کەڵەباب

نزار قەبانی
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: شوان عەزیز

لە کۆڵانەکەماندا کەڵەبابێک هەیە
سێکسبازو خوێنڕێژ
هەمووبەیانیەک مریشکی کۆڵانەکەمان دەڕووتێنێ
بەردەندووکیان دەداو ڕاویان دەنێ
لەگەڵیاندا دەخەوێ و بەجێشیان دێڵێ
هەتا ناوی جووجەڵەکانیشی بیر نامێنێ
* * *
لە کۆڵانەکەماندا کەڵەبابێک هەیە،
بەیانی زوو دەشیڕێنێ وەک شەمشوونی جەببار
ڕیشە سوورەکەی بەردەداتەوەو
شەوو ڕۆژ دامان دەپڵۆسێ.
لێمان زیاد دەکا، گۆرانی دەڵێ و، لەناوماندا دەدا وتار
ئەو یەکە و، ئەو نەمرە و ، ئەو جەببارە و ، توانادار
* * *
لە کۆڵانەکەماندا کەڵەبابێکی شەڕانی و فاشستی و ئەفکار نازی هەیە
بە هێزی تانک دەسەڵاتی زەوت کرد
ئازادی و ئازادی خوازانی دەستبەسەرکرد
نیشتیمانی هەڵوەشاندەوە
گەلی هەڵوەشاندەوە
زمانی هەڵوەشاندەوە
ڕووداوەکانی مێژووی هەڵوەشاندنەوە
جەژنی لەدایکبوونی منداڵانی هەڵوەشاندنەوە
ناوی گوڵەکانیشی هەڵوەشاندنەوە.
* * *
لە کۆڵانەکەماندا کەڵەبابێک هەیە
لە جەژنی نەتەوەییدا جلی جەنەڕاڵەکان لەبەردەکا
سێکس دەخوا
سێکس دەخواتەوە
بە سێکسیش سەرخۆش دەبێ
سواری کەشتیەک لە لاشە دەبێ
سوپایەک لە گۆی مەمک دەبەزێنێ

لە کۆڵانەکەماندا کەڵەبابێک هەیە و بنەچەی لە عارەبە
بە هۆی هەزاران ژنەوە فەتحی زەمینی کردووە
* * *
لە کۆڵانەکەماندا کەڵەبابێک هەیە، بێ سەوادو بیرکارە
سەرۆکی یەکێ لە میلیشیاکانە
هیچ فێرنەبووە، بێجگە لە غەزا و غاڕە
بێجگە لەکوشتن، بێجگە لە حەشیش ڕواندن و تەزویرکردنی پارە
وەختی خۆی جلی باوکی دەفرۆشتن و
ئەڵقەی دەزگیرانی خۆیشی ڕەهن دەکرد
کار گەیشتە ئەوەی ددانی مردوانیشی بە دزی دەبرد
* * *
لە کۆڵانەکەماندا کەڵەبابێک هەیە
هەموو شارەزاییەکەی ئەوەیە کە بە دەمانچەکەی شەڕی
ڕێک تەقە لە سەری ووشەکان بکا
* * *
لەکۆڵانەکەماندا کەڵەبابێک هەیە، تووڕەو شێتە
ڕۆژێک وەک حەججاج وتار دەدا و
ڕۆژێکیش وەک مەئمون خۆی ڕادەنێ و چاوی لێتە
* * *
لە مینبەری مزگەوتەوە هاوار دەکاو دەڵێ:
نەمری بۆمن،نەمری بۆمن، هەر کە هەستام
منم دەوڵەت منم یاسام
کەی باران دەگەڕێتەوە بۆمان؟
کەی گەنم دەڕوێت و
کەی خێرو بێریش دەڕژێتەوە بەسەرمان؟
ئەوە نیشتیمانیکە کە خودا حوکمی ناکات
بەڵک و ئەوە کەڵەبابن حوکمی دەکەن
* * *
لە وەڵاتی ئێمەدا کەڵەبابێک دەڕوا و کەڵەبابێک دێ
ستەم ناڕواو هەر دەبێ هەبێ
دەسەڵاتی ئەمریکایی هێرش دەبا و
دەسەڵاتی لێنینیزمیش دەکەوێ
ئەوەی تێشدا دەچێ هەر ئینسانە بەردەکەوێ….
* * *
کاتێ کەڵەبابەکە، تێدەپەڕێ بەناو بازاڕی دێ دا
بە خۆگیڤکرنەوە خۆی دەدا نیشان
چەندین نیشانەی ڕزگاری هەن لەسەرشان
هەموو مریشکەکانی دێ بە سەرسوڕمانەوە دەقیڕێنن:
ئەی بەڕێزمان کەڵەباب، ئەی کەڵەبابی گەورەمان
ئەی جەنەڕاڵی سێکس و ئەی کەڵی مەیدان
ئەی خۆشەویستی ملیۆنان لە ژنان
ئایا پێویستیت بە کەنێزە هەیە؟
ئایا پێویستیت بە خزمەتکار هەیە؟
ئایا پێویستیت بە شێلان هەیە؟
* * *
کاتێک ئەو چیرۆکەی بیست فەرمانڕەوا
بە خوێنڕێژان کردی فەرمان و فەتوا
تا ئەو کەڵەبابە سەربڕن…
بە تووڕەییەوە گوتی:
چۆن کەڵەبابێک لە بنەچەی کۆڵانێ
وێرای کە دەسەڵات لە من وەلانێ
ئەو کەڵەبابە چۆنە وێرای ئەو کارە بکا؟
کە من یەکم و بێ شەریکیش لە یەک کاتا.

 

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: شوان عەزیز

٥ی شوباتی ٢٠٢١

سەرچاوە

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: