شتێک لە مێژووی ئاوابوون

نەژاد عزیز سورمێ

• پەرێز
گیا بڵند بوو ، لە کڵاوەی چۆکی دەدا ..
لە وەرزی ئاوس بووندا
ڕەگەکان ھاتنەوە بەر با .

• ڕەوڕەوەی وەستان
لەسەر بەردی سێڕیانەکە دانیشتووە
چاوەڕوانی (بەیان) دەکا
گەلێ جار (بەیان) ھاتووە
تریفە بارانی کردووە و
تێشتی لەگەڵدا خواردووە
ئەو ھەر لەسەر بەردەکەیە و نابزوێ !
وشت بووە
چاوەڕوانی (بەیان) دەکا ..

• ئاڵ بردنەوە
ئاوێنەکان بە دیوارەوە شکاون ..
ھەتاو ڕووتە ، سایە پۆشتە
پێینگانی کچی ئاسمان داری حەسرەتی لێ ڕواوە .

• خوێنکێش
لە ناو قەدەوە پێکراوە ..
تنۆکێ خوێنی لێ نەھاتووە
شاڵی پشتی تەمەنیشی ھەڵمشتووە ..
• تەنافباز
وەکو پەمۆ
لە قۆزاخە و
لە مەکینە و
لە دارھەنەدا دەژی ..
تا ئەوەی لە پەرداخێکیش نقوم دەبێ
دەریا ھەستێ ناگاتە گوێزینگانی .

• برایەتی
ئەوان تینی کورەی دەفیو ،
ئێمە شەختە ..
ئەوان گیا ،
ئێمەش بەرخی دوو باقە گیا …

• زایەڵەی بێدەنگی
لەو ساتەوە سوژنی
لە بن پیلی شەوەی ڕۆژگار ڕاکردووە
ھاوار ئەکا
کەس دیار نییە
(با) وەستاوە
ئەویش بە دەنگە دەنگی خۆی
نەوەک ھەر کەڕ ، لاڵیش بووە ..

• پانکی مێشک
بیری نایێ بارانی گرتبێتیەوە
نەی دیوە خوێنی تێ بگەرێ
پانکی سەرچاوەی گومڕایی ،
ھەر لە دوورڕا ماکی کەڕووی پێوە دیارە .

• کێلوکە
تاک تاک ،
شێوەی جریوەی پاساری ..
تاک تاک ،
شێوەی زەبوونی و ناچاری
تاک تاک ،
کە تەنیایی ھەر بۆ خوایە .

• خێزەڵانی سنگەکان
ئەوە ھەناسەدان نەبوو
ئەوە ڕمانی چیا بوو ..
چەخماخەی ھەورە تریشقە و
فڕینی ھەموو چۆلەکە و کۆترەکانی دونیا بوو ..
ئەوە ھەناسەدان نەبوو .

 

• بانگۆش
ئێستا مناڵان
یاری بە باگردێنەکەی دەکەن
دەسکی کردووە بەشەقە و پێی دەڕوا ..
دەرناکەوێ ،
چوار وەرزی ساڵ لە ماڵێیە …
ئەیلوولی 1989

 

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: