تیۆری ئەدەبی لە شیعری شەوی حەوتەمی ساڵح بێچاردا

جەمال نوری:    

دیارە ئەدەب لە توێژینەوەی و هەڵسەنگاندندا تیۆری لە خۆگرتووە، تیۆری ئەدەب یاخود تیۆرە ئەدەبییەکان دەتوانن ڕێگەی جۆراوجۆر لە پێناسەکردنی ئەدەبدا بخەنە ڕوو، ڕەنگە هەر پێناسەیەک جۆرە هەوڵدانێکی تیۆری بێت، پێناسەی تیۆرەکان جیاوازن. ئەوکەسەی وەک وتەبێژ لێدوانی لەسەر ئەدەب داوە و تیۆریزەی کردووە پێی دەوترێت (تیۆریستی ئەدەبی) تیۆری ئەدەبی وێنەی ئەدەب دەکێشێت، هەندێ جار دەتوانین لە ئەنجامی ململانێی هەڵوێستەکانەوە جیاوازی نێوان تیۆرە ئەدەبییەکان بدۆزینەوە.
وەک لەشیعری شەوی حەوتەمی ساڵح بێچاری شاعیردا بەڕوونی هەست بەمەدەکرێت،” بێچار ” لەم شیعرەدا کە بۆ هاوڕێی شەهیدی قەڵەم (بەکر عەلی) نوسیوە، بەشێوەیەکی فۆرمالیستی توانیویەتی بەزمانێکی ئێستاتیکا و زمانی شیعریی موخاتەبەی زوڵمێک بکات، زوڵمێک مەگەر لە (حەزرەتی یوسف) کرابێ، ئاوها گرێیداوەتەوە بەو غەدرەی لە بەکر عەلی شاعیری دەکەن و بەناڕەوا خوێنی دەڕژێنن،
ساڵح بێچار لەم شیعرەیدا دەیەوێ خوێنەرانی جدی و ڕەخنەگرانی بواری ئەدەب ڕابگرێ و بەرەو تیوریزەکردنی دەق و شۆڕیان بکاتەوە بەناو دەق و زمانی شیعری و مێژووی نوسینی دەقەکانی بەکر عەلی شاعیر، ئەم هەوڵەی ساڵح بێچار لەڕێگای دەقە شیعریەکەیەوە، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە پێویستە چۆن لێکۆڵینەوە لە ژانەری ئەدەب بکرێ، نەک هەر ئەمە بەس نییە لای بێچاری شاعیر، بەڵکو مەبەستێتی لە چییەتی ئەدەب بکۆلرێتەوە. هەڵبەتە چۆنێتی و چییەتی لەئەدەب، پێویستی بە چوارچێوەیەکی گشتی هەیە کە وێنە گشتییەکەی دەق بخاتە ژێر شەن و کەوی خۆیەوە ئەویش لەڕێگای تیوری دەقەوە ئەنجام دەدرێ؟
. ساڵح بێچار گەرچی دەقەکەی گوزارشتە بۆ هاڕێیەکی شاعیری شەهید کراوی کە بەکر عەلی یە، بەڵام شاعیر دەیەوێ ئەم موخاتەبە شیعریەی لەڕێگای تیوری ئەدەبیەوە لێکۆلینەوەی لەسەر بکرێ، چون تیوری ئەدەبی له ڕووی نەزەریەوە پەیوەستە بەزمانی شیعری و خەیاڵ و فەنتازیا وەک لە ئەتمۆسفیری ساڵح بێچاردا بەستراوەتەوە بە میتۆدی نوسین و ئایدیای قەڵەمی هاوڕێ شەهیدەکەی کە بەکر عەلی یە، واتە بێچار دەیەوێ دوو دەق ئاوێزانی یەکدی بکات لەڕووی فۆرم و ناوەرۆک و ئایدیای نوسین و ئێستاتیکای بیرو جوانی لەهونەری نووسیندا…
وەک لە سەرەتای شیعرەکەیدا ساڵح بێچار دەڵێت;
وەرە و ئەمشەو لە تەلیسمی
(بوون) و (نەبوون) ڕابمێنە
ناوێکی نوێ
بۆ سەردەمی (شاڵ) و( دۆلار) دابهێنە!
ساڵح بێچاری شاعیر، زۆر بەشێوەیەکی لێزانانە هاتوە دوو زەمەن دوو قۆناغی جیاواز لە ڕووی پێکهاتەی جوڕاوجورەوە ، بە دەقی شیعری ئاوێتەی یەکتریان دەکات، بەمەرجێک دوو قۆناغەکە دوو زەمەنی جودا لە نوسینی دەقی شیعری ئاسان نییە، ئاوها هارمۆنیەتی نوسین بەیەکەوە ئۆرگانیزەی بکات، چون هەردوو دەقەکە چ دەقە شیعریەکەی بەکر عەلی شاعیر وچ دەقەکەی بێچار لەدوو سیاقی جیاوازدا نوسراون، بەڵام ئەمە سەلیقەیی شاعیرە دێت ئیش لەناو تیوریزەی دەقی شیعریدا دەکات و دووقۆناغەکە لە فۆرمەلەی دەقی شیعریدا بەرجەستە دەکات وەک ئەوەی دوو زەمەن و دوو قۆناغەکە، زادەی یەک زەمەن یەک سیاقی مێژوویی بێت.
لای شاعیرانی پێشوتریش ئەم شێوازی ئیشکردنە لەناو دوو زەمەندا کراوە، بەڵام به فۆرمێکی تر ئاماژەی پێدراوە، گەر بەچاوێکی ڕەخنەگرانە سەیریان بکەین دەبینین دوو زەمەنی دەق لای شاعیرانی پێشوتردا هەست بەدوو قۆناغەکە دەکرێت، بەجیا، بەڵام لای بێچار بەهیچ شێوەیەک هەست بەمە ناکرێ، بەڵکو زیرەکانە پەنجەی لەسەر چەند دەستەواژەو فۆرمێک داوە کەلای بەکر عەلی دەلالەتی خۆی هەبووە و لای بێچاریش بوەتە پرسیارە جەوهەریەکەی و توانیویەتی لەم ڕێگایەوە بیوروژێنێ، وەک دەڵێ:
وەرەو ئەمشەو تەماشاکە
کەشاعیرێک شەهید دەکرێت
پەپوولەکانی” باوە نوور ”
ئەم جەنگەڵستانی مەرگە جێدەهێڵن.
دەفڕن بەرەو گوڵستانێکی ئێجگار دوور
ساڵح بێچار بەبەکاربردنی ناوی (باوەنوور)، کە پێشتر بەکر عەلی ئاماژەی پێکردوە بەشیعر و ئاوها دەڵێ:
وەک پەپوولەی سەربەرزەکانی (باوەنوور)
ئاخر گوڵم بۆ حەبیبەکەی شارەزوور
ئەم دڵە باڵندەیەکەو شەوانە دێ
بێچار بەناوهێنانی وشەی باوەنوور جارێکی دی لە دەقە شیعریەکەیدا، گیانێکی نوێ و زیندووی کردۆتەوە بەری باوەنوورەکەی بەکر عەلی و بەبێ ئاگایی بوون لە باوەنوورەکەی بەکر عەلی مەحاڵە ڕەخنەگر بتوانێ لە باوەنوورەکەی بێچار تێ بگات، واتە تەوزیفکردنی باوەنوور لەنێو دوو دەقی شیعریدا هەریەکەو بەفۆرمێک دوو دەلالە و واتای گەڕان و پشکنینی شاعیرمان پێ نیشان دەدا بۆ ناو دەقەکانی بەکر عەلی کە بەچ ئالیەتێک ئەم ناوەی بەکارهێناوە و لای ساڵح بێچاریش، هەمان پرسە لە مەدلولێکی تردا کە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ناو دەقەکەی بەکر عەلی و ساڵح بێچار دەپرسێ وەرەو ئەمشەو تەماشاکە
کەشاعیرێک شەهید دەکرێت، پەپوولەکانی باوەنوور جەنگەڵستانی مەرگە بەجێ دەهێڵن، واتە لەیەک کاتدا بێچار دەڵێ ئەو پەپوولانەی باوەنوور هەمان پەپوولەی باوەنوورەکەی بەکر عەلی ین، بەڵام لە فۆرمێکی تردا وێنای کراون، پەپوولەکانی ساڵح بێچار لە گوڵستانی باخ و ئەویندا نین، بەڵکو بەمەرگی شاعیرێک ئەوانیش ئەم جەنگەڵستانی خوێنڕشتنە جێدەهڵێن و لەئاسمانی تەم و بۆنی خوێندا هەرگیز نافڕن .
ساڵح بێچاری شاعیر، لەنێو پانتایی دوو دەقی بەکر عەلی شەهید دا، دیزانی بۆ نوسینی دەقە شیعریەکەی خۆیکردوە و وەک ئەندازریارێک خشتی وشەکانی جوان و بەشێوەیەکی سەرنج ڕاکێش دابنێ،
وەک دەڵێ;
وەرەو ئەمشەو سەرنج بدە
کەشاعیرێک بێدەنگ دەکرێت
بزانە چۆن،
نەک توولە ڕێ، نەوەک قەدپاڵ
گوێژە بەجارێک گڕ دەگرێت
وەرەو ئەمشەو،
کاتێک ناکاو لەپشتەوە چاوت دەگرێ
چەندە سەیرە،
ئەودەستانە بەهەستی تۆ بەدەستی تۆ
نامۆنین و بۆنیان دەکەیت
خۆ دەستەکانی (نیشتە)
هێشتا بۆنی پێش دەستەمۆبوونیان لێدێت
ئەوەی مەبەستە لەدیدی شاعیردا و پێمان دەڵێ ئەو دەستانەی لەپشتەوە چاوتیان گرتی، بە هەستی تۆی شاعیر نامۆ نەبوون و بەبۆنکردنیان دەیاناسیتەوە، هەمان ئەو دەستانەنەی ناو نیشتمان بوو، لەنامۆبوونی تۆ تێنەگەیشتن.
دواتر ساڵح بێچار درێژە بە موخابەکردنەکەی دەدات لەگەڵ بەکر عەلی شاعیردا و دەڵێ;
چاوەکانت دەکەیتەوە
چی دەبینیت؛
ئەو پرچانەی لە ڕۆژگاری تۆ ڕەشتر بوون
سپی.. سپی
بەفری شەرم و پەشیمانی سپی کردوون
ئیتر ناچن بۆ ساڵۆن تارا و تریفە
تۆ دەتوانیت
لەو ڕەشەبایەش خۆش ببیت
خۆت واتەنی
“تەنها شەوێ
لە حەوشەیانا نووستبێ”
ئەو پرچانە ئەمێستاکە
لە کفنەکەی یەکەم ڕۆژت سپیترن!
ساڵح بێچار بەشێوەیەکی ئێستاتیکای جوانی هەڵکۆڵینی لەناو دەقە شیعریەکەی بەکر عەلی دا کردوە و بەهەمان موفردەی شیعری خودی بەکر عەلی دێت و جارێکی تر وتوێژی شیعری و تیوری ئەدەبی لەنێوان خۆی و بەکر عەلی دا دروست دەکات و بەم ڕێگایە خوێنەرەکانی بەرەو خوێندنەوەی دیوانە شیعریەکەی بەکر عەلی شاعیردا دەبات (ئەو شەوانەی لەپرچەکانت ڕەشتن) ئەمێستاکە بەفری شەرم وپەشیمانی سپی کردوون، دواجار ساڵح بێچار تۆوی مروڤدۆستی دەچێنێ، نەک مەرگ و دەڵێ ئیدی دەتوانی لە و ڕەشەبایەش خۆشبی کە شەوێک لەحەوشەیاندا نوستبێ ..؟
سەرەنجام لەڕێگای ئەم دەقە شیعریەی شاعیر ساڵح
بێچار و فۆرمەلەکردنی لەگەڵ دەقێکی بەکر عەلی و موخاتەبەکردنی دەمانگەیەنێ بەوەی کە هەست بە جیاوازییەک لە نێوان تیۆری ئەدەبی ڕەخنەی ئەدەبی بکەین.
. ئەگەر سەیری (ڕەخنەی ئەدەبی) بکەین زیاتر گرنگی دەدات بە خوێندنەوەو ڕوونکردنەوە و ڕاڤەکردنی دەقەکان لەمەوە ئەدەب دیاری دەکرێت. بەڵام (تیۆری ئەدەبی )زیاتر بە دوو ئەرک هەڵدەسێت،
یەکەم: پێوانەیەکمان بۆ دەستەبەر دەکات بۆ دیاریکردنی ئەدەب لە(شوێندا،) هەروەها زانیاری ئەم پێوانەیەمان دەداتێ لە (کردەی )ڕەخنەییدا.
دووەم: پێویستە تیۆری ئەدەبی زانیاریمان بداتێ دەربارەی میتۆدەکان و ڕێسای کارکردن کە پڕۆسەی ڕەخنەی ئەدەبیدا بەکاردەهێنین، بۆ ئەوەی تەنها پرسیاری دەق نەکەین واتا تەنها لە دەق نەکۆڵینەوە بەڵکو ڕێگەکانی ناو دەقیش بخوێنینەوە و شڕۆڤەیان بکەین، لەم ڕاڤەکردنەدا پێویستە جیاوازی پێک بهێنین لە شێوازو جۆری ڕەخنەکاندا. ئەوەی لەتیۆری ئەدەبیدا زۆر گرنگی پێدەدرێت، ئەم پرسیارانەیە ئەدەب چی یە؟ تیۆر چی یە؟ ئەمە لە کاتێکدایە، ئەم دوو لایەنە لە ژێر(تیۆری ئەدەبی) خەمڵێنراو

تێبینی/سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتوە
*‌ ئاماژەیە بە ناونیشانی شیعری “ئەو شەوانەی لە پرچەکانت ڕەشترن” ی شاعیر کە بریتییە لە شەش شەو، هاوکات ناونیشانی یەکەم نامیلکە شیعری شاعیریشە کە ساڵی ١٩٩٢ بەچاپی گەیاند.
دیوانی بەکر عەلی ،ئەو شەوانەی لەپرچەکانت ڕەشترن
دیوانی ساڵح بێچار – لاپەڕە 315

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: