“پێدانی‌ كاره‌با به‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت شکستێکی‌ ترە کە زیانەکەی‌ لەسەر گیرفانی‌ هاوڵاتیانە”

هاوپشتی:

ئه‌ندامێكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ڕه‌خنه‌ له‌پێدانی‌ كاره‌با به‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت ده‌گرێت‌و ده‌ڵێت، شکستێکی‌ ترە کە زیانەکەی‌ لەسەر گیرفانی‌ هاوڵاتیانە.
 دابان محه‌مه‌د، ئه‌ندام په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌نوسینێكدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ “چیرۆکی‌ سەیر لەپشتی‌ پێدانی‌ کارەبا بەکۆمپانیاكانی‌ (کار، قەیوان، ماس) هەیە، ئەم پرسە شکستێکی‌ ترە کە باج‌و زیانەکەی‌ لەسەر گیرفانی‌ هاوڵاتیانە”.
ئه‌و ده‌ڵێت، “کارو قەیوان‌و ماس، سێ کۆمپانیای‌ گەورەی‌ هەرێمن، هەر یەکەیان چیرۆکی‌ سەیریان لەگەڵ حزب و حکومەت و زۆن و ناوچەکانی‌ خۆیاندا هەیە!”.

ئەمەی خوارەوە دەقی نووسینەکەیە:

لە شکستى پێوەرى ئاوەوە، بۆ کارەبا !
دوو حکومەت و دوو وەزیر و یەک وەزارەت و یەک حزب، نەیانتوانیوە بچوکترین چارەسەر بۆ پرسى پێوەرى ئاوى ماڵان بدۆزنەوە، 350 ملیۆن دۆلار زیان لە داهاتى حکومەت کەوت کە دەکرا بدرێت بە موچە! 50 ملیۆن دۆلار لە هاوڵاتى وەرگیرا و پێوەرى پێ فرۆشرا، حکومەت 20 ملیۆن دۆلار بەرەو ژور قەرزار بوە، لەبەردەم دۆڕاندنى 60 ملیۆن دۆلارى دیکەدایە، پرۆسەى پێوەرى ئاو، بە هەمو پێوەرێک شکستى هێنا، سزا بەدواى سزا و ساختەکردنى واژۆى پەرلەمانتار و فشارى حکومەت ئەم پرۆسەیە ناخاتەوە سەرپێى، جارێکى تر ئەو دیمەنەش نابینینەوە هاوڵاتى خۆى پارە ببات بۆ بنکە و فەرمانگەکانى ئاو.
لە ئێستادا دەنگۆى ئەوە هەیە، حکومەت کارەبا ڕادەستى کەرتى تایبەت دەکات، حکومەت لەو باوکە دەچێت کە منداڵەکانى پێ بەخێو ناکرێت و دیبەخشێت بە کەسانى تر! کار، قەیوان و ماس، سێ کۆمپانیاى گەورەى هەرێمن، هەر یەکەیان چیرۆکى سەیریان لەگەڵ حزب و حکومەت و زۆن و ناوچەکانى خۆیاندا هەیە! چیرۆکى سەیرتر لە پشتى پێدانى کارەبا بەم سێ کۆمپانیایە هەیە، ئەم پرسە شکستێکى ترە کە باج و زیانەکەى لەسەر گیرفانى هاوڵاتیانە، لە داهاتویەکى نزیکدا هەمو ڕێگا و ڕێکارێک بۆ ڕاگرتن و ڕونکردنەوەى زیاتر دەگرینەبەر.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

%d bloggers like this: