی لەسەرکراوە، ئەمە ڕقی مەلا مستەفای لەفاخیر هەڵساندووە. وەهەروەها بەهۆی ئاستی ڕۆشنبیریەکەی مەترسی ئەوەی لێدەکرا لەناو بارزانیەکاندا ڕۆڵی ڕێبەرایەتی بگێڕێ و بکەوێتە ڕکێبەڕکێی مەلامستەفاوە، ئەوەش مەترسی مەلا مستەفای لێزیادتر دەکرد.
فاخیر، هەتا لەناو حیزبی شیوعیدا بوو، نەیانتوانی دەستی بۆ بەرن، وەزۆریشیان هەوڵ لەگەڵدا هەتا بیهێننەوە ناو پارتی، دواجار لەڕێگای کۆمەڵێک ئیمتیازیی حیزبیەوە هێنایانەوە‌ ناو پارتی، هەر بۆیە باوکی فاخیر، بەم هەنگاوەی کوڕەکەی نیگەران دەبێت و بەکوڕەکەی گوتبوو هەتا لێیان دوور بووی پێمان نەدەوێران، بەڵام لەمەو دوا نامانهێڵن.
ڕەفعەت ناوێک، کە لەتورکمانەکانی هەولێر بووە، بەلۆری لەنێوان هەولێرو گەڵاڵەدا باری گواستۆتەوە، لەلایەن دەزگای پاراستنی پارتیەوە پارەی پێدراوە بۆ کوشتنی “جەوهەر” ی برای “فاخیر” . دوای ئەوە لەهاوینی ۱۹۷۱ ڕەفعەت جەوهەر تیرۆر دەکات.
دوای ئەم کارەی، ئیدریس بارزانی، ڕەفعەت بانگهێشت دەکات و بەناوی باوکیەوە مەبلەغێکی دیکەی پارەی لەپاداشتی کارە تیرۆریەکەیدا پێدەدات.
لەپرسەی جەوهەردا بووە، کە حوسێن برای جەوهەر لەپرسەکەیدا گوتوویەتی ئەگەر دەستی مەلا مستەفای تێدا نەبێت، ئێمە دەزانین، چۆن تۆڵەی خۆمان دەکەینەوە.
زۆری پێناچێت، لەڕێگای یەکێ لەکوڕە شێخەکانی بارزان، بنەماڵەی حەمەد ئاغا چیرۆکی کوژرانی کوڕەکەیان بۆ ڕوون دەبێتەوە.
دوای ئاشکرابوونی ناسنامەی بکوژەکە، ڕۆژێک حوسێنی برای جەوهەر، خەبەری ئەوەیان پێدا کە ڕەفعەت بکوژی جەوهەر لەگەڵ کوڕەپورێکیدا لە گەڵەڵاڵەوە بەرەو هەولێر دەچێت، ئەویش لەگەڵ چەکدارێکی تری نەناسراودا لەنزیک کۆسپی سپی، ناوچەی پردی حافیزیان، جادەی لێدەگرێت و ڕایدەگرێت، ڕەفعەت هەر زوو دەزانێت مەسەلەکە چییەو بەکوڕە پوورەکەی بەتورکمانی دەڵێت: (سەنگێت مانن ئۆڵدەرەر) واتە؛ “تۆ بڕۆرەوە منیان کوشت
” حوسێن وچەکدارەکەی تر ڕەفعەت دادەبەزێنن و کەمێک دوور لەو جادەیە دەیکوژن.
دوای ئەوە کەس و کاری سەرەتا تەرمەکەی دەبەنە گەڵاڵە، کە بارەگای بارزانی لێبوو، پێش ئەوەی تەرمەکەی ببەنەوە هەولێر چوونەتە لای مەلاو ئەویش پێی گووتبون ئەو گولەیەی بەڕەفعەت کەوتووە بەمن کەوتووە.
حوسێن کە هەڕەشەی مەلا مستەفا دەبیستێتەوە پەنا دەباتە بەر شێخ عوسمان لەبارزان، چونکە لەناو بارزانیەکاندا واباو بوو هەرکەسێکی تاوانبار پەنای بردبا بەر ماڵی شێخی لەتاوانەکەی دەبووران و عەفویان دەکرد، بەڵام بەپێچەوانەی داب ونەریتی خۆیان، دوای ئەوەی ئیدریس بارزانی دەچێت و هەڕەشە لەشێخ دەکات، حوسێن ڕادەستی ئیدریس دەکەن و لەشوێنێکی نادیار دەیکوژن.
هەر لەهەمان کاتیشدا، “فاخیر” دەگرن ، دوای ئەویش حەمەد ئاغای باوکی، هەرچەندە زۆریش بەتەمەندا چووبوو زیندانی دەکەن.
فاخیر، لەزیندانی ڕایات زیندانی کرا، چەند جارێک هەوڵیان دابوو بیکوژن بەڵام سەرکەوتوو نەبووبوون.
زیندوو مانەوەی فاخیر، ئۆقرە لەمەلا دەبڕێت وترسی ئەوەی دەبێت لەزینداندا ڕابکات، هەتا ڕۆژێک لەسەرەتای هاوینی ۱۹۷۲ ئاگاداری مەسعودی کوڕی دەکاتەوە کە دەبێ فاخیر بکوژن.
