پایز بێ و پەنجەرەت بەسەر گۆلی قورینگان بڕوانێ‌

نه ژاد عزیز سورمێ:    

وشە لێوی بریندار كردم
جوانیەكی فێڵاوی… گەچڵاو….
بۆسەی چرا كزەكانی ڕێگا
لە غەریبیدا ، دوور لە لێوان
پیاڵەی پڕی لێ ڕژاندم….
بێدەنگیەك
لەشەڕی ناوخۆی گوڵەكانی كەنار
دەزرنگێتەوە.
شەوقی شاربەدەر…
هەتاوی شەشدەر لێ گیراو ،
باڵوێزی ڕووبارە یەكگرتووەكانی بەهەشت
لە مەملەكەتی قورینگان
بڵێسەی ئەشكەوتەكانی سرووش
نهێنی كوژانەوە و هەڵبوونیان هێنا…
حكوومەتی عەشقیان دامەزراند…

وەلێ‌ داخ سروودی تەمەن
لەگەڵ تاوە بارانێكدا ڕۆیی..
پەنجەرەی عومر لەدەرەوەی گۆشەكانی سۆز
بەسەر چاوەڕوانی ئەزەلیی نیشتماندا دەڕوانێ‌ .

……………………………………………………..
……………………………………………………..

پایز بێ و پەنجەرەت
بەسەر گۆلی قورینگان بڕوانێ‌
سۆز و سەنگدڵی پێكەوە دەبینی…
دەتوانی شنەی نەرم بپۆشی
گیرفانت لەشەونم پڕ بكەی..
لەگەڵ خەمەكانت كۆببیەوە
باس لە بارودۆخ و پێشهاتە هەنووكەییەكان بكەن.
هەر ئیمێلێكت بوێ‌
بەگەردنی قورینگانی بنێری..
………………………………………………….
…………………………………………………..

وەهمێكی چەند خۆشە
مرۆڤی دڵ هەلا هەلا
هەمو جیهان
لە قەرتاڵەیەكدا كۆبكەیەوە..
شیرەی هێدمە بوونە…
بەخششی ژاڵە.
لەكەش و هەوای تاریكستان
لە خۆشەویستیەك دەچێ‌
هیچ حكوومەتێك دانی پێدا نانێ‌
هیچ فراكسیۆنێكی پەرلەمان پشتگیری ناكا
هەمیشە ون
هەمیشە تەنیا
هەمیشە بێ وێنە…

تشرینی یەكەم/2002

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: