لەبارەی شەجەریانەوە

پێشڕەو محمد:
شەجەریان گۆرانیبێژی عرفانیی ئێران کۆچی دوایی کرد:
دەتوانم بڵێم لە ژیانم توانام نەبووە دوو دەقە لەسەر گوێگرتن لە شەجەریان بەردەوام بم.
یەک: حەزم بە هونەری سوننەتیی نەبووە و نایەت، فەڕق ناکات هی چ زمان و گەل و نەتەوەیەک بێت.
دوو: شەجەریان وەک شاملۆ جارێک باسی کردووە مۆسیقای شەجەریان سەرچاوەی گەندەڵیی و داڕمانە. مەبەستی شاملۆ ئەوەیە کە دەنگ و مۆسیقای شەجەریان سەرچاوەی هەموو جۆرە خۆبەدەستەوەدانێک بووە بە نیزامی باڵادەست لە ئێران و گەندەڵکردنی لاوان بووە و ڕازیکردنیان بەو دۆخەی تێیدان.

سێ: لەلایەکی دیکەوە شەجەریان دەرکەوتەی چینی باڵادەست و دەسەڵاتی ئێرانە لە ناوچەکەدا، ئەم سیستەمە کۆڵۆنیالیستییە بە دەسەڵات و کولتوورەکەیەوە، لەلایەکەوە لەڕێگای بڵندگۆی مزگەوت (بۆ ئەوانەی حەزیان لێیەتی)، لە لایەکەوە لە ڕێگای فیلمە موزەیەفەکانی وەک یوزارسیف و یارانی ئەشکەوت و لە لاکەی دیکەشەوە مۆسیقای شەجەریان هەناردەی دەرەوە دەکات. بە کورتیی: شەجەریان هیچ نەبوو جگە لە هونەرییبوونی خومەینی. واتا خومەینیی نەک بە عەمامەوە بەڵکو بە دەف و دەنگی ناڵین و پاڕانەوەوە تا ئەوانیدیکە تەقلیدی بکەنەوە.
چوار: بۆ ئەو گەل و خەڵکانەی لە ئێران بەدەست پانفارسیزم و کولتووری پانئێرانیزمەوە دەناڵێنن بەباشیی لەوە تێدەگەن کە گەشەدان بە مۆسیقای شەجەریان، بەشارستانێتیی نیشاندانی کولتووری باڵادەستی فارس بوو لە تاران و سەرکوتکردنی کولتوورە بەرگریخوازییەکانی دیکە بوو. بۆ نموونە بۆ ئەوەی ستریۆتایپ و مۆدێلی کولتووریی هەڵبگریتەوە و لەناوەندەوە وەک نەک شهرستان (بەزمانی خۆمان لادێیی) بەڵکو وەک شهریی (واتا شاریی بە کولتووری باڵاوە) قبوڵ بکرێیت، نابێت گوێ لە حەسەن زیرەک بگریت بەڵکو شەجەریان مۆدێلە گەردوونییەکەی تۆیە.
شەجەریان ڕەمزی دەسەڵاتی خومەینییە لە فۆرم و بەرگی هونەرییدا.
ڕەنگە ئەم نووسینە زۆر خەڵکیش تووڕە بکات

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: