کامە کورد ؟

عەبدوڵا ساڵح:         

سەرنجێک لەسەر قسەکانی مەسعود حەیدەر

ئێوارەی یەکشەممە ڕێکەوتی 3/1/2021 مەسعود حەیدەر ڕاوێژکاری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرنامەی تاو توێ ی تەلەفزێۆنی NRT لەسەر پەیوەندی نێوان هەولێر وبەغدا و پشکی ( کورد ) لە بودجەی ساڵی 2021 ی دەوڵەتی عێڕاق قسەی کرد، من ناچمە سەر باسی ووردەکاری قسەکانی، بەڵکو تەنیا فۆکۆس دەکەمە سەر ووشەی ( کورد ) کە لەم دەستەواژانەدا ئیشارەی پێدا : ( مافی کورد لە بەغدا ) ، ( ئەگەر کورد لە بەغدا یەکگرتوو بێ ) ، ( پێویستە ئەندام پەرلەمانەکانمان داکۆکی لە مافی کورد بکەن ) ، ( شیعەکان زیاتر لە هەزار ملیار دۆلاریان دزیوە بەڵام دژایەتی کورد دەکەن ) ، ( گروپی 15 لەپەرلەمانی عێڕاق دژی کورد قسە دەکەن ) …….

جگە لە مەسعود حەیدەریش، ڕۆژانە چەندین جار لە شوێنی جیا جیا، بەنوسراو دەیبینین، یاخود گوێمان لەم جۆرە دەستەواژانە دەبێ کە (کورد )وەک یەک کوتلەی مونسەجیم و هاو بەرژەوەند تیایدا وێنا دەکرێ ! بیریشمان نەچێ ئەم بەکارهێنانە لە نوسینەکانی زۆرێک لەوانەش دا هەیە کە وەک ڕۆشنبیر ونوسەر دەناسرێن !
لێرەدا گشتگیریەک بەدی دەکرێ کە نەک تەنیا نادروستە، بگرە دووریشە لە واقیعەوە، لە جیهانی ئەمڕۆدا، ئەوەی مرۆڤەکان یەک دەخا یا خود لێکیان جیا دەکاتەوە، بەڕای من، زمان، ئایین، خاک یا داب ونەریت و شتی لەو بابەتە نیە، بەڵکو بەرژەوەندیە، بەرژەوەندی ئابوری کە دواتریش لەبەرژەوەندی سیاسیدا ڕەنگدەداتەوە. گشتگیری و یەکبوون و یەک چارەنوس لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە دەڵێ : ( من چۆن دەژیم و تۆ چۆن دەژی ). خۆ ئەردۆگان بەکوردی نادوێ ؟ ئەی ئەم دۆستایەتیە پتەوە لەگەڵیدا لەکوێوە هاتوە !؟
ئاخر چۆن کرێکارێکی بەر مزگەوتی گەورەی سلێمانی کە سبەی تائێوارە دەوەستێ تا یەکێک هێزی کاری لێبکڕێ، ئەگەر بەختیش یاوەری بوو بۆ وەگیر کەوتنی کارێک، ئەوا ئێوارە چەندین سکی برسی چاوەڕێی دەکەن ودەمیان کردۆتەوە بۆ لەتە نانێکی گەرم لەگەڵ ئەوانەی لە تێریدا جیم و شوێنی وەرزشیان هەیە تاکو لەشیان بە باریکی بمێننەوە دەبنەیەک ؟، چۆن کەسێک لە برسا ناچارە ڕابکا بەشوێن ژیاندا هاوبەرژەوەندە لەگەڵ کەسێک کە لەتێریدا ڕا دەکا، چۆن گەنجێکی سەرجادە و بێکار و گیرفان خاڵی دەچێتە ڕیزی ئەوانەی لە قومارخانەکاندا شەوانە بەملێۆن دۆلار دەدۆڕێنن، چۆن ئەو کارمەندەی بەدرێژایی ساڵێک چەند لەتە موچەی پێدەدرێ لەگەڵ ئەوانەی بە جەڕڕە قەڵەمێک وەک لێزمەی باران دۆلاریان بەسەدا دەبارێ یەک بەرژەوەندی کۆیان دەکاتەوە !؟ چۆن منداڵە بۆیاخچیەکی ڕوتەڵەی بێبەش لە قوتابخانە دەچێتە ڕیزی ئەو منداڵانەی لە باشترین قوتابخانەکاندا دەخوێنن و هەشیانە تەنانەت بەخوێندنی ئێرەش ڕازی نین و دەنێردرێن بۆ ووڵاتانی دەرەوە، چۆن ئەو خێزانەی لەدەست برسیەتی وبێکاری بەناچاری خۆیان بەدەریادا دەدەن تا لەو ژیانە کارەساتبارە ڕزگاریان بێ، بەمردن یا ژیان، لەگەڵ ئەوانەی بۆ هەڵامەتێک بە فڕۆکەی تایبەت دەبرێن بۆ باشترین وڵاتانی جیهان یەک شت کۆیان دەکاتەوە؟ چۆن خانە نشینێک کە لە لەکاتی سەف وەستاندا بۆ وەرگرتنی مووچە کەمەکەی گیان لەدەستدەدا لەگەڵ ئەوانەی بە سەفتە بۆیان دەچێتە ماڵەوە دەکرێ یەکن بن؟، چۆن ئەو ژنە خزمەتچیەی ڕۆژ تا ئێوارە کار دەکا تا نەمر نەژی قوتی منداڵەکانی مسۆگەر بکا لەگەڵ ئەو تەوەزەلانەی جگە لە مۆدێل گۆڕین هیچی تر نازانن یەکدەگرنەوە !!؟ ئاخۆ ئەوانەی لەتەڕی دەخۆن و لە ووشکی دەخەون جوتن لەگەڵ ئەوانەی زستان لەسەرما هەڵدەلەرزن و هاوین لەگەرما بەدوای قومێک ئاوی ساردەوەن؟ ئاخۆ رەوایە ئەوانە بخرێنە ژێر یەک چەترەوە تەنیا لەبەر ئەوەی بە یەکزمان قسەدەکەن !؟ ئاخۆ ئەم چەتری کوردایەتیە یەک ڕەنگی ویەک دەنگیە؟ یا گردبونەوەی بەزۆری شتە ناکۆک و دژ بەیەکەکانە !؟ نەخێر ئەم دوو جۆرە لە ژیان بەسەربردن لە ڕاستیدا بە دەیان فەرسەخ لێک دوورن و هیچ بەرژەوەندیەک بەیەکەوە کۆیان ناکاتەوە ؟
بیرکردنەوەیەکی ووردی ناوێ تا مرۆڤ لەم ڕاستیە بگا، کە بۆ نزیک بە 30 ساڵ دەچێ ، لانی کەم لەو سنورەی ژێردەستی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستاندایە، شتێک بەناوی ستەمی نەتەوایەتی لەسەر دانیشتوانی کوردزمانی کوردستانی عێڕاق نەماوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەم ووڵاتە، ئاگایانە، ئەم ( کورد) بوونە وەک کارتێک بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک کەڵکی لێوەردەگرن، هەر کەسیش خۆی لەژێر چەترەکەی ئەواندا نەبینێتەوە ئەوا (( زۆڵە کوردە )) ! وەک ڕۆژی ڕوون ئاشکرایە ئەم سیاسەتەی لە ئەزمونی مێژووی حوکمڕانی ئەواندا دەرکەوتوە جگە لە فریودان و جگە لە قاییم کردنی کورسی دەسەڵاتیان شتێکی کەی لێبەرهەم نەهاتوە و نایە.
(کوردی تێر )و(کوردی برسی )، دووجۆرە کوردی لێک جیان ، برسیەکانی کوردستان هاو بەرژەوەندن لەگەڵ برسیەکانی عێڕاق و ئەوانەی دونیاش، ئەوانن زۆرینەی کۆمەڵگا پێک دێنن و بەرژەوەندی ئەوان بەرژەوەندی زۆرینەی کۆمەڵگایە. تێرەکانیش کە دەستیانگرتوە بەسەر سامان وسەروەتدا وبە (کەوچکە چاکەی عەزیز نەسین) بەشی زۆرینەی لێدەدەن ، کەمینەیەکی کەمی کۆمەڵگان وهاوبەرژەوەندن لە گەڵ هاوچینە زۆردارەکانی خۆیان لە عێڕاق و هەموو دونیا وهیچ بەربەستێک بەناوی زمانەوە لێکیان جیا ناکاتەوە . ئەم ناعەدالەتیە ڕەوا نیە چیتر لە ژێر پەردەی ( کوردبوون ) دا پەردەپۆش بکرێ .

4 – 1- 2021

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: