رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لەمافی رۆژنامەنوسان رایدهگەیهنێت كه ئێوارهی رۆژی 2020/10/7، رۆژنامەنوس شێروان شێروانی لەشاری هەولێر دەستگیرکراوەو داوادەکەن دەستبەجێ ئازادبکرێت.
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بهروداوی راگەیاندووه، رۆژنامەنوس شێروان شێروانی لەکۆمەڵگەی سێبیرانی سەر بەپارێزگای هەولێر لەلایەن هێزێکی پۆلیسەوە دەستگیرکراوه.
ناوبراو دهڵێت، هۆکاری دەستگیرکردنەکەی نازانرێت، بەڵام دەکرێت بەیاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن یان بەیاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی 1969ی هەموارکراو دەستگیرکرابێت.
رێکخەری سەنتەری میترۆ ئاماژه بۆ ئهوه دهكات كه ئهوان لەگەڵ ئەوەدانین کەس لەسەر نوسینو رەخنە دەستگیربکرێتو “داواکارین شێروان شێروانی بەکەفالەتو دەستبەجێ ئازادبکرێت”.
رەحمان غەریب باسی لەوەش کردووه، شێروان شێروانی پێشتر چەند سکاڵایەکی لەسەربووە، چاودێرییان کردووەو چەند کەیسێکی هەبون، وا دەردەکەوێت بەدوای بیانویەکدا گەڕابن بۆئەوەی جارێکی دیکە دەستگیری بکەن.
هەروەها ئەوەشی خستۆنەڕو “دادگاکانو حکومەت لەرابردودا پەنایان بۆ یاساکانی دەرەوەی رۆژنامەگەری بردووەو گەڕاون بەدوای بڕگەیەکی یاسایی کە سزاکەی توندبێتو نوسەرو رۆژنامەوانانی پێ دەستگیربکەن”.
رێکخەری سەنتەری میترۆ ڕاشیگهیاندووه، “بۆئەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان وێنەی هەرێمی کوردستان خراپ نیشان نەدەن، دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە کە مەودای ئازادیی رۆژنامەگەریو بیروڕای ئازاد بەرفراوانتر بکرێت”.