بە داخەوە وەک دەیبینین رۆژ لە دوای رۆژ ئازادییەکان بەرتەسک دەکرێنەوە لە کوردستان، تەنانەت کار بەوە گەیشتوە کەسوکاری گیراوانیش رێگەیان پێنادرێ گردببنەوە و بۆ رای گشتیی روونبکەنەوە کە گیراوەکانیان بێسەروشوێن کراون و زۆر بە کەمیی ئاگاداری رەوشی ژیانیانن لە نێو زیندانەکاندا!
ئەوە ئاشکرایە کە لە ژێر سایەی ھەر دەسەڵاتێکدا گیراوی رامیاریی ھەبوون یان چالاکوانان و رۆژنامەنووسان تەنیا بە ھۆی پیشەکانیان و ئازادیی دەربڕینەوە لە زیندانەکان ئاخنران.. ئەوە بێ سێ و دوو ئەو دەسەڵاتە سەرکوتگەر و دیکتاتۆرە، ئێستا لە ھەرێمی کوردستان نەک هەر رۆژنامەنووسان و چالاکوانان بەڵکە کەسوکارەکانیشیان دەگیرێن و زیندانیی دەکرێن، ئەوە راستە کە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی پێشان بە دڕندانەترین شێواز دژ بە ئازادییخوازان وەستاونەتەوە.. بەڵام ئەو جۆرە پێشێلکارییە بۆ ئەمڕۆ لە لایەن دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە داهێنانێکی تازەیە و بێجگە لە هەنگاونان بەرەوە فاشیزم هیچی دیکە نییە.. کەچی دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا و ئەوروپای بە ناو شارستانیەت و پێشکەوتنخواز تەپڵی دیموکراسیی و مافی مرۆڤیان بۆ دەکوتن.. ئێستا هەر کەسێک کە لە کوردستانەوە لە ژێر جەور و ستەمی دەسەڵاتداران و پارتیەکان بەرەو ئەو وڵاتانە ئاوارە دەبێ ئەوە یەکسەر پێیدەڵێن لە کوردستان ئاسایش و ئارامیی هەیە و هەموو کێشە و گرفتەکان لە رێگەی پۆلیس و سەروەریی یاسا و دادوەرییەوە چارەسەردەکرێن!!!
کەواتە ئێستا بارودۆخی ئازادییخوازان زۆر قورستر بووە .. چونکێ جاران تەنیا چالاکیی و هەڵمەتەکانیان بۆ ئەوە دەکردن کە دەسەڵاتداران ناچار بکەن و ملبدەن بەوەی کە گیراوەکان مافی هەبوونی پارێزەریان هەبێ و بە پێی یاسایە پەیوەنددارەکان دادگایی بکرێن و لەسەر ئازادیی دەربڕین زیندانیی نەکرێن.. بەڵام ئێستا دەبێ هاواری ئازادکردن و پاراستنی کەسوکارەکانیشیان بکەن.
هەڵبەتە ئەو گوشارە نوێیەش لە لایەکەوە بۆ ئەوەیە کە گیراوان و بێسەروشێنکراون دان بەو درۆیە هەڵبەستروانەدا بنێن کە پێیانەوە سووچبار کراون و دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکیان بە کار و چالاکییەکانی ئەوانەوە نییە و تەنیا لە لایەن دەزگە سیخوڕییە داپڵۆسێنەرەکانی دەسەڵاتەوە دروستکراون.. لە لایەکی دیکەش بۆ ئەوەیە کار و چالاکیی هەموو ئەو کەس و رێکخراو و لایەنانە قورستر بکەن یان هەر بە بنبەستیان بگەیەنن کە بەرگریی لە گیراوەکان و کەسوکارەکانین دەکەن و بە شێوەیەکی گشتیی بە دوای ماف و ئازادییەکانی خەڵکەوەن، هەر بۆیە هیچ نامۆ نییە کە سەرۆکی حکومەت لە نوێترین دەرکەوتنیدا کە هێشتا گیراوەکان لە ژێر لێکۆڵینەوەی دەزگە سیخوڕییەکانی خۆیاندان و دادگەیی نەکراون هەر لە پشت مێزە شاهانەییەکەی خۆیەوە خۆی لێدەبێتە دادوەر و قەرەقۆشییانە لەجیاتی دادگە و دادوەران بڕیار دەدا و دەڵێ: ”ئەوانە نە چالاکوان بوون نە رۆژنامەنووس، هەندێک لەوانە سیخوڕ و تێکدەر و چەکدار و بوون هەوڵی تەقاندنەوەی باڵەخانە و کوشتن و بڕین و رفاندن و تێکدانی باروخەکەیان کردوە”! سەرنج بدەن ئەوە بە هیچ شێوەیەک سووچبارکردن نییە بەڵکە بڕیاردانە لەسەر تاوان بە بێ دادگەییکردن، واتە تەنیا ئەوە بۆ دادوەران و دادگە رووکەشەکەیان دەمێنێتەوە کە لە سیناریۆیەکی رامیاربازیی و بە ملکەچیی بڕیارەکەی سەرۆکی فەرماندە (خوا بیپارێزێ!) وەک خۆی جێبەجێ بکەن! ئەوەش بۆ خۆی یەکێکە لە ئاکاری دەسەڵاتی دیکتاتۆریی کە تێیدا ئازادییخوازان رەشبگیر دەکرێن و بە تاوانگەلێک سووچبار دەکرێن کە پەیوەستدار نین بەوانەوە و بەر لە دادگەییکردنیشیان دەسەڵاتداران بڕیار لەسەر تاوان و تەنانەت سزایەکانیش دەدەن.. واتە کاری دادوەران تەنیا جێبەجێکردنە وەک پۆلیس!
بێ گومان رەنگە ئەو بارودۆخە تۆقێنەرە چالاکوانان و رۆژنامەنووسان و بەرگرییکاران لە ماف و ئازادییەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان سارد بکاتەوە و تووشی رەشبینییان بکا، بەڵام پێویستە ئەوەش بەبیر خۆمان بهێنینەوە کە ئەو دەسەڵاتدار و پارتییانە بێجگە لەوەی دەستیان سوورە بە خوێنی سەرجەم گیانبەختکردووانی شەڕە نێوخۆیەکانیان و ململانێیەکانیان لەسەر دەسەڵات.. هەر دوێنێش بوو بە سەدان و بە هەزاران کەسیان لە رۆژنامەنووسان و چالاکوانان و ژنانی ئازادییخواز و رەوت و لایەنە چەپ و یەکسانییخوازەکان و بەرهەڵستکارانی پارچەکانی دیکەی کوردستان تیرۆرکردن، بەڵام هەر خەبات و تێکۆشانی ئازادییخوازانیش بوو توانی ئاساتێکیان بۆ دابنێن کە نەتوانن چیدی شەڕی نێوخۆ هەڵبگیرسێن و راستەوخۆ خەڵک تیرۆر بکەن، هەرچەندە ئەو دیاردەیە زۆر مەترسییدارە کە ئێستا بە ناو بەرپرسانی هەرێم رێک وەک دەسەڵاتە سەرکوتگەر و دیکتاتۆرەکان کاتێک کە ناتوانن راستەوخۆ خەڵک تیرۆر بکەن ئیدی تاکتیکەکەیان دەگۆڕن.. ئەوانیش بە هەمان شێوە دەستیانکردوە بە گرتن و زیندانییکردنی ئازادییخوازان و هاوکاتیش بە سیخوڕ و تێکدەر و دەستی دەرەکیی سووچباریان دەکەن – ئەوە لە کاتێکدا خۆیان لە ماوەی ٦٠ ساڵی رەبەقی مێژووە قێزەونەکەیان بە ئێستاکەشیانەوە هەمیشە سیخوڕ و فەرمانبەر و داردەستی بەعس، موساد، سی ئای ئەی، ساواك، ئیتلاعات و میتی تورکی بوونە.. دەستیان لەگەڵ داعش و رێکخراو و لایەنە تیرۆریستە دینییەکانی دیکە و حەشدی شەعبی هەبووە.. وەک مافیاگەلێکی بەکرێگیراو لەگەڵ کۆمپانیایە جۆراوجۆرەکانی بازرگانان و سەرمایەدارە چاوچنۆکەکە دەرەکیی و نێوخۆییەکان و بەرژەوەندییەکانی بانکی جیهانیی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی لە هەڵلووشینی سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی کاریانکردوە و کوردستانیان بەو تاریکستانەی ئێستا گەیاندوە – بە کورتییەکەی بۆ ماوەیەکی زۆر گیراوەکان بێسەروشوێن دەکەن و کەسوکارەکانیشیان ئازار و ئەشکەنجە دەدەن و دەستبەسەریان دەکەن ئەگەر سادەترین هەڵوێست و ناڕەزایی بنوێنن.. سەرئەنجامیش ئەگەر نەتوانن لەنێویانببەن ئەوە راپێچی ئەو دادگە کارتۆنییانەیان دەکەن کە تەنیا یاسایان تێدا جێبەجێ ناکرێ و سزاگەلێکی هێندە نابەجێ و دژەمرۆییانەیان بەسەردا دەسەپێنن کە ناکۆک بن لەگەڵ سادەترین و سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ! بەڵام دیسان هیچ چار نییە و هەر دەبێ ئەو ئازادییخوازانەی ئێستا بە تایبەتییش هی نەوە تازە و چاوکراوەکان وەک چۆن ئێستا مرۆڤایەتی خەریکە ڤایرۆسی کۆرۆنا تێدەپەڕێنن ئەوانیش پێویستە بە یەکگرتوویی خۆیان ئەو ڤایرۆسەی دەسەڵاتداران تێبپەڕێنن!
ئێمە وەک ”ناوەندی کاری ئازادیی دەربڕین” زۆر بە توندیی ئەو رەفتار و رێکارە دژە ئازادییانەی دەسەڵاتداران لە بەرانبەر سەرجەم گیراوان سەرکۆنە و ریسوا دەکەین.. هۆشدارییان دەدەینێ کە ئەو بارودۆخەی ناڕەزایەتی دەربڕینی هاوڵاتییان لە بەرانبەر سەرکوتکردن و برسییکردنیان سەرئەنجامی ملهوڕیی و گەندەڵکارییەکانی ئەوانە.. هەر ئەوانیش بەرپرسن لە گیان و مانی ئەو گیراوانە و دەبێ هەر ئێستا و دەمودەست ئازادییان بکەن و قەربووی هەموو زیانەکانیشیان بکەنەوە. هەڵبەتە ئێمە رووی دەممان تەنیا لە پارتی (کە دەسەڵاتداری دەڤەری هەولێر و بادینانە) نییە کە ئاشکرایە ئەو گیراوانە لە لایەن پاراستن و ئاسایشی ئەوانەوە بەندکراون و ئەو سیناریۆیەی دادگەییکردنیان بۆ دروستکردوون.. بەڵکە هەموو ئەو پارتی و لایەنانەش بە بەرپرسیار دەزانین کە لە دەسەڵات بەشدارن یان لە دەرەوەی دەسەڵاتن و بە پێی خۆیان لە ئافەریدەکردنی ئەو رەوشە مەترسییدار و سەرکوتگەرییەی ئازادییەکانی دەربڕین و گەڕاندنەوەی کۆنەپەرستیی و دروستکردنی بێکاریی و بێ مووچەکردن و بەشمەینەتییەکانی خەڵکی کوردستان بەشدارن.
جا ئێمە پەیگیریی لە ئازادیی بێ بەند و مەرجی رێکخراوبوون و هەر جۆرە کار و چالاکییەکی رامیاریی و فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتیی ٩٩٪ی خەڵکی کوردستان دەکەین.. هەموو ئەو پارتی و لایەنانەش شەرمەزار دەکەین کە دەبنە لەمپەر و دەیانەوێ لە رێگەی گرتن و دادگە رووکەش و نایاسییەکان و ئەشکەنجەدان و کوشتن و بڕینەوە بەریان پێبگرن.
ئیدی ئازادییەکان لێرە لەسەر زەوین و هەر کە رێڕەوی ئاسایی خۆیان وەرگرت
هیچ دەسەڵاتدارێک هەرچەندەی ستەمگەریش بێ ناتوانێ خۆی لەبەریان رابگرێ.
نێوەندی کاری ئازادیی دەربڕین
١٢\٢\٢٠٢١
rojnamen@yahoo.com