ئەویش ئاگاداری کەریم سنجاری دەکات، هەتا کەسێکی گونجاو بۆئەم کارە تەرخان بکەن، “حەمەدەمین ڕەشکە” کە دانیشتووی ناوپردان دەبێت و سەرلقی بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی بووە و بۆ ئەم کارە ڕادەسپێرن، ئەویش شەوێک دوای ئەوەی خەوی لێدەکەوێت لەزینداندا تیرۆری دەکەن!
باوکیشی واتە حەمەد ئاغا، دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول لەزینداندا ئازاد دەکرێت و هەر ئەو ڕۆژە لەلایەن کەسێکی بارزانیەوە ئەویش تیرۆر دەکرێت… پوختەی ئەم ڕوداوەم بە کەمێک دەستکاریەوە لە نامیلکەی مێژوویی” بارزان وڕەچەڵەکی بارزانیان” وەرگرتووە، کە لەنوسینی “مامخان شێروان”یە.
ئەمە دیوێکی سیناریۆکانی بارزانی باپیر بوو، هەر بۆیەش کوڕانی بارزانی و نەوەکانی، لەپێناوی پارێزگاریی لە هەیمەنەی خۆیان سڵیان لەدەستبردن بۆ هیچ کارێکی وەحشیگەریانەی هاوشێوەی مەلای باوکیان، کە تەنها لەکارەساتی هەکاریدا، حەوت سەد پێشمەرگەی یەکیەتی بە جارێک ئەوەی دەکوژرێت دەکوژرێت، ئەوەیشی دەگیرێت لەسەر بڕیاریی مەلا بە گولەی ئارپێجی گولەباران دەکرێت.
لە دوای ڕاپەڕین وخڕۆشانی خەڵکی کوردستان و گەڕانەوەشیان لە کەرەج وتارانەوە بەرەوکوردستان، هەر لە دەستپێکی ئەزموونەکەیاندا، قێزەونی و ناشیرینی خۆیان لەتیرۆری دەیان وسەدان کەسایەتی چە پ و کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕی بادینادا نیشان داو بەو پەڕی بێ بەزەییانە هەر دەنگێکی ناڕازییان لە ناوچەی جێ نفووزی خۆیاندا سەرکوت وبێدەنگ و خەڵتانی خوێن دەکرد.
شەڕی بێپاساوی ساڵی ۱۹۹٦ ی عەشیرەتی سورچی و پارتی پارێزگاران، لەکەڵەکین و کوژرانی حوسێن ئاغای سورچی و چەندین کەس لەخەڵکی مەدەنی کە مناڵیشی تێدا بووە، بەشێکی دیکەیە لە عەقڵیەتی خێڵگەرایی ئەو حیزبە ، کە کورتەی چیرۆکەکە بەو شێوەیەیە،:- لەگەرمەی شەڕی ناوخۆیی پارتی و یەکیەتیدا، پارتی پارێزگاران دەوری نێوبژیوانی لەنێوانیاندا دەگێڕاو کۆبوونەوەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەنێوان پارتی و یەکیەتیدا لەبارەگای پارتی پارێزگاران ئەنجامدەدرا، کەڵەکین، سنووری سۆران وبادینانی لەیەکتر جیا دەکردەوە، لەگەرمەی سەرکەوتنەکانی یەکیەتیدا، پارتی لەو خاڵە بەگومان بوو، ترسی ئەوەی هەبوو، یەکیەتی لەڕێگای کەڵەکینەوە بەرەو بادیان بپەڕێتەوە، بۆیە کەوتە بیانوو هەڵبەستن، بۆ پارتی پارێزگاران، ڕۆژێک لەگەڕانەوەی حوسێن ئاغادا، بۆ کەڵەکین، بازگەی پارتی وەک بێڕێزی دەیهێننە خوارەوە، دواتر، مەسعود بارزانی پەیامیان بۆ دەنێرێت و دەڵێت ئێمە لەگەڵ حوسێن ئاغادا براین و بەیانی لای ئێوە دەعوەتم، دەعوەتی مەسعود بارزانی بۆ ماڵی حوسێن ئاغا، پەلامارو وەحشەت و کوشتن و بڕین و تاڵانی بوو.
چیرۆکە تڕاژیدیا ئامێزەکانی دیکەی مێژووی ئەم ئاخیرەشیان کەلە تیرۆری وەک سۆرانی مامەحەمەو تاهیر عەبدول ستار شەریف و سەردەشت عوسمان و ویداد حوسێن و چەندان چالاک هەڵسوڕاوی دیکەش بەشێک بوون لە هەوڵەکانی ئەم دەسەڵاتە بۆ بێدەنگکردن و کپکردنی دەنگە ڕەخنە ئامێزەکانی دژی ئەم دەسەڵاتە.. دیارە زۆنی سەوزو دەسەڵاتە ئۆلیگارشیە بنەماڵەییەکانی ماڵی تاڵەبانیش لەم دەسەڵاتەی زۆنی زەرد کەمتر بەناڕازیی و نەیارانی خۆیان نەکردووە، بەڵام لێرەدا بابەت بڕیارەکەی دادگای هەولێرو ئیدانەو شەرمەزارکردنی حوکمی شەش ساڵ زیندانیە بۆ شەش کەس لەهەڵسوڕاوانی مەدەنی و ڕۆژنامەوانی ژێر حوکمڕانی دەسەڵاتی زەرد.

تاهیر عیسا
22.02.2021

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: